کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

  کارشکێنی ڕژیم سەبارەت بە گەیاندنی یارمەتی جەماوەری بە خەڵکی بوومەلەرزە لێدراوی خۆی

 

١٦ کەس لە زیندانیانی سیاسی ناودار لە زیندانی ئیڤین لە نامەیەکدا ئاماژەیان بە موسیبەتەکانی بومەلەرزە لێدراوانی شاری خۆی کردوە و خوازیاری ناردن و گەیاندنی یارمەتی خێرا پێیان بوون. ئەوان نووسیویانە:

” بومەلەرزە بە هەزاران ماڵی وێران کردوە و دوا لەرزەکانی کە ئێستا ژمارەیان گەیشتۆتە ١٠٠ دوا لەرزە بەردەوام قەبارەی زیانگەیاندن بە باقی ئەو ماڵانەی کەمتر زیانیان پێگەیشتوە دەباتە سەرەوە و بە ڕوخانی ئەوانیش جارێکی تر وەک کارەساتەکەی بەم، وەرزقان، سەرپول زەهاو، کوت عەبدواللە، پلدوختەر، ئاق قەڵا و شوێنەکانی تر پەردەی ئەو هەژاری و بێبەشییە لادەدات کە ڕەنج و ئازارەکانی خەڵکی دوو هێندە کردوە.”

ئەم زیندانیانە، کە کردار و هەنگاوە دژی ئینسانیەکانی  کۆماری ئیسلامییان لە ماوەی تێکۆشانیاندا لە دەرەوەی زیندان و تەنانەت لە نێو زیندانیشدا بە گوشت و پێستەوە هەست و ئەزموون کردوە، لە درێژەی نامەکەیاندا دەڵێن:

” دەزگای حاکمیەتیش لە حاڵێکدا ئیرادەی خۆیان بە ئەرێنی و گونجاو بەسەر بارودۆخەکەدا و مودیریەت کرانی قەیرانەکە تەبلیغ دەکەن کە دوای تێپەڕ بوونی زیاتر لە یەک حەوتوو، زیاتر لە ٥٠ لەسەدی خەڵکی خۆی ماشێن خەو و ٥٠ لەسەدی دیکەیان لە شار چوونەتە دەر و بە دەیان هەزار کەسیش لەسەر شەقامن و هیچ یارمەتیەکی دەوڵەتییان پێنەگەیشتوە.”

نووسەرانی نامەکە واتە تێکۆشەرانی زیندانی، کە بە فیدا کردنی تەندروستی ڕۆحی و جەستەیی خۆیان گەلێک جار دەرسی خۆڕاگرییەکی ئازایانەیان لە بەرانبەر جەللاداندا نیشان داوە، بەم شێوەیە داوای یارمەتیان کردوە:

” ئێمە زیندانیانی سیاسی عەقیدەتی زیندانی ئیڤین، وێرای دەربڕینی هاوردەردی لەگەڵ خەڵکی موسیبەت دیتوی شارستانی خۆی و نیگەرانی زۆرمان سەبارەت بە بارودۆخی نابەسامانی بومەلەرزە لێدراوان، هەوو ئەو خەڵکەی چەندین جار لە کاتە دژوارەکاندا بە یارمەتی یەکترەوە هاتوون و ئەزموونی ئەو کارەیان هەیە، بانگەواز دەکەین بە کارزاری و کەمپەینی یارمەتی گەیاندن بە خەڵکی بومەلەرزە لێدراوی خۆیەوە پەیوەست بن تا شاهیدی بەرەی جەماوەری و تەسلیمی حاکمیەت لە بەرانبەر ئیرادەیاندا بین.”

شەوی شەممە ٨ ی مانگی ڕێبەندانی ١٤٠١ ی هەتاوی کاتژمێر ٢١:٤٤ خولەک بومەلەرزەیەک بە گوڕی ٩/٥ ڕیشتێر دەوروبەری شارستانی خۆی لە ئوستانی ئازەربایجانی غەربی هەژاند. بە قەولی یەکێک لە کاربەدەستانی مانگی سور” بە گشتی ٢٦١ هەزار و ٣٨٧ کەس شاملی ٧٧ هەزار و ٢٩٠ بنەماڵە کەوتنە ژێر کاریگەری ئەو بومەلەرزیەوە.” هەواڵنێریەکان تا ئێستا باسیان لە گیان لەدەست دانی ٣ کەس و بریندار بوونی ١٣٨٠ کەسی دیکە کردوە.

