کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

دۆخی شپرزەی ڕێفۆرم خوازانی حکومەتیی

سادق زیبا کەلام لە بابەتیکدا لە رۆژنامەی شەرق کە رۆژی چوار شەممە ٩ ی مانگی ڕەشەمە بڵاو بۆتەوە بە تەرح کردنی ئەو پرسیارەی کە ئیسلاح خوازان لەگەڵ روحانی چی بکەن نووسیویەتی:” ئیسلاح خوازانی ڕادیکاڵ پێیان وایە هۆکارێک بوونی نییە تا هەروا درێژە بە هاوکاری لەگەڵ روحانیدا بدەن. تا ئێرەش بە ئەندازەی کافی لە ئیعتیباری کۆمەڵایەتی خۆیان خەرج کردوە. لە ڕوانگەی ئەو تەیفەوە، کاتێک خودی سەرۆک کۆمار هێندە لە بیری کەم بوونەوەی مەحبوبیەتیدا نییە، بۆچی ئەم ڕەوتە سیاسیە بۆتە کاسەی لە ئاش داغتر و لەوە زیاتر لە خۆی مایە دائەنێت؟ ” ئەو لە درێژەدا دەنووسێ:” تەیفێکی دیکە لە ئیسلاح خوازان بە هیوای ئەوەی کە ڕەنگە بارودۆخەکە باشتر بێت و لە هەڵسوکەوت و هەڵوێست گرتنی سەرۆک کۆماردا ئاڵوگۆڕێک بەدی بێت سیاسەتی سەبر و ئینتیزاریان گرتۆتە پێش. زیبا کەلام دەنووسێت:” گوروپی سێهەم لە ئیسلاح خوازان لەسەر ئەو بڕوایەن، ڕەنگە پەیوەندی لەگەڵ روحانی وەسڵەتێکی پێرۆزی لێ حاسڵ بێت؛ بەڵام ڕاستیە تاڵەکە ئەوەیە کە لە بارودۆخی ئێستادا پێکهاتەی سیاسی و کۆمەڵایەتی وڵات، بژاردەیەکی تر بێجگە لە ئیئتیلاف و هاوکاری لەگەڵ تەیفی موعتەدلی وڵاتدا بوونی نییە؛ جا ئەم ئیتیلافە لە چوارچێوەی هاوکاری لەگەڵ روحانی و تەیفی میانەدا بێت، یان لەگەڵ ئوسولگەرایانی میانەڕەو بە ڕێبەریی ناتق نووری و عەلی لاریجانیدا ئەنجام بدرێت.”

ئەوەی کە زیباکەلام لەم ڕستانەدا لە مەوقعیەتی ئێستای ئیسلاح خوازانی حکومەتیی وێنای دەکات، یەکێک لە ئاسەوارە مەنتیقیەکانی ئاخیزی سەرتاسەری لە مانگی بەفرانبار دایە. ئەم وتەیە کە جەریانی ئیسلاح خوازی ” بە ئەندازەی کافی لە ئیعتیباری کۆمەڵایەتی خۆی خەرج کردوە”، لە ڕاستیدا ناوی ڕەمزی دەرچوونی جەماوەر لە ئیسلاح خوازانی حکومەتیە. ئەو جەماوەرە ڕاپەڕیوەی کە لە جەریانی ئاخێزی سەرتاسەری مانگی بەفرانباردا لەدژی هەژاری، گرانی، بێکاری و سوڵتەی مەزهەب و سوکایەتی رۆژانە دڕژانە سەر شەقامەکان و هاوکات بە هاواری ” نان، کار، ئازادی” دروشمی ” مەرگ بۆ روحانی”، مەرگ بۆ دیکتاتۆڕ”، ” ئیسلاح خواز، ئوسولگەرا ئیتر تەواو بوو ماجەرا”یان دەوتەوە، لە ڕاستیدا بە دەنگی بەرز ڕایان گەیاند کە نە جەناحێک لە ڕژیم، بەڵکو کولیەتی ڕژیمی سەرمایەداری ئیسلامیان بە هۆکار و سەبەبکاری ئەو موسیبەتانە ئەزانی کە یەخەی کۆمەڵگای گرتوە. لەم روەوە جەماوەری خەڵک لە هەمان کاتی هەڵچوونی ئاخیزەکەوە لە ئیسلاح خوازانی حکومەتی تێپەڕین و بە دروستی روخانی کۆماری ئیسلامییان کردە ئامانجی خەباتەکەیان.

