لە چەند رۆژی ڕابردوودا فەزای سیاسی و خەباتکارانەی کۆمەڵگای ئێران لەژێر گاریگەری ناڕەزایەتیی سەرتاسەری و ماف خوازانەی مۆعهلیماندا بوو. بەرینایی ئەم ناڕەزایەتیی دهربڕینه لە ئاستێکدا بوو کە تەنانەت هەراوهوریای هەڵوەشانەوەی تەوافوقی بەرجام لە لایەن دەوڵەتی ئەمریکاشەوە نەیتوانی سەرنجی ڕای گشتی لەسەر خۆپیشاندانی سەرتاسەری مەعەلیمان لابەرێت. بەشوێن بانگەوازی “شورای هاوئاهەنگی تەشەکولەکانی سینفی فەرهەنگیانی ئێران”دا، رۆژی پێنجشەممە ٢٠ی مانگی گوڵان شارە جۆراوجۆرەکانی ئێران بوونە گۆڕەپانی کۆبوونەوەی بهرینی ناڕەزایەتیی موعەلیمان. لەم رۆژەدا دەیان هەزار کەس لە مۆعهلیمانی شاغڵ و خانەنشین لە سەرتاسەری ئێران لە تاران و باقی ئوستانەکانی دیکەی ئێران لەوانە ئەلبورز، ئیسفەهان، فارس، مازندەران، یەزد، ئازەربایجانی شهرقی و غهربی، خۆراسان ، خوزستان، کرمان، ئوستانی کوردستان، کرماشان، لوڕستان وچهند شوێنێكی دیكه، دەستیان دایە کۆبوونەوە و بە دانی دروشم خوازیاری زیاد کرانی ئاستی حەقدەست، دابین بوونی ئەمنیەتی پیشەیی موعەلیمانی ناڕەسمی و كۆتایی هێنان به هەڵاواردن لەدژی ئەوان، ئاموزشی بە خۆڕایی، ئازادی مۆعهلیمانی زیندانی و هیتر بوون.
مۆعهلیمان لە تاران بە دروشمی ” نان، کار، ئازادی”، “جێگای موعەلیم زیندان نییە”، “بیمەی کافی مافی حاشا ههڵنهگری ئێمەیە”، “خوێندنی بهخۆڕایی مافی سەرجەم منداڵانە” و هیتر لە بەردەم سازمانی بەرنامە و بوجەی ڕژیم کۆبوونەوە. بەڵام ههر وهكوو ههمیشه کۆبوونەوەی ئاشتی خوازانە و ئارامی موعەلیمان کەوتەبەر هێرشی وەحشیانەی هێزە ئەمنیەتیەکانی ڕژیم لە شوینە جۆراوجۆرەکان و ژمارەیەک لە مۆعهلیمانی تێکۆشەر دەستبەسەر و ڕەوانەی زیندان و ئەشکەنجەگاکانی ڕژیم کران. موعەلیمەکان لە سنە، مەریوان، سەقز، دیواندەرە و هێندێک لە شارەکانی دیكهی کوردستان لە بەرانبەر ئیدارەکانی ئاموزش و پەروەرشی ڕژیم کۆبوونەوە و خوازیاری باشتر بوونی ئاستی بەڕێچوون و ئازاد کرانی مۆعهلیمانی زیندانی بوون.
لە تاران لە جەریانی کۆبوونەوەی موعەلیماندا لە بەردەم سازمانی بەرنامە و بوجەی ڕژیم، هێزە ئەمنیەتیەکانی ڕژیم بە هێرش کردنە سەر مۆعهلیمانی ناڕازیی بە شێوەیەکی وەحشیانە دایاننە بەر لێدان و ئەزیەت و ئازار و ١٥ کەسیان لەوانە ٣ کەس لە ئەندامانی کانونی موعەلیمانی تارانیان دەستبەسەر کرد. لەنێو گیراوەکاندا ناوی دەبیری گشتی کانونی موعەلیمانی تاران، “محەممەد تەقی فەللاحی، بازپورسی کانونی موعەلیمانی تاران،ڕەسوڵ بوداقی، ئەندامی هەیئەت مودیرەی کانون مەحممەد حەبیبی” بەرچاو دەکەون.
