کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

حەقدەستی گونجاو لەگەڵ دابین بوونی ژیانێکی ئینسانی، داخوازی سەرەکی چینی کرێکاری ئێران

  ئەگەر گەمارۆ و سزا ئابووریەکانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لە ئارادا نەبوایە، بە دڵنیاییەوە دەمانتوانی بڵێین کە ئێران بەهەشتی سەرمایەداری دنیا بوو. بەڵام ئێستا لە خێروبێری ئەم بەهەشتە تەنیا سپای پاسداران، ناوەندەکانی بەناو خسولەتی و ڕانت خۆران لێی بەهەرەمەندن. ئافتابی یەزد ڕۆژنامەی سەرلەبەیانی تاران لە ژمارەی ڕۆژی یەکەمی جۆزەردانیدا لەو بارەیەوە بابەتێکی هەیە کە ئەگەرچی تەنیا بەشێک لە ڕاستیەکانی تێدا بەیان کراوە، بەڵام هەر لەم ئاستەشدا گەلێک هەژێنەرە. بە وتەی ئەم نووسراوەیە لە ئێران حەقدەستی کرێکار ڕەقەمێکی نزیک لە ٢ لەسەدی هەزینەی بەرهەمهێنانی بۆخۆی تەرخان کردوە و ئەگەر بمانەوێ حاڵەتە دەگمەنەکانیش لەبەرچاو بگرین ئەوە لە کۆتاییدا لە ١٠ لەسەدی هەزینەی بەرهەمهێنان واوەتر ناچێت. بەم جۆرە کرێکاری بە مانگانەی ١٥٠ دۆلارەوە تەنانەت لە وڵاتانی ئافریقاییش ئیمکانی نییە. لەم بارەیەوە نووسەری بابەتەکە ئاماژە بە خاڵێکی گرنگ دەکات و دەڵێ:

  کچێکی هەڵوەدای کار، ئامادەیە بە یەک لەسەر سێ و تەنانەت کەمتریش، دەرفەتێکی کاریی قەبوڵ بکات و خاوەنکار بەبێ لەبەرچاو گرتنی لایەنە ئینسانی و کۆمەڵایەتیەکان، هەوڵ ئەدات کە لەم ڕقابەتە نا بەرابەر و ماڵوێرانکەرەدا ئەوپەڕی ئیستیفادە بکات. ئەو کار بە کەسانێک ئەدات کە نە بۆیان خەبەرێک لە مافی دادپەروەرانە و یاسایی هەیە و نە بیمە و ماڵیات و لایەنەکانی دیکەی ماف و حەقدەست. لەم بارودۆخە ڕقابەتیەدا سەرپەرستانی بێکاری بنەماڵە، لەگەڵ کرێکارانی گەلێک نیازمەندی کار بە یەک دووەم و یان یەک لەسەر سێی لانیکەمی حەقدەستیش ئامادەن کار بکەن. چەرخەی ژیانی کرێکاری ئێرانی بەم حقوقانەوە ناسوڕێت و شەو بە دەستی بەتاڵ بۆ ماڵ دەگەڕێتەوە.

هەژاری کرێکاران بۆ سەرمایەداران و دەوڵەتەکانیان هەم قازانجی سیاسی هەیە و هەم ئابووری. ئەم قازانجانە بۆ دەوڵەتی تاریک ئەندیشی ئیسلامی و بۆرژوازی داماو و زێدە خوازی ئێران چەند بەرابەر دەبێتەوە. سود و سەروەت بە بۆرژوازی و دەوڵەتەکانی هێز و توانایی دەبخشێت و کرێکاران تووشی موسیبەتی بێ ئەژماری سیاسی و ئابووری دەکات

  هەژاری، چەوساندنەوەی زۆر و داسەپاو بەسەر بنەماڵە کرێکاریەکاندا دەبێتە هۆی ئەوەی کە ئەندامانیان بەردەوام لەژێر گوشاری ڕۆحیدا بن. ئەوان بە منداڵ و گەورەوە خەریکی کارن بەمحاڵەشەوە دابینکردنی ژیانێکی مەمرە و مەژی زەحمەتە بۆیان. هەوڵدان بۆ دەستەبەرکردنی بژیو و هەژاری، ئەوانی بەرەوڕووی سوکایەتی ڕۆژانە و پێگەی نزمی کۆمەڵایەتی دەکاتەوە. هابوونی کاتی بەتاڵ بۆیان بەرەوڕووی گەلێک ئاستەنگی جیدییە. سەقامگیری بنەماڵە و تەنانەت تاکە کەسیشیان دەکەوێتە بەر مەترسی بەردەوامەوە. بەم جۆرە خەریکی کاری سیاسی، کۆمەڵایەتی و تێکۆشان بۆ دەستەبەرکردنی مافە ئینسانی و دیموکراتیکەکان بوون بۆیان قورس دەبێتەوە. دەستەبەرکردنی وشیاری سیاسی و چینایەتی و سازمانیابی لەپاڵ هاوچینەکانیاندا بۆ ئەوان دژوار دەبێت. کاتێک ئەوان لەسەر زەوی ڕێگا چارەیەک نەدۆزنەوە بواریان بۆ دەڕەخسێ تا ڕووبکەنە تلیاکی مەزهەب و بۆ دادپەروەری لە قیامەت و یان وەرگرتنی یارانە لە ئۆرگانەکانی ڕژیمدا بگەڕێن. ئەمەش هەمان ئەو شتەیە کە خاوەنانی سەرمایە و دەوڵەتەکانیان و لە ئێران کۆماری ئیسلامی دەیانهەوێ.

