کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

رۆژی ٣ی ئێسفه‌ندی ساڵی ١٣٧٧ی سنە یەکێکی تر لە جیلوەکانی هاوپشتی خەڵکی کوردستان

 ئەمرۆ یەکشەممە ٣ی مانگی ئێسفه‌ند شانزەهەمین ساڵڕۆژی شانۆی هاوپشتی شاری سنە لەگەڵ خەڵکی کوردستانی تورکیەیە کە، دووپات بوونەوەیمان لە گۆڕه‌پانی شورئه‌نگیزی پشتیوانی لە خۆڕاگری کۆبانی لەم مانگانەی دواییدا بینی. ئەمرۆ لە هەمانحاڵدا، ساڵرۆژی یەکێکی تر لە جەنایەتەکانی کۆماری ئیسلامی لەدژی خەڵکی خەباتکاری کوردستانه‌. جەنایەتێک کە لە ماوەی ٣٦ ساڵ حاکمیەتی ئەم رژیمەوە تا بەمرۆ بەبێ وەستان بەردەوام بووە. هەواڵەکان باس لەوە دەکەن کە بەشوێن ئێعدام کرانی سامان نەسیم یەکێک لە ٦ زیندانی سیاسی زیندانی کراو لە زیندانی ورمێ، عەلی ئەفشاری و حەبیب ئەفشاریش رۆژی جومعه‌ ئێعدام کراون.رۆژی سێی رەشەممەی 370ساڵی ١٣٧٧ ساڵرۆژی جەنایەتێکی ترە لە زنجیرە جەنایەتەکانی ماوەی حەیاتی نەکبەت باری رژیمی كۆماری ئیسلامی لە ئێران. لە ئاوا رۆژێکدا بوو کە خەڵکی تێکۆشەری شارەکانی کوردستان لە ناڕەازایەتی بە ڕفاندنی “عەبداللە ئۆجالان” ڕێبەری ” پ. ک. ک” کەوا لە جەریانی پیلانێکی هاوبەشی دەزگا سیخوڕیەکانی تورکیە، ئیسڕایل و ئامریکادا ڕفێندرا و تەحویلی تورکیە درابۆوە، رژانە سەر شەقامەکان و بە وەڕێخستنی خۆپیشاندان و رێپێوان، ئەم تیرۆریزمە ئاشکرا دەوڵەتیەیان مەحکوم کرد.کۆماری ئیسلامی، ئەو رژیمەی کە جەنایەت و ریاکاریەکانی لەدژی خەڵکی کوردستان ناوبانگی جیهانی هەیە، سەرەتا هەوڵیدا کە، قین و ناڕەزایەتی خەڵک لە رفاندنی رێبەری پ ک ک و شانۆی هاوپشتیان لەگەڵ ناڕەزایەتی خەڵکی کوردستانی تورکیە، بکاتە دەستمایەیەک لە رقابەتە ناوچەییەکانی لەگەڵ تورکیە، ئیسڕایل و ئامریکا و لەڕاستای ئامانجەکانیدا بەکاری بێنێ.بەڵام خەڵکی کوردستان کە خۆیان قوربانی گەلێک سیاسەتی جەنایەتکارانە و تیرۆریستی دەوڵەتی کۆماری ئیسلامین، دەرفەتی بەهرەبەرداریان لە ناڕەزایەتیەکانیان بە کۆماری ئیسلامی نەدا و بە بەرپا کردنی خۆپیشاندان و رێپێوانی سەربەخۆی خۆیان نە تەنیا لە ئامانجەکانی رژیم واوەتر چوون، بەڵکو، پەردەشیان لە رووی نیەتە فریوکارانەکانی دەوڵەتی خاتەمی و ئیسلاح خوازانی حکومەتی، لادا.کاربەدەستانی کیشوەری و ناوچەیی رژیم سەرەتا لەگەڵ بەڕێوەچونی ڕێپێوان و خۆپیشانی خەڵکدا لە سنە موافقەتیان کرد، بەڵام نیوەشەوی دووشەممە سێی مانگی رەشەمە قەدەغەیان کرد. هاوکات لەگەڵ ئەم بڕیارە، هێزەکانی گاردی ویژەی دژە شۆڕشی سپای پاسداران و هێزی ئینتیزامی لە هەموو شوێنە کلیدی و خیابانە سەرەکیەکانی شار جێگیر بوون. خەڵکی شاری سنە و لە پێش هەمووشیانەوە لاوانی پڕ شور و ئینقلابی لە حالێکدا عەزمی خۆیان بۆ بەڕیوەبردنی خۆپیشاندان و ڕێپێوان جەزم کردبوو، سەرەڕای حزوری زۆری هێزە چەکداره‌كانی رژیم لە هەرچوار دەوری شارەوە بەرەو مەیدانی ئازادی و شوێنە ناوەندیەکانی شار وه‌ڕێکەوتن. خەڵکی ناڕازی و تووڕە بە بینینی میلیتاریزە بوونی فەزای زاڵ بەسەر شاردا لە ئامانج و داواکاری رژیم واوەتر چون و لەم دەرفەتە وەک هەموو دەرفەتەکانی تر بۆ هێنانەگۆڕی داواکاریە رەواکانی خۆیان کەڵکیان وەرگرت. لێرەدا بوو کە جارێکی تر ماهیەتی سەرکوتگەرانەی کۆماری ئیسلامی ئاشکرا بوو. بە دەستوری کاربەدەستانی کیشوەری و لەشکری ریزی یەکگرتوو و یەکپارچەی خەڵک لە زەوی و ئاسمانەوە درایەبەر رەگباری گوللە. پەیکەری ژمارەیەکی زۆر لە لاوانی کچ و کوڕی شاری سنە کەوتە سەر زەوی و سەنگ فەڕشی خیابانەکانی ئەم شارە بەخوێنیان ڕەنگین بوو. سەدان کەس لە لاوانی کچ و کوڕ، ژنان و پیاوانی توڕە بە هێرشی دڕندانە و ماڵ بەماڵی هێزەکانی گاردی ویژەی سپا گیران و بەرەو سیاچاڵەکانی ژێر پادگانی لەشکری ٢٨ی کوردستان گوازرانەوە. ژمارەیەکیان قەت نەگەڕانەوە بۆ سەر کلاسی دەرسی قوتابخانە و دانیشگاكان و سەر کارەکانیان. بەمجۆرە ناڕەزایەتی رەوای خەڵکی سنەش وەک هەموو ناڕەزایەتیەکانی خەڵکی کوردستان ئاوێتەی توندوتیژی کرا. روداوی سێی ئێسفه‌ند رواڵەتی ریاکارانه‌ی ئیسلاحخوازانی حکومەتی و هاوپەیمان و پشتیوانانی کوردستانی ئەوان کە بە قین لەدڵی و دوژمنایەتی قوڵ حەرەکەتی مافخوازانەی خەڵکی سنەیان مەحکوم کرد، ئاشکرا کرد.

