کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

دوژمنایەتی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ مامۆستایان دوژمنایەتیە لەگەڵ زانست

١٢ی مانگی گوڵان لە ئێران بەناوی رۆژی مامۆستا ناونراوە. هەرچەند کۆماری ئیسلامی هەوڵ ئەدات بە نیسبەت دانی ئەم رۆژە بە ساڵرۆژی کوژرانی “موتەهەرییەوە” ئەو بێ بایەخ بکات، بەڵام لە ڕاستیدا پێشینەکەی دەگەڕێتەوە بۆ خەباتی مامۆستایانی ئێران لە مانگی ڕێبەندانی ساڵی ١٣٣٩. لەو کاتەدا تەشەکولی سینفی موعەلیمانی(باشگای مێهرەگان) لە قەتعنامەیەکدا داخوازی مامۆستایانی سەبارەت بە زیاد کرانی حقوقی فەرهەنگیان ڕاگەیاند. ئەم داخوازیانە بوو بە جێی پشتیوانی موعەلیمان لە سەرتاسەری وڵاتدا. بەڵام لەوێوە کە داخوازی موعەلیمان لە لایەن دەوڵەتی “شەریف ئیمامیەوە” قەبوڵ نەکرا، رۆژی ١٢ ی مانگی گوڵانی ساڵی ١٣٤٠، لەسەر داخوازی ” باشگای مێهرەگان” مامۆستایانی تاران وەک ناڕەزایەتی بە دەستەبەر نەبوونی داخوازیەکانیان دەستیان دایە مانگرتن و لەبەردەم مەجلیس کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان به‌ڕێوه‌برد. هێزی پۆلیسی شا ئەم کۆبوونەوەی دایەبەر هێرش و بە تەقە کردن بەرەو ڕوویان یەکێک لە مامۆستاکان بە ناوی “ئەبولحەسەن” خانعەلی گیانی بەخت کرد. مەڕاسمی ناشتنی ئەم مامۆستایە رۆژی دواتری بوو بە گەورە ترین خۆپیشاندان لەدژی حکومەتی شا و دەست لەکار کێشانەوەی دەوڵەتی “شەریف ئیمامی” لێكه‌وته‌وه‌. ئەو مانگرتنە دوای ١٢ رۆژ بە دەستەبەر بوونی داخوازیەکانی بە سەرکەوتن گەیشت. لەو کاتەدا رۆژی ١٢ی مانگی گوڵان لە ئێران وەک رۆژی موعەلیم ناسرا. بەڵام لەوێوە کە موعەلیمان لە هەموو جێگایەکی دنیا لەزومڕەی توێژی زەحمەتکێشی کۆمەڵگان کە زوڵمیان لیدەکرێت و مافەکانیان پێشێل دەبێت، ” یۆنسکۆ” سازمانی ئاموزشی، زانستی و فەرهەنگی نەتەوە یەکگرتوەکانیش رۆژی پێنجی ئۆكتۆبری وەک رۆژی جیهانی مامۆستا بەڕەسمیەت ناسی.

لەمرۆدا لە ئێرانی ژێر حاکمیەتی کۆماری ئیسلامی، ئاموزش و پەروەرش لە زۆر لایەنەوە بە بەراورد لەگەڵ وڵاتانی تر لە بارودۆخێکی گەلێک نالەبار دایە. تەرخان نەکرانی بوجەی کافی بۆ ئەم بوارە، ئیمکانات و فەزای ئاموزش و پەروەرشی هەم بۆ قوتابیان و هەم بۆ مامۆستایان و کارمەندان خراپ و غەیرە قابیلی تەحومول کردوە. بەپێی ئیعتیڕافی وتەبێژی کوموسیۆنی ئاموزش و پەروەرشی توێژینەوەی مەجلیس، لە کۆتایی ساڵی ١٣٩٦ وەزارەتی ئاموزش و پەروەرش نزیکەی ١٠ هەزار میلیارد تەمەن بە مامۆستایان قەرزدارە و نزیکەی لانیکەم سەد هەزار کلاسی دەرس لە ئێران کۆن و لاروخاون و ئەمنیەتی کافییان بۆ تێدامانەوەی قوتابیان نییە. بەڵام بوجەیەک بۆ نۆژەن کرانەوەیان تەرخان نەکراوە. ئەوە لە حاڵێکدایە کە بوجەی عەلەنی حەوزەکانی عیلمیە و ناوەندە مەزهەبیەکان بۆ ساڵی ١٣٩٧ بە بەراورد بە ساڵی پێشو زیادی کردوە. هەڵبەت ئەمە جیا لەو بودجە کەڵانەی ناوەندە مەزهەبیەکانە کە دەوڵەت لێیان بێ خەبەرە.