  نەبەردی نێوان کرێکاران و سەرمایەداران لەسەر زیادکرانی حەقدەست نەبەردێکی چینایەتییە کە بە درێژایی هەموو تەمەنی سیستمی سەرمایەداری لە نێوان ئەم دوو چینەدا لە ئارادا بووە. قەت سەرمایەدارەکان حەقدەستی تەواویان بە کرێکاران نەداوە و ناشیدەن. بەڵام کرێکاران ئەو ئیمکانەیان هەیە کە بە خەبات و ڕێکخراو بوونی خۆیان سەهمێکی زیاتر لە بەرهەم و خزمەتگوزاری بەرهەمهاتوو بە شێوەی حەقدەست لە خاوەنکاران وەربگرن.

  لانیکەمی حەقدەستێک کە هەموو ساڵێک لە لایەن نوێنەرانی دەوڵەت و خاوەنکاران و نوێنەرانی ڕێکخراوە زەردە کرێکاریەکانەوە بەسەر چینی کرێکاری ئێراندا دەسەپێ، ئەمساڵ تا ٤ بەرابەر بۆ ژێر هێڵی هەژاری دابەزیوە. ئەوە لە حاڵێکدایە کە ئەم لانیکەمی مانگانەش بۆ بەشێکی بەرین لە چینی کرێکار دەستەبەر نابێت. لە ئێستادا زیاتر لە ٨٥ لەسەد لە کرێکارانی ئێران لەوانە کرێکارانی لەسەرکاری کارگا بچوکەکان، ئەو کرێکارانەی کە لە ڕێگای شیرکەتە په‌یمانکاریەکانەوە خراونەتە سەرکار، کرێکارانی خاوەن قەراردادی کاتی و کرێکارانی بیناسازی و گەلێک لە کرێکارانی شیرکەتی لە وەرگرتنی لانیکەمی حەقدەست بێبەشن و خاوەنکاران ئەم لانیکەمەشیان پێنادەن.

  بۆ وادارکردنی دەوڵەتی سەرمایەداران بە پاشەکشە بۆ بەرەنگا بوونەوە لەگەڵ بارودۆخێکی دژوار کە بەسەر چینی کرێکاریاندا سەپاندوە، هیچ ڕیگایەک بوونی نییە بێجگە لە خەبات و تێکۆشانی ڕاستەوخۆ لە کارخانە و کارگاکان و شوێنی کار و ژیان و سەرتاسەری کردنەوەی ئەم خەباتە لە ڕێگای بەیەکەوە بەستنەوەی سەرجەم شەبەکە و ڕێکخراوە کرێکاریەکانەوە. تەنیا بە مانگرتنی کرێکاری لە هەر کارگا و کارخانەیەک و هەوڵدان بۆ سەرتاسەری کردنەوەی ئەم خەباتە دەکرێت وەها ئامانجێک دەستەبەر بێت. دەبێ خەوی سەقامگیری و سود و قازانج کۆکردنەوەی ناوەند و دامەزراوە سەرمایەداریەکان بە قیمەتی داسەپاندنی ژیانێکی کۆیلە ئاسا بەسەر چینی کرێکاردا لە چاویان بزڕێت. نابێ ئیجازە بدرێت کە ڕژیم ئەم دەستدرێژییە بە ئاشکرایەی بۆسەر ژیان و بەڕێچوونی کرێکاران بە هاسانی بەسەر تێپەڕیت و هەزینەی ماجەراجوییە نیزامیەکانی لە ناوچەکەدا لە ڕێگای توندکردنەوەی چەوساندنەوەی کرێکاران و دزینی نانی سەر سفرەی زۆربەی خەڵکی ئەم وڵاتە دابین بکات.

  حەقدەستی گونجاو لەگەڵ دابین بوونی ژیانێکی ئینسانی، داخوازیەکی سەرەکی چینی کرێکاری ئێرانە. زەمانەتی دەستەبەربوونی ئەم داخوازیانە لە گرەوی خەباتی یەکپارچە و یەکگرتوانە و سەرتاسەری کرێکاران دایە. ئەوە خەباتی یەکگرتوانە و سەرتاسەری کرێکارانە کە چینی سەرمایەدار و ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لە هێرش بۆسەر کار و ژیان و بەڕێچوونی کرێکاران وادار بە پاشەکشە دەکات و فەزایەکی خەباتکارانە لەدژی بارودۆخی مەوجود لە هەموو کۆمەڵدا بەهێز دەکات.

PAGE   \* MERGEFORMAT 5

بابەتی پەیوەندیدار

بەرەو بەرزڕاگرتنی هەرچی شکۆدارتری ڕۆژی جیهانی کرێکاران

-

توندتربونەوەی گوشارەکانی کۆماری ئیسلامی بۆسەر مامۆستایانی مافخواز

-

ڕژیمی ئیسلامی لە سەنگەری سەپاندنی حیجابی ئیجباری، پاشەکشەی پێدەکرێت

-

شەڕ ئامرازێک لە دژی خەڵک، لە خزمەت مانەوەدا

-

ناڕەزایەتی جیهانی لەدژی بەردەوامبوونی جینۆسایدی ئیسرائیل لە غەززە

-

داماویی و بێدەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی لە ئاست ژنانی ئازادپۆش

-