کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

توند بوونەوەی گوشارەکانی ئەمریکا بۆسەر ڕژیم و وەسوەسەکانی ئوپوزسیۆنی بۆرژوایی

لەسەر بنەمای بەیانیەی كۆشكی سپی، دوناڵد تڕامپ رۆژی سێشەممە لە وتووێژێکی تەلەفونیدا لەگەڵ ئەمیری قەتەر و پادشای عەرەبستان، ڕژیمی کۆماری ئیسلامی ئێرانی بە مەترسی بۆ سەر سەقامگیریی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست زانیوە و باسیان لە پێویستی بەرەنگار بوونەوەی نفوزی ئێران لە ناوچەکەدا کردوە. بەپێی ئەم بەیانیە، ترامپ هەروەها جەختی لەسەر چارەسەر بوونی ناکۆکیەکانی نێوان وڵاتانی عەرەبی و یەکێتی نێوان ئەندامانی شوڕای هاوکاری کەنداو بۆ بەرەنگار بوونەوە لەگەڵ نفوزی ئێران و شکستی توندڕەوەکان کردۆتەوە. جەخت کردنەوەی ترامپ لەسەر ئەم هەڵوێست گرتنانەی لە درێژەی ئەو ئاڵوگۆڕانەی کە لە کابینەکەی و بازنەی هاوکارانیدا ئەنجامی داوە، باس لە درێژەی سیاسەتی توند کردنەوەی گوشار بۆسەر ڕژیمی کۆماری ئیسلامی دەکات. ماوەیەک لەوە پێش سەرۆکی ئەمریکا، ڕکس تلرسۆن وەزیری دەرەوەی کە یەکێک لە موافقانی تەوافوقی هەستەیی لەگەڵ ئێران و مانەوەی بەرجام بوو لە پۆستەکەی دوور خستەوە و مایک پمپئۆ سەرۆکی سازمانی “سیا”ی خستە جێگاکەی. پمپئۆ وەک خودی دوناڵد ترامپ یەکێک لە نەیارانی تەوافوقی هەستەیی لەگەڵ ئێرانە و گەلێک جار خوازیاری هەڵوەشاندنەوە یان ئیسلاح کردنی بوو. ترامپ هەروەها جان بۆڵتۆنی وەک ڕاوێژکاری خۆی لە سەروی شوڕای ئەمنیەتی نەتەوەیی ئەمریکادا دانا. بۆڵتۆن کە لە دەوڵەتی جۆرج بوشی کوڕدا، بۆ دەورەیەک باڵویزی ویلایەتە یەكگرتوەکان بووە لە ڕێكخراوی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان، پێوەندیەکی باشی لەگەڵ سازمانی موجاهیدینی خەڵکی ئێران هەیە و گەلێک جار خوازیاری گۆڕینی ڕژیمی حاکم بەسەر ئێراندا بووە.

