کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

دیسانیش زیاد کرانی هەزینەی ناوەندە سەرکوتگەرەکان لە بوجەی ساڵی ١٣٩٥ دا

رۆژی چوار شەممە ٢٤ ی مانگی گوڵان سەرئەنجام لایەحەی بوجەی ساڵی ١٣٩٥، کە لە مانگی بەفرانباری ساڵی ٩٤ دا درابووە مەجلیس، لە بەربەستی شوڕای نیگابان تێپەڕی و بە دوو مانگ دواکەوتنەوە لە لایەن مەجلیسی ڕژیمەوە بە دەوڵەتی رۆحانی ڕاگەیەندرا.هەڵبەت بەر لە هەموو شتێک پێویستە جەخت لەسەر ئەم ڕاستیە بکرێتەوە، کە ئابووری ئێرانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی کۆماری ئیسلامی بەشێوەیەک هیدایەت دەکرێت کە تێیدا تەرحی بوجەی ساڵانە لە باشترین حاڵەتدا تەنیا ئاڕاستەی گشتی سیاسەتە ئابووریەکانی ڕژیم نیشان بدات، نەک بە وردی ڕەقەمی دەخڵ و خەرجی ساڵانەی دەوڵەت. لەم بوارەدا بەرنامەی ٥ ساڵه‌ و تەرحی بوجەی یەکساڵە لە ڕاستیدا بێجگە لە هێندێک وەرەقی فەرمانی بێ خاسیەت هیچی تر نین کە خودی کاربەدەستانی حکومەتیش زۆر سرنجی نادەنێ. ئەم ڕژیمە بێجگە لە بوجەی ئۆرگانە نیزامی و ئەمنیەتی و سەرکوتگەرەکانی، لە باقی خاڵەکانی تردا بە شێوەی ئاسایی بەلانی زۆرەوە بۆ دوو مانگ پێشتر دەتوانێ بەرنامە ڕێژی بکات و ڕەقەم بۆ دەخڵ و خەرجی وڵات دابنێ. لەم روەوە بوجەی ساڵانەی وڵات درەنگ پەسند بکرێت یان زوو، لەباری کرداریەوە نابێتە بابەتێکی گرنگ. بەم هەموو دواکەوتنە لە ئامادە کردن و پەسند کردنی لە کاتی خۆیدا ئەساسەن بەهۆی نادیار بوونی ڕێژەی داهاتە دەوڵەتیەکانە. بوجەی ساڵی ١٣٩٥ لەسەر بنەمای دوو پێش مەرج ئامادە کراوە. یەکەم ئەوەی کە ڕژیم رۆژانە بتوانێ ٢ ملیۆن و ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوتی خاو بفرۆشێت و دووهەم ئەوەی کە نرخی هەر بوشکەیەک نەوت کەمتر لە ٤٠ دۆلار نەبێت. نرخی دۆلاریش لە حیساباتی بوجەی ساڵی داهاتودا ٢ هەزار و ٩٩٧ تمەن لە بەرچاو گیراوە. لە ئێستاوە ئاشکرایە کە هیچکام لەم پێش مەرجانە لانیکەم لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵدا شیاوی دەستەبەر بوون نین و نیوەی دووهەمی ساڵیش لەم بارەیەوە شیاوی پێشبینی کردن نییە. نرخی ئێستای نەوتی ئێران لە بازاڕی جیهانیدا پێچەوانەی ئەرزیابیەکانی دەوڵەت نیشان ئەدات. تەنانەت پێش بینی دەکرێت کە لەگەڵ زیاد بوونی هەناردە کردنی نەوتی ئێران نرخی نەوتی خاو دیسانیش دابەزێت. لەم روەوە بەرپرسانی سازمانی بەرنامە وبوجە لە ئێستاوە هۆشداری ئەدەن کە بوجەی ساڵی ٩٥ بەرەو رووی کەسریەکی کەڵان ئەبێتەوە. کەسری بوجەی ساڵی ٩٤ یش لە جێی خۆیەتی.715

بەڵام ئەگەر ڕەقەمەکانی پێوەندیدار بە خەرجیە گشتیەکانی دەوڵەت و یان وەزاڕەتخانەکانی وەک بێهداشت و دەرمان و ئاموزش و پەروەرش، لەم بوجیەدا بەهۆی ناروون بوونی داهاتە دەوڵەتیەکان بە هەڵپەسێردراوی مابنەوە، ئایا ئەم بارودۆخە خەرجیەکانی ئەڕتەش و سپا و هێزە ئەمنیەتیەکانیش دەگرێتەوە؟ محەممەد باقر نەوبەخت سەرۆکی سازمانی مودیریەت و بەرنامەڕێژی دەڵێ ” لە بوجەی ساڵی ٩٥ دا سەهمی ناوەندە نیزامیەکان ١٥ لەسەد زیاد بووە. زۆر ترین بوجە لەم لایەحەیەدا بە ٩٦٢٨ ملیارد تمەن بۆ سپای پاسداران تەرخان کراوە. ئیعتیباری ٥ هەزار و ٧٤٣ ملیارد تمەنیش بۆ ستادی هاوبەشی ئەڕتەش داندراوە کە زیاد بوونێکی ٣/١٦ لەسەدی بە بەراورد لەگەڵ ساڵی پێشتری هەیە.” ئەم ڕەقەمانە ئەگەر لە باشترین حاڵەتدا وای دابێین کە ڕاستیش بن، بەپێی گەڵاڵەی بوجەی بڵاو کراوە بە هیچ شێوەیەک داهاتە زۆر و زەوەندەکانی سپای پاسداران و ناوەندەکانی وەک ئاستانی قودسی ڕەزەوی و یان بونیادی گیانبازان و هیتر ناگرێتەوە. سپا لەگەڵ مەبلەغێکی کەڵان کە لە بوجەی ڕەسمی وڵاتی هەڵدەگرێت، خاوەنی داهاتێکی کەڵانە کە لە تەرح و گەڵاڵەی هیچ بوجەیەکدا دیاری ناکرێت و لەبەرانبەر ئەو داهاتەشدا هیچ ماڵیاتێک نادات.

