ژوماره‌یه‌ك له كارمه‌نده ڕه‌سمییه‌كانی شیركه‌تی نه‌وت، ڕۆژی پێنجشه‌ممه ٢٠ی گه‌لاوێژ، سه‌باره‌ت به ودینه‌هاتنی داخوازییه‌كانیان، كۆبوونه‌وه‌ی ناڕه‌زایه‌تییان به‌ڕێوه‌برد. ئه‌وان پێشتر له ڕێگای ڕاگه‌یاندنێكه‌وه داخوازییه‌كانی خۆیان هێنابووه گۆڕێ. له‌و ڕاگه‌یاندنه‌دا كه ڕۆژی ١٦ی پوشپه‌ڕ بڵاوكرابۆوه هاتبوو:
به له‌به‌ر چاو گرتنی گرانی و چوونه‌سه‌ره‌وه‌ی چاوه‌ڕوان نه‌كراوی نرخی كه‌ل و په‌ل و هه‌ڵاوسان، چوونه‌سه‌ره‌وه‌ی حه‌قده‌ست، له زومره‌ی یه‌كه‌م داخوازییه‌كانی ئێمه‌یه. حه‌قده‌ستی سه‌ره‌تاییی هیچ كرێكارێكی ڕه‌سمی نابێ له ده ملیۆن و حه‌قده‌ستی ته‌كمیلیش له ٢٥ ملیۆن تمه‌ن كه‌متر بێت.
ئه‌وان هه‌روه‌ها وتییان له بابه‌ت دامه‌زراندنه ده‌ستنیشان كرا‌و و جیاوازیی حه‌قده‌سته‌كان ناڕازیین و خوازیاری به ڕه‌سمی ناسینی مافی ڕێكخراوبوون و كۆتایی هێنان به ئه‌منییه‌تی كردنی شوێنی كاره‌كانیان له به‌شی سه‌نعه‌تی نه‌وتن. هه‌روه‌ها جه‌ختیان كرده‌وه كه كرێكاران نابێت به شێواز و بیانووی جۆاروجۆر به‌چه‌وسێندرێنه‌وه و له‌ژێر ناویی گرێبه‌ستی كاتی و ڕه‌سمی و ناڕه‌سمی و هیتردا، ڕیزه‌كانیان تووشی پرش و بڵاویی بكه‌ن. به‌بڕوای ئه‌و كرێكارانه یه‌كێك له ڕێگاكانی كۆتایی هێنان به پرش و بڵاویی و نه‌هێشتنی كه‌لێن و ناكۆكیی له ڕیزه‌كانی خۆیاندا كۆكردنه‌وه‌ی بارگه‌وبنه‌ی په‌یمانكاره‌كانی شیركه‌تی نه‌وت و هه‌روه‌ها كۆتایی هێنان به یاسای كۆیله‌ئاسای ناوچه تایبه‌ته ئابوورییه‌كان له ناوه‌نده نه‌وتییه‌كانه. ئه‌وان هه‌روه‌ها خوازیاری دابینكردنی شوێنی ئه‌من بۆ هه‌موو كرێكارانی له‌سه‌ر كاری به‌شه‌كانی نه‌وت و ژیانێكی شیاویی ئینسان بۆ سه‌رجه‌م هاوكاره‌كانیان بوون.
كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌و كرێكارانه هاوكات بوو له‌گه‌ڵ ناڕه‌زایه‌تیی سه‌رجه‌م كرێكاران له ئاست هه‌ل و مه‌رجی دژواری كار له ناوچه نه‌وتییه‌كان. به‌گوێره‌ی ڕاپۆرته‌كانی ڕۆژی پێنجشه‌مه ٢٠ی گه‌لاوێژ، په‌یمانكاره‌كان به‌بێ له‌به‌ر چاو گرتنی ته‌ندروستی كرێكاران ناچارییان كردوون له گه‌رمای تاقه‌ت پروكێنی سه‌رووی ٥٠ پله‌دا كار بكه‌ن. به‌و هۆیه‌وه كۆمه‌ڵێك له كرێكارانی به‌شه‌كانی نه‌وت و گاز و پترۆشیمی باری ته‌ندروستییان تێك چووه. بۆ نموونه ته‌نیا له فازی ٢ی پاڵاوگه‌ی ئابادان، ڕۆژی ١٦ی گه‌لاوێژ به هۆی شێداریی ٩٠ له‌سه‌د و گه‌رمای ٥٣ پله‌وه، ٣٨ كرێكار باری ته‌ندروستییان به‌سه‌ختی تێك چوو و پێویستیان به چاره‌سه‌ری پزشكی بووه. كرێكاره‌كان له‌و ناوه‌ندانه خوازیاری ئه‌وه بوون كه له ڕۆژه گه‌رمه‌كاندا ماوه‌ی كاركردنه‌كانیان بۆ ٦ سه‌عات كه‌م بكه‌نه‌وه، به‌ڵام تا ئێستا له‌لایه‌ن خاوه‌ن كاره‌كانه‌وه وڵامێكیان وه‌رنه‌گرتۆته‌وه.
شۆڕای هاوئاهه‌نگی ناڕه‌زایه‌تییه كرێكارییه‌كانی نه‌وت له‌م په‌یوه‌ندییه‌دا له ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا وتی كه: په‌یمانكاره قازانج په‌ره‌ست و خوێنمژه‌كان بارودۆخێكی دژوار و دڵته‌زێنیان بۆ كرێكارانی ئه‌و به‌شانه خوڵقاندووه و ئه‌وان ئێستاش ئازاری مه‌رگی هاوكاره ئازیز و زهحمهتكێشهكهیان “عه‌بدولڕه‌زاق سیمریان” كه به‌هۆی گه‌رمای زۆره‌وه گیانی له‌ده‌ستدا، له‌بیر نه‌چۆته‌وه.
شۆڕای هاوئاهه‌نگی كرێكارییه‌كانی نه‌وت وێڕای وه‌بیرهێنانه‌وه‌ی ئه‌وه‌یكه كرێكارانی نه‌وت له‌م بارودۆخه كویله‌ئاسایه وه‌گیان هاتوون، داوایان له هاوكاره‌كانیان كرد ده‌ست له‌ناو ده‌ستی یه‌ك و یه‌كگرتووانه خه‌باتی خۆیان تا گه‌یشتن به داخوازی سه‌رجه‌م كرێكارانی له‌سه‌ر كاری به‌شه‌كانی نه‌وت، درێژه پێبده‌ن.
له‌كۆتای ئه‌و ڕاگه‌یه‌ندراوه‌دا جه‌ختكراوه‌ته‌وه كه پێویسته خاوه‌نكاره خوێنمژه‌كان ناچار بكرێن له‌كاتی گه‌رمای تاقه‌ت پروكێندا، كاركردن ڕابگرن و حه‌قده‌سته‌كانمان پێبده‌ن. هه‌ر له‌و كه‌ش و هه‌وا گه‌رمه‌ی خوزستاندا كرێكارانی فوولادی ئه‌هوازیش به درێژایی مانگ، خه‌بات و ناڕه‌زایه‌تییه‌كانی خۆیان له‌به‌رده‌م ئۆستانداری درێژه پێدا. ئه‌وان ڕۆژی ٦ی گه‌لاوێژ ڕایانگه‌یاند كه، به هیچ شێوه‌یه‌ك ئیزنی پێكهاتنی شۆڕای ئیسلامی كار ناده‌ن و له درێژه‌ی ڕاگه‌یاندنه‌كه‌یاندا هاتووه:
دوژمنانی چینی كرێكار سه‌ر له نوێ كه‌وتونه‌ته خۆ، تا دامه‌زراوه‌ی سیخوڕی و ڕێكخراوه‌ی دژه كرێكاری شۆڕای ئیسلامی كار، به‌سه‌ر كرێكاراندا زاڵ بكه‌ن. ئه‌وان له‌بیریان چۆته‌وه كه دوو ساڵ خۆڕاگری كرێكارانی فوولاد پیلانی هه‌ڵبژاردنی شۆڕای ئیسلامی كاری، لێكردنه بڵقی سه‌رئاو.