درێژەی گوشارەکانی ئەمریکا بۆسەر ڕژیمی کۆماری ئیسلامی دەرخەری ئەوەیە کە تەوافوقی هەستەیی و بەرجام نەک کۆتایی قەیران لە مناسباتی ڕژیم لەگەڵ ئەمریکا و ئوروپا و هاوپەیمانەکانیان لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، بەڵکو تەنیا هەنگاوێک بووە لە ڕاستای چارەسەر کرانی ئەم قەیرانەدا. ئامانجی ئەمریکا و ئەروپا لە بەرجام نە تەنیا بەرگرتن لە ڕژیم بۆ دەست ڕاگەیشتنی بە چەکی ئەتۆمی، بەڵکو هاوڕا کردن و هاوئاهەنگ کردنی ئەم ڕژیم بووە لەگەڵ سیاسەتەکانیان لە رۆژهەڵاتی نێوارستدا وەک یەکێک لە گەرمترین کانونەکانی ڕقابەت و کێشمەکێشی زل هێزە جیهانی و ناوچەییەکان. ئەگەر تەوافوقی چەند لایەنەی هەستەیی بۆ ماوەی ١٠ ساڵ بەرنامە ئەتۆمیەکانی کۆماری ئیسلامی ڕاگرتوە، پێداگری ترامپ و پمپئۆ لەسەر ئیسلاح کردنی بەرجام و توند کردنەوەی گوشارەکان بۆ سەر ڕژیمی ئیسلامی، بەدوای ئەم ئامانجەوەیە کە پرۆژە ئەتۆمیەکانی ڕژیم بە گشتی ڕابگرێت و دخاڵەتگەریەکانی لە کانونەکانی قەیرانی ناوچەییدا بە تەواوی کۆنترۆڵ بکات. بەڵام ئەوەی کە روون و ئاشکرایە، دەوڵەتی ئەمریکا ئێستا لە مەوقعیەتێکدا نییە کە بۆ کۆنترۆڵ کردنی دخاڵەتگەریەکانی کۆماری ئیسلامی لە کانونەکانی قەیرانی ناوچەکەدا، کۆدنگیەکی نێونەتەوەیی وەک ئەوەی لە بەرانبەر بەرنامەی هەستەییدا لەدژی ڕژیمی ئیسلامی ئێڕان دروستی کرد، شکڵ پێبدات. لەم ڕوەوە ئەمریکا بۆ توند کردنەوەی گوشارەکانی لەدژی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی ئەساسەن پشتی بە توانایی و زەرفیەتەکانی هاوپەیمانەکانی وەک عەرەبستان و باقی دەوڵەتانی حاکم لە حەوزەی کەنداو بەستوە. هەرچەند توند بوونەوەی گوشارەکانی ئەمریکا، کۆمپانیا ئوروپاییەکانی بۆ سەرمایەگوزاری کردن لە ئێرانی گەلێک بە ئیحتیات و دوودڵ کردوە و هێندێک لە زل هێزە ئوروپاییەکانی وادار کردوە تا هەڵسەنگاندی تەحریمی ئابووری لەدژی ئێران بە هۆی بەرنامە موشەکیە دوور هاوێژەکانیەوە بخەنە دەستوری کاریانەوە.

سەرەڕای توند بوونەوەی گوشارەکان، سیاسەتی دەوڵەتی ئەمریکا رووخاندنی کۆماری ئیسلامی نییە. ئەمریکا لە ئێستادا پرۆژەیەکی بۆ ڕوخاندنی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی نییە. بە سیاسەتی تەحریمی ئابووری یان تەنانەت بە بۆمبارانی چەند پێگەیەکی نیزامی و بەندەرگا ناکرێ هیچ ڕژیمێک بروخێندرێت. ئەمریکا دوای لەشکر کێشی بۆسەر ئەفغانستان و عێڕاق و بێتوانایی لە سەقامگیر کردنی نەزمی سیاسی و ئەمنیەتی جێی سەرنجی لەم وڵاتانەدا ئەساسەن بە هۆی کز بوونی توانایی ئابووری ناتوانێ لەشکرکێشیەکی نیزامی بۆسەر ئێران بخاتە دەستوری کارەوە. بێجگە لەوە تا کاتێک کە گەشەی بزوتنەوەی کرێکاری و جەماوەری، ڕژیمی ئیسلامی نە گەیاندبێتە لێواری مەرگ، هێزە رۆژئاواییەکان قەسەتی لادانی ئەویان نابێت و نایانەوێ چارەنووسی ئێران بەو مەوقعەیەتە جۆغڕافیایی و سیاسیەوە کە هەیەتی بە داهاتویەکی نادیار بسپێرن. بەڵام ئەگەر بێت و ئێران بچێتە قۆناغی شۆڕشگێڕانەوە و روخاندنی کۆماری ئیسلامی ببێتە بابەتێکی حەتمی ئەوکات ئەمریکا و باقی هێزە رۆژئاواییەکان هەوڵ ئەدەن کە بە پشت بەستن بە هاوکاری هێزە ئوپوزسیۆنە بۆرژواییەکان شۆڕشی ئێران بەلاڕێدا بەرن و پوچەڵی بکەنەوە.