ئایا لەگەڵ کەمتر بوونەوەی داهاتەکان و کەسری بوجە، هەزینەی تەسلیحاتی نیزامی ئەرتەش و سپا و چالاکیەکانی وەزاڕەتی ئیتلاعات و بەسیج و پرۆژە نیزامیەکان لە دەرەوەی سنورەکان و بوجەی ناوەندەکانی بڵاوکەرەوەی خەرافە و پەروەردە کردنی ئاخوندیش کەمتر ئەبێتەوە؟ قسەی وتەبێژانی دەوڵەت سەبارەت بە پەسند کرانی بوجەی ئەمساڵ باس لەوە دەکات کە لە هیچ بارودۆخێکدا نەتەنیا لە بوجەی دەزگا نیزامی و ئەمنیەتی و سەرکوتگەرەکان و ناوەندەکانی پەرەپێدەری خورافە کەم نابێتەوە، بەڵکو زیاتریش دەبێت. ئەوان لەم بارەیەوە بڕیاری خۆیانداوە. نە تەنیا لە بوجەی ئۆرگانە خزمەتگوزاریەکان کەم دەکەنەوە و هاوکات لانیکەم ١٥ لەسەد بە بەراورد بە ساڵی ڕابردو بە بوجەی نیزامی و ئەمنیەتیەوە زیاد دەکەن، بەڵکو یارانەی ٢٤ ملیۆن کەس لەوانەی یارانەیان وەردەگرت لە وڵاتیشدا دەبڕن.

ڕژیمێک کە مانەوە و بەردەوام بوونی لە گرەوی ئەم ئۆرگانە سەرکوتگەرانە و کارکردی ئەم کارگایانەی بەرهەمهێنان و بڵاو کەرەوەی خورافە دایە، لە هیچ بارودۆخێکدا نە تەنیا یەک میلیمیتر لە درێژایی و پانی هیچکام لەوان کەم ناکاتەوە، بەڵکو بە پێچەوانە بۆ دامرکاندنەوەی قین و توڕەیی خەڵک و سەرکوتی ناڕەزایەتیەکانیان پەرەشیان پێئەدات و تەعەهودەکانی لە دەرەوەی سنوریش زیاتر دەکات. واتای وەها سیاسەتێک لە بوجەی ساڵی ٩٥ دا یانی خزمەتگوزاری چەند قات کەمتر، بێکاری زیاتر، خەساری کۆمەڵایەتی بەرین تر دەبێت.

لە ئاوا بارودۆخێکدا و وەک هەمیشە بۆ ڕزگار بوونی جەماوەری ژێر دەستەی کۆمەڵگا لە ژێر باری قورسی دواهاتەکانی سەرچاوەگرتوو لە فەلاکەتی ئابووری ڕژیم، ڕێگایەک بێجگە لە ناڕەزایەتی و خەبات لەبەر دەمدا نییە. ناڕەزایەتی و خاباتێکی کە ئەگەر بەردەوام بوونی مانگرتنی کرێکاری لە ناوەندە کلیدیەکانی کاری بەشوێنەوە بێت، ئەگەر ئەم خەباتە لەژێر ڕێبەریی هێزە پێشڕەوە کرێکاری و کومونیستیەکاندا بێت، نەک هەر ئەم کۆمەڵگایە لە شەڕی کۆماری ئیسلامی ڕزگار دەکات، بەڵکوو بارودۆخی بەرپا بوونی شۆڕشێکی کۆمەڵایەتیش فەراهەم دەکات و دەبێتە موژدە بەخشی بنیاتنانی کۆمەڵگایەکی ئینسانی ئازاد ویەکسان و پڕ لە ڕیفاه لە سبەی رۆژدا.

 

بابەتی پەیوەندیدار

گەندەڵی ئیداری، دارایی، ئەخلاقی و سیاسیی ڕژیمی ئیسلامی، لە سەرەوە دەست پێدەکات

-

خەباتی ژنانی ئێران لەپێناو بەدەستهێنانی ئازادی و بەرابەری، لە چوارچێوەی ئازاد پۆشی تێدەپەڕێت

-

خانەنشینان لە پێناو بژێوی ژیان و ئازادیدا خەبات دەکەن

-

کۆماری ئیسلامی لە دوژمنایەتی لەگەڵ خەڵکدا هیچ سنوورێک ناناسێت

-

بەرز و بەڕێز  بێت یادی قوربانیانی شیمیابارانی مقەڕەکانی ناوەندی کۆمەڵە لەلایەن ڕژیمی بەعسی عێراقەوە

-

دەوری دووەمی گاڵتە جاری هەڵبژاردنی مەجلیسی دوازدەیەم وپەرەسەندنی ناکۆکییە ناوخۆییەکانی بەرپرسانی ڕژیم

-