کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

زه‌نگی مه‌رگی كۆماری ئیسلامی هاتووه‌ته‌ ده‌نگ

archivenews img newsid 37545

ڕۆژی یه‌كشه‌ممه‌ ٢٢ی پووشپه‌ڕ، عه‌لی خامنه‌یی له‌ ڕێگه‌ی ویدێئۆ كۆنفرانسه‌وه‌ له‌گه‌ل نوێنه‌رانی ده‌وره‌ی یازده‌هومی مه‌جلیس، كه‌ له‌م دوایانه‌دا ده‌ست به‌كار بوون، وتووێژی ئه‌نجام دا. خامنه‌یی له‌م وتووێژه‌دا، سه‌ره‌ڕای ده‌ربڕینی خۆشحاڵی بۆ بوونی مه‌جلیسیه‌كی یه‌كده‌ست كه‌ “سوێندی شه‌رعیی پاراستنی ئیسلام و پاسه‌وانی كردن له‌ ئینقلابی ئیسلامیی خواردووه‌” و له فیلتێری شۆرای نیگه‌هبانه‌وه‌ تێپه‌ڕ بووه‌ و پرته‌وبۆڵه‌ی مه‌جلیسه‌كه‌ی پێشووشی نییه‌، ده‌ستی كرد به‌ تاریف و پێهه‌ڵكوتن. ئه‌و وه‌ها مه‌جلیسیه‌كی “به‌هێزترین و ئینقلابیترین مه‌جلیسی پاش ئینقلابی ئیسلامی” وه‌سف كرد كه‌ گۆیا “سه‌ره‌ڕای باروودۆخی دژواری ئابووری و ته‌بلیغاتیی هیواكوژی دوژمنان” به‌ ڕێژه‌یه‌كی جێگای ڕه‌زامه‌ندی، له‌ ڕێگه‌ی ده‌نگی خه‌ڵكه‌وه‌ هه‌ڵبژێردراون. به‌ڵام ڕێژه‌ی جێگای ڕزامه‌ندیه‌ك كه‌ خامنه‌یی باسی لێده‌كات، ئه‌و گاڵته‌جاڕیه‌ بوو كه‌‌ ئه‌م مه‌جلیسه‌ی لێكه‌وته‌وه‌ و له‌چاو هه‌موو نومایشی هه‌ڵبژاردنه‌كانی پێشوو، خه‌ڵك به‌ كه‌مترین ڕێژه‌وه‌، له‌ شاره‌كانی ئێران و كوردستان به‌شدریان تێدا كرد. له‌و نومایشه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌دا، سه‌ره‌ڕای ته‌بلیغاتی خامنه‌یی و هه‌وڵی ده‌زگای سه‌ركوت و فریوی ڕژیم بۆ كۆكردنه‌وه‌ی خه‌ڵك له‌ ده‌وری سندووقه‌كانی ده‌نگدان‌، ڕێژه‌ی به‌شداری كردن له‌ تاران نزیك به‌ ١٥ له‌سه‌د بوو و له‌ كوردستانیش ئه‌م ڕێژه‌یه‌ له‌وه‌ش كه‌متر بوو.

له‌ ڕاستیدا، پێویستیی به‌ڕێوه‌بردنی وه‌ها وتووێژێك له‌ لایه‌ن خامنه‌ییه‌وه‌، نیشانه‌ی باروودۆخێكی دژواره‌ كه‌ به‌رۆكی كۆماری ئیسلامی گرتووه‌. له‌ وه‌ها باروودۆخێكدا، مه‌جلیسی یازده‌هۆم كه‌ سه‌رۆك و نوێنه‌رانی له‌ ئۆسوولگه‌رایانی توندڕه‌و و ده‌ست و پێوه‌نده‌كانی سپای پاسداران پێكهاتووه‌ و نزیك مانگ و نیوێكیش له‌ ته‌مه‌نی تێپه‌ڕ بووه‌، سه‌ره‌كیترین ئه‌ركی خۆی، خۆیه‌كلاكردنه‌وه‌ له‌گه‌ڵ باڵی ڕه‌قیب ده‌زانێت و به‌ بانگ كردنی جه‌واد زه‌ریف و له‌سه‌ر و گوێ دانی و به‌ كۆكردنه‌وه‌ی ٢٠٠ ئیمزا، خه‌ریكی ئاماده‌ كردنی پێداویستیه‌كانی “ڕوونخوازی“یه‌ له‌ ڕووحانی.

