کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

خەبات بۆ زیاد کرانی حەقدەست بە درێژایی ساڵ بەردەوام دەبێت

لە بارودۆخێکدا کە گرانی و تەوەڕوم، دەرکردنی بەردەوام، بێکاری ملیۆنی، وەدوا خستنی حەقدەستەکان، نەدانی بیمە دەرمانیەکان و پێشێل کردنی باقی ماف و مەزایای کرێکاری، و لەخوارەوە بوونی ئاستی حەقدەستەکان زیاتر لە ٤ قات لە خوار هێڵی هەژاریەوە زۆربەی هەرە زۆری کرێکاران و بنەماڵە کرێکاریەکانی ئێرانی بەرەو هەژاری و نەداری پاڵپێوەناوە.

بە شێوەی ئاسایی لە یەک مانگی کۆتایی هەموو ساڵێکدا کە بابەتی دیاری کرانی حەقدەسته‌، و خەبات بۆ زیاد کردنی داغتر دەبێت، نوێنەرانی خاوەنکاران و نوێنەرانی ڕێكخراوه‌ زەرد و دژی کرێکارییەکان لەدەوری یەک کۆدەبنەوە تا بۆ ئاستی بەڕێچوون و ژیانی کرێکاران لە ساڵی نوێدا بڕیار بدەن.

دیارە، شوڕای باڵای کار نەک بۆ ساڵی داهاتوو، قەت لانیکەمی حەقدەستی کرێکارانی تەنانەت هاوسەنگ لەگەڵ مادەی ٤١ ی قانونی کاری ڕژیم دیاری نه‌كردووه‌، له‌وێ ڕوون کراوەتەوە،” لانیکەمی حەقدەت دەبێ لەسەر بنەمای حیساباتێک کە لە لایەن بانکی ناوەندیەوە سەبارەت بە ئاڵوگۆڕێک لە سەبەدی تەوەڕومی هەزینەکانی ژیاندا بەدی دێت، زیاد ده‌كرێ”، بەرز نەکردۆتەوە. لە ڕاستیدا جەلەسەکانی ئەم شوڕایە فۆڕماڵن و پێشتر لانیکەمی حەقدەستی کرێکاران لە لایەن دەوڵەتەوە بە پێی بەرژەوەندی چینی سەرمایەدار دیاری کراوە. یەکێک لە گرفتەکانی جیدی و بەردەوامی کرێکارانی له‌سه‌ركار، حەقدەستە دواخراوەکانیانە. کرێکاران وێڕای تەحەمول کردنی باری گرانیی، تەوەڕوم، بێکاری و نائەمنی پیشەیی، حەقدەستە کەمەکانیشیان لەکاتی خۆیدا پێنادرێت. کەمتر کارگا و کارخانە و ناوەندێکی کاری بوونی هەیە کە حەقدەستی کرێکارەکانی بەبێ کەموکوڕی و لە کاتی خۆیدا بدات. هەواڵەکانی پێوەدندیدار بە دواخرانی حەقدەستی کرێکاران و خەبات بۆ وەرگرتنی حەقدەستە دواخراوەکان، هەواڵی رۆژانە و بەردەوامی نێوكۆڕوكۆمه‌ڵی کرێکارییەکانە.

بە دڵنیاییەوە ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لەم دەوریەشدا سەرلەنوێ هەموو زەرفیەت و ئیمکاناتی خۆی بەکار دێنێ تا خاوەنکارانی هەردوو بەشی دەوڵەتی و به‌شی خسووسی لانی زۆری قازانج لە کاری کرێکاران بە دەست بێنن. گەلێک روون و ئاشکرایە وەها کارێک مومکین نییە مەگەر بە کەم کردنەوەی هەرچی زیاتری ئاستی حەقدەستەکان، یان ڕاگرتنی هه‌مان حه‌قده‌ست لە ڕێگای جۆراو جۆرەوە و بە بیانوی جیاواز، و یان ناچار کردنی کرێکاران بە کاری قورس و تاقەت پڕوکێن. جێگای ئاماژه‌یه‌ کە لەم ساڵانەدا هاتنە گۆڕی باسێکی درۆینەی ” پێوەندی حەقدەست لەگەڵ تەوەڕوم” یەکێک لە ڕێگاکانی گەیشتن بەم ئامانجە بووە. ئیدئۆلۆگە بۆرژواکان و ئابووری ناسانی لایەنگری ڕژیمی سەرمایەداری کۆماری ئیسلامی، هەمیشە وتویانە کە، زیاد کردنی لانیکەمی حەقدەست دەبێتە هۆکاری بەرز بوونەوەی ئاستی تەوەڕوم و بەم شێوەیە هاتنە خوارەی ئاستی کڕینی کرێکاران، هه‌روه‌ها کەم بوونەوەی وه‌كارخستنی سه‌رمایه‌، داخرانی ناوەندەکانی کار و په‌ره‌سه‌ندنی بێکاری لە کۆمەڵگادا. ئەم جۆرە قسەوباسە فریوکارانەیە بەم مەبەستە تەرح دەکرێن تا کرێکاران لە خەبات بۆ زیاد کرانی حەقدەستەکانیان دڵ سارد بکەنەوە. ئامانج لەم جۆرە قسانە، بەلاڕیدا بردنی زەینی جەماوەری کرێکاران، هان دانیانه‌ بە تەسلیم بوون لە بەرانبەر دۆخی فەلاکەتباری كه‌ به‌سه‌ریاندا سه‌پاوه‌. دیارە، وەها ئیستدلالێکی بێ ناوەرۆک کە کرێکاران لە هێنانە گۆڕی دخوازی زیاد کرانی حەقدەست مەنع دەکات، له‌ڕاستیدا بە خاتری زیانێکە کە لە سود و قازانجی سەرمایەدارانی ئەدات، و نەک تەوەڕوم و یان گران بوونی نرخی کالا و پێداویستیەکانی رۆژانەی خەڵک.

