کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

داسەپاندنی پەرچەم، سەرەتای داسەپاندنی بێ مافی بەسەر خەڵکدا

لەگەڵ پەرەسەندنی شۆڕشیژن، ژیان، ئازادیگوروپە جۆراو جۆرە سیاسیەکان، زیاتر لە دەرەوەی وڵات، هەر کامە و خەریکی وێناکردنی وێنەی خۆیان لە دەسەڵاتی سیاسی دوای روخانی کۆماری ئیسلامین. تا ئێرەی بابەتەکە، هەر پێگەیەک بۆ ئەم جۆرە هەوڵانە لەبەرچاو بگرین، مەسەلەیەکی گەلێک سروشتیە و خۆی لە خۆیەوە ئیرادێکی نییە. بەڵام لەم نێوانەدا ناسیونالیستە توندڕەوەکان لە تەیفی سەڵتەنەت خوازان، لە دەرەوەی وڵات و لە ڕاگەیەنەرەکاندا پێیان لەوە زیاتر ڕاکێشاوە و بە شێوازی دژی دیموکراتیک و دوو بەرەکی نانەوەشەڕی ئاڵایان خستۆتە ڕێ.

سەڵتەنەت خوازەکان کە ناتوانن دنیایەکی باشتر لەوەی لە ماوەی سەد ساڵی ڕابردودا لە دەورانی پەهلەویەکان و کۆماری ئیسلامی بەسەر خەڵک سەپاودا وێنا بکەن، بە توندوتیژی فیزیکی، بە سوکایەتی و لۆمپەنیزمی سیاسی، هەوڵ ئەدەن گرایشە سیاسیەکانی تر و نیشانەکان، سیمبول و ئاڵاکانیان وەلا بنێن.

لەو وڵاتانەدا کە ئەمڕۆ سەڵتەنەت خوازەکان شەڕی پەرچەمیان تێدا خستونەتە ڕێ، هەر وڵاتێک تەنانەت بە دانیشتوانی کەمیشەوە، دەیان پەرچەمی ئوستانی، نەتەوەیی، هێمای سیاسی و جنسیەتیان تێدا دەشەکێتەوە. سرودی نەتەوەیی جیاوازبوونی هەیە، ئینسانەکان بە زمانی جۆراوجۆر قسە دەکەن، جلوبەرگی جیاواز لەبەردەکەن، ئەرزش و بایەخی جیاواز نوێنەرایەتی دەکەن، لە کۆتاییدا کاتێک ناڕەزایەتیەک بە ئامانجێکی هاوبەشەوە بەکەوێتە ڕێ، کەسەکان مافەکانی یەکتر ڕەچاو دەکەن و لە پاڵ یەکتردا بە هێما و سیمبولەکانی خۆیانەوە دەردەکەون. بەڵام سەڵتەنەت تەڵەبە ئێرانیەکان ئەم لانیکەمی فەرهەنگە دیموکڕاتیکەش لە شوێنێک کە تێیدا دەژین، فێر نەبون.

تا ئەو جێگایەکی بە ئاڵای نەتەوەیی هەر وڵاتێک دەگەڕێتەوە، قاعیدەتەن ئەم جۆرە هێمایانە، لە کۆڕ و ناوەندی مەشروع و یاسایی هەڵبژێردروای خەڵکدا پەسند دەکرێن و ڕیفڕاندۆمیان بۆ بەڕێوەدەچێت. بەڵام ئەو سەڵتەنەت تەڵەبانەی ئێمە قسەیان لەبارەوە دەکەین کە خۆیان بەنیژادی بانتردەزانن، بە داخوازی کەمینەوە هەوڵ ئەدەن تا پەرچەم، سیمبول و سرودی ڕەگەزپەرستانە و تەبعیز ئامێزی خۆیان وەک داخوازی گشتی نیشان بدەن و بە زۆر بەسەر ئەوانی تریدا بسەپینن. لە بزوتنەوەی ژینا و شۆڕشیژن، ژیان، ئازادیدا بە تەعبیری شێعرێکی جوانی فەریدون موشیری کە ساڵانێک لەوەبەر هۆنیویەتەوە:” بەسەر سەرمانەوە سێبەری ئەهریمەنە، کاوەی داهاتوی ئێرانیش ژنە، نەتەوەگەرا توندڕەوەکان دەیانەوێ شێرێکی نێری دڕندە بە دروشمیخودا. شا. مەیهەنبەسەر خەڵکی بێزار لە مەزهەب و هەڵاواردنی جنسیەتی و چینایەتیدا بسەپێنن.

