کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

حه‌قده‌ستی چوار قات ژێر هێڵی هه‌ژاری له‌ جه‌رگه‌ی قه‌یرانی كۆرۆنادا

Dastmozd mozd Kargar 600x400 1

Dastmozd mozd Kargar 600x400 1

سه‌رئه‌نجام شۆرای باڵای كاری ڕژیمی كۆماری ئیسلامی به‌ بردنه‌سه‌ره‌وه‌ی ٢١ له‌سه‌د، لانیكه‌می حه‌قده‌ستی مانگانه‌ی كرێكارانی بۆ ئه‌مساڵ، ١ ملیۆن و ٨٣٥ هه‌زار تمه‌ن دیاری كرد. ئه‌م لانیكه‌می حه‌قده‌سته‌ به‌ پێی ڕێكه‌وتنی نێوان نوێنه‌رانی سه‌رمایه‌دارانی به‌شی ده‌وڵه‌تی، به‌شی خسووسی و ده‌وڵه‌ت له‌ شۆرای باڵای كاری ڕژیم دیاری كرا. ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ی وا دیاری كرا‌، به‌جۆرێك زاڵمانه‌ بوو كه‌ ته‌نانه‌ت نوێنه‌رانی ڕێكخراوه‌ كرێكاریه‌ زه‌رده‌ ده‌وڵه‌تیه‌كان كه‌ له‌و دانیشتنه‌دا به‌شدار بوون، ڕێكه‌وتنه‌كه‌یان واژۆ نه‌كرد و دانیشتنه‌كه‌یان به‌جێهێشت. چوونه‌سه‌ره‌وه‌ی ٢١ له‌سه‌دیی لانیكه‌می حه‌قده‌ستی كرێكاران له‌ حاڵێكدایه‌ كه‌ به‌ر له‌ قه‌یرانی كۆرۆنا، هێندێك له‌ هه‌واڵنێریه‌كانی ده‌سه‌ڵات، له‌سه‌ر زاری كارناسانی ئابووری، هه‌زینه‌ی دابین كردنی سه‌به‌دی بژێوی مانگانه‌ی بنه‌ماڵه‌یه‌كی كرێكاریان، حدوودی ٨ ملیۆن و ٥٠٠ هه‌زار تمه‌ن به‌رئاورد كردبوو و “ته‌وه‌رۆمی چاوه‌ڕوان كراو“یشیان له‌ نێوان ٤٠ تا ٥٠ له‌سه‌د لێكدابۆوه‌. بڕی لانیكه‌می حه‌قده‌ستی دیاری كراو ته‌نانه‌ت له‌گه‌ڵ به‌رئاوردی “كۆمیته‌ی مزدی شۆرای باڵای كاری ڕژیم” كه‌ هه‌زینه‌ی سه‌به‌دی بژێوی مانگانه‌ی بنه‌ماڵه‌یه‌كی كرێكاریی، ٥ ملیۆن و ٤٠٠ هه‌زار تمه‌ن ڕاگه‌یاندبوو، زۆر لێك دوورن‌.

