شەپۆلی مانگرتنە کرێکاریەکان لە ناوچە جۆراو جۆرەکاندا درێژەی هەیە، داخوازی گەورەی ئەم ناڕەزایەتیانە، درانی حەقدەستە دواخراوهكان و ئەمنیەتی پیشەییە. بەڵام لەم نێوانەدا مانگرتنی سەرتاسەری شۆفیرانی کامیۆنەکان و مانگرتنی کرێکارانی ڕێگای ئاسنی سەرتاسەری، لەو نمونە کەم وێنانەی ئهم مانگانهی دوایی حەرەکەتە کرێکاریەکانە کە پڕن لە دەرس و ئەزمون. گرنگی ئەم دوو حەرەکەتە نمونەییە، نەک لە داخوازی و داواکاریەکانیاندا، کە بێ گومان دەستەبەر بوونیان واتەی سەرکەوتنه، بەڵکوو لە هاوئاهەنگ بوون و سەرتاسەری بوونی و دەرسەکانی دایە بۆ داهاتوی بزوتنەوەی کرێکاری و بزوتنەوەی ئازادی خوازنەی سەرتاسەری لە ئێران.
لە رۆژی سێشەممە ئەوەڵی جۆزەدانی ٩٧ وە، شۆفیر کامیۆنەکانی هەڵگری باری قورس، لە بانگەوازێکدا داوایان لە هاوکارانیان لە سەرتاسەری ئێران کرد دەست بدەنە مانگرتن. وڵام بەم بانگەوازە بەرین و سەرتاسەری بوو. شۆفیر کامیۆنەکان لە بەندەر عەباسەوە تا تەورێز و لە بوشەهرەوە تا کرمان، لە خۆراسانی شومالیەوە تا ڕەزەوی و تا ئوستانی مەرکەزی، لە شیرازەوە لە باشور تا بەندەر ئەنزەلی لە باکور، لە ئوستانی کوردستانەوە تا ئوستانی ئازەربایجانی رۆژئاوا و بە شێوەی گشتی لە جادەکانی هەموو جێگایەکی ئێران بە ڕاوەستان لە مەسیری جادەکاندا ناڕەزایەتی خۆیان لەدژی لەخوارەوە بوونی کرێ و گرانی زۆر پیشاندا. لە هێندێک شوێن میتینگ و کۆبونەوەیان بەڕێوەبرد. لە ماوەی دوو رۆژی دواییدا بەرپرسانی ناوچەیی بە بڵاو کردنەوەی کۆمەڵێک دەمگۆ و شایعات دەربارەی قەبوڵ کرانی داخوازی مانگرتوان، هەوڵیاندا، لە ڕیزی یەکگرتوی ئەواندا کەلێن دروست بکەن، بەڵام شۆفیرەکان ڕایانگەیاند کە تا ڕاگەیاندنی ڕەسمی قوبوڵ کرانی داخوازیەکانیان لە لایەن بەرپرسانی باڵای حکومەتیەوە و بهڕێوهبردنی بوونی بەکردەوە، درێژە بە حەرەکەتهكهی خۆیان ئەدەن.
لە نمونەیهكی تردا شاهیدی پەرەسەندنی مانگرتن و ناڕەزایەتی کرێکارانی ڕێگای ئاسن لە شارە جۆراو جۆرەکانی ئێرانین. شەپۆلی نوێی مانگرتن لە بەشە جۆراو جۆرەکانی ڕێگای ئاسنی ئێران لە رۆژی ٢٠ ی مانگی گوڵانەوە لە مەحوەتەی ئیستیگای ڕێگای ئاسنی شاری تەورێز دەستی پێکرد. رۆژی شەممە ٢٢ ی مانگی گوڵان کرێکارانی شیرکەتی تراورس و هێڵی ئەبنیەی ڕێگای ئاسن لە ناڕەزایەتی بە نەدرانی ٤ مانگ حقوقی دواخراویان مانیانگرت. لە هەمان رۆژدا کرێکارانی مانگرتوی ڕێگای ئاسنی زەنجان لە بەرانبەر ئوستانداری ئەم شارە، لە ناڕەزایەتی بە وەرنەگرتنی ٤ مانگ حقوق و ١١ مانگ بیمە کۆبوونەوە. رۆژی دووشەممە ٢٤ ی مانگی گوڵان کرێکارانی ڕێگای ئاسنی ئیسفەهان لە ناڕەزایەتی بە نزیکەی ٤ مانگ حقوقی نەدراویان و لە ناڕەزایەتی بە نەدرانی چەندین مانگ هەزینەی بیمەی تەئمینی کۆمەڵایەتی و نزیکەی ١٤ مانگ بیمەی خەدەمات دەرمانی، مانیانگرت و لە بەردەم مودیریەتی شیرکەت کۆبوونەوە. رۆژی دووشەممە ٢٤ ی مانگی گوڵان کارمەندانی شیرکەتی تراورس ی ڕێگای ئاسنی مەشهەد، لە ناڕەزایەتی بە حقوقی دواخراویان و بارودۆخی خراپی بەڕێچوونیان دەستیان دایە مانگرتن. رۆژی سێشەممە ٢٩ ی مانگی گوڵانی ٩٧ یش کرێکارانی تراورس گوڵستان- گورگان لە ناڕەزایەتی بە نەدرانی حقوق و واریز نەکرانی حەقی بیمە، لەبەردەم دەفتەری ئەم شیرکەتە کۆبوونەوە. ههر لەم رۆژەدا کرێکارانی ڕێگای ئاسنی وەرامین دەستیان دایە مانگرتن و بەریان بە حەرەکەتی قەتارەکان گرت. رۆژی سێشەممە ٣١ ی مانگی گوڵان، ژمارەیەک لە کرێکارانی ڕێگای ئاسنی ئەندیمشک لە ناڕەزایەتی بە نەدرانی حەقدەستە دواخراوەکانیان، بۆ سێهەمین رۆژی بەردەوام درێژەیان بە مانگرتنەکەیاندا.
