کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

بە پێشوازی ئەوەڵی مانگی مەی رۆژی کرێکارەوە بچین

لە ئەوەڵی مانگی مەی رۆژی هاوپشتی جیهانی چینی کرێکار نزیک دەبینەوە، ئەوەڵی مانگی مەی بۆ کرێکارانی دنیا بەتایبەت لە دوو لاوە گرنگی هەیە. یەکەم ئەوەی کە لەم رۆژەدا کرێکارانی هەموو وڵاتەکان، ئاگاهی چینایەتیان، ئاگاهی لەسەر بارودۆخی ژیان، کار و خەباتیان و ئاگاهی لەسەر ڕزگار بوون لە ستەم و چەوسانەوەی نیزامی سەرمایەداری پیشان ئەدەن، کرێکاران نیشانی ئەدەن کە نیزامی چەوسێنەری سەرمایەداری کۆتایی مێژوو نییە، کرێکاران لەم رۆژەدا لەسەر هاوپشتی نێونەتەوەیی ڕیزەکانیان، و لەسەر خەباتی جیهانی چینی کرێکار بۆ روخاندنی نیزامی کۆیلەتی سەرمایەداری جەخت دەکەنەوە.

دووهەم ئەوەیکە، لەم رۆژدا کرێکارانی دنیا لە ئاکسیۆنێکی هاوبەشی نێونەتەوەییدا، هێزی هاوپشتی و قودرەتی ڕاستەقینەی خۆیان هەست پێدەکەن. ئەوەڵی مانگی مەی، رۆژی کرێکار بانگەوازێکە بە سەدان ملیۆن ژن و پیاوی کرێکار لە هەر نەتەوە و ڕەگەز و ڕەنگێک، تا لەم رۆژەدا لە ئاکسیۆنێکی هاوبەشدا، بەرهەمهێنانی سەرمایەداری ڕا بوەستێنن، سەرجەم چەرخەکانی بەرهەمهێنان لە جوڵە ڕابگرن، مانگرتنێکی جیهانی بەرپا بكەن، و هەر گوردانێک لەم ئەڕتەشی جیهانیە بە سەدان ملیۆنیە، زۆر ترین هێزی ڕەزمەندەی خۆی بە هێنانەگۆڕی هەنوکەیی ترین داخوازیەکانی بە رووی چینی سەرمایەدار و دەوڵەتانی پشتیوانیاندا بکاتەوە.

لە ئێران چینی کرێکار لە بارودۆخێکدا دەچێت بەپێر ئەوەڵی مانگی مەیەوە کە قوڵ بوونەوەی قەیرانی ئابووری سەرمایەداری ئێران بارودۆخێکی دەژواری بەسەر کار و ژیانی چینی کرێکاردا سەپاندوە. تەوەڕوم و گرانی، بێکار سازییە بەردەوامەکان، نەبوونی ئەمنیەتی پیشەیی، قەراردادی کاری کورت ماوە و سپی ئیمزا، حەقدەستی چوار جار لەژێر هێڵی هەژاریدا، نەدرانی ئەو حەقدەستانەش لە کاتی خۆیاندا، زۆر بوونی رووداوەکانی شوێنی کار، زیاتر بوونی کاتژمێری کاری رۆژانە، سەرجەمی ئەمانە چینی کرێکاری ئێرانیان خستۆتە یەکێک لە دژوار ترین قۆناغەکانی حەیاتی خۆیەوە. بەردەوام بە ژمارەی بێکارانێکەوە کە زۆربەیان لاوانی ئامادەی کارن وهیوایەکیان بە دۆزینەوەی کار نییە، زیاتر دەبێت. دواهاتەکانی ئەم بارودۆخە ئابوورییە، بنەماڵە کرێکاریەکانی بەرەو رووی خەساری کۆمەڵایەتی پڕ ئازار کردۆتەوە. پەرەسەندنی بێ هەوساری کاری منداڵان، زیاتر بوونی ئیعتیاد بە مادەی هۆشبەر زیاد بوونی دیاردەی لەشفرۆشی لە زومڕەی ئەو موسیبەتانەن کە بنەماڵە کرێکاریەکان بەدەستیانەوە گیرۆدەن. ئاخێزی سەرتاسەری مانگی بەفرانبار کە نزیکەی ١٠٠ شاری ئێرانی گرتەوە لەسەر بەستێنی ئەم بوارە عەینیانە شکڵی گرت. 

