کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

رومینا قوربانیی په‌یوه‌ندی كۆمه‌ڵایه‌تی و كلتووریی زاڵ

Romina Ashrafi

Romina Ashrafi

رومینا ئه‌شره‌فی، كچی ١٣ ساڵه‌ی خه‌ڵكی ئاوایی “سفید سه‌نگان له‌میر“ی سه‌ربه‌ ئاستارا له‌ ڕۆژی یه‌كی جۆزه‌رداندا به‌خاتری هه‌ڵاتنی له‌گه‌ڵ پیاوێكی ٣٥ ساڵه‌، له‌ لایه‌ن باوكیه‌وه‌ كوژرا‌. ئه‌مجاره‌شیان دیسان قاتڵه‌كه‌، كچه‌ مێرمنداڵه‌كه‌ی خۆی سه‌ربڕی تا بۆ هه‌میشه‌ “لكه‌ی نه‌نگ له‌ سه‌ر شه‌رافه‌تی بنه‌ماڵه‌كه‌ی بسڕێته‌وه‌”. به‌ پێی ڕاپۆرته‌كان، رومینا به‌هۆی دژایه‌تی باوكی له‌گه‌ڵ هاوسه‌رگیری ئه‌و و پیاوه‌ دڵخوازه‌كه‌ی، له‌ ماڵێ هه‌ڵدێت. به‌ڵام پاش هه‌ڵاتنی له‌گه‌ڵ پیاوه‌كه‌، به‌هۆی په‌یگیر كردنی بنه‌ماڵه‌كه‌ی‌، پۆلیس ده‌ستبه‌سه‌ریان ده‌كات. پۆلیس “به‌همه‌ن خاوه‌ری” كه‌ رومینای هه‌ڵفریواندووه‌ و له‌ ماڵێ به‌ هه‌ڵاتنی داوه‌، دوای بڕێك لێپرسینه‌وه‌ ئازاد ده‌كات. به‌ وته‌ی شایه‌تحاڵان، رومینا كه‌ ده‌یزانی چ چاره‌نووسێك چاوه‌ڕوانی ده‌كات، له‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ ماڵ ده‌ترسا و ته‌نانه‌ت ده‌پاڕاوه‌ كه‌ ته‌حویلی باوكی نه‌ده‌نه‌وه‌. به‌ڵام قازییه‌كه‌ به‌ پێی یاسای كۆماری ئیسلامی ته‌حویلی باوكی ده‌داته‌وه‌. قاتڵ، واته‌ باوكی ئه‌م كچه‌، پاش ئه‌نجام دانی ئه‌و قه‌تڵه‌ ده‌ستبه‌سه‌ر ده‌كرێت. به‌ڵام به‌ پێی مادده‌ی ٢٢٠ی یاسای سزادانی ئیسلامی ” باوك یان باوكی باوكێك كه‌ منداڵی خۆی كوشتبێ، قه‌ساس ناكرێت و ته‌نیا به‌ پێدانی دیه‌ی قه‌تڵه‌كه‌ به‌ میراتگرانی كه‌سه‌ كوژراوه‌كه و به‌ ته‌عزیر مه‌حكووم ده‌كرێت“. حه‌سه‌ن ڕووحانی له‌ دانیشتنی ڕۆژی چوارشه‌ممه‌ ٧ی جۆزه‌ردانی هه‌یئه‌تی ده‌وڵه‌ت، به‌وپه‌ڕی بێشه‌رمیه‌وه‌ نیگه‌رانیی خۆی له‌ ئاست توندوتیژی ناوماڵ له‌ تالێش ده‌ربڕی و فه‌رمانی دا كه‌ له‌ پێڕاگه‌یشتن به‌ گه‌ڵاڵه‌كانی ڕێگری له‌ توندوتیژی په‌له‌ بكرێت.

