له سه‌روبه‌ندی ساڵی نوێ‌دا، وه‌ك هه‌میشه باسه‌كانی په‌یوه‌ندیدار به دیاری كردنی لانیكهمی حه‌قده‌ستی كرێكاران له ناو كۆڕ و كۆبوونه‌وه‌ی ده‌وڵه‌تییه‌كان و خاوهنكاران و له‌ناو جه‌ماوه‌ری چینی كرێكار و هه‌ڵسووڕاوانی كرێكاری‌دا سه‌ری هه‌ڵداوه‌ته‌وه. هه‌ڵسووڕاوانی كرێكاری و ڕێكخراوهكانانیان مانگانه ١٢ ملیۆن و ٥٠٠ هه‌زار تمه‌نیان وه‌ك حه‌قده‌ستی گونجاو بۆ ساڵی ١٤٠٠ی هه‌تاوی به‌رئاورد كردووه. هه‌ڵبه‌ت ده‌وڵه‌ت و خاوهنكاران لهمبارهیهدا بۆچوونێكی دیكه‌یان هه‌یه.
بانكی مه‌ركه‌زی، سه‌به‌دی بژێوی بنه‌ماڵه‌یه‌كی كرێكاریی ١٠ ملیۆن تمه‌ن ڕاگه‌یاندووه. “كۆمیته‌ی حه‌قده‌ست“ی سه‌ربه مه‌جلیسی شۆرای ئیسلامی، ئاستی بژێوی كرێكارانی له ساڵی ١٤٠٠دا، ٦ ملیۆن و ٨٩٥ هه‌زار تمه‌ن دیاری كردووه كه گۆیا پێویسته له دیاری كردنی حه‌قده‌ستدا، وه‌ك بنه‌ما له‌به‌رچاو بگیرێ. به پێی به‌رئاوردی ئه‌م كۆمیته‌یه ئه‌گه‌ر هه‌زینه‌ی مه‌سكه‌ن، ته‌ندرووستی و فێركردنیش حیساب بكرێ، ئه‌م ڕه‌قه‌مه ده‌بێته ٨ ملیۆن تمه‌ن. به‌ڵام شۆرای باڵای كار كه به پێی یاسا به‌رپرسی دیاری كردنی حه‌قده‌سته، هه‌رگیز گوێڕایه‌ڵی لێكدانه‌وه‌كانی كۆمیته‌ی حه‌قده‌سته نه‌بووه و هه‌میشه خواستی خاوهنكاران و ده‌وڵه‌تی له‌به‌رچاو گرتووه. بۆ نموونه كۆمیته‌ی حه‌قده‌ست، ساڵی ڕابردوو سه‌به‌دی بژێوی چوار ملیۆن و ٩٤٠ هه‌زار تمه‌ن به‌رئاورد كردبوو. به‌ڵام شۆرای باڵای كار ته‌نانه‌ت به بێ واژۆی نوێنه‌رانی فهرمایشیی كرێكاران، بڕی مانگانه یه‌ك ملیۆن و ٩١٠ هه‌زار تمه‌نی وه‌ك حه‌قده‌ستی ١٣ ملیۆن ئه‌ندامی یاسای كار ڕاگه‌یاند. ٥٠ له‌سه‌دی ئه‌م ئه‌ندامانه له به‌شی خزمه‌تگوزاری و ٣٠ له‌سه‌دیشیان له به‌شی سه‌نعه‌ت دان كه به هه‌ژماری بنه‌ماڵه‌كانیانه‌وه ده‌بنه ٤٢ ملیۆن كه‌س. حه‌قده‌ستی چه‌ند به‌رابه‌ر ژێر هێڵی هه‌ژاری له باروودۆخێكدا ڕاگه‌یه‌ندرا كه به قه‌ولی “ناسر چه‌مه‌نی” نوێنه‌ری ده‌ست نیشانده‌ی ده‌وڵه‌ت له شۆرای باڵای كار: به‌ناو “ڕێبه‌ری ئینقلابیش باسی ئه‌م ته‌وه‌ره‌ی كردووه“ و بایه‌خ دان به باروودۆخی كرێكارانی به‌گوێ ههڵێناون. به‌ڵام به پێیچه‌وانه‌ی كاریگه‌ر بوونی فه‌رمانه‌كانی بۆ سه‌ركوت، له بوار ئابووریدا تیغی نه‌یبڕی. لانیكهمی حه‌قده‌ستی ساڵی ٩٩، ٢٦ له‌سه‌د له‌چاو لانیكهمی حه‌قده‌ستی ساڵی ٩٨ چوونه‌سه‌ره‌وه‌ی به‌خۆوه بینی و به حه‌قده‌ستی پایه زیاد كرا.