لەم نێوانەدا ئەوەی بۆ کۆماری ئیسلامی گرنگ نییە کەیفیەتی ئاموزش و پەروەرش و بەرز کردنەوەی ئاستی زانستی موعەلیمان و قوتابیانە. ڕژیمی ئیسلامی لە هەمان سەرەتای بە دەسەڵات گەیشتنیەوە زانکۆ و ناوەندە ئاموزشیەکانی دایەبه‌ر هێرش، بە تەسفیەی ئوستادان و موعەلیمانی خاوەن ئەزمون و خەبات لە هەوڵی بە ئیسلامی کردنی ئەو ناوەندانە و کۆنترۆڵ کردنیاندا بووە، بەڵام بە خۆشیەوە لە بەروپێش بردنی ئەم سیاسەتە کۆنەپەرستانەدا بەرەو رووی شکست و ناکامی بۆتەوە. خامنەیی گەلێک جار بە هێرش کردنەسەر مادە دەرسیە زانستی و کۆمەڵایەتیەکانی مەدرەسە و زانکۆکان، دوژمنایەتی خۆی لەگەڵ زانست و زانکۆ و قوتابخانە و مامۆستایان و موعەلیمان نیشانداوە. لە لایەکی دیکەوە ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بە پەێرەوی کردن لە دەستوراتی ناوەندە ماڵیەکانی سەرمایەداری جیهانی نە تەنیا هیچ کۆسپێک بۆ خوسوسی سازی ناوەندە ئاموزشیەکان دروست ناکات بەڵکو بەدانی ئیمتیاز بە سەرمایەدارانی ڕانت خۆری سەربە خۆی دەستی داوەتە پەرەدان بە قوتابخانە خوسوسیەکان و قوڵ تر کردنەوەی کەلێنی چینایەتی لە باری ئاموزش و پەروەرشدا. لە ڕاستای ئەم سیاسەتەدا ئێستا ناوەندە ئاموزشیە دەوڵەتیەکان خاوەنی ئیمکاناتێکی کەمن و دۆخی لاوازی ئاموزشی تێیاندا کارەسات بارە. بە دڵنیاییەوە بە ئیجرای ئەم سیاسەتە و زوڵمێک کە لەدژی مەدرەسە دەوڵەتیەکان لەلایەن ڕژیمەوە پەیڕەو کراوە، دەرسەدی منداڵانی بێبەش لە ئاموزش زیاتر دەکات.

بەرپرسان و کاربەدەستانی باڵای ڕژیم لەبەر بەرژەوەندی ئابووری خۆیان گەندەڵییان کێشاوەتە نێو ئاموزش و پەوەرشەوە. ماوەیەک لەوە پێش کە ڕاگەیەنەرەکان و کاربەدەستانی وەزاڕەتی ئاموزش پەروەرش باسیان لە کەمبوونی ٣٠٠ هەزار موعەلیم لە ئێران بەهۆی دەرکردنی موعەلیمانی تێکۆشەر یان خانەنشین كردنی مۆعه‌لیمان، کاربەدەستانی ڕژیم و نوێنەرانی مەجلیس کەوتنەخۆ و لەهەوڵی کەڵک وەرگرتن لەم بارودۆخە لە ڕاستای بەرژەوەندی شەخسی خۆیان ده‌ستیان دایه‌ ئیستخدامی کەسانی سەر بەخۆیان بۆ پیشەی موعەلیمی. جێگری شوڕای باڵای وەزاڕەتی ئاموزش پەروەرش وتی کە:” ئەم وەزارەتخانەیە لە ئاکامی گوشاری نوێنەرانی مەجلیسدا ناچار بووە ٢٨٠ هەزار کەس بەبێ یاسا و ڕێسا دانان و تەنانەت بینینی یەک رۆژ دەورەی ئاموزشی موعەلیمی، دابمەزرێنێت.” ئەو لە درێژەدا وتی ئێمە لەم ماوەیەدا تەنیا خەریکی وڵام دانەوە بە سفارشاتی نوێنەرانی موجلیس بووین کە هەرکامە و سەدان کەسیان بۆ دامەزراندن وەک موعەلیم بەسەر ئیمەدا سەپاندوە.

بێبەش بوون و گوشارێکی ئابووری زۆر کە خراوەتەسەر موعەلیمان و زۆربەی هەرەزۆری کۆمەڵگەی موعەلیمان، لەو هۆکارانە بوون کە ڕژیمی نیگەرانی حەرەکەتی ناڕەزایەتی ئەوان کردوە. بەم هۆکارە کۆماری ئیسلامی بەردەوام ڕوانینێکی دوژمنانەی سەبارەت بە داخوازی و داواکاری موعەلیمان بووە و هەموو جۆرە ئازادی و ئەمنیەتێکی لێ زەوت و مافە ئینسانیەکانی پێشێل کردون.