له‌و كاره‌ساته‌ دڵته‌زێنه‌دا، ‌ته‌نیا باوكێك كه‌ داسی مه‌رگی له‌سه‌ر گه‌ردنی كچه‌كه‌ی داناوه‌ و بێره‌حمانه‌ كوشتوویه‌تی ، تاوانیار نییه‌. ئه‌و پیاوه‌ ٣٥ ساڵه‌یه‌ی كه‌ ده‌ستدرێژیی به‌ دونیای منداڵانه‌ی رومینا كردووه‌ و ئه‌وی به‌ناو “عاشق” كردووه‌ و به‌هه‌ڵاتنی داوه‌، ئه‌و پێكهاته‌ چینایه‌تی و سیاسی و ئیدێئۆلۆژیك و یاسایانه‌ی كه‌ پۆلیس و ده‌زگای قه‌زاییی مه‌ئموور كردووه‌ كه‌ له‌ پیاوی ده‌ستدرێژ و منداڵ ئازار خۆش بن و ئازادی بكه‌ن و رومینای ترساو و بێدیفاع ته‌حویلی باوكی بده‌نه‌وه‌، ئه‌و كلتووره‌ دواكه‌وتووه‌ ئایینیه‌ و ئه‌و كلتووره‌ پرتووكاوه‌ پیاومه‌زنانه‌یه‌ی كه‌ ئه‌م جه‌نایه‌تانه‌ ده‌خوڵقێنی، هه‌ر هه‌مووی ئه‌وانه‌ تاوانبارن. لێره‌دا هه‌موو ئه‌م پێكهاته‌ و یاسا و ڕێسا كۆمه‌ڵایه‌تیانه‌ ده‌ستیان داوه‌ته‌ ده‌ستی یه‌ك تا ئه‌م قه‌تڵه‌ دڵته‌زێنه‌‌ ڕوو بدات. كۆماری ئیسلامی و ڕووحانییه‌كان پتر له‌ ٤٠ ساڵه‌، تا ئه‌و جێگایه‌ی كه‌ توانیویانه‌ ئه‌م كۆمه‌ڵگایه‌یان به‌ره‌و دواكه‌وتوویی بردووه‌ و به‌ستێنێكی له‌باریان بۆ خوڵقاندنی ئه‌م جه‌نایه‌تانه‌ ئاماده‌ كردووه‌. له‌ كۆمه‌ڵگایه‌كی پێشكه‌وتوودا، له‌ كۆمه‌ڵگایه‌كدا كه‌ ئاستی خه‌بات و وشیاری و كلتووری گشتیی خه‌ڵك به‌ جێگایه‌ك گه‌یتشتووه‌ كه‌ له‌ بواره‌ جۆراوجۆره‌كانی ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تیدا پاشه‌كشه‌یان‌ به‌ كلتووری ئایینی و پیاومه‌زنانه‌ و منداڵ ئازازیی كردووه‌، په‌یوه‌ندیی جنسیی كه‌سانی سه‌رتر له‌ ١٨ ساڵ‌ له‌گه‌ڵ كچانی ژێر ته‌مه‌نی ١٦ ساڵ‌ به‌ تاوان له‌قه‌ڵه‌م ده‌درێت و كه‌سانێك كه‌ ئه‌و تاوانه‌ ئه‌نجام ده‌ده‌ن له‌گه‌ڵ سزای یاسا به‌ره‌وڕوو ده‌بنه‌وه‌. به‌ڵام ڕژیمی كۆماری ئیسلامی ته‌نانه‌ت پاش ئه‌وه‌یكه‌ له‌ ساڵی ٨١ دا یاسا و ڕێسای په‌یوه‌ندیدار به‌ ته‌مه‌نی هاوسه‌رگیریی به‌ڕۆژ كرده‌وه‌، به‌ په‌سند كردنی مافی هاوسه‌رگیریی پیاوان له‌گه‌ڵ كچانی ١٣ ساڵ ته‌مه‌ن و ته‌نانه‌ت خوارتر له‌و ته‌مه‌نه‌ش، به‌و ده‌ستدرێژیه‌ ئاشكرایه‌، بواری شه‌رعی و یاسایی به‌خشی و جێگیری كرد.

