کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

رژیم بۆ دوور خستنەوەی کابوسی ئاخێزی خەڵک، کەوتۆتە گیانی زیندانەیەکان

شەڕی رەوانی رژیمی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ بنەماڵەی زیندانیانی سیاسی مەحکوم بە ئێعدام ھەروا درێژەی ھەیە. چارەنووسی ” سامان نەسیم” و چەندین زیندانی تری مەحکوم بە ئێعدام ھێشتا لەژێر پەردەی گومان دایە. بنەماڵەکانی لە چارەنووسی منداڵەکانیان بێ خەبەر راگرتوە. ھەڕەشەیان لێدەکەن کە خۆیان لە بڵاو کردنەوەی ھەر ھەواڵێك سەبارەت بە منداڵەکانیان بپارێزن. بە ھەڕەشە و گوشار بەر بە مەڕاسمی سەرەخۆشی بۆ ئێعدام کراوەکان دەگرن. پەیکەری زیندانیانی سیاسی ئێعدام کراو تەحویل بنەماڵەکانیان نادەنەوە. زیاتر لە 40 زیندانی سیاسیان لەژێر تیغی ئێعدامدا راگرتوە. زانیاری سەبارەت بە ژمارەیەک لە زیندانی سیاسی بە شاراوەیی دەھێڵنەوە. ھەر ئێستا زیاتر لە سەد زیندانی سیاسی مەحکوم بە زیندانی ھەتا ھەتایی لە خراپترین بارودۆخدا لە زیندانەکانی رژیمدا بەسەر دەبەن. ئیجازە بە ھیچ ناوەندێکی نێونەتەوەیی نادەن سەردانی زیندانەکان بکات. شان نادەنەبەر داواکاری ناوەندەکانی سەربە مافەکانی مرۆڤی جیھانی بۆ ھەڵوەشاندنەوەی ئەحکامی ئێعدام. پێبەندی تەعەھودەکانیان نین لە ناوەندە جیھانیەکاندا کە خۆشیان ئەندامن تێیاندا.386

ئێعدامی زیندانیانی سیاسی، ئیجرای مەڕاسمی ئێعدامی زیندانیانی ئاسایی بە بەرچاوی خەڵکەوە، شه‌لاق لێدان لەبەر چاوی ھەموان، توند کردنەوەی گوشار بۆسەر چالاکانی بزوتنەوە مەدەنی و کۆمەڵایەیەکان، دەرکردنی ئەحکامی زیندانی درێژماوە بۆ ئەو کەسانەی کە لە چوارچێوەی فەعالیەتی ئاشکرا و تەنانەت قانونیدا کاریان دەکرد، لەوانە ھەڵسوڕاوانی کرێکاری، رۆژنامە نووسان و چالاکانی مافەکانی مرۆڤ، ئەمانە بەگشتی ئاڵقەی زنجیرێکی بەیەکەوە پەیوەستن کە ئامانجی کۆنترۆڵ کردنی کۆمەڵگای لەحاڵی کوڵان و ھەڵچون دایە بە زەبری زۆر و سەرکوت. ئەمانە بۆ قەرەبوی ئەو سوکایەتیەی کە لە وتووێژەکانی ئێستادا لەگەڵ ئامریکا و ھاوپەیمانەکانی تەحەمولی دەکەن، بەم جۆرە کردارانە خەڵک چاوترسێن دەکەن. لەوێ سەری تەسلیم نەوی دەکەن و لێرەش داری ئێعدام لەدژی زیندانیانی بێدیفاع بەرز دەکەنەوە.روون و ئاشکرایە کە سەرانی رژیم لەم رێگایەوە دەیانەوێ بێ پەروایی خۆیان لە دەست بردن بۆ ھەموو جەنایەتێک بەرووی خەڵکدا بدەن. ئەمانجیان لە ئێعدام کردنی زیندانیانی سیاسی و تەنانەت وەڕێخستنی شەپۆلی ئێعدامی زیندانیانی ئاسایی، ترساندنی کۆمەڵگایە بەگشتی. ھێرش بۆسەر گیانی ئینسانە زیندانی کراوەکانی کردۆتە مەیدانی نیشاندانی قودرەت و ئیقتیداری رژیم.

ئەمرۆ و لە ئاوا بارودۆخێکدا تەنیا بە خەباتی یەکگرتوانە و ناڕەزایەتی بەرینی جەماوەری دەکرێ رژیم بخرێتە ژێر گوشارەوە بۆ کۆتایی ھێنان بەم جۆرە کردارە دژی ئینسانیانە. ئەگەر رژیم گوشار بۆسەر زیندانیانی بە ئامانجی ترساندنی خەڵک لە دەرەوەی زیندانەکان پەیڕەو دەکات، پێویستی دیفاع لە زیندانیانی سیاسی و وادار کردنی رژیم بە پاشەکشە کردن لەم بوارەدا دوو ھێندەیە.پێویستە کە دروشمی ” زیندانیانی سیاسی دەبێ ئازاد بکرێن” لە ھەموو جێگایەک دەنگ بداتەوە. نابێ ئیجازە بدرێت ئەو ئینسانانەی بۆ دیفاع لە بەرنامە سیاسیەکانیان، بۆ دیفاع لە بیر و بۆچونەکانیان، بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی لەدژی ستەم و سەرکوت، چەوساندنەوە و نایەکسانی و ھەڵاواردن، بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی بە دیکتاتۆری حاکم کەوتونەتە زیندان خۆیان بە تەنیا بزانن. دەنگدانەوەی دەنگی ناڕەزایەتی خەڵک لە دەرەوەی زیندانەکان ھێزی خۆڕاگری و ئیرادەی زیندانیان لە پشت میلەکانی زیندانەوە دە بەرابە دەباتە سەرێ.

