کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

دەرچوونی ئەمریکا لە بەرجام، شایه‌لۆغان و داماوی ئۆپۆزسیۆنی بۆرژوایی

ڕۆژی سێشەممە هەشتی مانگی مەی سەرۆک کۆماری ئەمریکا، لە دریژەی توند کردنەوەی گوشارەکانی بۆسەر ڕژیمی کۆماری ئیسلامیی لە سوخەنڕانییەکدا لە كۆشكی سپی بە ڕەسمی دەرچوونی ئەمریکای لە پەیمان نامەی هەستەیی ڕژیمی ئیسلامی لەگەڵ گوروپی پێنج كۆ یەکی ڕاگەیاند. دوناڵد ترامپ وتی:” لە ڕوانگەی منەوە سەلمێندرواوە کە لەگەڵ پێکهاتەی لاواز و گەندەڵی ئه‌و ڕێككه‌وتنه‌دا ناکرێت ئێران لە دەست ڕاگەیشتن بە بۆمبی هەستەیی بوەستینین.” ئەو لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا جەختی کردەوە :” ئه‌و ئه‌فسانه‌یه‌ كه‌ ده‌گوترێ ڕژیمی ئێران تەنیا بەشوێن وزەی ئاشتی خوازانەوەیە. ئێمە ئەمڕۆ کۆمەڵێک به‌ڵگه‌ی دیاریکراومان هەیە کە نیشانی ئەدات ئەم تەعەهودەی ئێران درۆبووە.” دۆناڵد ترامپ بەشوێن ئەم قسانەدا فەرمانی چالاک بوونەوەی گەمارۆ ئابووریەکانی ئەمریکای لەدژی ئێران ئیمزا کرد.

ئەم ئیدیعایەی ترامپ سەبارەت بە پێبەند نەبوونی ڕژیمی ئیسلامی بە ناوەرۆکی ڕێككه‌وتنی هەستەیی لە حاڵێکدایە کە تا ئێستا نە بازڕەسانی سازمانی وەزەی ئەتۆمی، نە هیچ یەک لە پێنج هێزەکەی دەخیل لە تەوافوقی هەستەییدا ڕاپۆرت یان ئیدیعایەکیان سەبارەت بە پێبەند نەبوونی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بە ناوەرۆکی بەرجامەوە بڵاو نەکردۆتەوە. کۆماری ئیسلامی سێ ساڵ لەوەپێش کاتێک لەژێر گوشاری بارودۆخی نێوخۆیی، مەترسی داڕمانی ئابووری و پەڕاوێز کەوتنی نێو نەتەوەییدا جامی ژەهری بەرجامی بەسەرەوە نا، لە پێگەیەکدا نەبوو کە بتوانێ لەژێر چاودێری بازرەسانی سازمانی وزەی ئەتۆمیدا و لە ترسی گەڕانەوەی تەحریمەکان، ناوەرۆکی بەرجام پێشێل بکات.

ئەوەی کە لە لایەن ڕژیمی کۆماری ئیسلامییەوە ڕیعایەت نەکراوە نەک ناوەرۆکی بەرجام، بەڵکوو ئەو دێڕە نەنووسرانەی ڕێككه‌وتنی هەستەیی و چاوەڕوانیەکانی ئەمریکا و باقی زل هێزە ڕۆژئاواییەکانە لە کۆماری ئیسلامی دوای تەوافوقی هەستەییه‌. ئەگەر ڕژیمی کۆماری ئیسلامی تا بەر لە بەرجام بەردەوام باسی لە بەرنامەی هەستەیی خۆی دەکرد و تەنانەت لە قەبارەی خۆی گەورە تریشی ده‌نواند وەک شگردێک بۆ دەستەبەر کردنی پێگەیەکی بانتر لە کێشمە کێشە ناوچەییەکاندا کەڵکی لێ وەردەگرت، هێزە ئۆرووپاییەکان چاوەڕێ بوون تا بەرجام بتوانێ بەرزە فڕیەکانی کۆماری ئیسلامی له‌ناوچه‌كه‌دا کۆتایی پیبێنێ. کۆماری ئیسلامی دوای ڕێككه‌وتنی هەستەیی نە تەنیا ئەو چاوەڕوانیانەی نەهێنایە دی، بەڵکوو لە دەرفەتێک کە لاچوونی تەحریمە ئابووریەکان بۆیان فەراهەم کرد له‌ دخاڵەتگەریەکانی لە کانونەکانی قەیران ئاوی ڕۆژهەڵاتی ناوه‌ڕاستدا به‌رده‌وام بوو. موشەکە دوور هاوێژەکانی لە ئاستێکی به‌رینتردا به‌رهه‌م هێنا. ئەم کردارەی کۆماری ئیسلامی دوای ڕێككه‌وتنی هەستەیی بوو بە هۆی ئەوەی کە هێزە سەرەکییەکانی ئۆرووپا بۆ کۆنترۆڵ کردنی دخاڵەت گەریەکانی ڕژیم لە ناوچەکەدا و بەرنامە موشەکییەکانی پەیڕەو کردنی کۆمەڵێک گوشاری نوێیان خستە دەستوری کاریانەوە. لە راستیدا نەک پێشێل کردنی بەرجام، بەڵکوو ئەوە پشتیوانییەکانی کۆماری ئیسلامی لە ڕەوتە تیرۆریستە ئیسلامیەکانی ناوچەکەیە کە دەستەچیلەی تەبلیغاتی ترامپیشی دابین کردووە.