لە کاتی هاتنە سەرکاری دەوڵەتی خاتەمیدا ماوەی زیاتر لە ٢٦ ساڵ بوو کە ئیسلاح خوازانی حکومەتی هەوڵیان ئەدا کە خەبات لە چوارچێوەی بەرتەسكی یاسا ئیسلامیەکاندا بکەنە بەستێنی سەرەکی ناڕەزایەتی لەدژی بارودۆخی مەوجود. ئیسلاح خوازانی حکومەتی نەتەنیا لە ڕێگای ڕاگەیەنەرکان و مەحفەلە زانکۆییەکانەوە کە لە ئیختیاریاندا بوو هەوڵیاندا کە ئیسلاح خوازی بکەنە گوفتمانی باو لە کۆمەڵگادا بەڵکو تێکۆشان لە ڕێگای ڕیکخراوە غەیرە دەوڵەتیەکانی سەربە خۆیانەوە ژاری ئیستراتیژی ئیسلاح خوازی ئاژین بکەنە جستەی بزوتنەوە کۆمەڵایەتیەکانەوە و ئەم بزوتنەوانە لە چوار چێوەی تەسکی قانونە کۆنەپەرستانە حکومەتیەکاندا قەتیس بکەن و بە لاڕێیاندا بەرن. لە جەریانی بەڕێوەچوونی شانۆی هەڵبژاردنە حکومەتییه‌كانه‌وه‌ کە وەک میکانیزمێک بۆ درێژەی حەیاتی جەنایەتکارانەی کۆماری ئیسلامی به‌ڕێوه‌ده‌چوو هەوڵیاندا تا بە دانانی خەڵک لە بەرانبەر بژاردەی بەد لەبەرانبەر بەدتر دا بۆ گاڵەتەجاڕی هەڵبژاردنە حکومەتیەکان بازاڕ گەرمی بکەن. لە ڕاستیدا ئاخیزی سەرتاسەری مانگی بەفرانبار بە ئیعتیباری تێپەڕبوون لە ئیسلاح خوازانی حکومەتی فەسڵێکی نوێی لە خەبات بۆ روخاندنی کۆماری ئیسلامی کردەوە و کۆتایی بە سوڵتەی گوفتمانی ئیسلاح خوازی بەسەر فەزای سیاسی ئێراندا هێنا.

بەڵام بە پێچەوانەی ئیدیعای سادق زیبا کەلام، داوەرینی” ئیعتیباری کۆمەڵایەتی” ئیسلاح خوازانی حکومەتی و تێپەڕینی جەماوەر لەم ڕەوتە تەنیا بە هۆکاری پشتیوانی و هاوکاری لەگەڵ حەسەن روحانیدا نییە، ڕەوتی ڕیفۆڕم خوازی وەک بەشێک لە ساختاری حکومەتی لە هەموو ئەو جەنایەتانەدا کە ئەم ڕژیمە لەدژی خەڵکی ئێران ئەنجامی داون و هەژاری و فەلاکەتێک کە بەسەر خەڵکی دا سەپاندوە شەریکن. سەبارەت بە ئاخیزی مانگی به‌فرانبار تەوافوقی کامڵی محەممەد خاتەمی ئەم ئیسلاح خوازە پەڕاوێز نشینە لەگەڵ دێوەزمەی سپای پاسداران و خامنەیی لە ڕاستای سەرکوتی ئاخیزی ناڕەزایەتیەکان جارێکی تر ڕواڵەتی ڕاستەقینەی ئیسلاح خوازانی ئاشکرا کرد. ئاخیزی سەرتاسەری مانگی بەرانبار، وڵامی خەڵکی کوچە و خیابان بوو بە دواهاتەکانی سیاسەتە ڕیازەتیەکانی ئابووری نیئۆلیبڕاڵی کە کار و ژیان و بەڕێچوونی بەملیۆن کەس لە کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێشی ئێرانی توشی تەنگوچەڵەمەی جیدی کردوە. لە دەوڵەتی ڕەفسەنجانیەوە بیگرە تا دەوڵەتی ئیسلاح خوازی محەممەد خاتەمی و ئەحمەدی نیژادی توندڕەو و روحانی ئیعتیدال گەرا سەرجەمیان پەیڕەو و بەڕێوەبەری ئەو سیاسەتانە بوون کە چەرخی ژیانی خەڵکیان لە قوڕ چەقاندوە.

