بوشرا مستەفەوی، ناهید نەعیمی و دیدار ئەحمەدی، سێ ژنی بەهایی دانیشتووی ڕەفسەنجان، بە مەبەستی تێپەڕاندنی ماوەی سزای بەندکردنیان دەستبەسەر و بۆ بەندیخانەی ناوەندیی کرمان گوازرانەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو، ڕۆژی شەممە ٥ی گۆڵان، بوشرا مستەفەوی، ناهید نەعیمی و دیدار ئەحمەدی، سێ ژنی بەهایی خەڵکی ڕەفسەنجان دوای بانگکرانیان بۆ بەشی جێبەجێکردنی سزاکان، بە مەبەستی تێپەڕاندنی سزای ٤ مانگ بەندکردنیان ڕەوانەی بەندیخانەی کرمان کران. ئەم سێ هاووڵاتییە پێشتر لەلایەن لقی ٧ی دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای کرمان بە تۆمەتی “بانگەشە دژی کۆماری ئیسلامی” هەر کامەیان سزای ٤ مانگ بەندکرانیان بەسەردا سەپابوو. ئەمە لەکاتێکدایە کە لقی ٣ی دادگای تاوانەکانی ڕەفسەنجان پێشتر بەهۆی نەبوونی بەڵگەی پێویست سزای بێبەریبوونی بۆ دەرکردبوون، بەڵام ئەو بڕیارە لەسەر ویستی داواکاری گشتیی ڕەفسەنجان لە قۆناغی پێداچوونەوەدا هەڵوەشێندرایەوە.