دیاری كرانی بڕی یه‌ك ملیۆن و ٨٣٥ هه‌زار تمه‌ن وه‌ك لانیكه‌می حه‌قده‌ستی كرێكاران له‌ ساڵی ٩٩دا، له‌ حاڵێكدایه‌ كه‌ بانكی جیهانی له‌ دوایین ڕاپۆرتی خۆیدا، پێشبینیی كردووه‌ كه‌ ئێران له‌ ساڵی زایینیی به‌ره‌وڕوودا، بۆ دووهه‌مین جاری به‌رده‌وام، ڕكوودی به‌سه‌ر دادێت و گه‌شه‌ی ئابووریی ئه‌م وڵاته‌ ده‌گاته‌ مه‌نفیی ٧ و ٨ ده‌هۆمی له‌سه‌د. كارناسانی ئابووریی ئێرانیش، له‌سه‌ر حه‌تمی بوونی ڕێژه‌ی ته‌وه‌رۆمی سه‌رووی ١٠٠ له‌سه‌د له‌ به‌شی مه‌سكه‌ن و ته‌وه‌رۆمی سه‌رووی ٥٠ له‌سه‌د له‌ به‌شی خوارده‌مه‌نی و ته‌وه‌رۆمی ٣٠ له‌سه‌د له‌ به‌شی گواستنه‌وه‌دا، ته‌ئكیدیان كردووه‌. بێ گومان، دواهاته‌كانی بڵاوبوونه‌وه‌ی كاره‌ساتباری كۆرۆناش باروودۆخی ئابووریی ئێران، زۆر له‌وه‌یكه‌ هه‌یه‌ ئاڵۆزتر ده‌كات. به‌ڵام سه‌ره‌ڕای ئه‌م ڕاپۆرت و لێكدانه‌وانه‌ی كه‌ ئاستی هێڵی هه‌ژاری و سه‌به‌دی پێداویستیه‌كانی بژێوی بنه‌ماڵه‌یه‌كی سێ كه‌س و نیوی، ٦ تا ٨ ملیۆن تمه‌ن به‌رئاورد ده‌كه‌ن، شۆرای باڵای كاری ڕژیمی كۆماری ئیسلامی به‌نیازه‌ به‌ زه‌بری یاسا، زیاد كردنی ٢١ له‌سه‌دیی لانیكه‌می حه‌قده‌سته‌كان به‌سه‌ر كرێكاراندا بسه‌پێنێ. ڕاگه‌یاندنی چوونه‌سه‌ره‌وه‌ی ٢١ له‌سه‌دی حه‌قده‌ستی پایه‌ له‌ لایه‌ن شۆرای باڵای كاره‌وه‌، له‌ باروودۆخێكدایه‌ كه‌ ئه‌گه‌ر لانیكه‌می حه‌قده‌ستی یه‌ك ملیۆن و ٥١٧ هه‌زار تمه‌نی ساڵی ٩٨یان، ٥ به‌رابه‌ر واته‌ ٥٠٠ له‌سه‌د زیاد كردبایه‌، دیسانیش بۆشایی نێوان لانیكه‌می حه‌قده‌سته‌كان له‌گه‌ڵ هێڵی هه‌ژاری و هه‌زینه‌ی سه‌به‌دی بژێوی بنه‌ماڵه‌یه‌كی كرێكاری، پڕ نه‌ده‌بۆوه‌‌‌. به‌ پێی ئه‌م ڕاستیه‌ حاشاهه‌ڵنه‌گرانه‌یه‌ كه‌ ڕێكخراو و ناوه‌نده‌ سه‌ربه‌خۆ كرێكاریه‌كان، به‌له‌به‌رچاوگرتنی هه‌زینه‌ی سه‌به‌دی بژێوی بنه‌ماڵه‌یه‌كی كرێكاری و به‌ پێی ستاندارده‌ مۆدێرن و جێكه‌وتووه‌كان، خوازیاری لانیكه‌می حه‌قده‌ستی ٩ ملیۆن تمه‌نن بۆ ساڵی ٩٩ و عه‌زمی خۆیان بۆ په‌یگیری ئه‌م بابه‌ته‌ ڕاگه‌یاندووه‌.

ڕژیمی كۆماری ئیسلامی له‌ حاڵێكدا، حه‌قده‌ستی چوار تا پێنج به‌رابه‌ری ژێر هێڵی هه‌ژاریی به‌ زه‌بری یاسا، به‌سه‌ر كرێكاراندا سه‌پاندووه‌ كه‌ كرێكاران پتر له‌ هه‌موو به‌شه‌كانی دیكه‌ی كۆمه‌ڵ له‌به‌رده‌م مه‌ترسیی برسیه‌تی و یان مه‌رگ به‌هۆی تووش بوون به‌ ویرووسی كۆرۆنا دان. كرێكاران له‌ مه‌عده‌ن و ناوه‌نده‌ گه‌وره‌ سه‌نعه‌تیه‌كان، له‌ پترۆشیمی، ڕێگه‌ی ئاسن و كارگه‌ چكۆله‌كان و له‌ به‌شی خزمه‌تگوزاری و له‌ هه‌موو شوێنه‌كان، ناچارن ڕۆژانه‌ به‌خاتری نان و له‌ترسی ده‌ركرانیان، له‌سه‌ر كار حازر بن. هه‌تا ئێستا به‌هه‌زاران كرێكار له‌ ناوه‌نده‌ جۆراوجۆره‌كانی به‌رهه‌مهێنان و خزمه‌تگوزاری به‌هۆی نه‌بوونی ئیمكاناتی بێهداشتی بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ كۆرۆنا، گیرۆده‌ی ئه‌م ویرووسه ‌بوون و به‌ سه‌دان كه‌سیش گیانیان له‌ده‌ست داوه‌. ڕۆژ نییه‌، سه‌دان بنه‌ماڵه‌ی كرێكاری به‌هۆی شه‌پۆلی بێكار كردن و یان به‌هۆی تووش بوون به‌ كۆرۆناوه‌، نان ده‌رهێنه‌ری ماڵه‌كه‌ی خۆیان له‌ده‌ست نه‌ده‌ن. ده‌ڵێی دواهاتی هه‌موو قه‌یرانه‌كان، قه‌یران و ڕكوودی سه‌رمایه‌داری ئێران، گه‌نده‌ڵیی ڕیشه‌داری ناو دام و ده‌زگا دوور و درێژه‌كانی بورۆكراسیی ده‌وڵه‌ت، توندبوونه‌وه‌ی گه‌مارۆ نێونه‌ته‌وه‌ییه‌كان، قه‌یرانی كۆرۆنا و هه‌ر هه‌موویان، به‌ یه‌كجار، به‌سه‌ر جه‌ماوه‌ری كرێكار و زه‌حمه‌تكێشی ئه‌م كۆمه‌ڵگایه‌دا  ڕووخاون.

