کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

دەیەی فەجر وەبیر ھێنەرەوەی ناکامیەکانی کۆماری ئیسلامی

 ئەمساڵ لەسەر بەستێنی قووڵ بوونەوەی ئەو قەیرانانەی کە رژیمی کۆماری ئیسلامی لەگەڵی دەستەویەخەیە و لەسەر ناوەرۆکی پەرەسەندنی ناکۆکی باڵەکانی ناوخۆی حکومەت، گەیشتینە ١٢ی رێبەندان ساڵرۆژی گەڕانەوەی خومەینی بۆ ئێران. ستادی ناوەندی دەیەی فەجر وەک ھەموو ساڵێک ئەم رۆژەی وەک دەستپێکی جه‌ژنەکانی دەیەی فەجر راگەیاند. رۆژی یەکەمی دەیەی فەجر بە چەند بەرنامەیەکی قەبر شتن و سوخەنڕانی لە لایەن کاربەدەستانی رژیم کە بە رێزگرتن لە دەور و نەخشی خومەینی و ئاوەژۆ کردنەوەی رووداوەکانی سەردەمی شۆڕشی ٥٧ تایبەت درابوو کۆتایی ھات.

 356

رۆژێک پێشتری خامنەیی سەردانی پیشانگای فەنناوەری نانۆی کرد. ئەو کە ھەموو رەخنەیەک لە کرداری کۆماری ئیسلامی بە رەشبینی دەزانێ، ناوەندی فەنناوەری نانۆی وەک یەکێک لە شانازییەکانی کۆماری ئیسلامی ده‌ناسێنێ. خامنه‌ای رۆژی ١١ی رێبەندان چوو بۆ ئەم پیشانگایە تا باس لە پێگە و دەور و نەخشی خومەینی لە نیزامی کۆماری ئیسلامیدا بکات و دەستکەوتەکانی حکومەتی ئیسلامی بەڕوی خەڵکدا بداته‌وه‌.

١٢ی رێبەندان ساڵرۆژی گەڕانەوەی بەرنامە بۆ داڕێژراوی خومەینی بۆ ئێران بوو. گەڕانەوەی خومەینی لەو کاتەدا لە راستای نەخشەی ئامریکا و ھاوپەیمانەکانی ئوروپای لە کۆنفڕانسی گوادلوپ بۆ شکست پێهێنانی شۆڕشی خەڵکی ئێران بەڕێوەچوو. لەو کاتەدا ئامریکا و ھاوپەیمانەکانی کە رژیمی شای بە رووخاو دەزانی کۆتاییان بە پشتیوانی له‌و ھێنا و پێداویستی بە دەسەڵات گەیشتنی جەریانی ئیسلامیان فەراھەم کرد. خومەینی و لایەنگرانی کە رووخانی رژیمی “شا”یان بە حەتمی دەزانی ھەوڵیاندا تا دەزگاکانی سەرکوت و ماشێنی دەوڵەتی بە دەست لێنەدەراوی وەربگرن تا بتوانن بە یارمەتی ئەو ئاسان تر بڵێسەکانی شۆڕش دامرکێننەوە.

خومەینی و پەیڕەوانی کە بە یارمەتی و نەخشەی خودی ئامریکا دەسەڵاتیان بەدەستەوەگرت، داگیر کردنی باڵوێزخانه‌ی ئامریکا لە تاران و ماجەرای بارمتە گرتنی ٤٤٤ رۆژەی دیپلۆماتەکانی و پەرەدان بە تەحریکات و دروشمی دژی ئامریکایی لە روانگە و ھەڵوێستێکی کۆنەپەرستانەوە خستە خزمەت سەرکوتی خوێناوی خەباتکارانی راستینی دژی ئیمپڕیالیستیەوە. رژیمی ئیسلامی تازە بەدەسەڵات گەیشتوو جەنگی کردن و ئەمنیەتی کردنی كه‌ش و هه‌وای زاڵ بەسەر کۆمەلگا لە دەورەی شەڕ لەگەڵ عێراقیان خسته خزمەتی سەرکوتی شۆڕش. رژیمی خومەینی لەژێر ناوی “شۆڕشی فەرھەنگی” دا، زانکۆکانی داخست و فەعالیەتی ھێزە چەپە و پێشکەوتن خوازەکانی كرده‌ ئامانج و هێرشی کردەسەر تورکەمەن سەحرا و کوردستانی شۆڕشگێڕ و بەو جینایەتانەی کە خوڵقاندنی، ریسالەتی راستەقینە و چنگ و ددانی سور بە خوێنی بە ھەمووان نیشاندا.