لەسەر ناوەرۆکی قوڵ بوونەوەی ئەم قەیران و هەژاری و فەلاکەتە ئابوورییە، ناڕەزایەتی و مانگرتنی کرێکاران لەدژی بارودۆخێکی فەلاکەتبار کە کۆماری ئیسلامی بۆ بەرەنگار بوونەوە لەگەڵ ڕەوتی روو لە گەشەی مانگرتنی کرێکاری و ناڕەزایەتی جەماوەری زیاتر دەستەو داوێنی شگردی توند و تیژی و سەرکوت بووە، ئەوە بزوتنەوە زیندو و ناڕەزایەتی هەموو رۆژەی کرێکارانە کە بە یەکەوە پەیوەست بوونی فەزای نارەزایەتی کۆمەڵگای لەدژی کۆماری ئیسلامی پاراستوە. قوڵ بوونەوەی قەیرانی ئابووری و ئەو تەنگ و چەڵەمانەی کە ڕژیم دەستەویەخەیانە، تاریک بوونی ئاسۆی بوون بە هێزێکی بانتری ناوچەیی، تەریک کەوتنەوەی نێونەتەوەیی، ترس لە ئاخێزی بزوتنەوەی کرێکاری و ئاخێزە جەماوەریەکان و داماوی کۆماری ئیسلامی لە کۆنترۆڵ کردنی ئەم ئاخێزانە، ڕژیمی لە دەرونیشەوە توشی قەیران و هەڵوەرین کردۆتەوە. ئەم بارودۆخە و درێژەی بێ مافییە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکان و نەفرەتی گشتی لە درێژەی حاکمیەتی گەندەڵی کۆماری ئیسلامی، ئاخێزە جەماوەریەکان و راپەڕینی بەهێزی کۆمەڵایەتی بەهێز تر لەوەی مانگی بەفرانباری خستۆتە دیمەنگای بارودۆخی ئێرانەوە.

ئیستا کە لە سەرودەمی ئەوەڵی مانگی مەی داین، پێوسیتە کە کرێکارانی کومونیست و پێشڕەو بە ئاگاهی لەسەر پێگە و نەخشی خۆیان و توانایی و زەرفیەتیەتێک کە بزوتنەوەی متالباتی چینی کرێکار هەیەتی، بە راگەیاندنی عەزمی لێبڕاوانەی خۆی بۆ پەرەدان بە بزوتنەوەی متالباتی کرێکاران، نەهێلێت کە سەرمایەداری ئێران و باڵە جۆراو جۆرەکانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بە پێنانە سەر شانی چینی کرێکار، خۆیان لە چاڵی ئەم قەیرانە سیاسی و ئابووریە ڕزگار بکەن و بە قیمەتی ماڵویرانی و بەهەدەر چوونی ژیانی بەملیۆن بنەماڵەی کرێکاری درێژە بە مانەوەی خۆیان بدەن. لەم بارودۆخەدا جەخت و پێداگری هەڵسوراوانی حیزب و چالاکان و پێشڕەوانی چینی کرێکار بە بانگەوازی ئەوەڵی مانگی مەی، دەبێتە خاوەنی گرینگیەکی چەند هێندە. بانگەوازی کرێکاران بۆ ڕاگرتنی چەرخی بەرهەمهێنان لە گشت کارخانەکاندا و ڕاگرتنی کار لە ناوەندەکانی خزمەتگوزاری، تەحریمی مەڕاسمە فەرمایشیەکانی دەوڵەت، بەڕیوەبردنی مەڕاسم و کۆبوونەوە کرێکاریە سەربەخۆکان لە دەوڵەت، تەنیا دیفاع و جەخت کردنەوە لەسەر هاوپشتی نێو نەتەوەیی چینی کرێکار و ئاموزشی جەماوەری کرێکار لەسەر لایەنە ئەنتر ناسیونالیستیەکانی خەباتیان لەدژی سەرمایە نییە، بەڵکو لە هەمانحاڵدا تەمرینی دەست بردن بۆ چەکی مانگرتنی سەرتاسەری وەک کاریگەر ترین چەکی چینی کرێکار لە خەبات لەگەڵ سەرمایەداران و نیشانەی زەرفیەت و توانایی کرێکارە بۆ ڕێبەری کردنی خەباتی ئازادی خوازانەی خەڵکی ئێران.