هه‌ڵبه‌ت كه‌سیش چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌ نییه‌ كه‌ وه‌ها مه‌جلیسیه‌كی فه‌رمایشی بتوانێ له‌ په‌یوه‌ند له‌گه‌ڵ باروودۆخی ناله‌باری ئابووری و هه‌ژاری و فه‌لاكه‌تێك كه‌ ڕژیم به‌سه‌ر خه‌ڵكی داسه‌پاندووه‌ یان له‌ په‌یوه‌ند له‌گه‌ڵ ئازادی و مافی مرۆڤ، كارێكی بۆ بكرێ. به‌ڵام ئامانجی خامنه‌یی له‌ به‌ڕێوه‌بردنی ئه‌م ویدێئۆ كۆنفڕانسه‌، هۆشدار به‌ سه‌رۆك و نوێنه‌رانی مه‌جلیسه‌ سه‌باره‌ت به‌و‌ باروودۆخه‌ قه‌یراناویه‌ی كه‌ ڕژیمی ئیسلامی له‌گه‌ڵی ڕووبه‌ڕووه‌. ئه‌و ویستی ئه‌وه‌ بڵێ كه‌ باروودۆخه‌كه‌ له‌وه‌ مه‌ترسیدارتره‌ كه‌ بیر له‌ ئاشكرا كردن و له‌قاودانی گه‌نده‌ڵی و دزیی باڵی ڕه‌قیب بكه‌نه‌وه‌.

خامنه‌یی وتی: “په‌یوه‌ندی مه‌جلیس له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی ده‌وڵه‌ت پێویسته‌ به‌ پێی یاسای شه‌رعیه‌وه‌ بێت و سووكایه‌تی كردن به‌وان، حه‌رامی شه‌رعیه‌. له‌م باروودۆخه‌دا كه‌ ته‌وه‌ره‌ سه‌ره‌كییه‌كانی ئه‌مڕۆی ئێران، ڕكوودی به‌رهه‌مهێنان و ته‌وه‌رۆمه‌، مه‌جلیس و ده‌وڵه‌ت پێویسته‌ كه‌ش و هه‌واكه‌ جۆرێك لێبكه‌ن كه‌ زه‌ربه‌ له‌ كاره‌ گرینگه‌كانی وڵات نه‌دا“.

نیگه‌رانیی خامنه‌یی له‌ حاڵێكدایه‌ كه‌ له‌قاودانی دزی و گه‌نده‌ڵی به‌رینی ناو ده‌سه‌ڵاتی ڕژیمی ئیسلامی، قه‌یرانی توندی ئابووری، گه‌ماروكان و بڵاوبوونه‌وه‌ی ویرووسی كۆرۆنا بووه‌ته‌هۆی ئه‌وه‌یكه‌ تووڕه‌یی و نه‌فه‌رتی خه‌ڵك دژ به‌م ڕژیمه‌ زیاتر په‌ره‌ بستێنێ و باروودۆخه‌كه‌ له‌ كۆنتڕۆڵیان بڕواته‌ ده‌ر. ئه‌و به‌ وتنی ڕسته‌ی “چاوه‌ڕوانی و ناڕه‌حه‌تیی بیروڕای گشتیی خه‌ڵك له‌ مه‌جلیس و ده‌وڵه‌ت“، ویستی سه‌ره‌نجی مه‌جلیس به‌ره‌و مه‌ترسیی سه‌رهه‌ڵدانی ئاخێزیه‌كی مه‌زنی كۆمه‌ڵایه‌تی دژبه‌ گشت ده‌سه‌ڵاتی گه‌نده‌ڵ و بێ كه‌فایه‌تی ڕژیمی ئیسلامی، ڕاكێشێ.

به‌ڵام كۆماری ئیسلامی نه‌ ته‌نیا ناتوانێ وڵامی خواستی خه‌ڵك له‌ په‌یوه‌ند له‌گه‌ڵ كار و پیشه‌ و دابین كردنی بژێویان بداته‌وه‌، به‌ڵكوو ناشتوانێ به‌ربه‌ دزی و گه‌نده‌ڵیه‌كانی ناو ده‌سه‌ڵاتیش بگرێ. ڕژیم نه‌ ده‌توانێ به‌ربه‌ بڵاوبوونه‌وه‌ی ویرووسی كۆرۆنا بگرێ و نه‌ ده‌شتوانێ به‌ربه‌ چوونه‌سه‌ره‌وه‌ی ته‌ورۆم و دابه‌زینی نرخی تمه‌ن بگرێت. كه‌وابوو ڕژیمێكی ئیفلاس هێناوی گه‌نده‌ڵ و درۆزن و فریوكاره‌ كه‌ به‌ ته‌مایه‌، ته‌نیا له‌ ڕێگه‌ی سه‌ركوتی ئازادی و زه‌بر و زه‌نگ و كوشتن و ئه‌شكه‌نجه‌ و زیندانه‌وه‌، درێژه‌ به‌ ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی بدات.

