کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

توند بوونه‌وه‌ی شه‌ڕی ساردی نێوان ئه‌مریكا و چین

hongkong 01 titel

hongkong 01 titel

مایك پۆمپێئۆ، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ویلایه‌ته‌ یه‌كگترتووه‌كانی ئه‌مریكا، ڕۆژی یه‌كشه‌ممه‌ ١٤ی مانگی گوڵان به‌رابه‌ر له‌گه‌ڵ ٣ی مه‌ی، له‌ وتووێژێكدا له‌گه‌ڵ تێلێویزیۆنی ئێی بی سی، ئیدیعای كرد كه‌ ویرووسی نوێی كۆرۆنا له‌ تاقیگه‌یه‌كی شاری یووهانی چینه‌وه‌ بڵاوكراوه‌ته‌وه‌. هه‌ڵبه‌ت ئه‌م هه‌ڵوێسته تازه‌ نییه‌. دۆناڵد ترامپ، سه‌رۆك كۆماری ئه‌مریكا چه‌ندین جار به‌ گه‌لێك وشه‌ی ڕه‌گه‌زپه‌رستانه‌وه‌‌، كۆرۆنای به‌ ویرووسی چینی ناولێبردووه‌‌ و ئیدیعای كردووه‌ كه‌ ئه‌م ویرووسه‌ له‌ تاقیگه‌كانی چیندا درووست كراوه‌. ئه‌و زۆر جار وته‌ی به‌رپرسانی چینی سه‌باره‌ت به‌ بڵاوبوونه‌وه‌ی نه‌خۆشیی كۆویدی ١٩ی ڕه‌ت كردووه‌ته‌وه‌ و “پێكه‌ن“ی به‌ نهێنی كاری و به‌لاڕێدا بردنی بیروڕای گشتی سه‌باره‌ت به‌ ویرووسی كۆرۆنا تۆمه‌تبار كردووه‌. ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ی ترامپ وه‌بیرهێنه‌ره‌وه‌ی ئیدیعاكانی ده‌وڵه‌تی بووشی كوڕه‌ له‌ سه‌روبه‌ندی هێرش كردنی بۆسه‌ر عێراق كه‌ بۆ پاساو كردنی سیاسه‌تی میلیتاریستیی خۆی ئیدیعای ده‌كرد كه‌ سه‌دام حسێن چه‌كی كوشتاری به‌كۆمه‌ڵی هه‌یه‌ و گه‌لێك داستانیشیان سه‌باره‌ت به‌ تاقیگه‌ی په‌ره‌پێدانی چه‌كی بیۆلۆژیكی وه‌سه‌ر یه‌ك خستبوو. به‌ڵام له‌ ئێستادا، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌یكه‌ ترامپ ده‌زگای ئیداریی ده‌وڵه‌تی پاڵاوتووه‌ و مۆره‌ وه‌فاداره‌كانی خۆی له‌سه‌ر كار داناوه‌، به‌ڵام دیسانیش كه‌سانێكی وه‌ك به‌ڕێوه‌به‌ری نووسینگه‌ی زانیاریی نه‌ته‌وه‌یی ئه‌مریكای لێ په‌یدا ده‌بێ كه‌ له‌گه‌ڵ ڕێكخراوی ته‌ندرووستیی جیهانی و باقی ناوه‌نده‌ زانستیه‌كان هاونه‌زه‌رن كه‌ “ویرووسی كۆویدی ١٩ له‌ هیچ تاقیگه‌یه‌ك دا ساز نه‌كراوه‌ و له‌ بوار ژێنێتیكه‌وه‌ ده‌ستكاری نه‌كراوه‌”. به‌ هه‌ر حاڵ، هه‌ر ئه‌و ئاراسته ده‌ستی ڕاستیه‌ی كه‌ له‌ ساڵی ٢٠٠٣دا به‌ بیانووی هه‌بوونی چه‌كی كۆشتاری به‌كۆمه‌ڵ، شه‌ڕی گه‌رمی دژبه‌ عێراق ده‌ستپێكرد، ئه‌مڕۆ به‌ بیانووی ویرووسی كۆرۆنا، شه‌ڕی سارد دژبه‌ چین ته‌بلیغ ده‌كات.

