کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

دابەزینی لیرەی تورکییه و ماجەراجوویی ئەردۆغان لە کوردستانی سووریە و عێراق

لیرەی تورکییە بە خێراییەکی زیاترەوە بەها لە دەست دەدات و ڕێژەی دابەزینی بەرامبەر بە دۆلار و یۆرۆ و پۆند زیاتر لە دوو بەرابەر بووە. شکست و ناکامیی سیاسەتی ناوخۆیی و دەرەکیی حکوومەتی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، ژیانی ملیۆنان کەس لە خەڵکی تورکییەی دژوارتر کردووە. وڵامی ئەردۆغان و هاوبەشەکانی بە باروودۆخی قەیراناویی ئابووری و سیاسیی تورکییه، سەرکوت و دیکتاتۆریی زیاتر لە ناوخۆی وڵات و هێرشی نیزامی بۆ سەر خەڵکی کوردستان لە هەر وڵات و ناوچەیەکە.

تورکییه ئەگەرچی ئەندامی ناتۆ و کاندیدی ئەندامیەتی لە کۆمەڵگەی ئۆرووپایە، بەڵام بەتوندی دژایەتی دەوڵەتانی ئەمریکا و ئۆرووپا دەکات و حکوومەتی ئێستای ئەردۆغان جێگای متمانەی هیچ کۆمەڵگەیەکی ڕۆژئاوا و بلۆکبەندییە سیاسییەکانیان نییە.  کڕینی چەکی پێشکەوتوو لە ڕووسیە، ماجەراجوویی و داگیرکردنی نیزامیی بەشێک لە خاکی سووریە و عێراق، دەخاڵەتی نیزامی لە لیبی و بەشداری لە شەڕی نێوان ئازەربایجان و ئەرمەنستان و لایەنگری لە حکوومەتی دیکتاتۆر و گەندەڵی ئازەربایجان و ناردنی گرووپە جەهادیەکانی هاوپەیمانی تورکییه لە سووریەوە بۆ قەرەباغ، دوژمنایەتی لەگەڵ ئیسرائیل و میسر و عەرەبستان، درێژەی داگیرکردنی بەشێک لە قێبرێس بۆ چەندین دەیە و گەلێک نموونەی دیکە، پەیوەندیی تورکییەی لەگەڵ دەوڵەتانی ئۆرووپا، ناتۆ و ئەمریکای گەیاندووەتە خوارترین ئاستی خۆی.

پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە ئاستێکی بەرین لە ناوخۆی تورکییه، شەڕی بەردەوام دژبە خەڵکی کوردستان لە تورکییه و عێراق و سووریە، دەستبەسەرکردنی ڕۆژنامەوانان و داخستنی میدیا نەیارەکانی حکوومەت، هەوڵ بۆ ئیسلامی کردنی زیاتری وڵات و بەهێزکردنی ناسیۆنالیسمی توندئاژۆی تورک لە ئاستی ناوچەکە، نەفرەتی کۆمەڵگەی ئۆرووپای بەنیسبەت ئەم دەوڵەتە لێکەوتووەتەوە.

حکوومەتی ئەردۆغان ساڵەهایە هەوڵ دەدات بە گۆڕینی هەڵوێست بەرەو ڕۆژهەڵات و بەتایبەت ڕووسیە و چین، لە ئەمریکا و ئۆرووپا باجخوازی بکات. ئەم دەوڵەتە هەوڵ دەدات لەبری پاشگەزبوون لە کڕین و گرێبەستی نیزامی لەگەڵ ڕووسیە، ئەمریکا و ئۆرووپا بەرامبەر بە داگیرکاریی نیزامی بەشێک لە عێراق و سووریە و سەرکوتی کوردستان، ناچار بە بێدەنگی و خامۆشی بکات.

بەڵام لەڕاستیدا تورکییه دۆڕاوی سیاسی و ئابووریی کایە دیپلۆماتیکەکانی ئەردۆغانە. نائەمنی سیاسی و نەخۆشیی کۆرۆنا سەنعەتی تووریسم واتە گەورەترین سەرچاوەی داهاتی ئەم وڵاتەی زەمینگیر کردووە. لە جەرگەی ڕکوودی ئابووریی بەهۆی پەتای کۆرۆنا، هەڕەشە و بەربەستەکانی ئەمریکا و ئۆرووپا بەرامبەر بە تورکییه، ئابووریی ئەم وڵاتەی لەگەڵ کێشەی زۆرتر بەرەوڕوو کردووەتەوە.