بە پێچەوانەی ئیدیعاکانی حەسەن ڕووحانی و باقی سەرانی کۆماری ئیسلامی، دەرچوونی دەوڵەتی ئەمریکا لە بەرجام و گەڕانەوەی سەرلەنوێی تەحریمەکان پایە لەرزۆکەکانی بەرنامەی درێژماوەی ئابووری دەوڵەتی ڕووحانی کە لەسەر بەرجام و ڕاکێشانی سەرمایەی کەڵانی دەرەکی بینا کراو بوو بە گشتی تێک ئەدات. بەڵام گەڕانەوەی تەحریمەکان بەر لە هەموو شتێک و لە چەند لاوە ژیان و بەڕێچوون و کار و خەباتی کرێکاران و توێژی هەژاری کۆمەڵگا دەخاتە ژێر گوشارەوە. به‌هۆی ئه‌وه‌ بەشێکی بەرچاو لە کالاکانی جێی پێداویستی ڕۆژانەی خەڵک و بەشێک لە مادەی سەرەتایی بەرهەمهێنانی نیوخۆییش لە دەرەوە هاوردە دەکرێن، گەڕانەوەی تەحریمەکان، نرخی کالا هاوردە کراوەکان لە ئێرانیش بەرز دەکاتەوە. گەڕانەوەی تەحریمە ئابوورییەکان قەیران لە بازاڕی ئەرز و هەڵاتنی سەرمایەکانیشی بە شوینەوە ده‌بێ. هه‌روه‌ها كاردانه‌وه‌ی کۆمەڵایەتی وەک دابەزینی ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ زیاتری ئاستی ژیانی خەڵک و زیاتر بوونی نرخی بێکاری بە شوێنە ئەبێت و بارودۆخی ژیان بۆ کرێکاران و زۆربەی خەڵکی ئێران دژوارتر دەکات. لە لایەکی دیکەوە ئەگەر تا بەر لە ڕێككه‌وتنی هەستەیی و لاچوونی گەمارۆکان ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بەرەوڕوو بوونەوە لەگەڵ دوژمنی دەرەکی وەک پاساوێك بۆگوێ نەدان بە داواکاریەکانی کرێکاران و خەڵکی بێبەشی کۆمەڵگە به‌كار ده‌هێنا و ئه‌گه‌ر بە توند کردنەوەی فەزای ئەمنییەتی بەری بە پەرەسەندنی ناڕەزایەتییەکانی کرێکاران و جەماوەری خەڵک دەگرت، بە دەرچوونی ئەمریکا لە بەرجام و گەڕانەوەی گەمارۆ ئابوورییەکان، کۆماری ئیسلامی سەرلەنوێ ئەم بیانوانە لەدژی خەڵک بەکاردێنێتەوە. دەرچوونی ئەمریکا لە بەرجام سەرەڕای ئیدیعا درۆینەکانی ترامپ سەبارەت بە پشتیوانی لە خەباتی خەڵکی ئێران و گومانەکانی ئۆپۆزسیۆنی بۆرژوایی ئێران، ڕەوتی ڕوو لە گه‌شه‌ی خەبات بۆ ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی لاواز ده‌كات و بە کردەوە لە خزمەت مانەوەی کۆماری ئیسلامیدایە.