رۆژی سێی رەشەممەی ساڵی ١٣٧٧ی سنە یەکەم جیلوەی هاوپشتی خەڵکی کوردستانی ئێران لەگەڵ خەباتی رەوای خەڵکی کورد لە بەشەکانی تردا نەبوو. ئەم سەحنە ئینسانیانە چەندین جاری تریش رویاندابوو وە لەم مانگانەی دواییدا و بۆ پشتیوانی لە خەباتی خەڵکی کانتۆنەکانی کوردستانی سوریە و خۆڕاگری ژنان و پیاوانی کانتۆنی کۆبانی دووپات بۆوە. ئەم جارەش هاوکات لەگەڵ هاتنە سەر شەقامی خەڵکی شارەکانی کوردستانی ئێران بۆ پشتیوانی له‌ خۆڕاگری خەڵکی کۆبانی، جارێکیتر شاهیدی ریاکاری کۆماری ئیسلامی لەدژی خەڵکی کوردستان و هەوڵدان بۆ بەهرەبەرداری کردن لەم ناڕەزایەتیانە بووین. جۆش و خرۆشی خەڵکی شارەکانی کوردستانی ئێران لە کرماشانەوە تا ورمێ بۆ پشتیوانی لە خۆڕاگری خەڵکی کۆبانی، گەیشتە لوتکەی خۆی. خەڵکی تێکۆشەر بەبێ هیچ ترس و هەراسێک، هاتنەسەر شەقامەکان و بە دانی دروشمی وەک “کۆبانی تەنیا نییە”، “بژی خۆڕاگری کۆبانی”، هاوپشتی قوڵ و ئینسانی خۆیان بۆ خۆڕاگری خەڵکی ئەم شارە پیشاندا. کاربەدەستانی ئوستانیی کۆماری ئیسلامی و ئیمام جومعە بەکرێکیراوەکانی ویلایەتی فەقیە، ئەو کەسانەی کە دەستەکانیان تا ئانیشک سورە بە خوێنی لاوانی کوردستان، هەموو ئەوانەی کە لە ماوەی ٣٦ ساڵی حاکمیەتی کۆماری ئیسلامیدا سەدان جەنایەتی وەحشیانەتریان لە جەنایەتەکانی داعش لەدژی خەڵکی کوردستانی ئێران لە پەروەندەدا تۆمار کراوە، لە حاڵێکدا کە نەیاندەتوانی بەر بە وەڕیکەوتنی سێڵاوی خرۆشاوی پشتیوانی خەڵکی کوردستانی ئێران لە خۆڕاگری بوێرانەی ژنان و پیاوانی قارەمانی پارێزەری ئەم شارە بگرن، فریوکارانە هەوڵیاندا خۆیان هاوجیهەتی ئەم حەرەکەتە نیشان بدەن.

