کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

خوێندکارانی ئێران لەگەڵ خەبات لە دژی حکوومەتی ئیسلامی ئاشنا دەبن

 

لە ١٨هەمین ڕۆژی ڕاپەڕینی سەرتاسەری خەڵکی ئێران لەدژی کۆماری ئیسلامی، خوێندکارانی کچ لە دەیان شاری ئێران پەیوەست بوون بە ڕیزی خوێندکاران و خەڵکی دیکەی ناڕازییەوە. لە تارانەوە تا کوردستان کچانی تازەلاو سەرپۆشەکانیان ڕادەوەشاند و دروشمیان دژ بە کۆماری ئیسلامی دەوتەوە. سەدان ویدیۆی ئەم جوڵە ورووژێنەرەی کچان و کوڕانی تازەلاو لە قوتابخانەکانی ئێران لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوکراونەتەوە. وێنە بڵاوکراوەکانی قوتابخانەکانی کچان، بەیانگەری ناڕەزایەتی بەرفراوانی لاوانی پێش زانکۆن، کە بێگومان ئەوە بۆ دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی کابوسێکە.
کچانی خوێندکار لە دەیان شاری گەورە و بچوکدا پەیوەندییان بە خۆپیشاندانەکانەوە کردووە و بەشداری مانگرتنەکان بوون. نووسینی دروشم، لابردنی سەرپۆش و ئاگر تێبەردانیان، دڕاندنی وێنەی خومەینی و خامنەیی لەناو کتێبەکانی خوێندن، نووسینی دروشم لەناو پۆلەکان و وتنەوەی دروشمەکانی وەک “مەرگ بۆ دیکتاتۆر”، “ژن، ژیان، ئازادی” لە زۆرێک لە قوتابخانەکان دەبیسترێت. گەلێک ڕەسم و ویدیۆ لە مامۆستایانی فەرمانگەی قوتابخانەکانی شارە جیاوازەکان بڵاوکراوەتەوە کە پێکەوە لەگەڵ خوێندکارەکانیان مانیانگرتووە. دوابەدوای بڵاوبوونەوەی بەیاننامەی ئەنجومەنی هەماهەنگیی یەکێتییەکانی پەروەردەکارانی ئێران، ناڕەزایەتیی خوێندکاران چڕتر بووەوە. لەو بەیاننامەیەدا داوا لە مامۆستایان و خوێندکارانی سەرتاسەری وڵات کرابوو کە بۆ پشتیوانی لە جەماوەری ڕاپەڕیو لە چوون بۆ سەرپۆلەکانی خوێندن خۆ ببوێرن. لە بەیاننامەی دووەمی ئەم ئەنجومەنەدا هاتووە: “خوێندکارانی خۆشەویست، گەنجانی دەیەی هەشتا و نەوەدەکان، ئازایەتیتان جێگەی دەستخۆشییە”. ئێمەی مامۆستایان وانەی بوێری و ژیان و ئازادی لە ئێوە فێر دەبین”. “بەرخودانتان لە دژی یەکێک لە دڕندەترین دەزگا سەرکوتگەرەکان لە مێژووی هاوچەرخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، نەک هەر لە مێژووی ئێراندا، بەڵکو لە مێژووی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیشدا بۆ هەمیشە دەمێنێتەوە و یادی دەکرێتەوە”.
چاوخشاندنێک بە ئاماری تازەلاوانی پێش زانکۆ، کە لە ناوەندی ناڕەزایی خوێندکاراندان، تواناکانی ئەم بزووتنەوە گەشەسەندووەمان پیشان دەدات: ناوەندی پلاندانانی سەرچاوە مرۆییەکان و تەکنەلۆژیای زانیاری لە وەزارەتی پەروەردە، ئاماری دۆخی خوێندکارانی وڵات لە ساڵی خوێندنی 1400- 1401 خستەڕوو. بە پشت بەستن بەم ئامارانە ژمارەی خوێندکارانی کچ لە قۆناغی دووەمی ئامادەیی لە ساڵی خوێندنی ١٤٠٠-١٤٠١ دەگاتە یەک ملیۆن و ٧٠٥ هەزار و ٥٠٧ کەس. هەروەها ژمارەی خوێندکارانی کوڕ لە قۆناغی دووەمی ناوەندی لە ساڵی خوێندنی ١٤٠٠-١٤٠١ دەگاتە یەک ملیۆن و ٧٩٠ هەزار و ٦٢٩ کەس. قوتابیان، بەتایبەت خوێندکارە کچەکان کە زیاتر لە حەوت ملیۆن کەسن، هەر لە سەرەتای منداڵییەوە تامی تاڵی هەڵاواردن و نەبوونی ماف و سەپاندنی یاسای کۆنەپەرستانەی ئایینییان چەشتووە. بۆیە چیتر ناڕەزایی لە سیستەمی پەروەردە تەنیا لە ناوەندە ئەکادیمییەکاندا قەتیس نابێت. خوێندکارانی هەشتاکان و نەوەدەکان ئاشنای پرسەکانی ئەمڕۆی ئێران و جیهانن. ئه‌وان ده‌ستیان به‌ ئینته‌رنێت و تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان دەگات و زۆر به‌ خێرایی لەگەڵ مه‌سه‌له‌ سیاسییه‌كان ئاشنا دەبن. بنەماڵەی قوتابیان لەگەڵ سەرکوت و هەژاری و بێکاری و دەیان کێشەی کۆمەڵایەتی گەورە و بچووک بەرەوڕوون و جگە لە قوتابخانە، لە ماڵ و لە ناو بنەماڵەکانیاندا لە زۆرێک لە سیاسەتی کۆنەپەرستانەی حکوومەتی ئیسلامی ئاگادار دەبن. دەسەڵاتدارە ئیسلامیەکان با دەچێنن و تۆفان دەدروونەوە. پازدە ملیۆن خوێندکاری کوڕ و زیاتر لە حەوت ملیۆن خوێندکاری کچ لەگەڵ زیاتر لە یەک ملیۆن مامۆستای قوتابخانەکان ئاگرێکن لەناو کۆشکی دەسەڵاتی حکوومەتی ئیسلامی دیکتاتۆر و کۆنەپەرستدا. شکستی کۆماری ئیسلامی لە بەرامبەر ئەم هێزە عەزیم و عەداڵەتخوازەدا حەتمییە.

بابەتی پەیوەندیدار

ڕژیم، بە پێشێلکردنی مافی مرۆڤ، گۆڕی خۆی زیاتر هەڵدەکەنێ

-

بەرەو بەرزڕاگرتنی هەرچی شکۆدارتری ڕۆژی جیهانی کرێکاران

-

توندتربونەوەی گوشارەکانی کۆماری ئیسلامی بۆسەر مامۆستایانی مافخواز

-

ڕژیمی ئیسلامی لە سەنگەری سەپاندنی حیجابی ئیجباری، پاشەکشەی پێدەکرێت

-

شەڕ ئامرازێک لە دژی خەڵک، لە خزمەت مانەوەدا

-

ناڕەزایەتی جیهانی لەدژی بەردەوامبوونی جینۆسایدی ئیسرائیل لە غەززە

-