لە بارودۆخێکدا کە کۆماری ئیسلامی لەگەڵ قەیرانە هەمە لایەنەکاندا دەرگیرە، لە چەند ساڵی ڕابردودا هەموو هەوڵی موعەلیمانی بۆ دروست کردنی تەشەکولێکی سینفی سەربه‌خۆ و هەموو جۆرە داخوازی و نارەزایەتییەکی مامۆستایانی بە دەرکردن، زیندان و ئەشکەنجە وڵام داوەتەوە. ڕژیمیش وەک باقی هەڵسوڕاوانی بزوتنەوە کۆمەڵایەتیەکان بە پەروەندە سازی کردنی درۆینە بۆ مۆعه‌لیمان وەک “کردەوە و هاودەستی کردن و کۆبوونەوە لەدژی ئەمنیەتی نەتەوەیی” تاوانباری کردون و لە بێدادگاکانیدا حوکمی قورسی بەسەریاندا سەپاندوە. هەر ئێستا ژمارەیەکی زۆر لە هەڵسوڕاوانی فەرهەنگی لە زینداندان. مەحمود بەهەشتی لەنگەرودی دەبیری کانونی سینفی موعەلیمانی بەم تاوانە بێ بنەمایانە بە ١٤ ساڵ زیندان مەحکوم کردوە. ڕەسوڵ بوداقی یەکێک لە ئەندامانی کانونی بەم تاوانە لە ساڵی ١٣٨٨ وە تا ساڵی ١٣٩٥ بەبێ ئیجازەی مەرەخەسی لە زیندانداهێشتەوە. ئیسماعیل عەبدیش کە لە زیندانی ئویندا زیندانیە و بە ٦ ساڵ زیندان مەحکوم کراوە، هەر بەم هۆکارە و بە هۆی بەهرەمەند نەبوون لە مافی مەرەخەسی بۆ چارەسەری پزیشکی و ئاشکرا نەبوونی دادگاییەکەی، هەر ئێستا و بۆ چەندەمین جار دەستی داوەتە مانگرتن لە خواردن.

لە ئێستادا هەموو موعەلیمان دەزانن کە لەژێر حاکمیەتی کۆماری ئیسلامیدا هیوایەک بە گوڕان لە بارودۆخی بەڕێچوونیاندا بەدی نایەت. ئەوان دەزانن کە داخوازی و داواکاریە سینفیەکانیشیان بە خێرایی بەرەو رووی وڵامی سیاسی و سەرکوت دەبێتەوە. لە نامەی ئیسماعیل عەبدیدا هاتوە:” ڕژیم بە دروست کردنی فەزایەکی ئەمنیەتی بۆ ئەو چەند تەشەکولە سەربەخۆ سینفیەی کرێکاران و موعەلیمان و کۆبوونەوە ئاشتی خوازنەکانیان و پەروەندە سازی بۆ هەڵسوڕاوانی سینفی و ئەو تاوانە سواوانە هەوڵ ئەدات ناکۆکیەکانی مەجود لە ئاستی کۆمەڵگادا کۆنترۆڵ و ڕەخنەگران سەرکوت بکات.” بەم جۆرە پێویستە بیرێکی تری بۆ بکرێتەوە. هاوڕێیەتی موعەلیمان و باقی توێژە زەحمەتکێش و بێبەشەکانی کۆمەڵگە لەگەڵ چینی کرێکار و باقی بزوتنەوە کۆمەڵایەتیەکان لە هەوڵدان بۆ روخاندنی کۆماری ئیسلامی و دامەزراندنی حاکمیەتی جەماوەری کرێکاران و زەحمەتکێشان تەنیا ڕێگاچارەی دەرباز بوونە لە بارودۆخێکی فەلاکەتبار کە کۆماری ئیسلامی سەرمایە سەبەبکاریەتی.

بابەتی پەیوەندیدار

خوێندکاران دژ بە جینۆساید پەرەسەندنی بزووتنەوەی ” دژ بە جینۆساید” لەئەمریکاوئوروپا

-

لە١٤ هەمین ساڵیادى ئێعدامی فه‌رزادی كه‌مانگه‌ر و هاوبه‌نده‌كانی دا

-

پەرەسەندنی پشتیوانی کرێکاران لە بزووتنەوەی دژە جینۆساید

-

پەرەسەندنی ڕێکخراوە جەماوەرییەکان، ئامرازێکن بۆ پێشڕەوی و گەرەنتی پاراستنی دەستکەوتەکان

-

پشت بەستن به جەلاد و پەتی سێدارە بەمەبەستی مانەوەی ڕژیم، بێ سەمەرە

-

خەبات لە دژی هەژاری، لە سەر بەستێنی ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانەی ژن، ژیان، ئازادی

-