ئاماری حاشا هەڵنەگر و بینینی بارودۆخی ژیانی چینی کرێکار و توێژی بێبەشی کەم داهات لە ماوەی ٣٩ ساڵی ڕابردودا، ده‌رده‌خات توانایی کڕینی پێداویستییه‌كانی ژیان بۆ کرێکاران ساڵ لەگەڵ ساڵ کەمتر بۆتەوە. كه‌وابوو به‌رزبوونه‌وه‌ی حەقدەستەکان لەسەر ئەرزشی کالاکانی بەرهەمهاتو، کاریگەری نابێ. بێ گومان زیاد بوونی حەقدەستەکان له‌ لایه‌كه‌وه‌ ئه‌گه‌ر وەها بەرزتر بێتەوە كه‌ لە له‌گه‌ڵ هێڵی هەژاری گونجاو بێت به‌جۆرێك هەزینەی ژیانێکی ئینسانی، بارودۆخی بەڕێچوونی کرێکاران باشتر دەکات، لە لایەکی دیکەوە، دیاره‌ كه‌ قازانجی سەرمایەداران دەخاتە ژێر کاریگەریەوە. هه‌ر بۆیه‌ لە ئاکامدا خەباتی کرێکاری بۆ زیاد کرانی لانیکەمی حەقدەستەکان و هەروەها به‌ربه‌ره‌كانێی سەرمایەداران و دەوڵەتەکەیان لە بەرانبەر ئەو داخوازیانه‌ لە هەموو دنیای سەرمایەداریدا، بەردەوام دەرێژەی هەیە و ده‌بێته‌ ڕەوتێکی بێ ڕاوەستان له‌ كۆمه‌ڵگا.

به‌له‌به‌رچاو گرتنی ئه‌م ڕاستییانه‌ کاربەدەستانی ڕژیمی دژی کرێکاری کۆماری ئیسلامی ئەمساڵیش هەروەک ساڵانی ڕابردو هیوادارن بە درێژەی سیاسەتی هەرزان ڕاگرتنی هێزی کار، شیرکەت و کۆمپانیاکانی خاریجی هان بدەن بۆ سەرمایەگوزاری لە ئێران، تا شایەد بەم جۆرە هەم باری قەیرانی ئابووری مەوجود بخەنەسەر شانی چینی کرێکار، و لەم ڕێگایەوە حکومەتەکەیان لە شپرزەیی ئابووری، ڕزگار بکەن.

روون ئاشکرایە، خەبات بۆ زیاد کرانی حەقدەستەکان، مەیدانێکی گرنگە لە خەباتی چینی کرێکار دژبه‌ ڕژیمی ستەمکار و سەرمایەداری حاکم لە ئێراندا. ئەم خەباتە تەنیا بەم رۆژانەی دوایی و بابەتی دیاری کرانی حەقدەستەکان سنوردار نابێتەوە و لە ڕاستیدا بە درێژایی ساڵ بەردەوام بووه‌ و دەبێت.

ڕێكخراوه‌ سەربەخۆ کرێکارییەکان و هەڵسوڕاوانی سۆسیالیستی کرێکاری کە بەدروستی خوازیاری دیاری کرانی ئاستی حەقدەستی ٥ ملیۆنین بۆ ساڵی ١٣٩٧ ی هەتاوی، دەتوانن بە گشت گیر کردنی ئەم داخوازییە گرنگە لەنێو جەماوەری کرێکاراندا، دەورێکی کاریگەر لە خەبات بۆ زیاد کرانی حەقدەستدا بگێڕن. ئەم داخوازییە ڕەوایە بێ گومان ده‌بێته‌ خاوەنی مەقبوڵییەتی کۆمەڵایەتیی.

بابەتی پەیوەندیدار

خەبات لە دژی هەژاری، لە سەر بەستێنی ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانەی ژن، ژیان، ئازادی

-

ڕۆژی مامۆستا لە ئێران بەرز ڕاگیرا

-

دروشمەکانی ڕۆژی جیهانی کرێکار، زیادکرنی حەقدەست و مووچە، ڕاگرتنی جینۆساید لە غەززە

-

نەریتی ڕێزگرتن لە ڕۆژی جیهانی کرێکار لە کوردستان

-

وتارێک بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی ئەمن کردنی کار

-

کەمپینی هاوپشتی لەگەڵ خەڵکی فەلەستین تا دێت بەربڵاوتر دەبێت

-