کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

زیانپێگەیشتوانی شەڕی  کۆنەپەرستانە لە ئوکراین چ کەسانێکن؟

نزيکەی ٣ مانگ لە هێرشی ڕووسیا بۆسەر ئوکراین تێپەڕ دەبێت. دوابەدوای ئەم هێرشە، وڵاتی ئوکراین بەکردەوە بوو بە مەیدانی ڕووبەڕووبوونەوەی دوو بلۆکی ئیمپریالیستی جیهان. ئەو شەڕەی لە ئوکراین لەئارادایە شەڕێکی کۆنەپەرستانە و ئیمپریالیستییە.

ئەم شەڕە بە ڕێخۆشکەری و پیلانگێڕیی دەوڵەتەکانی ئەندامی ڕێکخراوی ئاتلانتیکی باشوور ( ناتۆ) و  پەلاماری ئەرتەشی ڕووسیا بۆسەر ئوکراین دەستیپێکرد. دەوڵەتی ئامریکا کە بەهۆی شکستە یەک لەدوای یەکە نیزامییەکانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفغانستان و هەروەها نزیکایەتی وڵاتانی چین و ڕووسیا، هەستی بە مەترسی دەکرد، دەرفەتێکی بۆ ڕەخسا بۆ ئەوەی ڕەقیبەکەی خۆی بخاتە داوی شەڕێکی  وێرانکارانەی بەشێنەیی و ناڕاستەوخۆ  لە ئوکراین.

شەڕی ئوکراین لەڕاستیدا حاسڵی قووڵبوونەوەی قەیران لە سیستەمی کۆن و داڕزیوی سەرمایەداری

جیهانییە. هەر سی دەوڵەتەکەی ئەندامی ناتۆ بە هەندێک جیاوازییەوە لە سیاسەتە شەڕخوازانەکانی دەوڵەتی دەستدرێژیکاری ئامریکا پشتیوانی دەکەن. هاوکات ئەمڕۆژانە هەڕەشەی پەیوەست بوونی دوو دەوڵەتی فینلاند و سوئێدیش بە بلۆکی ئیمپریالیستی ناتۆ لەئارادایە. ئەمە لەحاڵێکدایە کە نە هیچ هەڕەشەیەک بۆسەر ئەو دوو وڵاتە لەگۆڕێدایە و نە ئەگەریش هەبێت، لەم رێگایەوە ئاسایشیان دابین دەبێت.  لە بەرامبەر ئەو هەڕەشانەدا دەوڵەتی ڕووسیاش پێدەچێت بەخێراتر کردنی هەوڵەکانی بۆ ڕێکخستنی ڕووس زمانەکانی وڵاتانی دەوروبەر و  پەیوەست کردنیان بە ڕووسیاوە، وڵامی ئەم هەڕەشانە دەداتەوە. هەرئێستا لافاوی پێشکەوتووترین چەک و چۆڵە تاکتیکییەکانی ئامریکا و هاوپەیمانەکانی بەرەو ڕووسیا بەبێ ڕاوەستان بەڕێوەیە و هیچکام لە لایەنەکان مەیلێک بۆ خامۆش کردنی ئاگری ئەم شەڕە نیشان نادەن.

دەستەچیلەی ئاگری ئەم شەڕە خەڵکی ئوکراین و رێژەیەکی زۆر لەو گەنجە بێکارانەن کە لەژێر ناوی خۆبەخشدا لەلایەن دەوڵەتە ڕۆژئاواییەکانەوە ڕەوانەی ئوکراین کراون. ئەم گەنجانە پیادە نیزامی شەڕێکی

نیابەتی لەخزمەت بە ناتۆ و  دژبە بەرژەوەندییەکانی دەوڵەتی ڕووسیان.