لە سەرودەمی ئەوەڵی مانگی مەیدا، پێشڕەوان و هەڵسوراوانی کرێکاری پێوستە بۆ یەکگرتو کردن و سازماندانی جەماوەری کرێکار بۆ بەڕیوەبردنی هەرچی شکۆدار تر بەڕیوەبردنی مەڕاسمەکانی ئەوەڵی مانگی مەی دەست بەکار بن. لانیکەمی شتێک کە چینی کرێکار لە ئامادەکاری و هەوڵیدا بۆ ئەنجامدانی ئەم ئاکسیۆنە بەدەستی دێنێ، رادەیەکی بانتر لە پێوەندنی و یەکێتی لەنێو ئەواندا دەبێت.

کرێکارانی ئێران بە پێی تەجروبە و سوننەتی سالانی رابردو لە رۆژەکانی ئەوەڵی مانگی مەیدا لە قەتعنامەکانی خۆیدا لەسەر متالباتێک جەخت دەکاتەوە کە نە تەنیا داخوازیە مێحوەریەکانی چینی کرێکاری ئێران دەگرێتەوە بەڵکو هەنوکەیی ترین متالباتی بزوتنەوە کۆمەلایەتیەکانی تر و بزوتنەوەی ئازادی خوازانەی خەڵکی ئێرانیش دەگرێتەوە. کرێکارانی ئێران لەمرۆژانەدا بە پشت بەستن بە ئەزمونی خەباتکارانەی تا ئێستایان لەسەر داخوازی زیاد کرانی حەقدەستی گونجاو لەگەڵ دابین بوونی ژیانێکی ئینسانی، دابین بوونی بیمەی بێکاری کافی بۆ سەرجەم کەسانی ئامادەی کار، هەڵوەشاندنەوەی کاری منداڵان، ئازادی بەیان، ئازادی تەشەکول و تەحزوب و مانگرتن، ئازادی قەڵەم، ئازادی سەرجەم زیندانیانی سیاسی و کۆتایی هێنان بە سزای ئێعدام، کۆتایی هێنان بە هەڵاواردنی رەگەزی لەدژی ژنان و دابین بوونی یەکسانی ژن و پیاو لە سەرجەم بوارە ئابووری، کۆمەڵایەتی و سیاسیەکاندا جەخت دەکەنەوە. قۆڵ لە قۆڵی یەکتردا بۆ بەڕێوەبردنی هەرچی شکۆدار تری مەڕاسم و کۆبوونەوەکانی ئەوەڵی مانگی مەی هەوڵ بدەین.

بابەتی پەیوەندیدار

کەمپینی هاوپشتی لەگەڵ خەڵکی فەلەستین تا دێت بەربڵاوتر دەبێت

-

ڕژیم، بە پێشێلکردنی مافی مرۆڤ، گۆڕی خۆی زیاتر هەڵدەکەنێ

-

بەرەو بەرزڕاگرتنی هەرچی شکۆدارتری ڕۆژی جیهانی کرێکاران

-

توندتربونەوەی گوشارەکانی کۆماری ئیسلامی بۆسەر مامۆستایانی مافخواز

-

ڕژیمی ئیسلامی لە سەنگەری سەپاندنی حیجابی ئیجباری، پاشەکشەی پێدەکرێت

-

شەڕ ئامرازێک لە دژی خەڵک، لە خزمەت مانەوەدا

-