کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

زبڵگەریی خەڵکی زەحمەتکێش، نان بە قیمەتی گیان

لە هەر کوچە و شەقامێکەوە تێپەڕی، بۆ ساتێکیش بێت، بۆنی توندنی مەخزەنە زبڵەکانت بەسەر دادێ. ئەم بۆنە بۆ هێندێک لە بێبەشانی ئێران کە کارەکەیان زبڵگەڕییە بووەتە بابەتێکی ئاسایی و ڕۆژانە. بۆ نموونە لە شاری تاران نزیک بە ٦٩ هەزار مەخزەنی کۆکردنەوەی زبڵ لە گوزەرەکاندا بوونی هەیە. ئەم مەخزەنانە ڕۆژانە لانیکەم دوو جار لە لایەن زبڵگەڕەکانەوە دەشێوێندرێن و زبڵە بەکارهاتووەکانی لێ هەڵدەگیرێت. لە هەر کوچه و شەقامێک دەتوانین تازەلاوان و گەورەساڵان و تەنانەت ژنانێک ببینین کە کیسەی پەلاستیکیی گەورەیان هەڵگرتووە و یان سەریان خستووەتە ناو مەخزەنێکی زبڵەوە. ئەوانەش وا کە منداڵن و دەستیان ناگاتە زبڵەکانی بنەوە، خۆیانە دەخەنە ناو مەخزەنەکانەوە.

هاووڵاتییان هەموو ڕۆژێ شایەدی ئەمجۆرە وێنانەن، بەڵام بۆچی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران بە ئاسانی لە پەنا ئەم دیاردە دڵتەزێنەوە تێپەڕ دەبێت؟ بۆچی پیشەی کازبی زبڵگەڕی بەخاتری باروودۆخی خراپی ئابووری و مافیایەک کە لە پشتیەتی، بووەتە بابەتێکی ئاسایی بۆ سەرانی گەندەڵی ڕژیم؟

زبڵگەڕی کارێکی پڕ مەترسییە کە سەرەڕای نەخۆش خستنی زبڵگەڕەکان، دەبێتە هۆی گواستنەوەی هەمووجۆرە نەخۆشییەکی پێستی، عفوونی و ویرووسی و هاوشێوەکانی. بەتایبەت لە سەردەمی کۆرۆنادا، زبڵەکانی ئاڵودە بە ویرووسی کۆرۆنا زەنگێکی مەترسین بۆ  زبڵگەڕان و باقیی مرۆڤەکانی کۆمەڵ. زبڵگەڕەکان هیچ جۆرە کەرەستەیەکی خۆپاراستن و ماددەی گەندبڕیان پێ نییە و تووشی نەخۆشیی ئیدز، هێپاتیت، کۆرۆنا، و هەموو جۆرە نەخۆشییەکی پێستی و عفوونی دەبن و بە ئاسانیش بۆ ئەندامانی بنەماڵەکانی خۆیان و خەڵکی دیکەی دەگوازنەوە.

کامیل ئەحمەدی، خەڵکناس کە لە بواری دیاردەی زبڵگەڕی لێکۆڵینەوەی ئەنجام داوە لە وتووێژ لەگەڵ بڵاوکراوەی ئافتابی یەزد سەبارەت بە ژیانی ١٤ هەزار زبڵگەڕ لە شاری تاران دەڵێ:

“لەپێشدا با بزانین زبگەڕ بە چ مانایەکە؟ زبڵگەڕ چەمکێکی ناپیشەیی و ناشارەزایانەیە کە بەهۆی نەبوونی مێکانیزمی بەکارهێنانەوە و کۆکردنەوەی پاشماوەی ویشکی شاری، کەسانێک بە شێوازی  فیزیکی و دەستی دەڕۆنە سۆراغی سەتڵە گەورەکانی سەر شەقام و کوچەکان، زبڵە ویشکەکان لە تەڕەکان جیا دەکەنەوە و دەیانخەنە تەلیسەوە و دەیانبەنە شوێنەکانی نیشتەجێ بوونیان. زبڵە جۆراوجۆرە ویشکەکان دیسان لەوێ جیا دەکەنەوە تا خاوەنکارانیان ئەم زبڵانە بە ناوەندەکانی دووبارە بەکارهێنانەوەی زبڵەکان بفرۆشن. گشت ٢٢ ناوچەی تاران بە ٢٠٠ ملیارد تمەن بەکرێ دراوە. خاوەنکاران کە زبڵگەڕەکان پێیان دەڵێن “ئەرباب”، لە بری هەر کیلۆ زبڵی ویشک نزیک ٦٠٠ تمەن بە زبڵگەڕەکان دەدەن و ئەربابیش خۆی بە نزیک ٣ هەزار و ٥٠٠ تمەن دەیفرۆشێت! بە پێی لێکۆڵینەوەی ٦ مانگەی ئێمە لە ٢٢ ناوچەکەی تاران، ١٤ هەزار زبڵگەر بوونی هەیە کە یەک سێهەمی ئەم کەسانە واتە نزیک بە ٤ هەزار و ٦٠٠ کەسیان منداڵانی ژێر تەمەنی ١٨ ساڵن”.

لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی ڕژیمی ئیسلامیدا کە گرووپە مافیاییەکان لە پشت هەر تەجاڕەت و بەرهەمهێنانێکی گەورەوەن، ئەم بوارەشیان بێ خاوەن نەهێشتووەتەوە. لەناو ئاخوند و ئاغازادەکان و بەرپرسانی نیزامی و ئەمنیدا، سەدان “سوڵتان” و سەردەستەی باندە مافیاییەکانی تێدایە. زبڵ، بەڕێوەبەری و تەجاڕەتەکەشی لە ئیختیار باندە مافیاییەکان دایە کە بە قیمەتی سڵامەتی و گیانی زبڵگەڕە هەژارەکان، خەریکی کەڵەکە کردنی سەروەتن.

زبڵگەڕی یەکێک لەو پیشە کازبانەیە کە لە هێندێک لە وڵاتانی دواکەوتووی دنیادا باوە و شێوەی ژیان و گوزەرانی ملیۆنان ئینسانە. هەربۆیە ناکرێ بە بێ ناسینی سەرچاوەی هەژاری و بێ عەداڵەتی، بێکاری و بابەتی چەوساندنەوەی کرێکاران، بێەشی و هەڵاواردنی کۆمەڵایەتی لەلایەن خاوەنانی دەسەڵات و سەرمایە، بە بێ خەبات دژبە نیزامی چینایەتی کە پشتیوان و هۆکاری هەژاریی ملیۆنی و کەڵەکە کردنی سەروەتی لەڕادەبەدەر لەناو دەستی ژمارەیەکی کەم دایە، باس لەم دیاردەیە بکرێت.

لە وڵاتانی پێشکەوتوودا ساڵەهایە کە زبڵی ماڵەکان، ڕێستوورانەکان، دووکانەکان، سووپێرمارکێتەکان، کارگە و کارخانەکان، لە ناوەندەکانی بەرهەمهێناندا بەستەبەندی دەکرێن و بەئامانجی پاراستنی ژینگە، بە مۆدێرنترین شێواز دووبارە بەکار دەهێندرێنەوە و تەنانەت بۆ بەرهەمهێنانی بەرق و وزە و بۆ دابین کردنی باقیی پێداویستییەکانی خەڵک کەڵکیان لێوەردەگیرێت.

لەژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا هەمووجۆرە پیشەیەکی کازب و پڕ مەترسی لەوانە کۆڵبەری لە کوردستان، سوختبەری لە بەلووچستان، زبڵگەڕی لە هەموو شارە گەورە و چکۆلەکان دەبیندرێت. لە کوردستان و بەلووچستان کۆڵبەران و سوختبەران بە فیشەکی بەکرێگیراوانی کۆماری ئیسلامی، بە بەربوونەوە لە بەرزاییەکان و یان بە تەقینەوەی مین، بە کەوتنە ناو بۆسەی هێزە ئەمنی و نیزامییەکان، گیانیان لەدەست دەدەن و لە شارەکانی ئێران زبڵگەڕەکانیش بەرەوڕووی هەمووجۆرە نەخۆشییەک و توندوتیژیی بێسنووری مەئموورانی شارەداری و نیزامی دەبنەوە.

زبڵگەڕی، سووکایەتی بە کەرامەت و مافی خەڵکی بێبەش و زەحمەتکێشە. لە ئێران کە یەکێک لە دەوڵەمەندترین وڵاتەکانی جیهانە و حاکمانی ئیسلامی ملیاردها دۆلار دەکەنە خەرجی سەرکوت لە ناوخۆ و تیرۆریسم لە دەرەوەی ئێران، نابێ جەماوەر ناچار بە زبڵگەڕی، کۆڵبەری و سوختبەری بن. بێگومان سڵامەت و ئەمنییەتی خەڵکی بێبەش و زەحمەتکێش بۆ سەرانی ڕژیم هیچ بایەخێکی نییە. ئەرکی هەر ئینسانێکی شەریف و ئازادەیە کە لە مافی ژیان، سڵامەتی و ئەمنییەتی زەحمەتکێشانی زبڵگەڕ، کۆڵبەر و سوختبەر دیفاع بکات. دیفاع لە هەژارانی زبڵگەڕ کە ناچارن دەست بدەنە وەها کارێکی نائەمن و ناتەندرووست، دیفاع لە کەرامەتی ئینسان و سڵامەتی کۆمەڵگەیە.

بابەتی پەیوەندیدار

ڕژیم، بە پێشێلکردنی مافی مرۆڤ، گۆڕی خۆی زیاتر هەڵدەکەنێ

-

بەرەو بەرزڕاگرتنی هەرچی شکۆدارتری ڕۆژی جیهانی کرێکاران

-

توندتربونەوەی گوشارەکانی کۆماری ئیسلامی بۆسەر مامۆستایانی مافخواز

-

ڕژیمی ئیسلامی لە سەنگەری سەپاندنی حیجابی ئیجباری، پاشەکشەی پێدەکرێت

-

شەڕ ئامرازێک لە دژی خەڵک، لە خزمەت مانەوەدا

-

ناڕەزایەتی جیهانی لەدژی بەردەوامبوونی جینۆسایدی ئیسرائیل لە غەززە

-