له‌و كاره‌ساته‌دا، رومینا به‌هۆی نافه‌رمانی، واته‌ به‌ ڕه‌وایه‌تی پیاومه‌زنانه‌كه‌ی “به‌هۆی لكه‌دار كردنی شه‌رافه‌تی بنه‌ماڵه‌”كه‌ی‌ كوژرا. باوك له‌جیات ئه‌وه‌یكه‌ له‌ كچه‌كه‌ی له‌ به‌رامبه‌ر پیاوه‌ تاوانباره‌كه‌دا كه‌ ده‌ستدرێژیی كردووه‌ته‌ دونیای منداڵانه‌ی، پشتیوانی بكات، به‌ قوربانی كردنی دووباره‌ی ئه‌م قوربانییه،‌ ویستوویه‌تی لكه‌ی نه‌نگینی سه‌ر شانی بنه‌ماڵه‌كه‌ی بسڕێته‌وه‌. لێره‌دا ته‌نانه‌ت قاتڵه‌كه‌ش خۆی كه‌ ئه‌و جه‌نایه‌ته‌ ترسناكه‌ی ئه‌نجام داوه‌، قوربانیی پێكهاته‌ی چینایه‌تی و كۆمه‌ڵایه‌تی و كلتووریی زاڵه‌. قه‌تڵی نامووسی كه‌ یه‌كێك له‌ قیزه‌ونترین دیمه‌نه‌كانی توندوتیژیه‌ دژبه‌ ژنان له‌ كۆمه‌ڵگای سه‌رمایه‌داریدا به‌ شێوه‌یه‌كی به‌رچاو پێگه‌ی نزمی ژنان له‌م نیزامه‌ چینایه‌تیه‌دا نیشان ده‌دات. توندوتیژی دژبه‌ ژنان ته‌نانه‌ت له‌ دڕندانه‌ترین شكڵیشیدا، دیارده‌یه‌كی جیهانییه‌ و ته‌نیا تایبه‌ت به‌و كۆمه‌ڵگایانه‌ نییه‌ كه‌ ده‌سه‌ڵاتی ئیسلامییان به‌سه‌ره‌وه‌.

