کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

دۆخی لەرزۆکی دیکتاتۆری ڕەجەب تەیێب ئه‌ردۆغان

رۆژی سێشەممە، ١٠ی مانگی گەلاوێژ بەرابەر لەگەڵ ئەوەڵی مانگی ئوت دادگای پێڕاگەیشتن بە دۆسیەی نزیک بە ٤٨٦ کەس بە تاوانی پێوەندی لەگەڵ کودتای سه‌رنه‌گرتووی هاوینی ساڵی ڕابردوو و هەوڵدان بۆ روخاندنی دەوڵەتی ئه‌ردۆغان لە هۆڵی زیندانی “سینکان”ی تورکیە لە نزیک ئانکارا، دەستی پێکرد. وێنە تەلەویزیۆنیەکان و شانۆی سەفی دوور و درێژی تاوانباران لە حاڵی چوون بۆ دادگا کە لە گەمارۆی مەئمورانی ژاندارمری و سەربازانی چەک بەدەستدا بوون نیشانی ئەدا کە دەوڵەتی ئاک پارتی هێشتا پێویستی بە ڕێژەی تاوانبارانی دیلی دەست بەستراو بۆ ترساندنی کۆمەڵگا و نمایشی قەدەرقودرەتی خۆی هەیە. له‌ کاتی چوونی تاوانباران بۆ شوێنی بەڕێوەچوونی محاکەمە، ژمارەیەک لە فالانژیستە سازماندراوەکانی لایەنگری حیزبی داد و گەشەپێدان لە بەرانبەر دووربینی تەلەویزیۆنەکان دروشمی “دەبێ ئێعدام بکرێت” یان ئەدا، لە حاڵێکدا کە لەتە گوریسیان بە ئاڵقەی دارەوە بەرەو تاوانباران دەهاویشت. پێویست بە وەبیر هێنانەوەیە کە لە مانگی فیوریەی ڕابردوشدا ٣٣٠ کەسی دیکە لە تاوانباران لە ساڵۆنی ئەم زیندانەدا دادگایی کران. لە جەریانی ئەم کودتایەدا زیاتر لە ٢٥٠ کەس کوژران و زیاتر لە ٢ هەزار کەسیش بریندار بوون.

ئەم دادگایی کردنە بە کۆمەڵە لە حاڵێکدا بەڕێوەدەچێت کە لە ساڵیادی ئەم کودتا سەرنەکەوتوەدا، ڕەجەب تەیێب ئۆردوغان لەنێو لایەنگرانیدا وەعدەی دا کە عاملانی کودتاکەی ساڵی ڕابردو بە توندترین شێوە سزا ئەدرێن. ئەو وتی:” ئێمە سەری ئەم خەیانەتکارانە لە جەستەیان دەکەینەوە.” ئۆردوغان لە مەڕاسمی ساڵیادی کودتاکە لە ئیستانبول جارێکی تر خوازیاری گەڕانەوەی سزای ئێعدام بۆ تورکیە بوو ڕایگەیاند، ” نابێ هیچ خەتا کارێک بەبێ سزا دەربازی بێت” و روونی کرده‌وه‌: “میلەتی تورکیە سەری خەیانەتکاران دەبڕێت”.