ئامانجی دوور و نزیکی دەوڵەتی ڕووسیا لەم شەڕەدا، کەمکردنەوە و نەهێشتنی مەترسییەکانی ناتۆیە بۆسەر سنوورەکانی ڕووسیا و بەهێزکردنی جێگەو پێگەی ئیمپریالیستی دەسەڵاتداران و سەرمایەدارەکانی لە کێبڕکێی بازاڕی جیهانیدایە. سەربازەکانی ڕووسیا لەپێناو ئامانجێکی ئاوا ناڕەوادا دەبنە قوربانی. ئەوانەی کە لە ئاگری ئەم شەڕەدا دەسووتێن، تەنیا بریتی نین لە وێرانبوونی وڵاتێک و ئاوارەبوونی ملیۆنان کەس و هەروەها ئەو کەسانەی کە لە هەردووک بەرەکانی شەڕدا دەبنە قوربانی، بەڵکوو ئەم شەڕە ژیانی زۆربەی هەرەزۆری دانیشتووانی سەرگۆی زەوی و لەسەرووی هەموویانەوە کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێشی خستۆتەژێر کاریگەری خۆیەوە.

کاریگەری ئەم شەڕە کۆنەپەرستانەیە هەم ئابوورین و هەمیش سیاسین. بەشی هەرەزۆری هەزینەکان، ( کوژراوەکان، بریندارەکان، ئاوارە و سەرەوت و سامانە لەناوچووەکان), بەرلە هەموو کەسێک زۆرینەی چینی کرێکار، زەحمەتکێشان و ئازادیخوازانی دژی شەڕ لە ڕووسیا و ئوکراین پەرداختی دەکەن. ئەو کەسانە و

لەسەرووی هەموویانەوە کۆمۆنیستەکان کەوتوونەتە لیستی ڕەشەوە، ڕاپێچی زیندانەکان کراون و یان پەنایان بردۆتەبەر ژیان و خەباتێکی نهێنی.

بۆ نموونە دەوڵەتی شێوە فاشیستی ئوکراین لیستێکی ڕەشی لەبەردەستایە. کەسانی ناو ئەم لیستە، وەک ” دوژمنانی” ئوکراین دەناسێندرێن و هەندێکیان دەکەونە بەر هەڕەشە و زیندانی کردن. چەندین کەس لەوانەی کە ناویان لەم لیستەدابووە لەلایەن پۆلیسی ئەمنییەتی ئوکراینەوە بەشێوەیەکی نهێنی کوژراون.

بەڵام ئەوەیکە هاوکات و هەرئێستاش خەڵکی کەم داهاتی لە جیهاندا خستۆتە ژێر گوشارەوە، گرانییەکانی سەرچاوەگرتوو لە قەیرانی سەرمایەداری و شەڕی ئەو لە ئوکراینە. بەرلە دەستپێکی ئەم شەڕە و پەرەپێدانی لەلایەن ئیمپریالیستەکانەوە، هەڵاوسان و گرانی داوێنی تەواوی وڵاتە سەرمایەدارەکانی، لە گەشەسەندووە بگرە هەتا وڵاتانی لەحاڵی گەشەکردندا گرتبۆوە. بۆ نموونە هەڵاوسانی سەراسەری لە ئامریکا و بریتانیا حەوت لەسەد و هەڵاوسان بۆ خەڵکی بەکارهێنەری کالا بنەڕەتییەکان لەسەرووی دە لەسەدەوەیە. شەڕی ئوکراین بەتایبەت لەسەر نرخی سووتەمەنی وڵاتە پێشکەوتوو و ناپێشکەوتووەکان

کاریگەری داناوە و هەڵاوسان بەرز بۆتەوە.

بەڵام خەڵکی دەستکورتی ئەو وڵاتە ناپێشکەوتووانەی کە بەرهەمەکانی وەک گەنم، ڕۆنی گوڵەبەڕۆژە و جۆرەکانی خۆراکی ئاژەڵیان لە ئوکراین و ڕووسیاوە هاوردە دەکرد، زیانێکی زۆرتریان بەرکەوتووە. بەپێچەوانەوە لەچاو خەڵک، بازرگانەکانی هاوردەی کالا، لەم شەپۆلی کەمبوون و  گرانییە سوودیان وەرگرتووە. لە هەمانکاتدا دەوڵەتەکانیش دەرفەتێکیان بۆ ڕەخسا بۆ ئەوەی سەرنجەکان بەرەولای ئەو شەڕە وەک هۆکار و سەبەبی سەرەکی هەڵاوسان و گرانی لەوڵاتەکانیان ڕابکێشن.