رژیمی خومەینی بۆ رزگارکردنی سەرمایەداری ئێران لە مەترسی شۆڕش بە ھەزاران کەسی ئینقلابی و کۆمۆنیستی خستە زیندانەکانەوە و ئەشکەنجەی کردن. خووی جەنایەتکارانەی خومەینی و باقی سەرانی رژیم لە ھاوینی ساڵی ٦٧دا گەیشتە لوتکە. خومەینی و راوێژکارەکانی وه‌ك خامنەیی، رەفسەنجانی و ھاوقەتارە عەمامەدار، ئەمنیەتی و نیزامیەکانی، دوای تەواو بوونی شەڕ، لە ترسی ئاخێزی جەماوەری خەڵک و بە مەبەستی ترساندیان، بەپێی پلانێکی لەپێشدا ئامادە کراو چەند ھەزار زیندانی سیاسیان لە ھاوێنی ساڵی ٦٧دا ئێعدام کرد.

کۆماری ئیسلامی سەرمایە تەنیا دەستکەوتی لە ماوەی حەیاتی ٣٦ ساڵەیدا خەڵتانی خوێن کردنی شۆڕشی مەزنی ساڵی ٥٧ و ئاخێزی مانگی رێبەندانی خەڵکێکە کە بۆ دەستەبەر کردنی ئازادی و بەھەرەمەند بوون لە ژیانێکی باشتر و ئینسانی لە دژی رژیمی شا راپەڕی بوون. ئێستا ئەم رژیمە بۆ بەرەنگار بوونەوە لەگەڵ درێژەی خەباتی کرێکاران و ژنان و خەڵکی ئازادیخواز و لە ترسی ئاخێزی سەرلەنوێی جەماوەری خەڵکی وەگیانهاتو ھەروا پەنا دەباتە بەر شگردی سەرکوت. کۆماری ئیسلامی یەکێک لە گەندەڵترین حکومەتەکانی دنیایە کە ھەر رۆژە و گۆشەیەک لە گەندەڵی کاربەدەستانی کە لە ئاکامی ناکۆکی باڵەکاندا ئاشکرا دەبێت و خه‌ڵك توشی سەرسوڕمان دەکات. حکومەتێک کە سەردەمانێک بۆ سەرکوتی کۆمۆنیستەکان و نەیارەکانی پێویستی بە داگیرکردنی باڵوێزخانه‌ی ئامریکا و دانی دروشمی مەرگ بۆ شەیتانی گەورەی ھەبوو، ئێستا بۆ رزگار بوون لە بونبەستێک كه‌ تێیدا گیری خواردوە رێگایەکی بێجگە لە سازش و تەسلیم لە بەرانبەر دەوڵەتی ئامریکایدا نییە.

