ڕۆژی شه‌ممه ١٧ی مانگی ڕه‌زبه‌ر، كرێكارانی شێركه‌تی حه‌وت ته‌په به بڕیارێكی به‌كۆمه‌ڵ ڕۆشتوونه‌ته ئه‌هواز و له به‌رانبه‌ر بینای پارێزگاری خووزستان ڕۆژی دوازده‌هه‌می مانگرتنه‌كه‌یان به‌ڕێوه برد.
كرێكارانی شێركه‌تی حه‌وت ته‌په خوازیاری جێبه‌جێ بوونی ته‌واوی خواست و داواكارییه‌كانیان هه‌روه‌ك وه‌رگرتنی حه‌قده‌سته دواخراوه‌كان، دیاری كردنی چاره‌نووسی به‌ڕێوبه‌ری شێركه‌ت، گه‌ڕانه‌وه‌ی هه‌موو كرێكارانی ده‌ركراو بۆ سه‌ر كاره‌كانیان، تازه كردنه‌وه‌ی گرێبه‌ستی كرێكارانی وه‌رزی و به‌شی ئافات، ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی كشت و كاڵ و نوێژه‌نكردنه‌وه‌ی كارخانه‌كه و كۆتایی هێنان به پڕۆسه‌ی دادگایی كردنی پارێزه‌ره‌كه‌یان بوون. شایانی باسه ئه‌و كرێكارانه له ڕۆژی هه‌ینی به كۆبوونه‌وه له به‌رانبه‌ر فه‌رمانداری و ده‌نگدانی به كۆمه‌ڵ بڕیاریان دابوو كه ئیتر له ڕۆژی شه‌ممه‌وه له به‌رانبه‌ر پارێزگاری خووزستان درێژه به كۆبوونه‌وه‌كان بده‌ن.