به‌ڵام حه‌قدستی كرێكاران له ئێران لهتلهت كراوه و به‌ته‌نیا حه‌قده‌ستی پایه نییه و حه‌قی مه‌سكه‌ن، بۆنی خاروبار، سه‌نه‌وات و حه‌قی ئه‌ولاد، پاداش، كارانه و چه‌ندین بابه‌تی دیكه له‌خۆ ده‌گرێت كه ناوی “مه‌زایا“یان له‌سه‌ر داناوه. ده‌وڵه‌ت و خاوهنكاران هه‌ر له ئێستاوه به پێی په‌سندكراوی ٨ی ڕێبه‌ندانی ده‌وڵه‌ت، نه‌دانی مه‌زایاكانیان به یاسا ده‌رهێناوه.
هه‌واڵنێریی ده‌وڵه‌تیی كاری ئێران (ئیلنا)، وێنه‌ی بهخشنامهیهكی ده‌وڵه‌تی بڵاو كرده‌وه كه تێیدا باسی ئه‌وه كراوه كه ئه‌گه‌ر خاوه‌نكار له كۆتایی هه‌موو ساڵێكدا له‌گه‌ڵ كرێكاران ته‌سوییه بكه‌ن، كرێكاران ده‌توانن له‌گه‌ڵی سه‌باره‌ت به مه‌زایای مزدی “به ڕێكه‌وتن و ته‌وافۆق بگه‌ن“. ته‌نیا مه‌رجی ڕێكه‌وتنه‌كه‌ش ئه‌وه‌یه كه حه‌قده‌ستی ته‌وافۆقی نابێ له لانیكهمی حه‌قده‌ست كه‌متر بێت. له ڕابردوودا خاوهنكاران به به‌ستنی قه‌راردادی كاتی له‌گه‌ڵ كرێكاران، كه ٩٠ له‌سه‌دی كرێكارانی ئێران له‌خۆده‌گرێت، ته‌نیا حه‌قده‌ستی پایه‌یان له قهراردادهكهدا ده‌نووسی و به‌كرده‌وه “حه‌قده‌ستی ته‌وافۆقی“یان به‌سه‌ر كرێكاراندا ده‌سه‌پاند. به‌ڵام ده‌وڵه‌ت به‌و پهسندكراوهیهی، ده‌ستی خاوهنكاران ئاواڵه ده‌كات تا ئه‌گه‌ر بۆیان كرا مه‌زایای گشت كرێكاران ببڕن.
مه‌سه‌له‌ی حه‌قده‌ست، مه‌سه‌له‌ی هه‌موو كرێكارانه. لانیكهمی حه‌قده‌ست به شێوه‌ی ڕاسته‌وخۆ كاریگه‌ری له‌سه‌ر ژیانی ٤٢ ملیۆن كرێكار و بنه‌ماڵه‌كانیان، داده‌نێ. خانهنشینكراوانیش كه له‌گه‌ڵ بنه‌ماڵه‌كانیان ٦ ملیۆن كه‌س ده‌بن، هه‌ر ئه‌م لانیكهمی حه‌قده‌سته وه‌رده‌گرن. خاوهنكاران به‌كرده‌وه، به نهزافهتچی، به شاگردانی كارگه‌كانی كه‌متر له ١٠ كه‌س، به ژنانێك كه له ماڵی ده‌وڵه‌مه‌نده‌كاندا خه‌ریكی خزمه‌تگوزارین، به كه‌سانێك كه له‌ناو ماڵدا (هاوشێوه‌ی تهونكهران) بۆ ده‌ڵاڵه‌كان كار ده‌كه‌ن، زۆرجار ته‌نیا یه‌ك سێهه‌می لانیكهمی حه‌قده‌ستی ڕه‌سمییان پێده‌ده‌ن.
كرێكارانی پێترۆشیمییهكانی ناوچه‌ی ئابووریی ماهشههر و به‌نده‌ری خومه‌ینی، كرێكارانی پڕۆژه‌كانی پارسی جنووبی، هه‌ڵسووڕاوانی كرێكاریی جنووب، هه‌ڵسووڕاوانی كرێكاریی شووش و ئه‌ندیمشك و كۆمه‌ڵێك له كرێكارانی میحوه‌ری كه‌ره‌ج ـــ تاران له بابه‌تێكدا له‌ژێرناوی “پشتیوانی له به‌یانییه‌ی حه‌قده‌ستی ساڵی ١٤٠٠ی ڕێكخراوه سه‌ربه‌خۆ كرێكارییه‌كان“، له لانیكهمی حه‌قده‌ستی ١٢ ملیۆن و ٥٠٠ هه‌زار تمه‌ن پشتیوانی‌یان كرد. ئه‌وان نووسیویانه كه“ “هاوده‌نگ له‌گه‌ڵ سه‌ندیكای كرێكارانی شیركه‌تی واحیدی ئۆبۆبووسڕانیی تاران و ده‌ورووبه‌ر، سه‌ندیكای كرێكارانی نه‌یشه‌كه‌ری ههفتتهپه، ناوه‌ندیی پیشه‌یی موعه‌لیمانی ئیسلامشار، گرووپی یه‌كیه‌تیی خانه‌نشینكراوان، كۆمیته‌ی هاوئاهه‌نگی بۆ پێكهێنانی ڕێكخراوه كرێكارییه‌كان، یه‌كیه‌تیی خانه‌نشینان، شۆرای