لە کۆمەڵگای ئێرانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی کۆماری ئیسلامیدا ھەژاری و فەلاکەتی جەماوەری خەڵک ئاستێکی بەرینی بەخۆیەوە گرتووە. حەسەن رۆحانی سەرۆک کۆمار، کە بە ھیوای ھاتنی سەرمایە بۆ ئێران لە رێگای تەسلیم بوون لە بەرانبەر دەوڵەتی ئامریکادا، بەڵێنی گەشەی ئابووری، پێكهێنانی شوغڵ و لەنێو چوونی برسیەتی دابوو، ئێستا بۆ پێشگرتن لە شۆڕشی برسیەکان ھەر جار ناجارێک بەڵێنی چەند بەستەیەکی ئەمنیەتی خۆراکی و سەبدی کاڵا ئەدات. ھەژاری و بێکاری و بێ ھیوا بوون لە بوونی داھاتوویەکی گونجاو، بۆتە زەمینە خۆشکەری موعتاد کردنی لاوان. پەرەسەندنی ئاستی ھەژاری و فەلاکەتی ئابووری، بنەماڵە کرێکاری و کەم داھاتەکانی لە بەرابەر موسیبەتە کۆمەڵایەتیەکاندا ئاسیب پەزیرتر کردووە. لەژێر ده‌سه‌ڵاتی کۆماری ئیسلامیدا بێکاری بۆتە کارەساتێکی کۆمەڵایەتی. و بە ملیۆن بنەماڵەی کرێکاری لەژێر ھێڵی ھەژاریدا دەژین و بەدەست نەبوونی ماڵ و مەسکەنی گونجاوەوە ئازار دەکێشن. ئەم وێنایە گۆشەیەکە لەو موسیبەتانەی کە حکومەتی ئیسلامی سەرمایە بەسەر بەملیۆن ژن و پیاوی کرێکار و زەحمەتکێشیدا سەپاندووە.

بەڵام سەرەڕای ھەموو ئەم دژواری و موسیبەتانەی کە بەسەر کرێکاران و توێژی بێبەشی کۆمەڵگادا سەپاوە، ناڕەزایەتی و مانگرتنی کرێکاری لەم مانگانەی دواییدا نیشانی دەدات کە کرێکاران چاوترسێنی ئەم بارودۆخە نەبوون. ئەم خەباتە ئەگەرچی بەشێوەی پرژ و بڵاو و بەبێ پێوەندی بەیەکەوە لە ئارادان، بەڵام ھەر ئەم خه‌باته‌ پرژ و بڵاوە لەسەر ناوەرۆکی ئەو ھەژاری و بێ مافیانەی کە کرێکاران بە دەستیەوە دەناڵێنن نیشانی دەدات کە چ پتانسیەلێکی گەورە لە قووڵایی ئەم کۆمەڵگایەدا نوستووە. ئارامشی نیسبی و بێدەنگی ئێستا دەتوانێ بەستێنی شکڵ گرتنی شەپۆلی بە تەوەژمی خەباتی چینی کرێکار و شورئەنگیزترین قارەمانیەکان بێت. ئەم پوتانسیەلە بەرینەی كه‌ لە ناخی کۆمەڵگادایە، رژیمی کۆماری ئیسلامی ھەراسان کردووە.

بابەتی پەیوەندیدار

خانەنشینان لە پێناو بژێوی ژیان و ئازادیدا خەبات دەکەن

-

کۆماری ئیسلامی لە دوژمنایەتی لەگەڵ خەڵکدا هیچ سنوورێک ناناسێت

-

بەرز و بەڕێز  بێت یادی قوربانیانی شیمیابارانی مقەڕەکانی ناوەندی کۆمەڵە لەلایەن ڕژیمی بەعسی عێراقەوە

-

دەوری دووەمی گاڵتە جاری هەڵبژاردنی مەجلیسی دوازدەیەم وپەرەسەندنی ناکۆکییە ناوخۆییەکانی بەرپرسانی ڕژیم

-

خوێندکاران دژ بە جینۆساید پەرەسەندنی بزووتنەوەی ” دژ بە جینۆساید” لەئەمریکاوئوروپا

-

لە١٤ هەمین ساڵیادى ئێعدامی فه‌رزادی كه‌مانگه‌ر و هاوبه‌نده‌كانی دا

-