شه‌ڕی ساردی ئه‌مریكا دژبه‌ چین، هه‌ڵبه‌ت، دیارده‌یه‌كی نوێ نییه‌ و هۆكاری سه‌ره‌كیتری هه‌یه‌، به‌ڵام ئامانجی سه‌ره‌كی درۆنانه‌وه‌كانی ترامپ و ئیدعای غه‌یره‌ زانستیی ئه‌و دژبه‌ چین، له‌ باروودۆخی ئێستادا به‌ر له‌ هه‌موو شتێك، به‌ڵاڕێدابردنی بیروڕای گشتیی ئه‌مریكا و شاردنه‌وه‌ی‌ بێ توانایی و ناكارامه‌ بوونی ئه‌م ده‌وڵه‌ته‌یه‌ له‌ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ قه‌یرانی كۆرۆنادا. ترامپ كه‌ ئیدیعای ده‌كرد سه‌رده‌می هێز و عه‌زه‌مه‌تی ئه‌مریكا ده‌گه‌ڕێنێته‌وه‌، له‌ ناوه‌وه‌ی سنووره‌كانی ئه‌مریكادا، ئه‌وپه‌ڕی بێ توانایی و داماویی خۆی له‌ به‌رامبه‌ر كۆرۆنادا نیشان دا. به‌رپرسانی ده‌وڵه‌تی چین به‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی تایبه‌تی خۆیان و به‌و داهێنانانه‌ی كه‌ به‌كاریان هێنا، به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ قه‌یرانی كۆرۆنایان كرد به‌ مه‌یدانی نومایشی هێزی خۆیان، به‌ڵام له‌ژێر به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی ترامپ دا هه‌تا ئێستا یه‌ك ملیۆن و ٢٠٠ هه‌زار كه‌س تووشی نه‌خۆشیی كۆرۆنا هاتوون و پتر له‌ ٧٢ هه‌زار كه‌س له‌ ئه‌مریكا گیانی خۆیان له‌ده‌ست داوه‌. له‌ گه‌وره‌ترین هێزی ئابووری جیهاندا، چنیی كرێكار كه‌ زۆربه‌یان له‌ ئه‌مریكاییه‌كانی به‌ڕه‌گه‌ز ئه‌فریقایی و لاتینی  و ژنانی حه‌قده‌ست وه‌رگر پێكهاتوون، خرانه‌ پێگه‌یه‌كه‌وه‌ كه‌ یان مه‌ترسیی تووش بوون به‌م ویرووسه‌ له‌ جه‌ره‌یانی چاوه‌دێری كردن له‌ خه‌ڵك و زه‌مانه‌ت كردنی به‌رهه‌مهێنانی ناوه‌نده‌ سه‌ره‌كیه‌كان قه‌بووڵ بكه‌ن یان به‌ بێ هیچ حه‌قده‌ست و خزمه‌تگوزاریه‌ك، بێكار و برسی بمێننه‌وه‌. ده‌وڵه‌تێك كه‌ بۆ چه‌ندین جار له‌ناوبردنی گۆی زه‌وی، چه‌كی ئه‌تۆمیی له‌ ئه‌نباره‌كانی دایه‌، به‌خاتری لاوازبوونی ژێرخانه‌ ته‌ندرووستی و ده‌رمانیه‌كانی به‌جۆرێك داماوه‌ كه‌ ناتوانێ به‌ره‌نگاری وه‌ها قه‌یرانێك بێته‌وه‌ و ناچاره‌ بۆ قوربانیانی كۆرۆنا گۆڕی به‌كۆمه‌ڵ هه‌ڵكه‌نێ.  ڕه‌نگبێ حه‌ق به‌ تڕامپ بێت، كاتێك كه‌ كۆرۆنا له‌ كۆنتڕۆڵ ڕۆیشتووه‌ته‌ ده‌ر و به‌رده‌وام قوربانیی لێده‌كه‌وێته‌وه‌، كاتێك كه‌ ٣٠ ملیۆن كه‌س له‌ ئه‌مریكا بێكار ده‌بێت، ته‌نیا تێئۆریه‌كی پیلانگێڕانه‌ ده‌توانێ ئه‌و له‌ كۆشكی سپی دا بهێڵێته‌وه‌. له‌خۆڕا نییه‌ كه‌ كۆماری خوازه‌كان له‌ كه‌مپه‌ینی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆك كۆماری دا ناسنامه‌ی “پێكه‌ن بایدێن“یان پێداوه‌. واشنگتۆن تا ئه‌و جێگایه‌ ڕۆیشتووه‌ كه‌ ته‌نانه‌ت ئاژانسی ڕێكخراوی ته‌ندرووستیی جیهانیشی، ته‌نیا له‌به‌ر ئه‌وه‌یكه‌ دژبه‌ چین نابێته‌ یاری ئه‌مریكا، خستووه‌ته‌ بازنه‌ی گه‌مارۆی ماڵیه‌وه‌. به‌ هه‌ر حاڵ، به‌ده‌ر له‌ ئه‌رزشی كورت ماوه‌ی به‌كارهێنانی، توندكردنه‌وه‌ی شه‌ڕی سارد دژبه‌ چین له‌ دڵی قه‌یرانی كۆرۆنادا، هۆكاری سه‌ره‌كیتری هه‌یه‌.

