کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

دیفاع لە خەڵکی کوردستان دیفاعە لە ئازادی و ئینقلاب

  

  شۆڕشی ژن. ژیان. ئازادی کە چەخماخەکەی لە کوردستانەوە لێدرا و ئەوەی لە ئارامگای سەقزەوە لە ڕێوڕەسمی بە خاکسپاردنی ژینا ئەمینی ڕوویدا و چەخماخەی شۆڕشی ژن، ژیان ئازادی دەستی پێکرد، ڕووبارێکی بچوک بوو کە زۆر زوو بوو بە سەدان و هەزاران ڕووبار و دواتر بە دەریایەکی خورۆشاو. لە ماوەی کەمتر لە دوومانگدا، دەبینین خەڵک لە زیاتر لە ١٥٠ شار لە کوردستان و سەرتاسەری ئێران،  و لە ئاواییەکان خۆپیشاندان و مانگرتنی ملیۆنی بەڕێوەدەبەن و بەشێوەیەکی یەک دەنگ و یەکگرتو خوازیاری روخانی کۆماری ئیسلامی و گەیشتن بە ئازادی، دادپەروەری و یەکسانین

  ئەم بزوتنەوە بەرینە سنورەکانی ئێرانی تێپەڕاند و لە ماوەیەکی کورتدا لە زۆربەی گەورە شارەکانی دنیادا شاهیدی بەرین ترین خۆپیشاندانی مێژووی ئێران بووین. ناڕەزایەتیەکان سەرتاسەری دنیای گرتەوە و ناوی مەهسا ئەمینی بوو بە ئاشناترین ناوی خەڵکی دنیا لەم ماوە کورتەدا

  حکومەتی ئیسلامی بێتوانا لە سەرکوت و بەرگرتن لە ناڕەزایەتیەکان و نیگەران لە روخانی ڕژیم دەستی داوەتە شەڕێکی بە تەواو مانا لەدژی خەڵکی کوردستان. زۆرێک لە شارەکانی کردۆتە مەیدانی شەڕ و بە چەکی قورس و نیوە قورس، و تەنانەت بە گازی شیمیایی لە شاری جوانڕۆ خەڵکی کردۆتە ئامانج. لە چەند ڕۆژی ڕابردودا لە شارەکانی مهاباد، پیرانشار، سەقز، سنە، بۆکان، جوانڕۆ و ئەوانی تر زیاتر لە چل و دوو کەس لە خەڵکی بێ دیفاع، بە منداڵیشەوە بە دەستی جەنایەتکارانی حکومەتی ئیسلامی گیانیان لەدەست داوە و ژمارەیەکی زیاتریش بریندار و چەند هەزار کەسیش دەستبەسەر و زیندانی کراون.

  کوردستان و خەڵکە شەریف و ئازادی خوازەکەی لە هەموو مەیدانەکانی خەبات و تێکۆشان و یان کاتی کارەساتەکانی وەک لافاو، بومەلەرزە، ئاگر کەوتنەوە لە دارستانەکاندا، کۆڕۆنا و نەخۆشی گشت گیردا بۆ دیفاع لە خەڵکی ناوچەکانی دیکەی ئێران هەر کارێکیان لەدەست هاتبێت کردویانە. ئەم سوننەتە شەریف و ئینسانیە بە ناردنی یارمەتی دەرمانی بۆ خەڵکی تورکەمەنسەحرا لە سەرەتای ساڵی ١٣٥٨ ی هەتاوی دەستی پێکرد و تا ئەمڕۆش بە شکڵ و شێوەی جۆراو جۆر هەر بەردەوام بووە.

  لەمڕۆدا بۆ بەرگرتن لە کوشتاری بە کۆمەڵی خەڵکی کوردستان لە لایەن جەنایەتکارانی ڕژیمی ئیسلامیەوە، ئەم خەڵکە پێویستی جیدیان بە دیفاع و پشتگیری چالاکانە و کاریگەری خەڵکی باقی ناوچەکانی ئێران هەیە.

  مانگرتنی گشتی، داگیر کردنی شەقامەکان، بەرگرتن لە گەیشتنی هێزە سەرکوتگەرەکان بە کوردستان، ناردنی دەرمان و دوکتور، تەبلیغاتی بەرین بۆ پشتیوانی و هاودەردی لەگەڵ خەڵک، بابەتێکی زەروری و هەنوکەیی و حەیاتیە.

  دیفاع لە خەڵکی کوردستان دیفاعە لە ئازادی و شۆڕش. کوردستان یەکێک لە ناوەند و سەنگەرە پتەوەکانی شۆڕشی خەڵکی ئێرانە لەدژی کۆماری ئیسلامی و گەیشتن بە ئازادی و یەکسانی.

    سەرکوتی خەڵکی کوردستان دەبێتە سەرەتای سەرکوتی سەرتاسەری خەڵکی ئێران. ئەگەر ڕژیم بتوانێ بە جەنایەتی جەنگی و نەسڵ کوژی خۆڕاگری خەڵکی کوردستان تێکبشکێنێ، هەنگاوی دواتری سەرکوت لە تاران و باقی شوێنەکانی دیکەی ئێران دەبێت. بۆ ئەوەی کە لە تاران و باقی شارەکانی ئێران ئەم شۆڕشە سەربکەوێت، پێویستە بزوتنەوەی خەڵکی کوردستان بەهێز بکرێت.

  ڕژیمی ئیسلامی بۆ مانەوەی لە دەسەڵاتدا چاوپۆشی لە هیچ جەنایەتێک ناکات. ئیجازە نەدەین خەڵکی کوردستان لە پەڕاوێز و بێدەنگیدا کۆمەڵ کوژ بکرێن. ئەگەر کوردستان چاو و چرای ئێرانە، دەبێ ئەم چرایە بە داگیرساوی بمێنێتەوە.

بابەتی پەیوەندیدار

خواردن و خواردنەوە لە شوێنە گشتییەکان، درێژەی خەباتی مەدەنی

-

ئاگربەستی دەستبەجێی ١٤ ڕۆژە لە غەززە، ئاکامی گوشاری بیروڕای گشتی دژبە شەڕ

-

بۆچی داعش هێشتا زیندووە و تاوان ئەنجام دەدات؟

-

هیوا بە ئازادی لەدەست ستەم و سەرەڕۆیی پەرە دەستێنێ

-

کاریگەریی وێرانکەری هەژاری لەسەر دۆخی تەندروستی و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی چینی کرێکار

-

ڕاگەیاندنی هاوبەشی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و ڕێکخراوی کرێکارانی شۆڕشگێڕی ئێران (ڕاهی کاریگەر)

-