له‌ وه‌ها باروودۆخێكدا ته‌نیا زه‌مانه‌ت كردنی حه‌قده‌ستی گونجاو له‌گه‌ڵ هه‌زینه‌ی ژیانێكی ئینسانی بۆ هه‌موو كرێكارانی دامه‌زراو، دابین كردنی بیمه‌ی بێكاری بۆ هه‌موو بێكاران و كرێكارانێك كه‌ به‌هۆی‌ شه‌پۆلی تازه‌ی بێكاریه‌وه‌، كاره‌كه‌یان له‌ده‌ست داوه‌، ته‌عتیل كردنی كار له‌و به‌شانه‌ی وا به‌رهه‌مهێنان  زه‌رووری نییه‌، هێنانه‌ خواره‌وه‌ی سه‌عاتی كار له‌و به‌شانه‌ی وا به‌رهه‌مهێنان و خزمه‌تگوزاری پێویست و حه‌یاتین وێڕای پێدانی حه‌قده‌ست و مه‌زایای ته‌واو و  دابین كردنی كه‌ره‌سته‌ و پێداویستیه‌ ته‌ندرووستیه‌كان، ده‌توانێ كرێكارانی ئێران بخاته‌ پێگه‌یه‌كی گونجاوه‌وه‌ بۆ درێژه‌ی ژیان و زاڵ بوون به‌سه‌ر قه‌یرانی كۆرۆنا. كرێكاران خێر و سه‌ده‌قه‌یان ناوێ. كرێكاران به‌هۆی ڕۆڵێكی سه‌ره‌كی كه‌ له‌ بوار به‌رهه‌مهێنانی كۆمه‌ڵایه‌تی و له‌سه‌رپێ ڕاگرتنی كۆمه‌ڵگا هه‌یانه‌، پێویسته‌ له‌ ئه‌منیه‌تی گیانی و ژیانێكی شیاوی ئینسان به‌هره‌مه‌ند بن.

به‌ڵام ئه‌زموونی چوار ده‌یه‌ كار و ژیان له‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتی كۆماری ئیسلامی به‌ كرێكارانی نیشان داوه‌ كه‌ له‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتی ئه‌م ڕژیمه‌دا، گه‌یشتن به‌ ژیانێكی ئینسانی و ئاسووده‌، مه‌حاڵه‌. كه‌وابوو پێویسته‌ هه‌ڵسووڕاوان و پێشڕه‌وانی بزووتنه‌وه‌ی كرێكاری له‌ جه‌ریانی كێشمه‌كێشه‌ چینایه‌تیه‌كان و بزه‌ووتنه‌وه‌ی موتالباتیی كرێكاران، كه‌ به‌رده‌وام له‌ جه‌ره‌یان دایه‌، جه‌ماوه‌ری كرێكار به‌و ناوه‌رۆكه‌وه‌‌ ڕابێنن كه‌ ته‌نیا ڕێگای ڕزگاربوون له‌و هه‌مووه‌ هه‌ژاری و به‌دبه‌ختی و مه‌ترسییه‌ گیانیه‌، نه‌ك له‌ چوارچێوه‌ی په‌یوه‌ندیه‌كانی زاڵدا، به‌ڵكوو له‌ مه‌سیری ڕاپه‌ڕینێكی شۆڕشگێڕانه‌دا ببینن كه‌ دژبه‌ نه‌زمی زاڵه‌. له‌ جه‌ره‌یانی ئاخێزی مانگی به‌فرانباری ٩٦ و ئاخێزی مانگی خه‌زه‌ڵوه‌ری ٩٨،  به‌شێك له‌ چینی كرێكار كه‌ له‌ په‌راوێزی شاره‌كاندا ده‌ژیان به‌ به‌رز كردنه‌وه‌ی درووشم و كرده‌وه‌ی شۆڕشگێڕانه‌، وشیاری و تێگه‌یشتنی خۆیان له‌ ئاست پێویستیی تێپه‌ڕینی شۆڕشگێڕانه‌ له‌ كۆماری ئیسلامی و په‌یوه‌ندیه‌كانی سه‌رمایه‌داری زاڵ، به‌ ڕوونی نیشان دا. ئه‌م وشیاری‌ و گڕ و تینی شۆڕگێڕانه‌یه‌ پێویسته‌ به‌ره‌و كرێكارانی گشت ناوه‌نده‌كانی به‌رهه‌مهێنان و خزمه‌تگوزاری هیدایه‌ت بكرێ. پێویسته‌ بۆ پێكهێنانی كۆمیته‌ نهێنیه‌كانی مانگرتن و كۆمیته‌ی كارخانه‌ و خوڵقاندنی به‌ستێنه‌كانی ڕێكخستنی مانگرتنه‌ سه‌رتاسه‌ریه‌كان، هه‌وڵ بده‌ین.