کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

دەورو نەخشی کۆماری ئیسلامی و سەرمایەداران لە خوڵقاندنی کارەساتی ژینگەییدا

٢١ی مارسی ٢٠١٥، بەرابەر لەگەڵ یەکەم رۆژی خاکەلێوەی ٩٤،” رۆژی نێونەتەوەیی دارستانەکان”ە. کۆماری ئیسلامیش ١٥ ی رێبەندانی بەناوی رۆژی دارچاندن لە تەقویمی خۆیدا نوسیوە و لە ماوەی حەفتەیەکدا ئۆرگانەکان و خەڵکی هاندا تا دار بچەقێنن.بەپێی بەراوردی سازمانی ملەل یەک لەسەر سێی ئاستی گۆی زەوی بە دارستان داپۆشراوە و یەک ملیارد و ٦٠٠ ملیۆن کەس لە دانیشتوانی گۆی زەوی بۆ درێژەدان بە ژیانیان وابەستە بە دارستانەکانن. ٨٠ لەسەد لە گیانداران، گیا و مێروەکانی زەوی لە دارستانەکاندا دەژین. دەوری کلیدی دارستانەکان لە پاراستنی ژینگە و رێژەی باران بارین و دابین بوونی ٧٥ لەسەدی ئاوی خواردنەوە لەڕێگای فاکتە زانستیەکانەوە سەلمێندراوە. سەرەڕای نرخێکی لەڕادەبەدەر کە دارستانەکان لە پاراستنی بەردەوام بوونی ژیان لەسەر گۆی زەوی هەیانە ساڵانە ١٣ ملیۆن هێکتار لە دارستانەکان دەبڕدرێن و دەسوتێن.ژینگەکەمان لەژێر کاریگەری سیستمی سەرمایەداری و حکومەتەکاندا بەرەو رووی قەیرانێک بۆتەوە کە سڕێنەوەی دارستانەکان تەنیا گۆشەیەکیەتی. دەورو نەخشی نیزامی ئابووری زاڵ و دەوڵەتەکان لە هەر وڵاتێکدا بە شێوەیەکی تایبەت خۆی دەنوێنێ. لە ئێرانی ژێر حاکمیەتی کۆماری ئیسلامی هێزە چەکدارەکان، ئۆرگانە دەوڵەتیەکان، خاوەنانی دەسەڵات و سەرمایە هەرکامە و دەورێکی وێرانگەری لە تێکدانی دارستانەکاندا گێڕاوە و دەگێڕن.391

 

ئاگر تێبەردان بە ئەنگیزەگەلی ئابووری و ئەمنیەتی یەکێک لە هۆکارەکانی تێکدان و لەنێوبردنی دارستانەکانە لە ئێڕان. گەلێک ڕاپۆرت لە ئاگرتێبەردانی بە ئانقەستی دارستانەکان لە کوردستان بەهۆی ترسی هێزەکانی رژیم لەوەیکە لەو دارستانانە وەک حەشارگەیەک بۆ چالاکی پارتیزانی کەڵک وەربگیرێت، بڵاو کراوەتەوە. هەروەها گەلێک حاڵەت هەیە کە نیشانی ئەدات بەتایبەت لە باکۆری ئێران دارستانەکان بە ئامانجی دروستکردنی شوێنی نیشتەجێبون و یان ئیستیفادەی بازرگانی، بە ئانقەست سوتێندراون. با لەوەش بگەڕێین کە بڵاو بوونەوەی ئافاتی گیایی کە بەتایبەت لە دارستانەکانی حەوزەی زاگروسدا، لەگەڵ هیچ کاردانەوەیەکی پێشگیرانە لەلایەن رژیمەوە بەرەو روو نابێتەوە و بەسەدان هەزار هێکتار لە دارستانەکانی ئەم ناوچەیە لەحاڵی لەنێوچوندان.

بەڵام نەخشی کۆماری ئیسلامی لە دروستکردنی قەیرانی ژینگەیی تەنیا بە وێران کردنی دارستانەکانی وڵاتەوە ناوه‌ستێ. حاکمیەتی ئەم رژیمە دەریاچەی ورمێ، دەریاچەی هامون، تاڵاوی گاوخونی، تاڵاوی نێونەتەوەیی گوڵستان، تاڵاوی بەختگان، روباری زایندەرود و کارون یان بەتەواوی وشک بوون یان لەحاڵی وەشک بووندان. لە حەوزەی ئاوی کاروندا ٤٠ سەد و لەسەر رێی ئاوڕێژی دەریاچەی ورمێدا ١٥ سەد، بەزۆری لە لایەن قەرارگای خاتەم ئەنبیای سەربە سپای پاسدارانەوە، دروستکراون کە زۆربەیان لۆژیک و مەنتقی ئابووریان نییە. ئەم سەدانە نەخشی کلیدیان لە مەرگی بەشێنەیی روباری کارون و دەریاچەی ورمێدا هەبوە. بەقەولی حەمید قاسمی، مودیری گشتی پاراستنی ژینگەی ئازەربایجانی غه‌ربی، جادەیەکی کە بەنێو دەریاچەی ورمێدا دەڕوات و گرنگی ئەمنیەتی بۆ کۆماری ئیسلامی هەیە یەکێکی تر لە هۆکارەکانی وشک بوونی ئەم دەریاچەیەیە. وشک بوون و یان بەرەو وشک بوون چونی ئەم دەریاچە، روبار و تاڵاوانە لە هۆکارە گرنگەکانی هەستانی تەپوتۆزێکن کە ٢٥ ئوستانی وڵات و بەتایبەت ئوستانەکانی خوزستانی توشی گرفتی جیدی ئاو و هەوایی کردۆتەوە.

