ڕۆژی جومعە ۱۳ی گوڵان ڕادیۆ و تەلەویزیۆنە فارس زمانەکان، لەوانە ڕادیۆ و تەلەویزیۆنی ” مەن و تۆ“، ئێران ئینتەرناشناڵ، بی بی سی، دەنگی ئامریکا و ڕادیۆ فەردا، وتاری جەنابی ڕەزا پەهلەوی، کوڕی شای پێشووی ئێرانیان لە ئاستێکی بەریندا بڵاو کردەوە و لە بەشە هەواڵییەکانی دواتری خۆیاندا دەستیانکرد بە پیاداهەڵگوتن و هەڵسەنگاندن و لێکدانەوەی قسەکانی. ئەم ئاستە لە تەبلیغات بۆ ناوبراو لەحاڵێکدایە کە هێزە چەپ و پێشکەوتنخوازەکان، بەهەڵکەوت ئیمکانی دەرکەوتن لەو دەزگا ڕاگەیاندنانەیان بۆ ڕەخساوە و ئەم راگەیەنەرانە هەوڵدەدەن لە تەرکیزکردن و مەجال بۆ فەراهەم کردنێکی نابەرابەردا، سەڵتەنەتخوازی و خودی ڕەزا پەهلەوی لەئاستێکی بەریندا ببەنەناو خەڵکەوە.
پەنجاونۆخولەکقسەکردنوپرسیارووەڵام،هەڵگریپەیامێکیڕوونوئاشکرابوو:
دڵنیاکردنەوەی ئامریکا و دەوڵەتە ڕۆژئاواییەکان لەوەی کە حکوومەتی داهاتووی جێی مەبەستی ئەو لە ئێران، لەبەرەی ڕۆژئاوادا دەبێت و لە ئوکراین لەبەرانبەر ڕووسیادا دەوەستێتەوە. هەمان سیاسەتەکانی سەردەمی سەڵتەنەت پەیڕەو دەکات و جێگای خۆی لە بلۆکبەندییەکانی دۆستانی ئامریکا و لەوانە ئیسرائیل و عەرەبستاندا دەبینێتەوە. باسی لە پێویستیی هێشتنەوەی ئەرتەش و کۆنترۆڵی سەردەمی گوزار، واتا سەردەمی دەستاودەستکردنی دەسەڵات کرد. ڕەزا پەهلەوی لەبەینی قسەکانیدا جێگە و پێگەی خەڵکی کوردستانی تا ئاستی تائیفە و عەشیرەت دابەزاند و باسی لە مافی ئەوان کرد، مافێکی کە پتر لە چواردەیەیە لەلایەن ڕژیمی ئێسلامی و پێشتریش لەلایەن باوکییەوە پێشێل دەکرا. جگە لەوەش ئەوەی کە لە قسەکانیدا هیچ ئاماژەیەکی پێنەدرا، مافەسەرتاییەکانی خەڵکی ئێران بوو. لە تەواوی ماوەی قسەکانیدا هیچ باسێکی بەدیاریکراوی لە ئازادی سیاسی و لەوانە مافی کرێکاران، ژنان، کەمینە ئایینی و نەتەوەییەکان، وەڵامدەرەوەبوونی بەرپرسانی حکوومەتی پەهلەوی لەهەمبەر سەرکوت و جینایەتەکانی سەردەمی سەڵتەنەتی، ئیدانەکردنی جینایەتەکانی ساواک، هەڵبژاردنێکی ئازاد بۆ دیاریکردنی سیستەمی سیاسی وڵات، مافی مرۆڤ، جدایی دین لە دەوڵەت و هیتر… نەکرد.
حکوومەتی ئیسلامی لە قەیرانێکی قووڵدا پەل دەکوتێ و ئاساییە کە هێزە جۆراوجۆرە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکان، لەبیری ئاڵترناتیڤێک بۆ سبەینێی پاش ڕووخانی کۆماری ئیسلامیدان و هەوڵەکان لەم پێناوەدا لە دەرەوە و ناوەوەی وڵات و هەروەها ڕیزبەندییە سیاسییەکان لە ئارادان. بەڵام لەم ناوەدا بابەتی گەڕانەوەی ڕژیمی پادشایەتی بۆ ئێران، مەسەلەیەکی تایبەتییە.
چل و سێ ساڵ لەمەوبەر خەڵکی ئێران لەدژی سەڵتەنەتی پەهلەوی ڕژانە سەر شەقامەکان و لەڕێگەی شۆڕشێکی جەماوەرییەوە، نیزامی سەڵتەنەتی هەرەسی هێنا. لەنەبوونی بەرەیەکی بەهێز و یەکگرتووی هێزە چەپ و پێشکەوتنخوازەکان و هەروەها بە ئاسانکاریی ئامریکا و هێزە ڕۆژئاواییەکان، حکوومەتی ئیسلامی دەسەڵاتی بەدەستەوەگرت و چواردەیە سەرکوت و هەژاری و بەشمەینەتی بەسەر کۆمەڵانی خەڵکی ئێراندا سەپاند.
