ڕۆژی چوارشەممە ١١ی مانگی جۆزەردان، دانیشتووانی گوندەكانی “حەسار، گۆڵدەرەرە، دارمان و بیبانی” لە دژی نەبوونی بەرق لە وەرزی هاویندا لە چوارڕیانی شارەدێی شوانی کەرکووک کۆبوونەوە و بۆ ماوەى یەک کاتژمێر ڕێگای سەرەكی نێوان كەركوك-هەولێریان داخست.
بەپێی ڕاپۆرتەکان، ئەمڕۆ نوێنەری دانیشتووانی ئەو گوندانە بەمەبەستى گەیاندنى داواکانیان سەردانى “ڕاكان جبوری”، پارێزگارى بەوەكالەتی كەركوك-یان کردبوو، بەڵام ناوبراو ئامادەنەبوو نوێنەری ئەو گوندنیشانە ببینێت و ئەوەش وایكرد دانیشتووانى گوندهكان خۆپیشاندان ئەنجامبدەن. جێگای ئاماژەیە دانیشتوانی ئەو گوندانە وەک خۆیان دەڵێن، ماوەی ١٠ ڕۆژە بەرقییان نییە و ئەوەش وایكردووە بەشێك لە باخ و زەوییە كشتوكاڵییەکانیان وشك ببێت، چونكە ناتوانن کار بە بیرى ئاوەکانیان بکەن و زەوییەکانیان ئاو بدەن.