بەڵام کرداری جەنایەتکارانەی رژیم بە شێوەی جۆراو جۆر بەرەو رووی کاردانەوە و خەباتی چالاکانی ژینگە پارێزی و خەڵکی نارازی بۆتەوە. لە رۆژی ٢٠ ی مانگی رەشەمەی ٩٣ دا کۆمەڵێک لە خوێنکارانی ناوەندی ئاموەزشی باڵا لە تاران لە بەردەم دادستانی کۆبونەوە و لەدژی وێران کردنی ژینگە لەلایەن ناوەندە دەوڵەتی و سەرمایەدارانی پێوەندیدار بە رژیمەوە ناڕەزایەتیان دەربڕی. ئەم ناڕەزایەتیە لەدرێژەی باقی کۆبونەوە و ئاکسیۆنە ناڕەزایەتیەکاندا بەڕیوەچو لەدژی دەستدرێژی ئۆرگانە حکومەتیەکان، خاوەنانی سەرمایە و کاربەدەستانی دەوڵەتی و نیزامی بۆسەر دارستانەکان، سفرە ئاویەکان، دەریاچە و کانیاوەکان بەڕێوەدەچێت. لە ٢٥ ی مانگی ڕێبەندانی ٩٣ دا، لە درێژەی ناڕەزایەتی دەربڕینی پێشوتری خۆیاندا، لەدژی پیس بوونی هەوا لە شارەکانی خوزستان و بەتایبەت شاری ئەهواز لە بەردەم ئوستانداری خوزستان کۆبونەوە. ژنان و پیاوانی خەباتکار لەگەڵ بڕینی بوجەی خەبات لەدژی خراپی کەش و هەوا لەم ئۆستانانه‌دا لەلایەن دەوڵەتی رۆحانیەوە، هەوڵدان بۆ بەلایەکی تردا بردنی ئاوی کارون و بەرەو وشک بوون بردنی دەریاچەی هورالعەزیمیش ناڕازی بوون.

لە رۆژی ١٨ ی مانگی جۆزەردانی ساڵی ٩٣ دا ژمارەیەک لە خوێندکاران و لایەنگرانی ژینگە داواکاری بەرگرتن لە لێدرانی جادەیەک بە پارکی میللی گوڵستاندا، چوارەمین پارکی میللی دنیا، بوون. ئەم پارکە لە رۆژهەڵاتی ئوستانی گوڵستان و رۆژئاوای ئوستانی خۆراسانی شومالیدا هەڵکەوتوە و گەورەترین پارکی سروشتی ئێرانە. لە زومڕەی ئەم جۆرە خەبات و ناڕيزایەتیانە سەبارەت بە دەور ونەخشی حکومەتی ئیسلامی لە وشک کردنی دەریاچەی ورمێدا پێگەیەکی تایبەتی هەیە. لوتکەی ئەم خەباتە لە مانگی خرمانانی ساڵی ٩٠ دا و لە شارەکانی تەورێز و ورمێ لەدژی دەور و نەخشی دەوڵەت رویدا. بۆ نمونە لە سەرەتای مانگی خرمانانی ٩٠ دا نزیکەی ١٠٠ هەزار کەس لە شاری ورمێ لەدژی دەورو نەخشی دەوڵەت لە وشک کردنی دەریاچەی ورمێ لە رێگای لێدانی جادەوە بەنێو ئەم دەریاچەیەدا و لێدانی سەدی جۆراوجۆر لەسەر ئەو روبارانەی دڕژێنە دەریاچەکەوە ناڕەزایەتیان دەربڕی.

هەروەک وترا ئەگەری قەیرانی ژینگەیی و کارەساتێک کە بەشەریەت لە داهاتودا بەرەو رووی دەبێتەوە ریشەی لە قازانج پەرستی سیستمی سەرمایەداری دایە، بەڵام دەور و نەخشی کۆماری ئیسلامی لە توند کردنەوەی ئەم قەیرانەدا ڕاستیەکی حاشا هەڵنەگەرە. کەوایە بۆ وەڕێخستنی خەباتێکی کاریگەر و هەمەلایەنە لەگەڵ ئەم مەترسیەی کە قەیرانی ژینگەیی بۆ نەوەی داهاتوی دروستکردوە لە هەنگاوی یەکەمدا دەبێ ئەم رژیمە جەنایەتکارە بڕوخێندرێت.

بابەتی پەیوەندیدار

توندتربونەوەی گوشارەکانی کۆماری ئیسلامی بۆسەر مامۆستایانی مافخواز

-

ڕژیمی ئیسلامی لە سەنگەری سەپاندنی حیجابی ئیجباری، پاشەکشەی پێدەکرێت

-

شەڕ ئامرازێک لە دژی خەڵک، لە خزمەت مانەوەدا

-

ناڕەزایەتی جیهانی لەدژی بەردەوامبوونی جینۆسایدی ئیسرائیل لە غەززە

-

داماویی و بێدەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی لە ئاست ژنانی ئازادپۆش

-

بۆ یادی قوربانیانی کۆمەڵکوژی ئەنفال

-