کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

توند بوونەوەی ئێقداماتی ئەمنیەتی لە سەرودەمی نزیک بوونەوە لە شانۆگەری هەڵبژاردنی مەجلیس

بە ڕاگەیەنرانی حەزفی بەرینی کاندیدەکانی ئیسلاح خوازانی حکومەتی و باڵی دەوڵەت و تەنانەت کەسانێک لەو ئوسولگەرایانەی کە لەم دەورەی دواییدا پێیان لە بەڕەی خۆیان درێژ تر کردبوو لە لەیەن شوڕای نیگابانەوە، جارێکی تر ناکۆکی نێوان باڵەکانی ڕژیم توند بۆتەوە. هێزە سەرکوتگەرەکانی ڕژیمیش بە ئیجرای کرداری ئەمنیەتی و توند کردنەوەی فەزای پۆلیسی لە شارەگەورەکان دەستیان داوەتە دروست کردنی مزاحمەت و ترساندنی خەڵک.لەگەڵ دەست پێکردنی مۆڵەتی ناو نووسین حەفتەیەک بۆ کاندیداتۆڕی مەجلیسەکانی خوبرەگان و ئیسلامی کە رۆژی ٢٨ ی سەرماوەز دەستی پێکرد، ئیسلاح خوازانی حکومەتی و باقی نەیارانی باڵی ئوسولگەرا لە ئاستێکی بەریندا ناوی خۆیان تۆمار کرد. بە گشتی زیاتر لە ١٢ هەزار کەس ناو نووسیان کرد بەو هیوایەی کە تەنانەت لە ئەگەری ڕەدی سەڵاحیەتی بەریندا، ژمارەیەکیان بمێننەوە. هەیئەتەکانی ئیجرایی وەزاڕەتی نێوخۆ سەڵاحیەتی زۆربەیانیان تەئید کرد و بۆ هەڵسەنگاندنی کۆتایی ناردیانن بۆ شوڕای نیگابان. ئەم روو تیکردنە بەرەو رووی پێشوازی ئیسلاح خوازان و توڕەیی ئوسولگەراکان بوویەوە. ئاخوندەکانی نزیک لە خامنەیی لەوانە جەننەتی، یەزدی، و عەلەم الهودا و سپای پاسداران بە گوماناوی، پیلان و نفوزی فیتنەیان ناوبرد. سپای پاسداران کە پێشتر چەندین جار لە لایەن خامنەییەوە پەیامی هۆشدار ئامێزی لە پێوەند لەگەڵ مەترسی نفوزی دوژمنی لە ناوەندەکانی بڕیارداندا وەرگرتبوو، چ لە ڕاگەیەنەرەکانی سەربە خۆی و چ لە زمان هێندێک لە فەرماندەکانیەوە دژایەتی لەگەڵ زۆری کاندیکان کرد و بە لەحنێکی سوکایەتی ئامێزەوە ئەوی بە تەئید کردنی ڕەمەکی سەڵاحیەتەکان ناو برد و وتی شوڕای نیگابان ئیجازە نادات کەسانی نفوزی و فیتەنەگێڕ و جاسوس بچنە ئەو دوو مەجلیسەوە. لە ئاکامدا شوڕای نیگابان سەڵاحیەتی ٩٠ لەسەدی ئەوانی ڕەد کردەوە. مەڕعەشی ئەندامی شوڕای باڵای سیاسەتگوزاری ئیسلاح خوازان وتی ” لەنێو سێ هەزار ئیسلاح خوازدا کە داوتەڵەبی نامزەدی لە هەڵبژاردنی مەجلیسدا بوون سەلاحیەتی ٣٠ کەس تەئید کراوە بەم جۆرە ٩٩ لەسەدی ئەو ئیسلاح خوازانەی کە ناو نووسیان کردبوو، سەڵاحیەتیان ڕەد کراوەتەوە.”635
ئاشکرایە کە کێشمەکێش و ناکۆکی نێوان باڵەکانی ڕژیم لەسەر شانۆگەری هەڵبژاردن هیچ پێوەندیەکی بە خەڵکەوە نییە. بەڵام لەوێوە کە هەموو قۆناغەکانی ئەم گاڵتەجاڕیەش وەک باقی شانۆگەریەکانی هەڵبژاردن پڕە لە پیلان و دخاڵەتی ناوەندە جۆراو جۆرەکانی دەسەڵات لە کۆماری ئیسلامیدا و موهەندیسی کراوە و هیچ شوێنەوارێکی لە بەڕێوەچونی هەڵبژاردنێکی ئازاد و دیموکڕاتیک پێوە نابیندرێت، سروشتیە کە ڕژیم نیگەرانی سەرهەڵدانی