کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

دواکەوتویی ئابووری کوردستان و مانگرتنی کاسبکار و بازاڕیان

دەورێکی نوێ لە مانگرتنی کاسبکاران و بازاڕیان لە شارەکانی کوردستان دەستی پێکردوە. کانونی ناڕەزایەتیەکانی ئەم دواییە شاری جوانرۆ بووە و خەبەر دێت کە ئێستا کاسبکارانی شارەکانی مەریوان، بانە ئەورامانات، سەقز، سەردەشت، پیرانشار و ناوچەی تەرگەوەڕ و مەرگەوە لە ورمێش بەم مانگرتنەوە پەیوەست بوون. مانگرتوان هەموو رۆژێک وێڕای ڕێپێوان و دانی دروشم داواکاری و متالباتی خۆیان دێننە گۆڕێ. ئەوان لە داخرانی سنورەکان، لە کوشتنی کۆڵبەران و لە زیاد بوونی تەعرەفە گومرکیەکان ناڕازین. خەڵکی مانگرتو لە حەرەکەتێکی نمادین دا بە ڕاخستنی سفرەی بەتاڵ لە سەر شەقامی شارەکان ناڕەزایەتیان لە بارودۆخی خراپی کار و کاسبی خۆیان نیشان ده‌ده‌ن. کاربەدەستانی دەوڵەتی بە جێگای وڵام دانەوە بە داخوازی مانگرتوان، هێزە ئینتیزامیەکانیان خستۆتە حاڵەتی ئامادە باشیەوە و دەستیان کردوە بە هەڕەشە کردن لە مانگرتوان. لە عەینی حاڵدا تەقە کردن لە کۆڵبەر و کاسبکارەکانی سەرسنور هەروا دەرێژەی هەیە. خەبەر دەگات کە لەم رۆژانەی دواییدا دەیان سەر ئەسپ و قاتری کاسبکاران لە لایەن هێزەکانی ڕژیمەوە لەسەر سنورەکان کوژراون و بارەکانیان لە لایەن سنور پاریزەکانی کۆماری ئیسلامیەوە تاڵان کراوە.

ئامارەکان نیشانی ئەدەن کە لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردەودا ٢١٢ کۆڵبەری زەحمەتکێش لەسەر سنورەکان گیانیان لە پێناو دەستەبەر کردنی نانێکی مەمرەو ومەژیدا به‌ختكردووه‌. زۆربەی ئەم زەحمەتکێشانە بوونەتە ئامانجی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە جەنایەتکارەکان لەسەر سنورەکان و هێندێکیشیان له‌ڕێگا سنووریه‌كاندا کەوتونەتە بەر باهۆز و ڕنوی بەفر و سەرما و گیانیان لەدەستداوە.

بێکاری بەرین و دواکەوتویی ئابووری کوردستان بۆتە هۆی ئەوەی کە ژیانی بە ملیۆن کەس لە خەڵک بە شێوەی جۆراو بە ئاڵووێری کالا لە سنورەکانەوە گرێ بدرێت. کۆماری ئیسلامی لە حاڵێكدا سنورەکان دادەخات و کاسبکاران دەکاتە ئەمانجی هێرشی وەحشیانەی خۆی، کە بێکاری بەرین و گرانی سەرسام ئاوەری پێداویستیە سەرەتاییەکان، خەڵکی کوردستانی زیاتر لە هەر کاتێکی تر خستۆتە ژێر گوشارەوە. ئەم ڕژیمە لە درێژەی سیاسەتی سەرکوتگەرانەیدا بە دیوار دروست کردن، کاناڵ لێدان و زیاتر کردنی پۆستی کۆنترۆڵ، ئەم باریکە ڕێگایانەشی داخستوە و بەوەشەوە نەوێستاوە و بە تەقە کردن و هێرشی وەحشیانە بۆسەر ئەم ئینسانە زەحمەتکێشانە، سەروەت و سامانیان تاڵان دەکات و ژیانیان دەخاتە مەترسیەوە.