یەکێک لەو وڵاتانە کۆماری ئیسلامییە. لەم پێوەندییەدا وەبیرهێنانەوەی ئەو خاڵە زۆر پێویستە کە لەم ناوەدا بازرگانانی ئێرانی و دارودەستەی سەربە ڕژیم کەمترین بەرهەمی کشتوکاڵییان لەچاو وڵاتەکانی تر لە ئوکراینەوە هاوردە کردووە. ئەگەر گرانی سووتەمەنی بۆ نموونە لە بریتانیا هەڵاوسانی گەیاندە سەرووی دە لەسەد، چ شتێک هەڵاوسانی لە کۆماری ئیسلامیدا، کە بەرلە گرانکردنەکانی ئەم دواییانە لەلایەن دەسەڵاتەوە کە بەقەولی خۆیان بەڕێژەی چل لەسەد بوو، بۆ بەرهەمە بنەڕەتییەکانی گەیاندە پتر لە  چەند سەد

لەسەد.؟

شەڕی کۆنەپەرستانەی ئوکراین و ئاگرخۆشکەرانی ئەو شەڕە دەبێ مەحکووم بکرێن. ئەم کارێکە کە لەلایەن زۆربەی هەرەزۆری جەماوەری ئاشتیخواز لە جیهاندا و بەشداربووانی ڕێپێوانەکانی دژبە شەڕ بەرێوە چووە. ئەو ناڕەزایەتییانە دبێ لە ئاستێکدا بێت کە هەردوولایەنی ئەم شەڕە، واتە ئیمپریالیسمی ڕووسیا و دەوڵەتەکانی ئەندامی ناتۆ و لەسەرووی هەموویانەوە ئامریکا، ناچار بە ڕاگرتنی ئەو شەڕە بکرێن. پێویستە کارێک بکرێت کە دەوڵەتە ڕۆژئاواییەکان توانایی ڕێکخستنی بەکرێگیراوان و دانی پووڵ و چەک و چۆڵیان بە دەوڵەتی ئوکراین نەبێت.

بەداخەوە وەک سەرەتاکانی سەدەی بیستەم، حیزبێکی کۆمونیستی وەک حیزبی بلشویک لە مەیداندا نییە تا بە سازماندان و ڕێکخستنی ناڕازییان، خەباتکارانی چینی کرێکار و خەڵکی زەحمەتکێش، ئەو شەڕە کۆنەپەرستانەیەی ئێستا بکات بە شۆڕش و نەبەردێکی شۆڕشگێڕانە. لەکاتێکدا کە ئەم تواناییە بوونی نییە، پێویستە کرێکارانی پێشڕەو، پێوستیی حیزبێکی شۆڕشگێڕی کۆمۆنیست بۆ ڕووخاندن و لەناوبردنی دەسەڵاتە سەرمایەدارەکان و بەرلە هەمووشیان

وڵاتانێکی لاوازتری وەک کۆماری ئیسلامی بکەن بە خواستێکی گشتگیر و هەولەکانیان بۆ مسۆگەرکردنی چڕتر بکەنەوە. ئەگەر ئەوە ڕووبدات، شەڕی ئوکراین و وێرانییەکانی سەرچاوەگرتوو لەو شەڕە، دەتوانێت ببێتە خاڵێکی وەرچەرخانی پۆزەتیڤ و سەرەنجام ئاکامێکی باشی لەداهاتوودا لێبکەوێتەوە.

بابەتی پەیوەندیدار

خواردن و خواردنەوە لە شوێنە گشتییەکان، درێژەی خەباتی مەدەنی

-

ئاگربەستی دەستبەجێی ١٤ ڕۆژە لە غەززە، ئاکامی گوشاری بیروڕای گشتی دژبە شەڕ

-

بۆچی داعش هێشتا زیندووە و تاوان ئەنجام دەدات؟

-

هیوا بە ئازادی لەدەست ستەم و سەرەڕۆیی پەرە دەستێنێ

-

کاریگەریی وێرانکەری هەژاری لەسەر دۆخی تەندروستی و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی چینی کرێکار

-

ڕاگەیاندنی هاوبەشی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و ڕێکخراوی کرێکارانی شۆڕشگێڕی ئێران (ڕاهی کاریگەر)

-