بارودۆخی دژواری ژیانی جەماوەری مۆعهلیمانی ئێران کەمتر لە بارودۆخی ژیان و بهڕێچوونی کرێکاران نییە. زۆربەی نزیک بە هەرە زۆری موعەلیمانی مەدرەسەکان لە ئێران لەژێر هێڵی هەژاریدا دەژین. گەلێک لەوان بۆ دابین کردنی بەڕێچوونی بنەماڵەکانیان ناچارن دوای کۆتایی کار لە مهدرهسه، پیشەیەکی تر بدۆزنەوە. بەم جۆرە چەندین کاتژمیر کاری تاقەت پڕوکێن نەتەنیا دەرفەتێک بۆ چێژ وەرگرتن لە کانونی بنەماڵەیان بۆ ناهێڵێتەوە، بەڵکوو ڕاستەوخۆ لەسەر کاروباری دەرس وتنەوە و ئاموزش لە کلاسەکاندا کاریگەری دەبێت و بە ناچار کەیفیەتی ئاموزش دێنێتە خوارێ.
هەزارن مۆعهلیمی نا ڕەسمی، بە قەراری دامەزراندنی کاتی بە نزم ترین حەقدەست، ساڵانێک لە دوورکەوتوو ترین شوێنەکان خەریکی کارن. ئەوان تەنانەت لە بوونی دەفتەرچەی بیمەی دەرمانیش بێبەشن. بەشێک لەم مۆعهلیمانه کە بەهۆی کار لە ناوچە دوورەکاندا، توانایی دۆزینەوەی کارێکی دووهەمیان نییە، مانگەکانی هاوین کرێکاری دەکەن. تەعتیلی و پشو بۆ ئەوان، نە تەنیا بە واتای ئاسودەیی و دەرچوونی ماندویەتی لە ٩ مانگ کاری دەرس وتنەوە نییە، بەڵکوو بە جەستەی ماندو و هیلاکەوە کاری تاقەت پروکێنی ساڵی خوێندنی نوێ دەست پێدەکەنەوە.
لەپاڵ گشت ئەمانەدا ژەهری کۆنەپەرستی مەزهەبی، ئاژین کراوەتە سیستمی ئاموزشی ئێرانەوە. ئەم سیستەمە لە پێشکەوتنە زانستیەکان و لە شێوازە ئیسلاح کراوە ئاموزشیەکانی کە لە ئاستی دنیادا بەڕێوە دهچێ بێبەشە. وەسایلی کۆمەک ئاموزشی لە مەدرەسە و دەبیرستانەکاندا کە هەم ئەتوانن لە فیرکردنی خوێندكاراندا کاریگەر بن و هەم کەمێک لە ڕەنج و ئازاری کاری موعەلیمان کەم بکەنەوە، لە ئاستی زۆر کەمدان. کلاسەکانی دەرس لانیکەم دوو بەرابەری زەرفیەتیان خوێندكاریان تێدا جێکراوەتەوە. ژمارەیەکی زۆر لە مەدرەسەکان لە دێهات و شوێنە هەژار نشینەکاندا كلاسهكانیان شێدار، سارد و بێ سوتەمەنی و بێ ڕوناکایی کافین. سەرجەمی ئەم کەموکوڕیانە نیگەرانی بەردەوامی مۆعهلیمانی دڵسۆزن کە نایانهەوێ، داهاتوی دانش ئاموزەکانیان بەهەدەر بچێت و ساڵانی تازەلاوی ئەوان بەم شێوەیە بە فیڕۆ بروات.
كهش و ههوای ئاموزش پۆلیسیە. ڕژیم بە بەسیج گیری و جاسوس پهروەری، ئەو شوێنانەی گەلێک نا ئەمن کردوە. مۆعهلیمانی دڵسۆز کە لە چوارچێوەی ئاموزشی کۆنەپەرستانەی ڕژیم دهر دهچن، جار ناجارێک بانگ دەکرێن بۆ ناوەندەکانی ئەمنیەتی ڕژیم و هەڕەشەیان لێ دەکرێت. ناڕەزایەتیی بە کۆمەڵ و کۆبوونەوەیەک کە داخوازیەکانی موعەلیمانی تێدا دێتە گۆڕێ، دەکەوێتەبەر هێرشی پۆلیس.
لەگەڵ گشت ئەم دژواریانەدا کە مۆعهلیمان تەحەمولی دەکەن، ئەوەی کە جێگای هیوایە، ئەوەیە کە مۆعهلیمانی ئێران بەرانبەر بەم بارودۆخەدا تەسلیم نەبوون. ناڕەزایەتی موعەلیمان لەم ساڵانەی دواییدا بەردەوام بەشێک بووە لە حەرەکەتی زیندوی ئەو کۆمەڵگایە. درێژەی ئەم خەباتە کە پشتیوانی بهرینی كۆمهڵگای لهگهڵه و جەماوەری قوتابیانیش بە کردەوە هاوڕێیەتی دەکەن، خاوەنی ئەم زەرفیەتەیە کە داخوازیەکانی بەسەر ڕژیمدا بسەپێنێ.