کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

درێژە و پەرەسەندنی گرتنی هەڵسوڕاوانی سیاسی مەحکومە

 

لەگەڵ درێژە و توند بوونەوەی گرتنی هەڵسەڕاوانی کرێکاری و باقی بزوتنەوە کۆمەڵایەتیەکان، لە چەند رۆژی ڕابردودا ناڕەزایەتیەکی بەرین لەدژی کۆماری ئیسلامی لە نێوخۆ و دەرەوەی وڵات بەڕێوەچووە. تەشەکولە کرێکاریەکان، کەسایەتی و ناوەندەکانی دیفاع لە مافەکانی مرۆڤ، و تەشەکولە سینفیەکان بە دەرکردنی کۆمەڵێک ڕاگەیاندن و ناردنی نامە و ئاکسیۆن سەبارەت بە دەستبەسەر کردن، بەندکران و محاکەمە و زیندانی کرانی هەڵسوراوانی کرێکاری، ژنان، مۆعهلیمان، هەڵسوڕاوانی ژینگە و وەکیلەکان و داکۆکی کارانی زیندانیانی سیاسی، کۆماری ئیسلامیان دایەبەر ڕەخنە و ناڕەزایەتی. ماوەیەک لەوە پێش کرێکارانی موجتەمەعی نەیشەکەری حەوت تەپە لە نامەیەکدا بۆکۆمیتەی ئازادی سازمانی جیهانی کارشکایەتی خۆیان لە درێژەی بەندکران و سەرکوت و ئەشکەنجەی زیاتر لە٥٠ کەس لە هەڵسوراوانی کرێکارای نەیشەکەری حەوت تەپە و هەڕەشە و بانگ کردنی کرێکارانی تر دەربڕی. لە بەشێک لەو نامەیەدا سەبارەت بە نوێنەرەکەیان ئیسماعیل بەخشی نووسی بوویان،:” ئەو یەکێک لە نوێنەرانی سادق و شێلگیری ئێمەیە کە زیاتر لە ٦ مانگە بۆ جاری دووهەم گیراوە و لە زیندان لەژێر ئەشکەنجەدا تا ئاستی مردن چووە.” لەم نامەیەدا وێڕای رووون کردنەوەیان لە پێوەند لەگەڵ گیران و ئەشکەنجەی باقی هەڵسوراوان لەوانە سپیدە قولیان و عەلی نەجاتی و باقی هەڵسوراوان، داوایان لەم سازمانە کردوە بە شکایەتەکانیان ڕەسیدەگی بکات.

ناوەندێک بە ناوی کانوونی داکۆکیکارانی مافەکانی کرێکاریش رۆژی سێشەممە ٣٠ مانگی پوشپەڕ، لە ڕاگەیاندنێکدا لەژێر ناویبۆ پشتیوانی لە زیندانیانی سیاسی بێینە مەیدا، وێڕای روون کردنەوەی گوشاری زۆر بۆسەر ژیان و بەڕێچوونی کرێکاران، زەحمەتکێشان، موزد بگیران و خانەنشینان، سەبارەت بە گرتن و زیندانی كردنیان ناڕەزایەتیان دەربڕی خوازیاری ئازادی خێرایان بوون. ئەم کانونە سەبارەت بە گیران و بیلاتەکلیفی کرێکارانی حەوت تەپە لەوانە ئیسماعیل بەخشی، سپیدە قولیان، ساناز ئەللایار، ئەمیر حسێن محەممەدی فەرد و ئەمیر ئەمیرقولی ناڕەزایەتیان دەربڕی و خوازیاری ئازادی هەرچی زووتریان بوون. ئەم راگەیاندنە هەروەها خوازیاری ئازادی گیراوەکانی ئەوەڵی مانگی مەی رۆژی جیهانی چینی کرێکار بووە و نووسیویەتی کە:” ژمارەیەک لەوان لەوانە نیدا ناجی، عاتیفە ڕهنگریز، مەرزیە ئەمیری و ئانیشا ئەسەدولاهیش هەروا لە زینداندان و ئەوانەشی کە ئازاد کراون بەردەوام لەژێر هەڕەشە و ترسی دەزگا ئەمنیەتیەکاندان“. ئەم ناوەندە داوای لەخەڵکی ئازادی خواز کردوە بۆ ئازاد کرانیان بێنە مەیدان و دیفاعیان لێبکەن.