هه‌ڵبه‌ت نیگه‌رانیی خامنه‌یی له‌خۆڕا نییه‌. له‌ حاڵێكدا كه‌ خه‌زێنه‌ی ده‌وڵه‌ت به‌تاڵه‌، نرخی هه‌ر دۆلارێكی ئه‌مریكا گه‌یشتووه‌ته‌ نزیك ٢٤ هه‌زار تمه‌ن و ڕۆژ له‌گه‌ڵ ڕۆژیش ده‌ڕواته‌ سه‌رتر. توانای كڕینی خه‌ڵك زیاتر له‌ جاران دابه‌زیوه‌. له‌ حاڵێكدا كه‌ ده‌وڵه‌ت توانای پێدانی حه‌قده‌ستی كرێكاران و كارمه‌ندانی نییه‌ و دواخرانی چه‌ندنین مانگه‌ی حه‌قده‌ستی كرێكاران كه‌ هیچ پشتیوانێكی ماڵییان نییه‌، گوشارێكی تاقه‌ت پڕووكێنی خستووه‌ته‌ سه‌ر كرێكاران و جه‌ماوه‌ری زه‌حمه‌تكێش. خامنه‌یی و باقی به‌رپرسانی ڕژیم ده‌بینن كه‌ ناڕه‌زایه‌تیی كرێكاران و باقی توێژه‌ هه‌ژاره‌كانی دیكه‌ی كۆمه‌ڵگا، له‌ زۆرێك له‌ ناوه‌نده‌كانی كار و به‌رهه‌مهێنان له‌ ئارادایه‌. ئه‌وان ده‌زانن كه‌ قۆناغی نوێی مانگرتنی كرێكارانی نه‌یشه‌كه‌ری هه‌فت ته‌په‌ بۆ وه‌دی هاتنی خواسته‌ پیشه‌یی و سیاسیه‌كانیان، به‌ك مانگه‌ به‌رده‌وامه‌. ده‌زانن كه‌ هه‌فت ته‌په‌ له‌ ماوه‌ی چوار مانگی ئه‌مساڵدا، ته‌نیا حه‌قده‌ستی یه‌ك مانگییان پێدراوه‌، ئه‌وه‌یش به‌ زه‌بری مانگرتن، له‌ژێر چنگی ئه‌و خاوه‌نكاره‌ تاوانبار و دزه‌ی كه‌ ده‌وڵه‌ت پشتوانیی لێده‌كا، هێناویانه‌ته‌ ده‌ر.

له‌م باروودۆخێكدا، ڕژیم كه‌ له‌ وڵامدانه‌وه‌ به‌ داخوازیی جه‌ماوه‌ری كرێكار و زه‌حمه‌تكێشی كۆمه‌ڵگا داماوه‌،  ته‌نیا ده‌ست ده‌با بۆ ئامرازی كوشتن و سه‌ركوتی خه‌ڵك. ڕۆژی سێشه‌ممه‌ ٢٤ی پووشپه‌ڕ، هێزه‌ ئه‌منییه‌كان و سه‌ركوتگه‌رانی ڕژیمی ئیسلامی له‌ جیات وه‌دی هێنانی خواستی كرێكارانی هه‌فت ته‌په‌، وه‌حشیانه‌ هێرشیان كرده‌ سه‌ر ڕیزی ناڕازیان و چوار كه‌س له‌ هه‌ڵسووڕاوانی كرێكاریان ده‌ستبه‌سه‌ر كرد. له‌ هه‌وڵێكی سه‌ركوتگه‌رانه‌ی دیكه‌دا به‌ ئامانجی زاڵ كردنی زیاتری كه‌ش و هه‌وای ترس و تۆقاندن به‌سه‌ر كۆمه‌ڵگادا و بۆ ڕێگری له‌ په‌ره‌سه‌ندنی ناڕه‌زایه‌تیه‌كان، ده‌زگای قه‌زایی ڕژیم حوكمی ئێعدامی ئه‌میر حسێن مۆرادی، سه‌عید ته‌مجیدی و محه‌ممه‌د ره‌جه‌بیی، له‌ ده‌ستبه‌سه‌ركراوانی ئاخێزی سه‌رتاسه‌ریی خه‌زه‌ڵوه‌ری، ده‌ركرد. ئێواره‌ی دوێنێ ڕۆژی سێشه‌ممه‌، دوو به‌ندكراوی سیاسی به‌ ناوه‌كانی سابیر شێخ عه‌بدوڵڵا و دیاكۆ ره‌سووڵزاده‌، كه‌ له‌ زیندانی ورمێ ڕایانگواستبوون، ئێعدامیان كردن. ئه‌م هه‌وڵه‌ دژه‌ مرۆییانه‌، نیشانه‌ی ئاشكرای خۆفی ڕژیمی ئیسلامییه‌ له‌ په‌ره‌سه‌ندنی ناڕه‌زایه‌تیی كرێكاران و جه‌ماوه‌ری خه‌ڵكی زه‌حمه‌تكێش و وه‌ده‌نگ هاتنی زه‌نگی مه‌رگی نیزامی ئیسلامیی سه‌رمایه‌یه‌. مه‌رگێك كه‌ به‌ڕێوه‌یه‌ و له‌ داهاتوویه‌كی نزیكدا، ئه‌م نیزامه‌ دژه‌ مرۆییه‌، بۆ هه‌میشه‌، له‌كۆڵ خه‌ڵكی ئێران و ناوچه‌كه‌ ده‌كاته‌وه‌.