نابێ ھیچ کەس بە تاوانی خەبات کردن لەپێناو دەستەبەر کردنی مافەکانیدا، بە تاوانی دەربڕینی ناڕەزایەتی لەدژی فەلاکەت و ستەمگەریەکی كه‌ لە ئارادایە، بە تاوانی ھەبوونی بیروبۆچونی نەیار و ئەنجامدانی چالاکی سیاسی بگیرێت و زیندانی بکرێت. ئەگەر قەرارە کەسێک لە گۆشەی زینداندا بێت، ئەوە عاملین و سەبەبکارانی ئەم بارودۆخەی ئێستان کە دەبێ بچنە زیندان، واتە ئەو کەسانەی کە منداڵەکانی خەڵک دەخەنە زیندان و ژێر ئەشکەنجەوە، ئەو کەسانەی کە جگەرگۆشەکانی خەڵک دەکوژن و لە گۆڕی بێ ناو و نیشاندا دەیانشارنەوە. ئەوانەی کە سەروەتی کۆمەڵگە بە تاڵان دەبەن و ئەم بارە قورسە لە رەنج و ئازار و بێبەشی و بێ مافیان بەسەر خەڵکدا سەپاندوە.

کۆماری ئیسلامی بەھۆی جەنایەتەکانی لە ماوەی 36 ساڵی رابردودا، بەھۆی ئەو بێ مافیانەی بەسەر زۆربەی خەڵکی ئەم وڵاتەیدا سەپاندوە، بەھۆی ھەوڵدان بۆ بەرەو دواوە بردنەوەی کۆمەڵگای مۆدێڕنی ئێران و بەھۆی توند کردنەوەی موسیبەتەکانی کۆمەڵگەی سەرمایەداری وەک بێکاری، ھەژاری و ئیعتیاد، کەوتۆتەبەر ئاگری سوتێنەری نەفرەت و بێزاری جەماوەری خەڵک. ئاوا رژیمێک بە کۆمەڵێک قەیرانی ئابووری و سیاسیەوە، بێجگە لە دەست بردن بۆ سەرکوت و کوشتار ئیمکانی مانەوەی نییە. دەبێ وشیار بین، حکومەتێک کە نەتوانێ وەڵام دەرەوەی بچوک ترین داواکاری جەماوەری خەڵک بێت، نابێ دەرفەتی ھەبێت تا بە چەکی زیندان و ئەشکەنجە و ئێعدام ریزی خەباتی خەڵک توشی ترس بکات.

سەرانی کۆماری ئیسلامی کە بەم شێوەیە دەجوڵێنەوە، ھەر ئەڵێی دەرسیان لە چارەنوسی باقی دیکتاتۆڕەکان لە دنیادا وەرنەگرتوە. کاسەی سەبری خەڵک پڕبووە و سەرانی ئەم رژیمەش پایان لە لێواری گۆڕە. ئەوان کە ناتوانن و نایانەوێ باشتر بوونێک لە ژیانی ئابووری خەڵکدا بەدی بێنن، کابوسی بەرپا بوون و پەرەسەندنی ناڕەزایەتی خەڵک خەوی لێ زڕاندون. ئەوان بۆ دوور خستنەوەی ئەم کابوسە لە خۆیان، کەوتونەتە گیانی زیندانیانی بێدیفاع و خستنەژێر گوشاری خەڵکی رێکنەخراو. بۆ رزگار کردنی گیانی ئینسانە ئازادی خوازەکان لە زیندانی کۆماری ئیسلامی و بۆ رزگار بوون لە زیندانێک بە پانتایی ھەموو ئێران کە خەڵکیان تێدا راگرتوە، ھیچ رێگایەک بێجگە لە قوڵ کردنەوە و پەرە پێدانی خەباتی رێکخراوی کرێکاران و جەماوەری خەڵکی زۆرلێکراو و بێبەش، لە ئارادا نییە.

بابەتی پەیوەندیدار

گەندەڵی ئیداری، دارایی، ئەخلاقی و سیاسیی ڕژیمی ئیسلامی، لە سەرەوە دەست پێدەکات

-

خەباتی ژنانی ئێران لەپێناو بەدەستهێنانی ئازادی و بەرابەری، لە چوارچێوەی ئازاد پۆشی تێدەپەڕێت

-

خانەنشینان لە پێناو بژێوی ژیان و ئازادیدا خەبات دەکەن

-

کۆماری ئیسلامی لە دوژمنایەتی لەگەڵ خەڵکدا هیچ سنوورێک ناناسێت

-

بەرز و بەڕێز  بێت یادی قوربانیانی شیمیابارانی مقەڕەکانی ناوەندی کۆمەڵە لەلایەن ڕژیمی بەعسی عێراقەوە

-

دەوری دووەمی گاڵتە جاری هەڵبژاردنی مەجلیسی دوازدەیەم وپەرەسەندنی ناکۆکییە ناوخۆییەکانی بەرپرسانی ڕژیم

-