کوردستان لەباری ئابوورییەوە یەکێک لە دواکەوتو ترین ناوچەکانی ئێرانە. ئەم راستیە لە گشت بوارەکانی ژیانی خەڵکی ئەم ناوچەیەدا و لە گشتیان بەرچاوتر لە ڕێژەی بێکاریدا دەکرێ ببیندرێت. بێکاری لە ئوستانە کورد نشینەکانی رۆژئاوای ئێراندا بەردەوام روی لە بەرز بوونەوەیە. ئەگەرچی ناوەندی ئاماری ئێران خۆی لە دانی ئاماری دەقیق دەپارێزێ، بەڵام ڕواڵەتی ژیان لەم ئوستانانەدا نیشانی ئەدات کە ئەم ڕەقەمە دەتوانێ تەنانەت لەسەروی ٥٠ لەسەدیشەوە بێت. ئەگەرچی گەشەی سەرسوڕ هێنەری بێکاری لە ئێران بۆتە بابەتێکی سەرتاسەری، بەڵام لەم بوارەدا کوردستان تایبەتمەندی خۆی هەیە و زۆر ترین سەهمی لە گرفتە گەورە کۆمەڵایەتییەکاندا بەسەر شانەوەیە. هۆکاری ئەم تایبەتمەندیە دەکرێ لە دواکەوتویی ڕاگیرانی بە ئانقەستی ئابووری کۆمەڵگای کوردستان و هەڵاواردنی سەرچاوەگرتو لە بوونی ستەمی نەتەوایەتیدا لە هەردوو دەورەی حکومەتەکانی پەهلەوی و ئیسلامیدا ببیندرێت. ئاسواری سەرچاوە گرتوو لەم ستەمە مێژووییە بە هیچ پەردەپۆش کردن و پاساو و درۆیەک لە لایەن کاربەدەستانی حکومەتیەوە حاشای لێناکرێت.

ئابووری بێ ڕەونەق، ناوەندی کاری داخراو و نیوە داخراو، کەشاوەرزی پێشنەکەوتو، ناوەندە توریستیە لەبیر کراوەکان، هەژاری و دەستکورتی، خزمەتگوزاری ناچیز، بێکاری بەرین، نرخی بەرزی مەرگ و میری منداڵان و ژنانی دوگیان، لەخوارەوە بوونی تەمەنی مامناوەند، کەشی بەردەوامی میلیتاریستی، گرتن و زیندانی کردنی بەردەوام بە هۆی دیفاع کردن لە مافە سەرەتاییەکانیان، بەگشتی لە نیشانەکانی ڕوانینی تایبەتی ڕژیم لەم ناوچەیە و لە دەرکەوتەکانی ستەمی نەتەوایەتین.

ڕاستیەکەی ئەوەیە کە کوردستان بە بەهرەمەن بوون لە پێگەی ئیستراتیژیکی و سەرچاوەی دەوڵەمەندی سروشتیەکانی، لە بارودۆخیکی گەلێک گوناجو و خاوەن ئیستعداد بۆ گەشەی ئابووری لە کەرتەکانی کشتوکاڵ، پیشەسازی و خزمەتگوزاری بەهرەمەندە. بەڵام بە کردەوە نە تەنیا هیچ سەرنجێک نه‌دراوه‌ته‌ ئەو زەرفیەتانەی كه‌ هەیەتی، بەڵکو ئاگاهانە و بە ئانقەست ڕێژەی سەرمایە گوزاریە دەوڵەتیەکان لەم ناوچەیە ساڵ لەگەڵ سال کەمتر دەبێتەوە و ڕەوتی گەشەی ئەم ناوچەیە بەرەو کەم بوونەوەیە. کوردستان وێڕای ئیستعدادە تایبەتیەکانی لە بواری کەشاوەرزیدا و بوونی سەرچاوەی دەوڵەمه‌ندی سروشتی، خاوەنی گەلێک دیمەنگای سروشتی، شوێنی سەرنج ڕاکێشی توریستی، فەرهەنگی و مێژووییە کە لە شێوەی خۆیدا کەم نەزیرن و خاوەنی ئەو تواناییە هەن کە ببێتە جەمسەرێکی گەردشگەری.