ده‌وڵه‌تی ئه‌مریكا ده‌مێكه‌ چین وه‌ك مه‌ترسیه‌كی گه‌وره‌ ناولێده‌بات و به‌كرده‌وه‌، به‌ پێشێلكردنی یاسا و ڕێسا “ده‌ست و پێگر“ه‌كانی ڕێكخراوی بازرگانیی جیهانی، هه‌وڵ ده‌دات سیاسه‌تی سه‌خت گیرانه‌تر  له‌ به‌رامبه‌ر ڕه‌وتی هێزگرتنی ئابووریی چیندا به‌كار بێنێت. بۆ ده‌وڵه‌تی ئه‌مریكا، چ گه‌شه‌ی خێرای ئابووریی چین و چ به‌هێزبوونی ئه‌م وڵاته‌ له‌ بوار نیزامیه‌وه‌ له‌ماوه‌ی سێ چوار ده‌یه‌ی ڕابردوودا، زۆر جێی نیگه‌رانیه‌.

خێرایی گه‌شه‌ی به‌رهه‌مهێنانی ناوخۆیی هاووڵاتیان له‌ چین له‌ماوه‌ی چوار ده‌یه‌ی ڕابردوو، سه‌رمایه‌گوزاری به‌رین له‌ به‌شی سه‌نعه‌ته‌ ستراتێژیكه‌كانی وه‌ك په‌یوه‌ندیه‌كان، قه‌تاری تیژڕه‌و، كه‌شتیڕانی و به‌هێز كردنی ژێرخانه‌كان، ته‌رخان كردنی پتر له‌ ٢ له‌سه‌دی به‌رهه‌مهێنانی ناوخۆیی بۆ به‌شی لێكۆڵینه‌وه‌ی تێكنیكی و زانستی به‌ ئامانجی بردنه‌سه‌ره‌وه‌ی ڕێژه‌ی به‌رهه‌مهێنان و هه‌روه‌ها خێرایی مۆدێرنیزه‌ كردنی ئه‌رته‌ش و هێزه‌ ده‌ریاییه‌كان له‌ ساڵانی ڕابردوودا، نیگه‌رانیی زۆری ئه‌مریكای لێكه‌وتووه‌ته‌وه‌. ده‌وڵه‌تی ئه‌مریكا بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ هێزگرتنی چین، هاورده‌ كردنی كاڵاكانی چنینی به‌ توندی سنووردار كردووه‌ و كۆمپانیه‌ چینیه‌كانی له‌ ده‌ستڕاگه‌یشتن به‌و تێكنۆڵۆژیه‌ی كه‌ خۆی تێیدا سه‌رتره‌،بێبه‌ری كردووه‌. هه‌وڵه‌‌كانی ئه‌مریكا دژبه‌ كۆمپانیی “هواوی” كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ گه‌وره‌ترین ناوه‌نده‌كای به‌رهه‌مهێنانی ئامێری په‌یوه‌ندی گرتن و مۆبایل‌، تۆماری كردنی ناوی ئه‌م كۆمپانیه‌ له‌ ناو لیستی ئه‌و شیركه‌تانه‌ی كه‌ دامه‌زراوه‌ ئه‌مریكاییه‌كان ته‌نیا به‌ هه‌بوونی به‌ڵگه‌ی ده‌وڵه‌تی ده‌توانن له‌گه‌ڵییان موعامه‌له‌ بكه‌ن، به‌ ڕای زۆرێك له‌ لێكۆله‌ران، ده‌ستپێكی شه‌ڕی ساردی ئه‌مریكا دژبه‌ چین بووه‌. ده‌وڵه‌تی ئه‌مریكا كه‌ به‌ وه‌رگرتنی ئه‌ندامانی ناتۆ له‌ وڵاتانی ئۆرووپای ڕۆژهه‌ڵات و گه‌مارۆ ئابووریه‌كانی ،ده‌وڵه‌تی ڕووسیه‌ی وه‌ك مه‌ترسیه‌كی جیدی، نیگه‌ران كردووه‌. به‌ڵام له‌ كێبه‌ركێ له‌سه‌ر به‌ده‌ست هێنانی پێگه‌ی هێژمۆنیك له‌ جیهاندا، چین به‌ مه‌ترسیی سه‌ره‌كی ده‌زانیت. له‌ دڵی ئه‌م باروودۆخه‌دا، توندبوونه‌وه‌ی كێبه‌ركێی سه‌رمایه‌داری بۆ به‌رین كردنه‌وه‌ی ناوچه‌كانی ژێر كۆنتڕۆڵی و خۆیان بۆ دووباره‌ دابه‌ش كردنه‌وه‌ی جیهان، و وه‌ڕێخستنی شه‌ڕی نیابه‌تی كه‌ ڕاسته‌وخۆ داواهاته‌كانی داوێنی جه‌ماوری خه‌ڵكی كرێكار و زه‌حمه‌تكێش ده‌گرێته‌وه‌، قه‌یرانی كۆرۆناش ئه‌م هۆشداره‌ به‌ ملیاردها مرۆڤ ده‌دات كه‌ بۆ كۆتایی هێنان به‌و هه‌مووه‌ مه‌ترسیه‌، بۆ ڕزگار كردنی سرووشت و مرۆڤایه‌تی، بۆ ئه‌وه‌یكه‌ به‌ شێوی ئینسانی بژین، پێویسته‌ بۆ بینا كردنی جیهانێكی دیكه‌، ده‌ست به‌كار بین.