کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

حکوومەتی ئیسلامی و شەڕی دەروونی دژبە خەڵکی کوردستان

لەم ڕۆژانەدا شایەدی تەبلیغاتی هیستریکی ڕژیمی ئیسلامی دژبە هێزە سیاسییە چالاکەکانی کوردستانین. هاوکات ڕژیم هێزێکی زۆری لەسەر سنوورەکانی کوردستانی ئێران و هەرێمی کوردستان جێگیر کردووە. زۆر بەدوور نییە کە کۆماری ئیسلامیش بە چاولێکەری لە سیاسەتی تورکییە وەسوەسە بێت و چەند بەشێک لە هەرێمی کوردستان داگیر بکات. حکوومەتی ئیسلامی لە ماوەی پتر لە چوار دەیەدا بە لەشکرکێشی، ئێعدام، ئەشکەنجە، دوورخستنەوە، دەرکردن لەسەر کار، هەزینە کردنی ملیاردها دۆلار بۆ میلیتاریزە کردنی کوردستان و کپ کردنی هەموو میدیا سەربەخۆ و نەیارەکان، بەکارهێنانی پەروەردە و بارهێنان و میدیای حکوومەتی، نەیتوانی ئیرادەی خەڵکی کوردستان بۆ گەیشتن بە ئازادی و مافە ئینسانییەکانیان تێکبشکێنێت.

لە قۆناغێکدا هەموو هەوڵ و تەقەلای حکوومەتی ئیسلامی بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ حیزبە سیاسییەکان و هێزی پێشمەرگەی کوردستان بوو و سیاسەتی ڕژیم دوور خستنەوەی خەڵک لە هێزە چەکدارەکانیان بوو، بەو هیوایەی کە پاش پەراویز خستنی هێزی پێشمەرگە بتوانێ سیاسەتی کۆنەپەرستانە و سەرکوتگەرانەی خۆی بەکردەوە دەربێنێت و ئەمنییەت و سەقامگیری بۆ هێزە داگیرکەرەکان لە کوردستان دابین بکات. لەگەڵ کەمبوونەوە و سنوورداربوونی چالاکیی نیزامی لە کوردستان، خەڵک وشیارانە دەیان بەرەی نوێی خۆڕاگری و خەباتیان بەرامبەر بە ڕژیم کردەوە.

کرێکاران، ڕووناکبیران، ژنان، لاوان، خوێندکاران، چالاکانی کۆمەڵایەتی، هونەرمەندان، نووسەران و ڕۆژنامەوانان، خانەنشینکراوان، چالاکانی ژینگەپارێز، فیلمساز و مۆسیقازانان و ڕێکخراوە مەدەنییەکان لە بوار و بەرەی جۆراوجۆردا دەستیان دایە خەبات دژبە ڕژیم و چیتر لەشکرکێشی و بۆمباران وڵامدەرەوە نەبوو.

کۆمەڵی کوردستان بە خێرایی کەوتە پێگەیەکەوە کە سەرکوت و بەتەسلیم کێشانی جەماوەرێکی مەزن کە خوازیاری نەمانی داگیرکاری لە کودستان، ڕووخاندنی ڕژیم و وەدی هاتنی خواستە نەتەوەیی  و کلتوورییەکان بوون، نە مومکین بوو و نە کردەوەیی.

بەدبەختیی حکوومەتی ئیسلامی لەوە دا بوو کە گۆڕانکاریی سیاسیی ناوچەیی و تێکنۆلۆژی بە قازانجی خەڵکی کوردستان بوو و گۆڕانی هاوسەنگیی هێز بە قازانجی خەڵکی مافخوازی بەشەکانی دیکەی کوردستان لەوانە هەرێمی کوردستان، سەقامگیر بوونی دەسەڵاتی خۆجێیی لە ڕۆژئاوای کوردستان لە سووریە و سەرکەوتی پارتی دیمۆکراتی گەلان لە هەڵبژاردنەکانی تورکییه، ئاسۆ، هیوا و خواستی خەڵکی کوردی لە ئێران پەرەپێدا.

لە هەمان حاڵدا هێزە چەپ و پێشڕەو و خەباتکارەکان لە ناو کۆچبەرانی کورد و غەیرە کورد لە ئۆرووپا و باقیی شوێنەکانی دیکەی جیهان، فاکتۆرێکی جیددی بوون بۆ گواستنەوەی ئەزموون و دەستکەوتە جیهانییەکان بۆ کوردستان و ڕسوا و مەحکووم کردنی جەنایاتی ڕژیم لە کۆمەڵگە و میدیا جیهانییەکاندا.

گەشەی تێکنۆلۆژی بەتایبەت لە بواری پەیوەندی و ئینتێرنێت، پێکهاتنی میدیای مەجازی و گشتگیر بوونی مۆبایل، کۆنتڕۆڵ و ئینحساری زانیاری و هەواڵی حکوومەتی ئیسلامیی تێکشکاند و چیتر نایاسایی کردنی میدیاکان، قەدەغە کردنی بڵاوکراوەکان، کۆنتڕۆڵ و شاردنەوەی جەنایەتەکان بۆ ڕژیم مومکین نەبوو و لە کورتترین ماوەدا هەواڵی خەبات و خۆڕاگریی خەڵک دەگەیشتنە دوورترین شوێنەکانی جیهان.