جەماوەری ناڕازی و توڕە لەو تەنگوچڵەمە ئابووریانەی کە لە زیاتر لە سەد شاری ئێرانی هێنانیە سەر سەقام، لە ئەزمونی ژیانی ژێر حاکمیەتی ئەم ڕژیمەدا بەو ئاکامە گەیشتون کە چەرخەی تێکراری چەند دەیەی ڕابردو وە دەست بە دەست بوونی دەوڵەتەکان و گۆڕانی ئاڕایشی سیاسی باڵە حکومەتیەکان لە ڕەفسەنجانیەوە بۆ ئیسلاح خوازانی حکومەتی، لەوانەوە بۆ توندڕەوەکانی دەوڵەتی هەشتەم و نۆیەم و دواتر بۆ ئیعتیدال گەرایانی دەوڵەتەکانی یازدەهەم و دوازدەهەم هیچ کاریگەریەکیان لەسەر ژیانی واقعی ئەوان نەبووە و لەم روەوەیە کە نەتەنیا دەبێ لە ئیسلاح خوازانی حکومەتی تێپەڕن، بەڵکو دەبێ لەو هێزە ئوپوزسیۆنە بۆرژواییانەی کە هەر ئەم نوسخە لیبڕاڵیانەیان بۆ دەپێچنەوە، واوه‌ته‌ر بچن.

لە بارودۆخی ئێستادا سەرنج خستەنەسەر ئەو قەیرانە قوڵە ئابووری و سیاسیانەی کە ڕژیم دەست و پەنجەیان لەگەڵ نەرم دەکات و بەرۆکیان گرتووە و داماوی ڕژیم لە کەم کردنەوەی قەیرانی بێکاری و قەیرانی بەڕێچوون و هەروەها بە سەرنجدان لە بونبەستی ئیسلاح خوازانی حکومەتی بۆ کۆنترۆڵ کردنی بزوتنەوە ناڕەزایەتیەکان، هەموو بزوتنەوەیەکی متالباتی ئەو پوتانسیەلەی لە خۆیدا هەڵگرتوە کە ببێتە ئاخیزێک لەدژی کولیەتی کۆماری ئیسلامی. بەم شێوەیە ئیسلاح خوازانی حکومەتی کە لە وەسڵەت لەگەڵ روحانی ڕازی نین دەبێ لە چاوەڕوانی گەیشتنی ئاخیز و باهۆزی کۆمەڵایەتی بەهێزتردا بن، ئەو باهۆزانەی کە دەتوانن کۆماری ئیسلامی بە سەرجەم باڵەکانیەوە لە گۆڕەپانی سیاسی کۆمەڵگادا بسڕنەوە.

بابەتی پەیوەندیدار

خەبات لە دژی هەژاری، لە سەر بەستێنی ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانەی ژن، ژیان، ئازادی

-

ڕۆژی مامۆستا لە ئێران بەرز ڕاگیرا

-

دروشمەکانی ڕۆژی جیهانی کرێکار، زیادکرنی حەقدەست و مووچە، ڕاگرتنی جینۆساید لە غەززە

-

نەریتی ڕێزگرتن لە ڕۆژی جیهانی کرێکار لە کوردستان

-

وتارێک بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی ئەمن کردنی کار

-

کەمپینی هاوپشتی لەگەڵ خەڵکی فەلەستین تا دێت بەربڵاوتر دەبێت

-