کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

خەباتی مامۆستایان سەرەڕای هەڕەشە و ڕەشبگیرییەکان هەروا درێژەی هەیە

ڕۆژی پێنجشەممە ٢٣ی مانگی بەفرانبار دەیان هەزار مامۆستا و خانەنشینکراو لەسەر بانگهێشتی “شۆرای هاوئاهەنگیی ڕێکخراوی پیشەیی مامۆستایانی ئێران” لە دەیان شاری ئێران کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوەبرد. مەئموورانی حەراسەت و ئیتلاعات بەر لە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی مامۆستایان و خانەنشینکراوان، لە ڕێگەی تەلەفون و یان بەشێوازی تر هەڕەشەیان لە چالاکانیان کردبوو کە نابێ لە کۆبوونەوەی ڕۆژی پێنجشەممە ٢٣ی مانگی بەفرانباردا بەشداری بکەن. بەڵام هەڕەشەکانیان لەلایەن چالاکانەوە بایەخی پێنەدرا و ئەوان لە ڕۆژی ئاکسیۆنەکەدا لە ڕیزی پێشەوەی ناڕەزایەتییەکاندا بەشدارییان کرد. هێزە سەرکوتگەرەکان لە هێندێک شار لەوانە لە تاران، شیراز و ئیسفەهان بەشێوەی بەرچاو حزووریان بوو. هێزە ئەمنییەکان و گاردی ویژە لە ئیلام هەوڵیان دا تا لە بەڕێوەچوونی کۆبوونەوە ڕێگری بکەن، بەڵام ناڕازیان لە مەیداندا مانەوە و لەسەر مافی بەڕێوەبردنی کۆبوونەوە پێداگرییان کرد. لە مەشهەد هێزە ئەمنی و ئینتزامییەکان دەرگای هاتووچۆی سازمانی ئامووزش و پەروەرشیان بەست و لە پێکەوە پەیوەست بوونی مامۆستایانی ناوەوە و دەرەوەی ئەم سازمانە ڕێگریان کرد. ئەوان چەندین کەس لە مامۆستایانی ئازادیخوازیان دەستبەسەر کرد. پاشان باقیی ناڕازیان لە بەرامبەر ئیدارەی گشتیی ئامووزش و پەروەرشدا کۆبوونەوە و ڕایانگەیاند کە تا ئازادیی دەستبەسەرکراوانی بەشداربووی کۆبوونەوەکە دەست لە ناڕەزایەتی هەڵناگرن. کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی مامۆستایان لە بووشێهر هەر لە سەرەتاوە لەگەڵ هەڕشەی هێزە ئەمنییەکان بەرەوڕوو بووەوە. بەڵام مامۆستایان خۆڕاگرییان کرد. موحسێن عۆمرانی لە چالاکانی پیشەیی بووشێهر و مەحموود مەلاکی ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەرایەتیی ناوەندی پیشەیی بووشێهر دەستبەسەر  و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزران.

عومرانی و مەلاکی ئازاد کران بەڵام مۆبایلەکانیان لەدەست هێزە ئەمنییەکان دان.

بەپێی ڕاپۆرتەکان سەرەڕای هەڕەشە، هێرش و دەستبەسەرکردن، مامۆستایان لە شارە جۆراوجۆرەکان بەتایبەت لە شیراز و تاران سەرەڕای زاڵبوونی کەشوهەوای ئەمنییەتی توانییان کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی خۆیان دەست پێبکەن.

مامۆستایان لە تاران و لەڕێگەی کۆبوونەوە  لە بەرامبەر بینای مەجلیسی شۆرای ئیسلامی درووشمەکانی وەک ” مامۆستای بەندکراو دەبێ ئازاد بکرێت” و “مامۆستا دەنگ هەڵبڕە، مافی خۆت دەربڕە”یان بەرز کردەوە. لە زۆربەی کۆبوونەوەکاندا درووشمەکانی وەک “مامۆستا بۆ نەمانی هەڵاواردن ڕاپەڕە “، مامۆستای بەندکراو دەبێ ئازاد بکرێت”، قەڵەم بەسەر چەکدا زاڵە”، “بەڕێوەبردنی هەمتەرازی بەبێ حوقە بازی” دەوترانەوە و یان بەنووسراوە لەدەست ناڕازیاندا بوون.

لە هێندێک لە شارەکان خوێندکارانێک کە بۆ پشتیوانی لە مامۆستایان و خانەنشینکراوانی ناڕازی بە ڕیزەکانیان پەیوەست ببوون، باسیان لەو شێوازانە کرد کە بەڕێوەبەران لە کاتی ناونووس کردندا بەکاریان هێناوە و بە فێڵ و فریو پارەیان لە دایک و باوکانیان وەگرتووە. ئەوان باسیان لەوە کرد کە ئەگەر دایک یان باوکێک توانای ماڵیی نەبێت، کارێک دەکەن کە منداڵەکەیان لەناو خوێندکاراندا هەست بە شەرمەزاری بکات و سەرەنجام مەدرەسە جێ بهێڵێت.

