محەممەدباقر قالیباف، سەرۆکی پارلەمانی ڕژیم، دژایەتیی خۆی بۆ ڕێککەوتنەکانی ئەم دواییەی نێوان تاران و واشنگتۆن سەبارەت بە گەرووی هورموز دەربڕی و هەڕەشەی هەڵوەشاندنەوەی ئەو ڕێککەوتنانەی کرد.
بەرزبوونەوەی ئاستی تێکهەڵچوونەکان و هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر باشووری ئێران، قالیبافی ناچار کرد تا لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی “ئێکس” هەڵوێستێکی توند نیشان بدات و ڕایبگەیەنێت کە سەردەمی ڕێککەوتنە یەکلایەنەکان کۆتایی هاتووە. ناوبراو لە پەیامەکەیدا خاڵی پێنجەمی لێکتێگەیشتنامە ١٤ پەلییەکەی لەگەڵ ئەمریکا بڵاو کردووەتەوە، کە تێیدا ئاماژە بەوە کراوە ڕژیمی کۆماری ئیسلامی تەنیا بۆ ماوەی ٦٠ ڕۆژ ڕێگە بە تێپەڕبوونی بێبەرامبەر و ئارامی کەشتییە بازرگانییەکان لە کەنداوی فارسەوە بۆ دەریای عومان و بەپێچەوانەوە دەدات.