ئاخێز و ناڕەزایەتی جەماوەری خەڵک بێت. ئەویش نەک بە لایەنگری یان لەدژی باڵێک لە ڕژیم بەڵکو لەدژی کولیەتی حاکمیەتی کۆماری ئیسلامی کە مافە سەرەتاییەکانی ئینسانی لەوانە مافی هەڵبژاردنی لە خەڵک زەوت کردوە و ژیانێکی فەلاکەتباری بەسەر خەڵک و بەتایبەت بەسەر کرێکاران و جەماوەری خەڵکی زەحمەتکێشدا سەپاندوە. توند بوونەوەی فەزای ئەمنیەتی و حوزوری نەحسی هێزەکانی بەسیج و پاسدار خۆی بۆتە هۆی نا ئەمنی لە ژیانی رۆژانەی خەڵکی ئێراندا. سەرانی ڕژیم لەهەردوو باڵەکە هیچ کێشەیەکیان لەگەڵ فەزای پۆلیسی و ئەمنیەتی نییە و توند بوونەوەی بۆ پاراستنی نیزامەکەیان بە پێویست دەزانن. لەبەر ئەوەی دەزانن لەسەر چ دەریایەک لە قین و بێزاری خەڵک درێژە بە حاکمیەتی دژی خەڵکی خۆیام ئەدەن.
لە بارودۆخی ئێستادا گرفتی ئەساسی و مەشغەڵەی فکری کرێکاران و باقی چین و توێژەکانی خەڵکی ستەم دیتووی کۆمەڵگە بوونی کار و دابین بوونی نانی رۆژانەی خۆیان و بنەماڵەکانیانە نەک ئاوڕدانەوە لە گاڵتەجاڕی هەڵبژاردنێک کە ئاکامەکەی هەرچیەک بێت کاریگەریەک ناکاتە سەر باشتر بوونی بارودۆخی بەڕێچونیان. کەوایە کاندید بوون یان نەبوون و تەئید کران یان نەکرانی هەموو ئەو کەسانەی کە دوژمنی سەرەکی ئەوانن بە لایانەوە پوشێک بایەخی نییە. بەشی کرێکاران و خەڵک لە شانۆگەری هەڵبژاردنی ڕژیمدا، مزاحمەت، توند بوونەوەی فەزای ئەمنیەتی، سەرکوت و ترساندن، گرتن و زیندان و تەنانەت ئێعدامە. لە مەودای یەک مانگی دەستپێکی ناو نووسین بۆ کاندیداتۆڕی مەجلیسی کۆنەپەرستەوە تا ئێستا ڕژیمی جەنایەتکاری کۆماری ئیسلامی ٨٦ کەسی ئێعدام کردوە. سەرجەمی باڵەکانی ڕژیم لە ترسی سەرهەڵدانی ناڕەزایەتی جەماوەری خەڵکی وەگیان هاتوو کە کوللی بەساتەکەیان تێکوپێک بدات نیگەرانن. ئەوان نیگەرانی تێکرار بوونەوەی تەجروبەی ناڕەزایەتی ساڵی ٨٨ ن کە تێیدا لاوان و جەماوەری خەڵکی ناڕازی زۆر زوو لە سنوری دروشمەکانی ڕەوتی سەوز و ئیسلاح خوازان تێپەڕین و هەموو حاکمیەت و نیزامی گەندەڵی کۆماری ئیسلامیان دایەبەر هێرش.
هەوڵی هەموو باڵەکانی ڕژیم ئەوەیە کە لە ڕقابەت و کێشمەکێش بەخاتری قازانج و بەرژەوەندیەکانی خۆیان لە بەناو هەڵبژاردنی داهاتودا بە هێنانە مەیدان و بەکار هێنانی جەماوەری خەڵک ڕقابەتەکانیان بەرنە پێشێ بەبێ ئەوەی کە مافی ئەوەیان هەبێت لە چارەنووسی خۆیاندا دخاڵەت بکەن و بەبێ ئەوەی کە داوای مافەکانی خۆیان بکەن. هەموو هەوڵەکانی هەردوو باڵی ڕژیم بازاڕ گەرمی بۆ هەڵبژاردن و هاندانی خەڵکە بۆ کۆبونەوە لەبەر دەم سندوقەکانی دەنگداندا تا ڕواڵەتی دزێو و دژی دیموکڕاتیک و دژی خەڵکی ڕژیم لای زل هێزە سەرمایەداریەکان بشارێتەوە. بەم مەبەستە هەموو مۆرە ورد و درشتەکانی ڕژیم لە خامنەییەوە گرتویەتی تا بەرپرسانی سپا، رۆحانیەکانی حەوزەی عیلمیە، ئیمام جومعەکان، نوینەرانی