خەڵکی شەریف و ئازادیخوازی کوردستانی ئێران لە پاڵ پشتیوانی و هاوپشتی لەگەڵ خۆڕاگری خەڵکی کۆبانیدا ریاکاری و دووروویی کۆماری ئیسلامیان ئەمجارەش ئاشکرا و ریسوا کرد. لێرەدا بوو کە جارێکیتر کۆماری ئیسلامی ماهیەتی دژی خەڵکی خۆی پیشاندا و لە حاڵێکدا نەیتوانی ئامانجەکانی ئەم جارەشی بپێکێت، ژمارەیەک لە بەڕیوەبەران و بەشدارانی ناڕەزایەتیەکانی ده‌ستبه‌سه‌ر كرد و رەوانەی زیندانی کردن.

لەمرۆدا رۆژی ٣ی ئێسفه‌ند وەک رۆژێکی لەبیر نەکراوه‌ لە بزوتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کوردستاندا سەیر دەکرێت و یاد و بیرەوەری قوربانیانی ئەم رۆژە بە یەکێتی زیاتری ریزەکانی خەباتی شۆڕشگێڕانە و بە چونەسەره‌وه‌ی ئاستی وشیاری بۆ لەگۆڕنانی هەتاهەتایی رژیمی كۆماری ئیسلامی بەرز و پیرۆز راده‌گیردرێت.

لە شانزدەهەمین ساڵڕۆژی ٣ ی مانگی رەشه‌ممەی ساڵی ١٣٧٧ی شاری سنە، یاد و بیرەوەری سەرجەم ئەو ئازیزانەی کە لەم رۆژەدا بوونە ئامانجی هێرشی بەکرێگیراوانی رژیمی ئیسلامی و گیانیان لەدەستدا، بەرز و بەرێز رادەگرین سڵاوی بێ پایانی خۆمان ئاراستەی بوێری و فیداکاری ئەوان و بنەماڵەکانیان دەکەین.

بابەتی پەیوەندیدار

پەرەسەندنی پشتیوانی کرێکاران لە بزووتنەوەی دژە جینۆساید

-

پەرەسەندنی ڕێکخراوە جەماوەرییەکان، ئامرازێکن بۆ پێشڕەوی و گەرەنتی پاراستنی دەستکەوتەکان

-

پشت بەستن به جەلاد و پەتی سێدارە بەمەبەستی مانەوەی ڕژیم، بێ سەمەرە

-

خەبات لە دژی هەژاری، لە سەر بەستێنی ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانەی ژن، ژیان، ئازادی

-

ڕۆژی مامۆستا لە ئێران بەرز ڕاگیرا

-

دروشمەکانی ڕۆژی جیهانی کرێکار، زیادکرنی حەقدەست و مووچە، ڕاگرتنی جینۆساید لە غەززە

-