بەپێی دوایین ڕاپۆرتەکان ناڕازیان لە پتر لە ٨٠ شاری ئێران کۆبوونەوەیان بەڕێوەبردووە و لە هێندێک شوێن هێزەکانی پۆلیس ژمارەیەکیان لە ناڕازیان دەستبەسەر کردووە. لە وەها کەشوهەوایەکدا چالاکانی مامۆستایان بە تەئیدی ناڕازیان بەشێک لە خواستەکانی مامۆستایان و خانەنشینکراوانیان ڕوو بە کاربەدەستانی ڕژیم بۆ جارێکی دیکە ڕاگەیاندووە کە برییتن لە:

  • بەکردەوە دەرهێنانی درووست و کامڵی ڕیزبەندیی مامۆستایان لە سەرەتای دامەزرانەوە بەپێی لانیکەم ٨٠ لەسەدی مووچەی ئەندامانی هەیئەتی زانستی و دیاری کردنی بوودجەی ڕیزبەندیی بۆ ساڵی ١٤٠١ بە بێ شەرت و مەرج.
  • بەکردەوە دەرهێنانی کامڵی هاوسانسازیی خانەنشینکراوان بەپێی  ماددەی ٦٤ی یاسای بەڕێوەبەریی خزمەتگوازیی ئێران
  • پێکهێنانی ئەمنییەتی پیشەیی و دامەزراندنی ڕەسمیی هەموو بەشەکانی هێزی پێوەندیدار بە پەروەردە
  • ئازادیی مامۆستایانی بەندکراو و بەستنی پەروەندەی چالاکانی پیشەیی و ڕاگرتنی بانگ کردن و بازجوویی مامۆستایان لەلایەن حەراسەت و ناوەندە ئەمنییەکان
  • گەڕاندنەوەی سەرمایە بەتاڵانچووەکانی سندووقی خانەنشینکراوی کیشوەری و سەرمایەگوزاریی ئابووری بەجۆرێک کە دامەزراندنی منداڵانی خانەنشینکراوان پۆشش بدات.
  • پێدانی مووچەی ناوچەی جەنگیی پەسندکراو بۆ خانەنشینکراوانی ئۆستانەکانی ئازەربایجانی غەربی، کوردستان، کرماشان، ئیلام، خووزستان و بووشێهر.
  • بەهرەمەند بوون لە بیمەی تەکمیلیی یەکسان بۆ هەموو خانەنشینکراوان و دامەزراوانی دەزگاکانی بەڕێوەبەری بەپێی ماددەی ٨٥ی یاسای بەڕێوەبەریی خزمەتگوازریی کیشوەری و دانی پاداشتی خزمەتی خانەنشینکراوانی بەڕێز دەستبەجێ پاش کۆتایی خزمەت.

کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی مامۆستایان و خانەنشینکراوان لە ٢٣ی مانگی بەفرانبار و بەرەنگاربوونەوەیان لەگەڵ هەڕەشە و هێرشی هێزە سەرکوتگەرەکان بووەتە هۆی ئەوەیکە هێندێک لە میدیاکانی ناوەندی دەسەڵاتیش دان بەوە دابنێن کە ئاستی مووچەی ئیدارەی ئامووزش و پەروەرش کەم و ناعادڵانەیە. ئەوان بۆ پێکهاتنی ئەم باروودۆخە کابینەی ڕووحانی بە خەتابار دەزانن و نووسیویانە کە قەرزی بەرینی ئەم کابینەیە، ڕەئیسیی لەگەڵ کەمبوونی بوودجە بەرەوڕوو کردووەتەوە. بەڵام چالاکانی وشیاری مامۆستایان هاودەردیی درۆیینەی لەم شێوەیان زۆر بیستووە. ئەوان دەپرسن کە ئەگەر بوودجە کەمە، خەرجی هێزی ئینتزامی، بەسیج، بانگەشەکارانی ئایینی، خەرجی تیرۆریستانی حیزبوڵڵا لە لۆبنان، هێزە کۆنەپەرست و ئیسلامییەکانی حەشدی شەعبی لە عێراق، تیرۆریستەکانی ڕژیم لە سووریە، و حوسییەکانی یەمەن لە کوێوە دەدرێت؟

مامۆستایان و خانەنشینکراوان لە ماوەی چەند ساڵ خەباتدا هێزێکی ڕێکخراوی کارامەیان پێکهێناوە. ئەم ڕێکخراوە دەستکەوتێکی گەورەیە کە دەتوانێ لە کێشمەکێشە بەرینترەکانی نێوان جەماوەری زەحمەتکێش و ڕژیمی گەندەڵ و داماودا ڕۆڵێکی بەنرخی هەبێت.

بابەتی پەیوەندیدار

ڕژیم، بە پێشێلکردنی مافی مرۆڤ، گۆڕی خۆی زیاتر هەڵدەکەنێ

-

بەرەو بەرزڕاگرتنی هەرچی شکۆدارتری ڕۆژی جیهانی کرێکاران

-

توندتربونەوەی گوشارەکانی کۆماری ئیسلامی بۆسەر مامۆستایانی مافخواز

-

ڕژیمی ئیسلامی لە سەنگەری سەپاندنی حیجابی ئیجباری، پاشەکشەی پێدەکرێت

-

شەڕ ئامرازێک لە دژی خەڵک، لە خزمەت مانەوەدا

-

ناڕەزایەتی جیهانی لەدژی بەردەوامبوونی جینۆسایدی ئیسرائیل لە غەززە

-