درێژەی شانۆی دادگایی کردنە بە کۆمەڵەکان و هەڕەشەی جەللاد مەنشانە و چاو سورکردنەوەی ئۆردوغان نیشانی ئەدات کە دەوڵەتی تورکیە بۆ دەرچوون لەو قەیرانانەی بەرۆکیان گرتووە هەروا پشتی بە توند کردنەوەی کەشی سەرکوت لەنێو خۆدا و قەیران دروست کردن لە دەرەوەی سنورەکان بەستووە. دوای کودتا بێ ئاکامەکەی هاوینی ڕابردوو دەوڵەتی ئاک پارتی تا ئێستا نزیکەی ٥٠ هەزار کەسی بە تۆمه‌تی بەشداری کردن لە کودتا و پێوەندی بە تۆڕی فەتحۆڵا گولەنەوە گرتوە و زیاتر لە سەد هه‌زار کەسیش لە کارمەندانی دەوڵەتی لەسەر کار دەرکردووە. لەم ماوەیەدا زیاتر لە ١٧٠ ڕاگەیەنەری داخستوە و زیاتر لە ١٠٠ رۆژنامە نووسی خستۆتە زیندانه‌وه‌. چەند هەزار کەس لەوانەی کە دەرکراون، لە مامۆستای زانکۆکان، موعەلیمانی قوتابخانەکان، پەرستاران و پزیشکانن. وێڕای ئەم هێرشە بەرینە، گرتنی کاربەدەستانی شارەداریەکان لە ئوستانە کورد نشینەکان و دادگایی و زیندانی کردنیان، گرتنی دەیان کەس لە ئەندامانی کۆمەڵەگا دیموکراتیکەکان لەم پارێزگایانەدا، درێژەی تەسفیەی ئیدارە و ناوەندە دەوڵەتیەکان لە وجودی نەیارانی سیاسی و هەوڵدان بۆ دەسپێکردنەوەی سزای ئێعدام، دەرخەری ئەوەیە کە دەوڵەتی تورکیە بە کەڵک وەرگرتن لە بارودۆخی نا ئاسایی ڕاگەیەندراو نە تەنیا ئەو کەسانەی کە تاوانبارن بە هاوکاری کردنی کودتا بێ ئاکامەکەی مانگی جولای، بەڵکوو سەرجەم ڕەخنەگران و نەیارانی سیاسی خۆی کردۆتە ئامانجی ئەم سەرکوتانە. گرتنی ڕێبەران و نوێنەرانی حیزبی دیموکراتیکی گەلان لە پارلمانی ئەم وڵاتەدا و کودتا لەدژی حیزب و پاڕله‌مانی ئەم وڵاتە لەسەر ناوەرۆکی ئەم هێرشە “هەوسار پچڕاوە” بەڕێوەدەچوو. 189

لە ڕاستیدا دوای ئەوەی کە ڕەوتی گەشەی ئابووری لە تورکیە کە وەک ئەستێرەی بەختی “حیزبی داد و گەشەپێدان” باسی دەکرا رووی لە کزی کرد و ناکامیە سیاسیەکانی دەوڵەتی تورکیە لە ئاستی ناوچەییدا بۆ هەموان ئاشکرا بوو، ئۆردوغان بە شکست لە هەڵبژاردنی ژوئه‌نی ٢٠١٥ دا و بە سەرکەوتنی حیزبی دیموکراتیکی گەلان یەکێک لە قوڵ ترین قەیرانە سیاسیەکانی دەورانی حاکمیەتی خۆی تەجروبە کرد. ئاک پارتی دوای ئەوەی کە بە هەڵبژاردنی پێش وەختەی نوامبری ٢٠١٥ نەیتوانی ئەم شکەستە قەرەبوو بکاتەوە هەوڵیدا تا بە درێژەدان بە سیاسەتی میلیتاریستی لەدژی خەڵکی کوردستان و سەرئەنجام عەمەلیاتی نیزامی لە دەرەوەی سنورەکان ئەم قەیرانە تێپەڕێنێ. لە ڕاستیدا درێژەی شەڕ و ملیتاریسم لە دژی خەڵکی کوردستان، توند بوونەوەی سەرکوت و هێرش کردنە سەر ئازادیە دیموکراتیکەکان لە ئاستێکی سەرتاسەریدا، شەڕی فەرهەنگی بۆ ئیسلامی کردنی زیاتری قانونە مەدەنیەکان، پەرەسەندنی هێرشی نیزامی لەدژی بزوتنەوەی ڕەوای خەڵکی کوردستانی سوریە، وەرچەرخانی سیاسەت لە پێداگری لەسەر گۆڕێنی ڕژیمی سوریە بەرەو بەناو خەبات لەدژی تیرۆریزم و ساتوسەودا لەسەر قەیرانی پەنابەری ڕێگاچارەی ئۆردوغان بوو بۆ دەرچوون لەم قەیرانانە. ئۆردوغان لە وەها بارودۆخێکدا دەرفەتێکی کە کودتا بێ ئاکامەکە بۆی هێنایە پێش بە غەنیمەت زانی تا بە گۆڕینی یاسای بنەڕەتی دەسەڵاتێکی هەرچی زیاتر لە دەستی خۆیدا کۆبکاتەوە، ئیئتیلافەکانی نێو حکومەت بە قازانجی خۆی نۆژەن بکاتەوە و باقی سەنگەرە نەگیراوەکانی نەیاران لە ڕاگەیەنەرکاندا، لە دزگای ئیداری، ناوەندە ئاکادیمیەکان و بزوتنەوەی مافخوازانەی کوردستاندا بداتە بەر هێرش.