لە ناوخۆی ئێرانیش خەڵک لە پانتایەکی بەرینی کۆمەڵایەتیدا زیاتر لە ڕابردوو لە ماهییەتی کۆنەپەرستانەی ڕژیم گەیشتن و کەمترین خۆشباوەڕیان بە باڵەکانی دەسەڵات و مۆرە سیاسی و تەبلیغاتییەکانیان نەبوو. خەباتی کرێکاری و جەماوەری، خەباتی ژنان و لاوان زیاتر لە ڕابردوو پەرەی سەند و چەندین ئاخیزی جەماوەریی ملیۆنی، مانەوەی ڕژیمیان خستە مەترسیەوە.

حکوومەتی ئیسلامی ئەگەر لە ساڵەکانی سەرەتای بەدەسەڵات گەیشتنی لە کوردستان لەگەڵ نەفرەت و خۆڕاگریی جەماوەری بەرەوڕوو بوو، لە ئێستادا بەشی هەرەزۆری خەڵکی ئێران خوازیاری گۆڕان و ڕووخاندنی گشت ئەم نیزامەن و ئەم خواستەیان ڕوون و ئاشکرا لە هەر دەرفەتێکدا دەردەبڕن. حکوومەتی ئیسلامی بێتوانا و داماوتر لە ڕابردوو لەگەڵ قەیرانی کەمەرشکێن و ئیفلیجکەری ئابووری، کۆمەڵایەتی، ژینگەیی، تەندرووستیی گشتی و کۆرۆنا بەرەوڕوویە.

ڕێک لە وەها باروودۆخێکی نالەبار بۆ حکوومەتی ئیسلامی، لەگەڵ چوونەسەرەوەی شەڕی دەروونی دژبە خەڵکی کوردستان بەرەوڕووین. هەڕەشەی بەردەوامی فەرماندە ورد و درشتەکانی ڕژیم دژبە حکوومەتی هەرێمی کوردستان و هێزە سیاسییەکانی نیشتەجێ لەم هەرێمە، هێنان و بردنی هێز لەئاستی شارەکان و چڕکردنەوەیان لە سنوورەکان، نیشاندانی کەرەستەی نوێی نیزامی ئێران لەوانە تۆپخانەی قورس، فڕۆکەی بێ سەرنشین، مۆشەکی دوور هاوێژ، ناردنی جوخەکانی تیرۆری سپای قۆدس بۆ هەرێمی کورستان، هەر هەموویان ئامرازی ئەم  جەنگە دەروونی و نیزامییە تازەیەی حکوومەتی ئیسلامییە دژبە خەڵکی کورستان.

کۆماری ئیسلامی نە لە ئەزموونی چل ساڵەی خۆی لە کوردستان و نە لە ئەزموونەکانی سەدام حسێن، حافز ئەسەد، حکوومەتەکانی تورکییه و باقیی دیکتاتۆرە ناوچەیی و جیهانییەکان، دەرسی وەرنەگرتووە. شەڕی دەروونی ڕەنگبێ بتوانێ هێز و هیوایەکی کورتخایەن بە هێزەکانی ڕژیم ببەخشێت، ڕەنگبێ بتوانێ لە کورت ماوەدا ببێتە ئامرازی گوشار و هەڕەشە دژبە ئۆپۆزیسیۆنەکانی ڕژیم لە کوردستان، بەڵام بێگومان ڕژیم لە موقاومەتی کوردستان دەباز ناکات.

شەڕی دەروونی ڕژیمی ئیسلامی دژبە خەڵکی کوردستان پێویستە بە توندترین و بەهێزترین خەباتی خەڵکی کوردستان و هێزە چەپ و پێشکەوتووەکان ڕووبەڕوو بێتەوە.

پێویستە هەموو توانای خەڵکی کوردستان و هێزە ئازادیخوازەکان لە چالاکییەکی هاوئاهەنگ و نەخشەمەنددا، ماجەراجویی نیزامی و شەڕی دەروونی ڕژیمی کۆنەپەرستی ئیسلامی دژبە خەڵکی کورد و هێزە ئۆپۆزیسیۆنەکان ڕسوا و مەحکووم بکرێت.

هێزە ئۆپۆزیسیۆنەکانی کورستان بە هەموو جیاوازی و ناکۆکییەکی سیاسییەوە، بەشێک لە موقاومەت و خەباتی خەڵکی کوردستانن. شەڕی دەروونی ڕژیم نە لە هێز و توانا و سەقامگیریی سیاسیی حکوومەت، بەڵکوو لە بێتوانایی ڕژیم لە وڵامدانەوە بە خواستە ئینسانی و سەرتاییەکانی جەماوەرێکەوە سەرچاوە دەگرێت کە خوازیاری گەیشتن بە مافی نەتەوەیی و کلتووری خۆیانن. جەماوەرێک کە دەیانهەوێ لە کۆمەڵگەیەکی ئاوەدان، ئازاد، یەکسان و ئاسوودەدا بژین.

بابەتی پەیوەندیدار

خواردن و خواردنەوە لە شوێنە گشتییەکان، درێژەی خەباتی مەدەنی

-

ئاگربەستی دەستبەجێی ١٤ ڕۆژە لە غەززە، ئاکامی گوشاری بیروڕای گشتی دژبە شەڕ

-

بۆچی داعش هێشتا زیندووە و تاوان ئەنجام دەدات؟

-

هیوا بە ئازادی لەدەست ستەم و سەرەڕۆیی پەرە دەستێنێ

-

کاریگەریی وێرانکەری هەژاری لەسەر دۆخی تەندروستی و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی چینی کرێکار

-

ڕاگەیاندنی هاوبەشی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و ڕێکخراوی کرێکارانی شۆڕشگێڕی ئێران (ڕاهی کاریگەر)

-