گرنگی ئەم رووداوانە لەم ڕاستیە دایە کە بزوتنەوەی کرێکاری ئێران گەیشتۆتە ڕادەیەک لە توانایی كه حهرهكهتی هاوئاهەنگ و سهرتاسهری له سێنفه یەک دەستەکاندا بهڕێوهبهرێت. مانگرتن و ناڕەزایەتی بەشێوەی گشتی بەشێکی جیانەکراوەی مەوجودیەتی چینێکە کە ههموو سەروەت و نێعمەتی کەڵەکە کراوی ئەم کۆمەڵگایە بەرهەمی کار و ڕەنجی ئەوە. حەقدەستێک کە سەرمایەداران دەیدەن بە کرێکاران تەنیا بەشی ژیانێکی مەمرە و مەژی خۆیان و بنەماڵەکانیان دەکات بۆ ئهوهی بتوانن سبەی رۆژ سەرلەنوی بچنەوە سەرکار و دیسان بچەوسێنەوە و قازانج بەرهەمبێنن. بەڵام قسە لەسەر نەفسی مانگرتنی کرێکاری و گرینگی لە ژیانی ئەمرۆی کرێکاران و لە ئامادەکاری بۆ دنیایەکی باشتر لە سبەی رۆژ دا نیە. قسە لەسەر پێویستی هاوئاهەنگی و سەرتاسەری بوونی ئەم حەرەکەتانەیە.لە ئاوا مەسیرێک دایە کە هەم خاوەنکاران و دەوڵەت بۆ قەبوڵ کردنی داخوازی کرێکاران دهكهونه ژێر گوشاری زیاتروە و هەم بزوتنەوەی کرێکاری لهڕووی وشیاری و ڕێكخرابوونهوه هەنگاوێکی گهوره بهرهو پێش ههڵدهگرێ.
جێگای بەتاڵی ئاخێزە خیابانیەکان تا دروست کردنی بارودۆخێکی لەبار بۆ ئاخیزەکانی دواتر، دەکرێ بە مانگرتنی بەردەوام لە ناوەندە کرێکاریەکان و ئیدارە و شوێنەکانی خوێندن پڕ بکرێتەوە. کرێکاران، دەتوانن پێشقەراوڵانی ئەم حەرەکەتانە بن. دامرکانەوەی ناڕەزایەتیە خیابانیەکان دەتوانێ شەپۆلێک لە مانگرتنی کرێکاری و جەماوەری بەشوینەوە بێت. ئەم ناڕەزایەتیانە دەتوانن ببنە بەستێنێکی گونجاو بۆ دروست بوونی ڕێكخراوه جەماوەرییەکان لە شوێنەکانی کار و ژیاندا. ئەم مانگرتنانە ئەگەر بێت و بەردەوام بن و لایەنی سەرتاسەری ببنهوه، ڕژیم ئیفلیج دهكهن. مێژوو شاهیدە کە ٤٠ ساڵ لەوەپێش، پشتی ڕژیمی شا نەک له خۆپیشاندانی خیابانی رۆژەکانی تاسوعا و عاشورا، بەڵکوو له مانگرتنە بەردەوام و سەرتاسەری و هاوئاهەنگ لە ڕشتە جۆراو جۆەرەکاندا، شکا.
مانگرتن، توانایی کردار و مانۆری هێزە سەرکوتگەرەکانی دوژمن بەرتەسک دەکاتەوە و ئەوان زەوی گیر دەکات. لە جەریانی مانگرتندا خەڵکی تێکۆشەر لە ئاستی جەماوەری تردا هەست بە پێویستی ڕێکخراو بوون دەکەن. دەرفەتیان دەبێت تا خاڵە بەهێز و لاوازەکانی حەرەکەتی تا ئهوكاتی خۆیان بناسن و ئەزمونی خۆیان بۆ خەباتی چارەنوس سازی داهاتو دەوڵەمەند تر بکەن.
کۆماری ئیسلامی بە سپای پاسدارانیەوە وەک گەورە ترین خاوەنکاری وڵات تا کاتێک کە بەرەو رووی مانگرتنی سەرتاسەری و هاوئاهەنگ و هاوکات نەبێتەوە، گوێ بە داخوازی و حەرەکەتە پڕژوبڵاوکان نادا. بەڵام لەگەڵ هەر حەرەکەتێکی هاوئاهەنگ و سەرتاسەریدا ترس سەرتاپای لەشیان دادەگرێت. بارودۆخی ئێستای سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی ئێران پێمان ئەڵی کە کاتی گوشاری سەرتاسەری هاوئاهەنگی جەماوەری و کرێکاری بۆسەر ڕژیمی کۆماری ئیسلامی هاتووە.