ئەم ڕادەیە لە دواکەوتویی لە بەشی پیشەسازی، مەعدەن، کشتوکاڵ، خزمەتگوزاری و گەردشگەری، لە ناگونجێ لەگەڵ قابیلیەتەکانی کوردستان، لە خۆڕا نییە، شاخسی پەیڕەوکرانی سیاسەتی دوژمنكارانه‌ی عەمدی بە ئاشکرا لەدژی شارۆمەندانی ئەم ناوچەیە لە ڕەوالەت و دەرکەوتەکانی بوونی ستەمی نەتەوایەتییە.

بەڵام کلیلی چارەسەری ئەم بابەتە لە دەستەبەر بوونی بەرنامەکانی کۆمەڵەدایە بۆ حاکمیەتی خەڵک لە کوردستان. بەرنامەیەک کە ئامانجەکەی دەست ڕاگەیشتنە بە مافی دیاری کردنی چارەنووسی خەڵکی کوردستان و سپاردنی بەڕێوەبردنی کاروباری ئەو ناوچەیە بە دەستی بە توانانی خەڵکەکەی لە نیزامێکی شوڕاییدا. حکومەتی شوڕایی خەڵکی کوردستان، پەێڕەو کردنی ئیرادەی ڕێکخراو و هەرچی بەرین تری کرێکاران و زەحمەتکێشان لە ژیانی ئابووری و سیاسی خۆیاندا فەراهەم دەکات و سەرجەم زەرفیەتەکانی ئابووری مەجود لە کوردستان دەخاتە خزمەت گەشە و دابین بوونی داخوازییە ڕیفاهیەکانی خەڵکەوە. حکومەتی شوڕایی خەڵکی کوردستان سەرجەمدامەزراوە پیشەسازی و بازرگانیەکانی سەربە ڕژیمی کۆماری ئیسلامی و مەوقوفات دەخاتە ئیختیار خۆیەوە و ماڵیاتی تەساعودی بەسەر ئیرس و سەروەت و دارایی و بەسەر داهاتەکانی بەرهەم هاتو لە مالیکیەتی وەسایلی بەرهەمهێنان و ئاڵوگۆڕی کالادا دەسەپێنێ و لەم ڕێگایەوە سەرچاوەی ماڵی پێویست بۆ گەشەی ئابووری کورستان دابین دەکات. حکوموتی شورایی خەڵکی کوردستان تا کاتێک کە بەرنامە دیاری کراوەکانی بۆ پەرەدان بە ناوەندەکانی بەرهەمهێنان و قەرەبووی دواکەوتوییە ئابووریەکانی سەرچاوەگرتو لە هەڵاواردنی نەتەوەیی بە هەزینەکانی دەوڵەتی ناوەندی دابین دەبێت و تا کاتێک کە سەرچاوە سروشتیەکانی ئێران ده‌خرێتە خزمەت ڕیفاهی گشتی کۆمەڵگاوە و ئیجرای پڕۆژەکان بۆ یەکسان سازی نەتەوەکانی دانیشتوی ئێران، دەبێت داهاتی بەرهەمهاتو لە سەرچاوە سروشتیەکانی کوردستان دەخاته‌ خزمەت بەرنامە ڕیفاهیەکانی ناوچەکەوە. بە ئیجرای ئەم بەرنامانەیە کە کۆمەڵگای کوردستان دەتوانێ ببێتە یەکێک لە کۆڵەکەکانی دەستەبەر بوونی کۆمەڵگای سۆسیالیستی لە ئێراندا.

بابەتی پەیوەندیدار

کەمپینی هاوپشتی لەگەڵ خەڵکی فەلەستین تا دێت بەربڵاوتر دەبێت

-

ڕژیم، بە پێشێلکردنی مافی مرۆڤ، گۆڕی خۆی زیاتر هەڵدەکەنێ

-

بەرەو بەرزڕاگرتنی هەرچی شکۆدارتری ڕۆژی جیهانی کرێکاران

-

توندتربونەوەی گوشارەکانی کۆماری ئیسلامی بۆسەر مامۆستایانی مافخواز

-

ڕژیمی ئیسلامی لە سەنگەری سەپاندنی حیجابی ئیجباری، پاشەکشەی پێدەکرێت

-

شەڕ ئامرازێک لە دژی خەڵک، لە خزمەت مانەوەدا

-