جەماوەری خەڵکی کوردستان چواردەیە خەبات و خۆڕاگرییان لەدژی کۆماری ئیسلامی ڕێکخست و زۆر ڕوون و ئاشکرا لە مافە بنەڕەتییەکانی خۆیان بۆ دیارکردنی چارەنووس، دیفاعیان کرد. دابەزاندنی جێگە و پێگەی خەڵکی کوردستان تا ئاستی تائیفە و عەشیرەت لەم وتارەدا، تەوهین و بێڕێزی کردنە بە کەمینە ئایینی و نەتەوەییەکان و لەسەرەوەی هەموویانەوە خەڵکی کوردستان.
ئامریکا و ڕۆژئاوا، چل ساڵ لەوەپێش لە ڕێککەوتنێکی شاراوە و سیاسیدا، کۆماری ئیسلامییان بەسەر خەڵکی ئێراندا سەپاند. بێگومان ئەمڕۆکە خەڵکی کوردستان و ئێران زۆر لەوە وشیارترن کە مل بدەن بە پڕۆژەیەکی سیاسیی نەزۆکی وەک ئەوەی کە ڕەزا پەهلەوی هەوڵی بۆدەدات.
سەڵتەنەتی پەهلەوی، بەهۆی ئەو سەرکوت و خەفەقانەی کە ساواک و شا بەسەر خەڵکیاندا سەپاندبوو، هۆکاری سەرەکی هاتنەسەرکاری حکوومەتی ئیسلامی بوون و ڕێبەرانی سەڵتەنەتخواز و لەسەروشیانەوە ڕەزا پەهلەوی، پێویستە مێژووی سەردەمی ئێران بەلاڕێدا نەبەن و داوای لێبوردن لە گیانبەختکردوانی سەردەمی پەهلەوی بکەن.
ئەمڕۆکە خەڵکی ئێران گەلێک وشیارترن لەو سەردەمەی کە ڕادیۆ بی بی سی وێنەی خومەینی لەمانگدا نیشان دەدان. ئەمڕۆ، نە ڕەزا پەهلەوی و نە هیچ ڕەوتێکی ئۆپۆزسیۆنی مەزهەبی جێگە و پێگەیەکیان لەناو بزووتنەوە پێشڕەوە کۆمەڵایەتییەکاندا نییە. لە بزووتنەوەی کرێکاران، موعەلیمان و خانەنشینکراوان، لە بزووتنەوەی خوێندکاران و لاوان و هەروەها لە ئاخێزەکانی خەڵکی حاشیهنشیندا هیچ نیشانەیەک لە سەمپاتی بە ڕەزا پەهلەوی و هاوشێوەکانی بەرچاو ناکەوێت. ئەوان نە ڕێکخراو و تەسکیلاتێکیان لەناو خەڵکدا هەیە و نە ئەو ڕێبەر و کەسایەتییە خۆشناو و خاوەن نفوزانەی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانیش کە کۆڵەکەی سەرەکی خەبات لەدژی کۆماری ئیسلامین، لەگەڵ ئەواندان و نە ویست و داواکارییەکانی ئەوان نوێنەرایەتی دەکەن. خاڵی سەرنجڕاکێش ئەوەیە کە زۆربەی کاتەکان، بەکرێگیراوانی سەربە کۆماری ئیسلامی لەناو خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکاندا، بۆ ناشیرینکردنی ڕواڵەتی خەبات و ناڕەزایەتییەکانی خەڵک، ئەو دروشمانە بەرز دەکەنەوە کە مەبەستی سەڵتەنەتخوازەکانە.
ئەوە مافی بێ ئەملاو ئەولای خەڵکی کوردستان و ئێرانە کە بۆخۆیان نیزامی داهاتووی ئێران دیاری بکەن و بە دەنگی ڕاستەوخۆی خۆیان دەسەڵاتی جەماوەریی دواڕۆژیان دابمەزرێنن. هەرچەشنە ئاڵترناتیڤ سازی و داتاشینی ڕێبەرێکی بێ جێگە و پێگەی کۆمەڵایەتی و لە هەلومەرجێکدا کە حزووری چالاکانەی بەرەی بزووتنەوە پێشڕەوە کۆمەڵایەتییەکان لەئارادا نەبێت، لەلایەن هەر ڕەوتێکی سیاسییەوە و بە یارمەتی مێدیا فارس زمانەکان، مەحکوومە بە شکست.