ئه‌و كرێكارانه ده‌ڵێن كه خوازیاری وه‌ڕێخستنی به‌ته‌واوه‌تی به‌رهه‌م له ڕێگای خه‌بات له دژی مافیای فوولادن و داوایان له هه‌ندێك له هاوكاره‌كانیان كردووه، نه‌كه‌و‌نه داویی به‌رپرسانه‌وه. هه‌روه‌ها ده‌ڵێن كه به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی ئیداره‌ی كاری خوزستان، به‌ڕێوه‌بردنی گه‌ڵاڵه‌ی ته‌به‌قه به‌ندی پیشه‌كانی گرێداوه به پێكهاتنی شۆڕای ئیسلامی كار، كه ئه‌وه داواكارییه‌كی نابه‌جێیه و ئاماژه‌شیان به‌وه كرد كه ته‌رحی ته‌به‌قه به‌ندی له پیشه‌ی فوولاد دا، كاریگه‌رییه‌كی ئه‌وتۆی له‌سه‌ر حه‌قده‌سته‌كانیان نییه و له به‌رامبه‌ردا خوازیاری حه‌قده‌ستی یه‌كسان و له‌سه‌رووی هێڵی هه‌ژاری و دابینكردنی مه‌سكه‌ن و ئیمكاناتی خۆشبژێویی بۆ خۆیان و سه‌رجه‌م كرێكاران و كارمه‌ند و خانه‌نشینكراوه‌كان بوون و له‌سه‌ر هه‌بوونی ڕێكخراوی سه‌ربه‌خۆ و هه‌ڵبژاردنی ئازاد، وه‌ك مافی سه‌ره‌تایی خۆیان جه‌ختییان كرده‌وه.
له‌ماوه‌ی چه‌ند حه‌وتووی ڕابردوودا جگه له كرێكارانی نه‌وت، پاڵاوگه‌كان و فوولادی ئه‌هواز، خانه‌نشینكراوانی دابینكردنی كۆمه‌ڵایه‌تی كه زۆربه‌یان كرێكارن، كرێكارانی ئه‌بنییه‌ی فه‌ننی ڕێگاری ئاسنی شه‌رق، كرێكارانی شاره‌داری له چه‌ندین شاری وڵات، كرێكاران و پیشه‌وه‌رانی شارۆچكه‌ی سه‌نعه‌تی ماهشه‌هر، كرێكارانی سه‌به‌لان پارچه‌ی ئه‌رده‌بیل، په‌ره‌ستاران له تاران، كرێكارانی ئابفای ئه‌هواز، كرێكارانی به‌شی به‌رقی ناوچه‌یی، تولی پێرسی قه‌زوین و كارخانه‌ی دروستكردنی كۆمباینی سه‌هه‌ندی ته‌ورێزیش، له دژی كه‌مبوون و وه‌داكه‌وتنی حه‌قده‌ست و به‌تایبه‌ت لابردنی په‌یمانكار و گۆڕینی بارودۆخه‌كه له په‌یمانییه‌وه بۆ گرێبه‌ستی ڕاسته‌وخۆ، كۆبوونه‌وه‌ی ناڕه‌زایه‌تیان به‌ڕێوه‌برد.
هه‌ڵسووڕانی بزووتنه‌وه‌ی كرێكاری به‌تایبه‌ت له ناوه‌نده پیشه‌ییه سه‌ره‌كییه‌كاندا، جموجۆلی خه‌باتكارانه و ناڕه‌زایه‌تیی خۆیان پتر له ڕابردوو، به جه‌ماوه‌ره‌وه گرێداوه. جه‌ماوه‌رێكی كه له ژێر هێژموونی و ڕێبه‌رایه‌تی بزووتنه‌وه‌ی كرێكاری، له دژی كۆماری ئیسلامی و سیسته‌می سه‌رمایه‌داری ڕاده‌په‌ڕێت.