ڕۆژی ڕابردوو، سپای پاسدارانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لە ڕاگەیاندنێکی نوێدا ئاماژەی بەوە کردووە کە لانیکەم ٢٦ کەشتی بە هاوئاهەنگی لەگەڵ هێزەکانیان، گەرووی هورموزیان تێپەڕکردووە.
ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە سپای پاسدارانی ڕژیم جەختی لە سەر ئەوە کردووەتەوە کە تێپەڕبوونی هەر کەشتییەک لە گەرووی هورموز، پێویستە بە هاوئاهەنگی و هەروەها بە ئیزنی هێزەکانی سپای پاسداران بێت و هەر کردەوەیەکی بە پێچەوانەی ئەم بڕیارە، کردەوەیەکی دوژمنانە هەڵدەسەنگێندرێت. شایانی باسە کە پاش ڕێککەوتنی ئاگربەست لە نێوان هێزەکانی ئەرتەشی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ڕژیمی کۆماری ئیسلامی، لە لایەن ئەرتەشی ئەمریکاوە گەمارۆیەکی توندی ئابووری خراوەتە سەر ڕێڕەوە گرنگەکانی ڕژیم و ئەمەش زیانێکی زۆر گەورەی ئابووری بە ڕژیم گەیاندووە.