به‌ڵام له‌ كۆمه‌ڵگایه‌كی وه‌كوو ئێران كه‌ تێیدا ئایین و سه‌رمایه‌ و یاساكانی شه‌رعی ئیسلامی له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتداریه‌تی سه‌رمایه‌داری لێكدراون و ژنان به‌یاسا، ڕه‌گه‌زی دووهه‌م به‌حیساب دێن، توندوتیژی دژبه‌ ژنان و قه‌تڵی نامووسی، پانتاییه‌كی ترسناكتری به‌خۆی گرتووه‌. ئه‌م ڕژیمه‌ به‌ كه‌ڵك وه‌رگرتن له‌ ئایینی ئیسلام وه‌ك ئامرازی ئیدێئۆلۆژیك و به‌یارمه‌تیی كلتووری كۆنه‌په‌رستانه‌ی پیاوسالاری وه‌ك یه‌كێك له‌ پایه‌كانی ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی، هه‌ڵاواردن و نابه‌رابه‌ریی ڕه‌گه‌زی و توندوتیژی بۆ سه‌ر ژنانی به‌ یاسا ده‌رهێناوه‌ و جێی خستووه‌. له‌ ئێرانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی كۆماری ئیسلامی، مافه‌ سه‌ره‌تاییه‌كانی ژنان له‌وانه‌ مافی جیابوونه‌وه‌، مافی سه‌رپه‌رستیی منداڵان، مافی میرات، مافی سه‌فه‌ركردن، مافی هه‌ڵبژاردنی جلوبه‌رگ، مافی هه‌ڵبژاردنی ڕشته‌ی خوێندن و گه‌لێك مافی دیكه،‌ پێشێل ده‌كرێن. ژنان مافی هه‌ڵسووكه‌وتی ئازادانه‌یان له‌گه‌ڵ پیاوان نییه‌. ڕژیم به‌ پێدانی مافی چه‌ند هاوسه‌ری به‌ پیاوان و به‌ په‌ره‌پێدانی سیغه‌، ڕواڵه‌تێكی یاسایی داوه‌ به‌ له‌شفرۆشی و كڕین و فرۆشتنی ژنان. هه‌ڵاواردنی ڕه‌گه‌زی له‌ هه‌موو شوێنێكی كۆمه‌ڵگا و ته‌نانه‌ت له‌ ناوه‌نده‌كانی فێركردندا بووه‌ته‌ یاسایه‌كی ڕه‌خنه‌هه‌ڵنه‌گر. داسه‌پاندنی ئه‌و بێ مافی و توندوتیژیانه‌، دیمه‌نی ئاشكرای جه‌هه‌نه‌مێكه‌ كه‌ سه‌رمایه‌ و ئایین خوڵقاندوویانه‌. له‌ ڕاستیدا ئه‌و هه‌مووه‌ توندوتیژیه ده‌وڵه‌تیه‌‌ دژبه‌ ژنان، له‌ بواره‌ جۆراوجۆره‌كانی ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تیدا، به‌ستێنێكی له‌باری بۆ په‌ره‌سه‌ندنی توندوتیژی دژبه‌ ژنان  و قه‌تڵی نامووسی خوڵقاندووه‌. هه‌ربۆیه‌، توندوتیژی دژبه‌ ژن، به‌ هه‌موو نه‌هامه‌تیه‌كانیه‌وه‌، دیارده‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تیه‌ و وه‌ك هه‌ر دیارده‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تیی دیكه‌ پێویسته‌ سه‌رچاوه‌ و خوڵقێنه‌ره‌كه‌ی بناسرێت و به‌ پێی تایبه‌تمه‌ندیه‌كان و به‌ شێوه‌ی ڕێكخراو و له‌ پانتاییه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تیدا، هێزی جه‌ماوه‌ری كرێكار و زه‌حمه‌تكێش و ئینسانه‌ ئازاده‌ و یه‌كسانی خوازه‌كان، دژبه‌م دیارده‌یه‌ بێنه‌ مه‌یدان. نابێ ڕێگه‌ی بدرێ قه‌تڵی رومینا به‌ده‌ستی باوكی و ده‌ستدرێژیی پیاوه‌ ٣٥ ساڵه‌كه‌ به‌ دونیای منداڵانه‌ی ئه‌و، به‌ بابه‌تێكی كه‌سی و بنه‌ماڵه‌یی و قه‌ومی و كلتووری و ئایینی له‌قه‌ڵه‌م بدرێت و تاوانباران له‌ دواهات و سزا له‌ ئه‌مان دابن. به‌ڵام ئه‌گه‌ر ده‌ست بۆ ڕیشه‌ به‌رین، كۆماری ئیسلامی و ئه‌و نیزامه‌ چینایه‌تییه‌ی كه‌ پارێزه‌ری ئه‌م په‌یوه‌ندیانه‌یه‌، هۆكاری سه‌ره‌كیی ئه‌م جه‌نایه‌ته‌ن. كه‌وابوو خه‌بات له‌پێناو نه‌مانی توندوتیژی دژبه‌ ژنان و هه‌ڵوه‌شاند‌نه‌وه‌ی ئاپارتایدی ڕه‌گه‌زی، به‌شێكی جیانه‌كراوه‌ له‌ خه‌باتی دژه‌ سه‌رمایه‌داری و خه‌بات دژبه‌ ده‌وڵه‌تی ئایینی. ڕێك له‌و ڕوانگه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌ناوبردنی به‌ستێنه‌ ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی و یاساییه‌كانی توندوتیژی دژبه‌ ژنان و قه‌تڵه‌ نامووسیه‌كان له‌ مه‌سیری په‌لاماری ڕادیكاڵ بۆسه‌ر ڕژیمی سه‌رمایه‌داریی ئایینی زاڵ له‌ ئێران و له‌ ڕێگه‌ی ڕووخاندنی ڕژیمی كۆماری ئیسلامیه‌وه‌ دێته‌دی.