  لە لایەکی دیکەوە رۆژی دوو شەممە ٣١ ی مانگی پوشپەڕیش ٥ ئەنجومەنی کرێکاری و وەستاکارانی بیناسازی کوردستانیش بەیانیەکی هاوبەشیان لە کاناڵی تێلگڕام دا بڵاو کردەوە. لەم بەیانیەدا ئاماژە کراوە کە تاوانی ئیسماعیل بەخشی و باقی زیندانیانی حەوت تەپە و فولادی ئەهواز هیچ شتێک نییە بێجگە لە خهبات لهپێناوی نانی سفرەی کرێکاران. کەوایە بەرخوردی ئەمنیەتی لەگەڵ ماف خوازی کرێکاران مەحکومە. ئەوان وێڕای روون کردنەوەی بارودۆخی نابەسامانی ئابووری، نەبوونی ئەمنیەتی پیشەیی و ژیان لەژێر هێڵی هەژاری زۆربەی هەرەزۆری کرێکاران و خەڵکی ئێران، وێڕای پشتیوانی لە گیراوەکانی حەوت تەپە خوازیاری ئازادی خێرا و دەستبەجێی ئەوان بوون.

لە دەرەوەی وڵاتیش هەر هەمان رۆژی دووشەممە ٣١ ی مانگ بە سەدان کەس لە هەڵسوراوانی سیاسی و کرێکاری سەندیکایی و مافەکانی مرۆڤ خوازیاری ئازادی هەڵسوراوانی کرێکاری، خوێندکاری، فەرهەنگی و هەڵسوڕاوان و داکۆکی کارانی ژینگەیی لە زیندانی ڕژیم بوون. ئەوانیش لە ڕاگەیاندنەکەیاندا نووسیان کە: ئێمە کۆمەڵێک لە هەڵسوراوانی کرێکاری، سیاسی و مافی مرۆڤ، گرتن و زهخت خستنهسهر هەڵسوڕاوانی کرێکاری سەندیکایی، مەدەنی، ژینگەیی و سیاسی کە بە تاوانی ناڕاست لە لایەن ناوەندە ئەمنیەتی و قەزاییەکانی حکومەتەوە مەحکوم و زیندانی کراون بە توندی مەحکوم دەکەین. وێڕای دەربڕینی هاوپشتی لەگەڵ ئەوان و بنەماڵەکانیان، خوازیاری هەڵوەشاندنەوەی ئەحکامی زاڵمانە، ئازادی بێ شەرت و مەرجی ئەوان و ڕەچاو کرانی مافی هاووڵاتیی و مەدەنین.