لە ڕۆژی ٩ ی مانگی ڕێبەندانەوە حکومەت ڕایگەیاندوە کە ئیجازەی گەیاندنی یارمەتی جەماوەری بۆ بومەلەرزە لێدراوان نادات و سەرجەم یارمەتیەکان دەبێ بدرێنە ئەو جێگایانەی دیاری کراون و حکومەتی خۆی دابەشیان دەکات. خەڵک متمانەیان بە حکومەت نییە، حکومەتێک کە نزیکەی ٤٤ ساڵی بەردەوامە بێجگە لە چەوساندنەوەی زۆر، تاڵان کردنی سەروەت و سامانی بەرهەمهاتو وە وێرانکردن و دزینی سەرچاوەی سروشتی و گشتی، زیندان، ئەشکەنجە، کوشتن، شەڕ، چاندنی تۆوی دووبەرەکی و خورافات لە ئێران و ناوچەکە و نیهادینە کردنی گەندەڵی لە دامودەزگا دەوڵەتیەکان ولە نێو سەرمایەداراندا کارێکی بۆ خەڵکی ئێران ئەنجام نەداوە. لەم بارودۆخەدایە کە خەڵک و ماڵە نا ئەمنەکانیان لە بەرانبەر ڕووداوە سروشتیەکاندا بەم شێوەیە ئاسیب پەزیرن کە بە بومەلەرزەیەکی کەم هێز، یان سێڵكاوێک توشی خەسار و زیانی قەرەبوو نەکراو دەبن.

سەرانی دز و گەندەڵی ئیسلامی و داسەپاو بەسەر خەڵکدا، باسی گەیاندنی یارمەتی درۆینەی حکومەتی بە خەڵک دەکەن و بەڕەسمی و بە کردەوە بەر بە گەیاندنی یارمەتی جەماوەری و سەربەخۆ لە دەرەوە و ناوەی وڵات دەگرن. ئەوان وەک حاڵەتەکانی هاوشێوەی ڕابردو ژمارەیەکی زۆر لە مەئمورانی ئیتلاعاتی و سەرکەتگەریان ناردۆتە ناوچەکە تا کەس یان ڕێکخراوە سەربەخۆکان لەگەڵ خەڵک پەیوەندی نەگرن و ئاگاداری بارودۆخیان نەبن و ڕاپۆرتی لێ ئامادە نەکەن. بەڵام بەکردەوە توشی شکست بوون و ڕاپۆرتەکان سەبارەت بە بارودۆخی خەڵکی موسیبەت دیتوو لە ڕێگای تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و گوزارشگەرانی جەماوەریەوە دەگاتە بەرگوێ و زەینی خەڵکی دنیا. هەر لەبەر ئەمەیە ڕێکخراوە جەماوەریەکان و دەوڵەتەکان ئامادەییان پیشانداوە بۆ ناردنی یارمەتی سەربەخۆ و ڕژیم داواکاریەکەیانی ڕەد کردۆتەوە.

خەڵکی سەرما لێدراو و ئاسیب دیتو کە بەرەوڕووی وەها دوژمنێکی دڵڕەق و دژە ئینسانی بوونەتەوە خۆیان دەستیا دایە خەبات بۆ پاشکشە پێکردنی سەرکوتگەران. ئەوان ڕۆژی ١٢ ی مانگی ڕێبەندان لەبەردەم بینای مانگی سور و فەرمانداری دەستیاندایە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی و خوازیاری بەرنەگرتن بە هاتنی یارمەتی سەربوخۆی خەڵک و دابین بوونی شوێنی نیشتەجێ بوون، ئاو و خواردن و وەسایلی گەرمکەرەوە بوون. سەرکوتگەران بە جێگای دابین کردنی داخوازیەکانی خەڵکی ماف خواز بە لێدان و ماشێنی ئاوپاش کەوتەنە گیانیان.

هەر ئەو جۆرەی کە کۆمەڵێک لە زیندانیانی سیاسی نووسیویانە دەکرێت بە درێژەدان بە خەبات و لەسەر بەستێنی شۆڕشی” ژن، ژیان، ئازادی، حکومەتی شۆڕایی” ڕێگران و تاڵیانچیانی حیرفەیی وادار بە پاشەکشە بکرێن و یارمەتیە سەربەخۆکانی خەڵک بگەیەندرێتە ناوچەی بومەلەرزە لێدراو.

بابەتی پەیوەندیدار

ڕژیم، بە پێشێلکردنی مافی مرۆڤ، گۆڕی خۆی زیاتر هەڵدەکەنێ

-

بەرەو بەرزڕاگرتنی هەرچی شکۆدارتری ڕۆژی جیهانی کرێکاران

-

توندتربونەوەی گوشارەکانی کۆماری ئیسلامی بۆسەر مامۆستایانی مافخواز

-

ڕژیمی ئیسلامی لە سەنگەری سەپاندنی حیجابی ئیجباری، پاشەکشەی پێدەکرێت

-

شەڕ ئامرازێک لە دژی خەڵک، لە خزمەت مانەوەدا

-

ناڕەزایەتی جیهانی لەدژی بەردەوامبوونی جینۆسایدی ئیسرائیل لە غەززە

-