  سەڵتەنەت خوازە توندڕەوەکان کە کەمپەینی درۆینەیمن وەکالەت ئەدەمیان لە گەرمەی شۆڕشی بەردەوام لە وڵاتدا خستە ڕێ، بە کردەوە بوونە هۆکاری دروستبوونی دووبەرەکی لە ڕیزی ناڕازیاندا و کات کڕین بۆ دەزگای سەرکوتی کۆماری ئیسلامی.

زۆربەی هەرە زۆری خەڵکی ناڕازی لە نیوخۆ و دەرەوەی وڵات، لە هەردوو نیزامی سەڵتەنەتی و کۆماری ئیسلامی تێپەڕیون. ئەزمونی یەک سەدەی ڕابردو نیشانی ئەدات کە دەربار و سەڵتەنەت، دەزگای مەزهەب و ئاخوندەکان بەشی سەرەکی ئیستبداد، دواکەوتویی، گەندەڵی و هەڵاواردنی سیاستماتیک سیاسی، نەتەوەیی، زمانی، جنسیەتی و فەرهەنگین. هەردوو حکومەت کارگوزاری نیزامێکی سەرمایەداری چەوسێنەربوون کە کەلێنیکی قوڵیان لە نێوان هەژاری و سەروەت لەم وڵاتەدا دروست کرد و بوونە سەبەبکار و هۆکاری مانەوەی دەیان خەساری کۆمەڵایەتی کارەساتبار لەم وڵاتەدا.

خەڵک ئەزمونی زیندو و هەست پێکراویان لە نیزامی گەندەڵ و ئیستبدادی سەڵتەنەتی پەهلەوەیەکان هەیە و هیچ رادەیەک لە تەبلیغاتی ڕاگەیاندن، ئاوەژوو کردنەوەی مێژوویی، توندوتیژی فیزیکیو زمانی، خەڵک ناچار بە قەبوڵ کردنی ئیستبدادێکی نوێ ناکات.

شەڕی ئاڵاکە ناسیۆنالیستە توندڕەوەکان خستویانەتە ڕێ بە زمانی ڕەسمی ئیجباری، بە دین و مەزهەبی ڕەسمیش کامڵ دەبێت. خەڵکێک کە ڕێگایەکی دوور و درێژیان لە خەبات لەدژی هەردوو ڕژیمی ئیستبدادی سەڵتەنەتی و ئیسلامی تەی کردوە و هەزینەیەکی زۆریان لەو ڕێگایەدا داوە، بە هیچ شتێک کەمتر لە ئازادی، یەکسانی و دەستەبەرکردنی مافە ئینسانی و دیموکراتیکەکانی ڕازی نابێت.

شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی پشتی لەژێر گوشار و قورسایی هاوکاری ڕاستەوخۆ و ناڕاستەخۆی ئوپوزسیۆنی ڕاست و کۆماری ئیسلامی دا ڕاست دەکاتەوە و جارێکی تر شکۆدارانە تا دەستەبەرکردنی یەکسانی، ئازادی و گەیشتن بە نیزامێکی ئینسانی، دیموکڕاتیک و ئازاد، بە دوور لە هەرچەشنە هەڵاواردن و نایەکسانیەک بەردەوام دەبێت.

بابەتی پەیوەندیدار

ڕژیم، بە پێشێلکردنی مافی مرۆڤ، گۆڕی خۆی زیاتر هەڵدەکەنێ

-

بەرەو بەرزڕاگرتنی هەرچی شکۆدارتری ڕۆژی جیهانی کرێکاران

-

توندتربونەوەی گوشارەکانی کۆماری ئیسلامی بۆسەر مامۆستایانی مافخواز

-

ڕژیمی ئیسلامی لە سەنگەری سەپاندنی حیجابی ئیجباری، پاشەکشەی پێدەکرێت

-

شەڕ ئامرازێک لە دژی خەڵک، لە خزمەت مانەوەدا

-

ناڕەزایەتی جیهانی لەدژی بەردەوامبوونی جینۆسایدی ئیسرائیل لە غەززە

-