لهڕاستیدا زیندانەکانی ڕژیمی جەهل و جەنایەتی ڕژیمی ئیسلامیی لە هەمان سەرەتای حاکمیەتەکەیەوە پڕ بووە لە ئینسانە تێکۆشەرەکان و هەڵسوراوانی سیاسی لە گشت بوارەکانی حەیاتی کۆمەلایەتیدا. پر بووە لە هەڵسوراوانی کرێکاری، خوێندکاری، ژنان، مۆعهلیمان، و هەڵسوراوانی ژینگە پارێز و خەباتگێڕانی نەهێشتنی ستەم و دەستەبەر بوونی مافە نەتەوەیی و مەزهەبیەکان. ئەم ڕژیمە جەنایەتکارە بۆ پاراستنی ئەم نیزامەی جەهل و چەوسانەوەیهتا ئێستا بە دەیان هەزار کەسی لەوان لە سیاچاڵەکانیدا ئەشکەنجە، ئێعدام و بێ سەروشوێن کردوە. لە دوژمنایەتی لەگەڵ ئەم ئینسانە شەریف و هەڵکەوتوانەی کۆمەڵگادا لە هیچ جەنایەتێک چاوپۆشی نەکردوە. ئەوانی بە تاوانی درۆینە و بە یاسای پڕتوکاوی ئیسلامی بردۆتە بێدادگاکان و ئەشکەنجە و ئەزیەت و ئازاریان ئەدات تا کەس نەوێرێ لە بەرانبەر حاکمیەتی زاڵمانە و چەوسێنەرانەیاندا ڕابوەستێت. تا بتوانێ بە داسەپاندنی هەژاری و فەلاکەت بەسەر زۆربەی کۆمەڵگادا مناسباتی کار و سەرمایە بە وەحشیانە ترین شێوە بە قازانجی مۆرەکانی حاکمیەت و سەرمایەدارانی سەربە خۆی و بە زیانی کرێکاران و زەحمەتکێشان بە کردەوە دەربێنێت و گەندەڵی و دزی و تاڵان درێژە پێبدەن. کۆماری ئیسلامی بە شێوەی مێژوویی و بە تایبەت لە قۆناغێکدا کە سیاسهتی کۆنەپەرهستانە و زێدە خوازانهی پڕ خەرجی توشی شکست هاتوە، بۆ پێكهێنانی ترس و وەحشەت و بێدەنگ کردنی کۆمەڵگا بە پشت بەستن بە ئێعدام لە خوێنی هەزاران زیندانی دیل لە زیندانەکانیدا هەزینە کردوە.

  ئێستاش کە لەبەر درێژە و بەرەو پێش بردنی سیاستە کۆنەپەرستانە و دژی ئینسانیەکانی بەرەو رووی قەیرانی قوڵی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتی و نێودهوڵهتی بۆتەوە و ڕێگای دەرچوون و ڕزگار بوونی لێی نییە، دەستی داوەتە زیاتر کردنی گرتن و زیندانی کردن و گوشار بۆسەر زیندانیانی سیاسی و تەنانەت ئێعدام کردنیان بەو خەیاڵەی کە جەماوەری خەڵکی ناڕازی جاوترسێن بکات. غافڵ لەوەی کە بۆ خەڵکی وەگیان هاتوو لە حاکمیەتی هەژاری و برسیەتی و خەفەقان، ئیتر سەرکوت ناتوانێ کاراییەکی ئەوتۆی هەبێت و ڕزگاری بکات. ئیتر ڕژیم بەم شگردانەی ناتوانێ دەیان ملیۆن خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێشی هەژار و برسی لە چوون بەدوای داخوازیەکانیاندا پەشیمان بکاتەوە. دوور نییە ئەو کاتەی کە جەماوەری خەڵکی برسی و توڕە لە ئاستی ملیۆنیدا بێنە سەر شەقامەکان و ڕێکخراو و یەکگرتو بەساتی حاکمەیتی گەندەڵی و دزی و جانایەتەکانی تێکوپێک بدەن و دەرگای سیاچاڵەکانی بشکێنن و ئازیزانی بەند کراویان ڕزگار بکەن.

بابەتی پەیوەندیدار

بەرەو بەرزڕاگرتنی هەرچی شکۆدارتری ڕۆژی جیهانی کرێکاران

-

توندتربونەوەی گوشارەکانی کۆماری ئیسلامی بۆسەر مامۆستایانی مافخواز

-

ڕژیمی ئیسلامی لە سەنگەری سەپاندنی حیجابی ئیجباری، پاشەکشەی پێدەکرێت

-

شەڕ ئامرازێک لە دژی خەڵک، لە خزمەت مانەوەدا

-

ناڕەزایەتی جیهانی لەدژی بەردەوامبوونی جینۆسایدی ئیسرائیل لە غەززە

-

داماویی و بێدەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی لە ئاست ژنانی ئازادپۆش

-