بەم حاڵەشەوە ئەم توند بوونەوەی گوشارانە لە نێو بەشێک لە ئوپوزسیۆنی بۆرژوایی ئێراندا ڕەنگی داوەتەوە. هێندێک لە هێزە ئوپوزسیۆنەکان لەژێر کاریگەری توند بوونەوەی گوشارەکانی ئەمریکا و هەڕەشەی لەدژی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لە تاو ” خەبات لەگەڵ ئیمپڕیالیزمی ئەمریکا”، خەبات لەگەڵ کۆماری ئیسلامییان لەبیر چۆتەوە و بەکردەوە پەنایان بردۆتە بەر ناسیۆنالیزمی ئێرانی و دروشمی دیفاع لە مەیهەن دەڵێنەوە، بەشێکی دیکە لە هێزەکانی ئوپوزسیۆنی بۆرژوایی کە پێگەیەکی کۆمەڵایەتی بەرچاویان لە نێو خەڵکی ئێراندا نییە و ئاڵوگۆڕ لە خوارەوە بە زیانی بەرژەوەندیەکانی خۆیان دەزانن، هیوایان لەسەر توند بوونەوەی گوشارەکانی ئەمریکا بۆسەر ڕژیمی ئیسلامی هەڵچنیوە. سازمانی موجاهدینی خەڵک و ڕەوتە جۆراو جۆرە سەڵتەنەت تەڵەبەکان تا ئێستا گەلێک جار ئامادەیی خۆیان بۆ هاوکاری بۆ هەر چەشنە توند کردنەوەی گوشارێک لەدژی کۆماری ئیسلامی ئێران ڕاگەیاندوە. ئەحزاب و جەریاناتی ناسیۆنالیست لە کوردستان کە هیوادارن سیاسەتی توند کردنەوەی گوشاری ئەمریکا لە ئامانجە ئیستراتیژیکەکانیان نزیکتریان بکاتەوە، هەوڵ و چالاکیان بۆ پێکهێنانی بەرەی کوردستانی زیاتر و چڕ تر کردوە.

لە گۆشەنیگای بەرژەوەندی کرێکاران و زۆربەی خەڵکی زۆرلێکراوی ئێران و ناوچەکەوە، ماهیەتی کێشمەکێشەکانی ئەمریکا و ڕژیمی کۆماری ئیسلامی سەرمایەدارانە و کۆنەپەرستانەیە و لە دژایەتی ئاشکرادایە لەگەڵ قازانج و بەرژەوەدنیەکانی ئەواندا. بۆ بەرەنگار بوونەوە لەگەڵ دواهاتە زیانبارەکانی ئەم جۆرە سیاسەتانە، ڕێگایەک بێجگە لە توند کردنەوەی خەبات بۆ روخاندنی کۆماری ئیسلامی، لەقاودانی ماهیەتی چینایەتی و کۆنەپەرستانەی ئەم کێشانە و ئاشکرا کردنی ماهیەتی ئیمپڕیالیستی سیاستەکانی دەوڵەتی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لە ناوچەکەدا بوونی نییە. لە بارودۆخیکدا کە دەخاڵەتی هێزە سەرمایەداریەکان لە ئاڵوگۆڕی وڵاتانی ناوچەکەدا بۆتە یەکێک لە فاکتۆڕەکانی بەیانی بارودۆخی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و لە بارودۆخێکدا کە پشت بەستن بەم دەوڵەتانه‌ بۆ بە دەسەڵات گەیشتن و گۆڕینی هاوسەنگی هێز بە قازانجی خۆ ڕوکنێکی ئەساسی لە ئیستراتیژی ئەحزاب و هێزە ئوپوزسیۆنە بۆرژواییەکان پێکدێنێ، دابین بوونی ڕێبەریی چینی کرێکار لە ناخی ئاڵوگۆڕەکانی داهاتودا و بەرپا کردنی ناوەندەکانی حاکمیەتی کرێکاری و جەماوەری دەورێکی یەکلا کەرەوەی لە پوچەڵ کردنەوەی ئەم دخاڵەتگەریانەدا دەبێت.

بابەتی پەیوەندیدار

خەبات لە دژی هەژاری، لە سەر بەستێنی ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانەی ژن، ژیان، ئازادی

-

ڕۆژی مامۆستا لە ئێران بەرز ڕاگیرا

-

دروشمەکانی ڕۆژی جیهانی کرێکار، زیادکرنی حەقدەست و مووچە، ڕاگرتنی جینۆساید لە غەززە

-

نەریتی ڕێزگرتن لە ڕۆژی جیهانی کرێکار لە کوردستان

-

وتارێک بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی ئەمن کردنی کار

-

کەمپینی هاوپشتی لەگەڵ خەڵکی فەلەستین تا دێت بەربڵاوتر دەبێت

-