خانه‌نشینكراوانی ئێران، یه‌كیه‌تیی سه‌رتاسه‌ریی خانه‌نشینكراوانی ئێران، كۆمیته‌ی په‌یگیری بۆ پێكهێنانی ڕێكخراوه كرێكارییه‌كانی ئێران و وێڕای پشتیوانیی ته‌واو له به‌یانییه‌ی حه‌قده‌ستی ساڵی ١٤٠٠ی ڕێكه‌وتی ٢٦ ڕێبه‌ندانی ٩٩ی ئه‌م ڕێكخراوانه و هه‌وڵ له پێناو وه‌دیهاتنی خواسته ڕواكانیان، ڕایده‌گه‌یه‌نین كه پێویسته به یه‌كگرتن و خه‌بات، حه‌قده‌ستی ١٢ ملیۆن و ٥٠٠ هه‌زار تمه‌ن له مانگدا ده‌سته‌به‌ر بكه‌ین!”. ناوه‌رۆكی ئه‌م به‌یانییه‌یه‌ی كرێكاران له بواری دیاری كردنی لانیكهمی حه‌قده‌ست نیشانی ده‌دات كه خه‌بات بۆ دیاری كردنی حه‌قدست له هه‌مان حاڵ‌دا كه ته‌وه‌رێكی ئابوورییه، خه‌باتێكی سیاسی ــ چینایه‌تیشه. ئێران یه‌كێك له‌و وڵاتانهیهله كه ناكۆكیی چینایه‌تی تێیدا له باڵاترین ئاستی خۆی دایه. ئه‌م ناكۆكییه ئه‌ساسه‌ن به‌رهه‌می چه‌وساندنه‌وه‌ی توندی چینی كرێكاره له لایه‌ن خاوه‌نكارانی به‌شی خسووسی، ده‌وڵه‌تی و نیوه‌ده‌وڵه‌تی. داهاتی سه‌رچاوه‌گرتوو له ڕانت‌خۆری، دزی، گه‌نده‌ڵی و قاچاخیش خۆی ئه‌م ناكۆییهی توندتر كردووه‌ته‌وه. چه‌ندین فاكته‌ر بوونه‌ته هۆی ئه‌وه‌یكه خاوهنكاران و ده‌وڵه‌ت بتوانن به‌شێكی زۆر له‌و سه‌روه‌ته‌ی كه له ناو كۆمه‌ڵگادا به‌رهه‌م دێت به‌ره‌و توێژه‌كانی سه‌ره‌وه‌ی به‌رن. بێگومان، ئه‌وه‌ش خۆی ڕه‌وتێكی جیهانییه كه به‌ڕێوه‌بردنی سیاسه‌تی نێئۆلیبراڵی و به‌كارهێنانی ئامرازی سه‌ركوت و دواكه‌وتوویی، له ئاستی جیهاندا مسۆگه‌ری كردووه. توێژه جۆراوجۆره‌كانی بورژوازیی ئێرانیش به گرتنه‌به‌ری هه‌ر ئه‌م سیاسه‌ته ئابوورییه و به پشتیوانیی سه‌ركوت و دواكه‌وتوویی ئایینی و میدیایی و هه‌روه‌ها به‌هۆی پڕژوبڵاویی كرێكاران، ناچاریان ده‌كه‌ن به وه‌ها حه‌قده‌ستێكی مه‌مره و مه‌ژییه‌وه كار بكه‌ن. به‌ڵام ئه‌م باروودۆخه ناتوانێ درێژه‌ی بێت. كۆرۆناش ناتوانێ هه‌تاهه‌تایه پارێزه‌ری ئه‌وان بێت. كرێكاران، له‌وانه كرێكارانی قه‌راردادیی نه‌وت له ڕێگه‌ی خه‌بات بۆ بردنه‌سه‌ره‌وه‌ی حه‌قده‌سته‌كان، گۆڕینی قه‌راردادی كاتی به دایمی، هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی شیركه‌ته په‌یمانكارییه‌كان و به‌هێزكردنی ڕێكخراو و په‌روه‌رده كردنی ڕێبه‌رانی لاو، به‌ستێنی به‌هێز كردنی كرێكارانیان له‌پێناو به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانیان خوڵقاندووه. ئه‌م خه‌باته ده‌توانێ ببێته ناوه‌ندی خه‌باتی خانه‌نشینان، ژنان، خوێندكاران و باقی توێژه ناڕازییه‌كانی كۆمه‌ڵگا و ده‌توانێ سه‌رمایه‌داران ناچار بكات تا لانیكهمی حه‌قده‌ستی گونجاو بۆ ساڵی ١٤٠٠ دیاری بكه‌ن. بێگومان، هه‌ر هه‌نگاوێك له‌پێناو باشتر كردنی ژیانی كرێكاران ده‌توانێ باشتر بوونی باروودۆخی ڕێكخراوه‌یی و سیاسیی ئه‌وانی لێبكه‌وێته‌وه و ڕێگا بۆ پێشڕه‌وییه‌كانی دواتر خۆش بكات.