بەڵام ئەو قەیرانە سیاسی ، ئابووری و کۆمەلایەتیانە و ئەو تەنگوچەڵەمانەی کە دەوڵەتی تورکیە لەژێر ڕێبەریی حیزبی ئیسلامی داد و گەشەدا بەرەوروی بۆتەوە قوڵتر لەوەن کە “ڕەجەب تەیێب ئه‌ردۆغان” بتوانێ بە گرتنە پێشی ئەم سیاسەتانە و بە بەهرەبەرداری لە دەرفەتێک کە کودتا بێ ئاکامەکە بۆ ئەمنیەتی کردنی فەزای کۆمەڵگا بۆی فەراهەم کردووە کۆنترۆڵیان بکات. تەنیا بۆ نمونە شەڕی فەرهەنگی لە بەرەی نێوخۆدا بۆ ئیسلامی کردنی کۆمەڵگایەک کە یەکێک لە ئامرازەکانی پتەو بوونی ئاک پارتییە بەریەک کەوتن لە کۆمەڵگای دا گەیاندۆتە ئاستێک کە حیزبی داد و گەشەپێدانی بەرەوروی گرفتی گەورە کردۆتەوە، و دەوڵەتی گەیاندۆتە ئاستی لەدستدانی هاوپەیمانەکانی لە نێوخۆی حکومەت و لە گۆڕەپانی نێونەتەوەییدا. تەنیا هێزێک کە دەتوانێ ئەم وێنایە بە شێوەیەکی بنچینەیی بگۆڕێت، بزوتنەوەی کرێکاری تورکیە، بزوتنەوەی ماف خوازانەی خەڵکی کوردستان، بزوتنەوەی ئازادی خوازی و سیکۆلار و پێشڕەو لەم وڵاتەدا و خەڵکی هەژار و دەستکورتن کە بە تایبەت لە ماوەی ئەم یەکساڵ و نیوەی دواییدا کەوتونەتە بەر هێرشی سیاسەتە فاشیستیەکانی دەوڵەتی ئه‌ردۆغان. ئۆردوغان بە درێژەدان بەم سیاسەتانە سەرئەنجام دەبێتە قوربانی مەزن خوازییە شۆوینیستی و شێتانەکانی. بۆ دەوڵەتی ئامریکا و هێزە ئوروپاییەکان گەلێک گرنگە کە دەوڵەتی تورکیە وەک ئەندامێکی ناتۆ و هێزێکی ناوچەیی لە سەرگەردانی و لە گێژاوی ئەم قەیرانانە ڕزگاری بێت و بۆ خەڵکی ستەم دیتوی تورکیەش زۆر حەیاتییە کە بەشەریەتی ئازادی خواز و بەرابەری تەڵەب لە وڵاتانی ناوچەکە و سەرتاسەری دنیا ئەوان لە بەرانبەر تیرۆریزمی هاری دەوڵەتی و سیاسەتە فاشیستیەکانی دەوڵەتی ئاک پارتیدا بە تەنیا نەهێڵنەوە.