دەوڵەتی ئەمریکا و هێزە ئۆپۆزسیۆنە بۆرژواییەکانی ئێران کە هەردوولایان لە ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی لە ڕێگای شۆڕشی کرێکاری و جەماوەریەوە ئەترسن، بەرژەوەندیان هەرچی زیاتر لەیەک نزیک ئەبێتەوە. لەخۆرا نییە کە” سازمانی موجاهیدیی خەڵک” کە بۆ گەیشتن بە دەسەڵات چاوی بڕێوەتە دخاڵەتی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی ستایشی دەرچوونی ئەمریکا لە بەرجام دەکات. ” یەکێتی کۆماری خوازەکانی ئێران” کە هەروا هیوایان لەسەر گۆڕان و ئیسلاحی ڕژیم لە نێوەوە دامه‌زراندووه‌، بە داماویەوە لە بەیانیەیەکدا پشتیوانیان لە سیاسەتەکانی ڕووحانی بەرانبەر بە دەرچوونی ئەمریکا لە بەرجام کردووە و لەسەر ئەو بروایەن کە سیاسەتی ڕووحانی نەخشەی ترامپ و هاوپەیمانەکانی لە ناوچەکەدا پوچەڵ دەکاتەوە. ئەم دوو جۆرە سیاسەتە لە لایەن دوو به‌ره‌ لە ئوپوزسیۆنی بۆرژوایی ئێرانەوە دوو ڕووی یەک سکەن، یەکێکیان هیواداره‌ بە دەخاڵەتی دەرەکی و ئەویتریان هیواداره‌ بوون به‌ گۆڕان لەنێوخۆی ڕژیمەوە، بەڵام، هەردوکیان ئیرادە و باوەڕ بە هێزی خەباتی خۆ لە نێو کرێکاران و جەماوەری خەڵکیان کردۆتە نیشانە.

بۆ کۆتایی هێنان بە ئاكامه‌كانن گەمارۆ ئابووریەکان و هەڕەشەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لە ئاستی ناوچەکەدا، هیچ ڕێگایەک بێجگە لە کۆتایی هێنان بە ماجەرا جوویی و دەخاڵەتەکانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لە ڕێگای توند کردنەوەی خەبات بۆ ڕووخاندنی شٶڕشگێڕانەی، لەقاودانی ماهیەتی ئیمپڕیالیستی سیاسەتەکانی دەوڵەتی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی و ئاشکرا کردنی سیاسەتی بەشە جۆراوجۆرەکانی ئۆپۆزسیۆنی بۆرژوایی ئێران بوونی نییە. لە بارودۆخێکدا کە دخاڵەتی هێزە گەورە سەرمایەداریەکان بۆ شکست پێ هێنانی کردنی بزوتنەوە شۆڕشگێڕانەکان له‌ ڕۆژهەڵاتی ناوه‌ڕاست و لە بارودۆخێکدا کە پشت بەستن بەم دەوڵەتانە بۆ گەیشتن بە دەسەڵات و گۆڕێنی هاوسەنگی هێز بە قازانجی خۆیان، ڕوکنێکی ئەساسی لە ستڕاتیژی ئەحزاب و هێزە ئۆپۆزسیۆنە بۆرژواییەکان پێکدێنێ، دابین بوونی ڕێبەریی چینی کرێکار لە جه‌رگه‌ی خەباتی ئێستا و لە خزمەت بە بەرپا کردنی ناوەندەکانی حاکمیەتی کڕێکاری و جەماوەری دەور و نەخشێکی چاره‌نووس سازی لە پوچەڵ کردنەوەی ئەم دخاڵەتگەریانەدا دەبێت. هاوکاری هێزەکانی بزوتنەوەی کۆمۆنیستی ئێران دەتوانێ لەخزمەت ئەم بابەتە بنەڕەتیەدا بێت.

بابەتی پەیوەندیدار

دەوری دووەمی گاڵتە جاری هەڵبژاردنی مەجلیسی دوازدەیەم وپەرەسەندنی ناکۆکییە ناوخۆییەکانی بەرپرسانی ڕژیم

-

خوێندکاران دژ بە جینۆساید پەرەسەندنی بزووتنەوەی ” دژ بە جینۆساید” لەئەمریکاوئوروپا

-

لە١٤ هەمین ساڵیادى ئێعدامی فه‌رزادی كه‌مانگه‌ر و هاوبه‌نده‌كانی دا

-

پەرەسەندنی پشتیوانی کرێکاران لە بزووتنەوەی دژە جینۆساید

-

پەرەسەندنی ڕێکخراوە جەماوەرییەکان، ئامرازێکن بۆ پێشڕەوی و گەرەنتی پاراستنی دەستکەوتەکان

-

پشت بەستن به جەلاد و پەتی سێدارە بەمەبەستی مانەوەی ڕژیم، بێ سەمەرە

-