مەجلیسی کۆنەپەرست و شوڕای نیگابان تا گۆپاڵ بەدەستانی بەسیج و هەڵبەت ئیسلاح خوازان لە هەموو ڕەنگ و قوماشێکیش بە هەڕەشە و ترساندن لە لایەکەوە و پیلان و شگرد و فریودان لە لایەکی دیکەوە لە هەوڵدان تا خەڵک بەرنە بەردەم سندوقەکانی دەنگدان. هەرکام لەمانە دەیانەوێ جەماوەری خەڵک بکێشن بەرەو پای سندوقەکانی دەنگدان و وێنەیان لێبگرن، تا لێیان بەڵگە و سەنەدی موشروعیەت بۆ بوونی نا مەشروعی خۆیان دروست بکەن و لە دانوستانەکاندا لەگەڵ دەوڵەتانی تر بەکاری بێنن. هەر لەبەر ئەمەیە کە نیگەرانی بێ ئیعتینایی جەماوەری خەڵک سەبارەت بەم هەڵبژاردنەن.
خامنەیی بە ڕاگەیاندنی ئەوەی کە “هەڵبژاردن پێوەندی بە ڕێبەریەوە نییە و پێوەندی بە وڵاتی ئیرانی ئیسلامیەوە هەیە و پێویستە تەنانەت ئەوانەش کە دژایەتیان لەگەڵ نیزام هەیە لە هەڵبژاردندا بەشداری بکەن.” وێرای ئیقرار کردن بە بوونی نەفرەت و بێزاری خەڵک لە ڕێبەریی، بۆ ڕاکێشانی خەڵک دەستەوداوێنی نەیارەکانی ڕژیمیش بووە. ئیتر سەران و کاربەدەستانی ورد و درشتی کۆماری ئیسلامیش لە مزگەوت و مینبەرەکان و ناوەندە دەوڵەتیەکاندا دەستیان کردوە بە تەبلیغ بۆ بەشداری دان لە هەڵبژاردندا. لە هەمانحاڵدا بۆ ئەو کەسانەی کە لەسەر بێ ئیعتباری و بێ کاریگەری ئاکامی هەڵبژاردن و یان تەنانەت ڕەخنە لە هێندێک زەوابت و یان کرداری کاربەدەستان بۆچونی خۆیان بڵێن، خەت و نیشان دەکێشن.
سی وحەوت ساڵ حاکمەیەتی ڕەشی کۆماری ئیسلامی ئەم ڕاستیەی نیشاندا کە بەشداری کردن و یان نەکردنی خەڵک کاریگەریەکی لەسەر ئاکامی هەڵبژاردن و دەرچونی کەسانی جێی سرنجیان نییە. ئەوە دەزانن کە ئەو کەسانەی کە دەبێ ناویان لە سندوقەکان دەربێت، دەردەچن. بە چۆڵی مانەوەی دەوری سندوقەکانی دەنگادان لە رۆژی هەڵبژاردندا ڕژیم لە گەیشتن بە ئامانجی بەدەست هێنانی مەشروعیەت لە لایەن خەڵكەوە، ناکام دەکات. نا وتنی کڕێکاران و زەحمەتکێشان و خەڵکی ئازادی خوازی ئێران بە گاڵتەجاڕی هەڵبژاردنی ڕژیم بەشێوەیەکی هاوئاهەنگ و یەکپارچە، بوار و بەستێنێکی گونجاو تر بۆ پێکهاتنی وەحدەت و هاوپشتی بەرینتر لەنێوان خەڵک و لە خەبات لەگەڵ ڕژیمی کۆماری ئیسلامیدا فەراهەم دەکات.

 

بابەتی پەیوەندیدار

گەندەڵی ئیداری، دارایی، ئەخلاقی و سیاسیی ڕژیمی ئیسلامی، لە سەرەوە دەست پێدەکات

-

خەباتی ژنانی ئێران لەپێناو بەدەستهێنانی ئازادی و بەرابەری، لە چوارچێوەی ئازاد پۆشی تێدەپەڕێت

-

خانەنشینان لە پێناو بژێوی ژیان و ئازادیدا خەبات دەکەن

-

کۆماری ئیسلامی لە دوژمنایەتی لەگەڵ خەڵکدا هیچ سنوورێک ناناسێت

-

بەرز و بەڕێز  بێت یادی قوربانیانی شیمیابارانی مقەڕەکانی ناوەندی کۆمەڵە لەلایەن ڕژیمی بەعسی عێراقەوە

-

دەوری دووەمی گاڵتە جاری هەڵبژاردنی مەجلیسی دوازدەیەم وپەرەسەندنی ناکۆکییە ناوخۆییەکانی بەرپرسانی ڕژیم

-