چەند ساڵ لەمەوبەر لە حەرەکەتێکی بیرلێکراوەدا، تورکییه شەش سفری لە پارەی خۆی سڕییەوە و یەک ملیۆن لیرە لە یەک شەودا بوو بە یەک لیرە. بەڵام قەیرانی سیاسی و ئابووریی تورکییه قووڵتر لەوە بوو کە بە سڕینەوەی شەش سفر کێشەی دراو و ئابووریی تورکییه چارەسەر بێت. لە ئێستادا بۆ جارێکی دیکە شایەدی دابەزینی زیاتری بەهای لیرەی تورکییه بەرامبەر بە دراوە موعتەبەرە جیهانییەکانین.

حکوومەتی تورکییه هەروەک هەموو دەسەڵاتێکی گەندەڵ و دیکتاتۆری دیکە، قەیرانی ئابووری دەکاتە هەلێک بۆ گەندەڵیی زیاتری سەرانی حکوومەت، چڕکردنەوەی دەسەڵات لە دەستی کەسێک یان بنەماڵەیەک، سڕینەوەی ڕکابەرانی سیاسی و نایاسایی کردنی هەرجۆرە ڕەخنەیەک لەلایەن خەڵک و بەشی ئۆپۆزیسیۆنی کۆمەڵ.

حکوومەتی ئەردۆغان بۆ وەڵامدانەوە بە هەر قەیرانێک و بۆ ڕێگریکردن لە گۆشەگیریی سیاسیی خۆی، لە شەڕ و سەرکوت دژبە خەڵکی کوردستان کەڵک وەردەگرێت. نایاسایی کردن و زیندانی کردنی ڕێبەرانی یاسایی و هەڵبژێردراوی خەڵک، دەستبەسەرکردنی بەرینی چالاکانی سیاسی و کۆمەڵایەتی، لەشکرکێشی و بۆمبارانی هەموو ڕۆژێ ئەرتەش بۆسەر ناوچە جۆراوجۆرەکانی کوردستان، بەئامانجی ڕازی کردنی ناسیۆنالیسمی توندئاژۆ و کۆنەپەرستی تورک و دڵخوشکردنی گرووپە جەهادیەکانی هاوپەیمانی دەوڵەتی تورکییه، دەستکەوتی حکوومتی تورکییەیە لە سیاسەتی شەڕ و جەنایەت لە کوردستان.

بەڵام خۆڕاگری و خەباتی خەڵکی کوردستان بەرامبەر بە حکوومەتی ڕەگەزپەرستی تورکییه، موقاومەتی ژنان و هونەرمەندان، حیزبی دەسەڵاتداری تورکییەی زیاتر لە ڕابردوو لەگەڵ شکست و ناکامی و داوەرینی ڕیزەکانی حیزب بەرەوڕوو کردووەتەوە. لەئێستادا نە ئۆرووپا و نە ئەمریکا، نە خەڵکی کوردستان و نە خەڵکی تورکییه و تەنانەت هاوپەیمانانی نوێی تورکییه لەوانە ڕووسیە و چین، ناتوانن متمانە بە حکوومەتی تورکییه بکەن.

لەگەڵ نزیک بوونەوەی کاتی هەڵبژاردنەکانی تورکییه و بەلەبەرچاوگرتنی ئاگاداربوونی ئەردۆغان لە چوونەسەرەوەی ناڕەزایەتیی جەماوەری دژبە دەسەڵات، ئەردۆغان و وەزیری دەرەوەی بۆ جارێکی دیکە باس لە لەشکرکێشی بۆسەر ناوچە کوردنشینەکانی سووریە دەکەن و لە هەمان حاڵیشدا لە هەرێمی کوردستانی عێراق دەست دەدەنە تیرۆر و بۆمبارانی بەردەوام.

بەڵام قەیرانی سیاسی، ئابووری و دیپلۆماتیکی تورکییه ئەوەندە بەهێز و بەرینە کە چیتر لەشکرکێشی بۆسەر کوردستانیش ناتوانێ خەڵکی تورک بۆ پشتیوانی لە ئەردۆغان بێنێتە مەیدان. تاکتیکی ڕژیمی ڕەگەزپەرستی تورکییه بۆ دەربازبوون لە قەیران واتە سەرکوتی زیاتری خەڵکی کوردستان، چیتر کاریگەر و کارساز نابێت.

بابەتی پەیوەندیدار

خواردن و خواردنەوە لە شوێنە گشتییەکان، درێژەی خەباتی مەدەنی

-

ئاگربەستی دەستبەجێی ١٤ ڕۆژە لە غەززە، ئاکامی گوشاری بیروڕای گشتی دژبە شەڕ

-

بۆچی داعش هێشتا زیندووە و تاوان ئەنجام دەدات؟

-

هیوا بە ئازادی لەدەست ستەم و سەرەڕۆیی پەرە دەستێنێ

-

کاریگەریی وێرانکەری هەژاری لەسەر دۆخی تەندروستی و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی چینی کرێکار

-

ڕاگەیاندنی هاوبەشی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و ڕێکخراوی کرێکارانی شۆڕشگێڕی ئێران (ڕاهی کاریگەر)

-