یەکێک لە گرفتە جیدی و بەردەوامەکانی کرێکارانی لەسەرکار، حەقدەستە دوا خراوەکانیانە. کرێکاران وێڕای تەحەمول کردنی باری قورسی گرانی، تەوەڕۆم و ئاوسان، بێکاری و نائەمنی پیشەیی، حەقدەستە کەمەکانیشیان لە کاتی خۆیدا نادرێتێ. کەمتر کارگا و کارخانە و ناوەندێکی کاری هەیە کە حەقدەستی کرێکارەکانی بەبێ کەم و کەسر و لەکاتی خۆیدا بدات. هەواڵەکانی پێوەندیدار بە دواخرانی حەقدەستی کرێکاران و خەبات بۆ وەرگرتنی حەقدەستە نەدراوەکان، هەواڵی رۆژانە و بەردوامی كۆڕ و كۆمهڵه کرێکاریەکانە.
بە پێی ڕاپۆرتی هەواڵنێریی حکومەتیی ” ئیلنا” کرێکارانی کارخانەی ” متالوژی قەزوین، کرێکارانی موەلدی هەڵمی شیرکەتی پەیمانکاریی مە ڕەیل، کرێکارانی شارەداری و کرێکارانی کارخانەی ئوسوەی ئێران قەزوین” لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا نەیانتوانیوە حەقدەستە دواخراوەکانیان وەربگرن.
کرێکارانی متالوژی قەزوین کە خاوەنی ٥ مانگ حەقدەستی دواخراون لەم بارەیەوە ڕایانگەیاندوە تا ئێستا چەندین جار بۆ وەرگرتنی حەقدەستە دواخراوەکانیان دەستیان داوەتە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی بەڵام تا ئێستا نەیاتوانیوە حەقدەستەکانیان وەربگرن. کۆمەڵێک لە کرێکارانی موەلدی هەڵم کە لایەنی قەراردادی شیرکەتی مەه ڕەیلن، دەڵین نزیک بە ٢ مانگ داواکاری دواخراویان هەیە؛ ئەم کرێکارانە کە نزیک بە ١٣٠ کەسن، تا ئێستا نەیانتوانیوە حەقدەستی مانگەکانی جۆزەردان و پوشپەڕیان وەربگرن. ٤ مانگ حەقدەستی کرێکارانی شارەداری سەردەشتیش کە قەرار بوو تا کۆتایی مانگی پوشپەڕ پەرداخت بکرێت، نەدراوە. ٢٠٠ کرێکاری شارەداری سەردەشت، لە سەرەتای ئەمساڵەوە حەقدەستەکانیان وەرنەگرتوە و تا ئێستا کە وەعدەکانی کاربەدەستانی شارەداری بە ئاکام نەگەیشتوە، ڕایانگەیاندوە لە ئەگەری درێژە کێشانی ئەم ڕەوتەدا دەست ئەدەنە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی. هەروەها ٦ مانگ حەقدەست و ٤ مانگ حەقی بیمەی کرێکارانی کارخانەی ئوسوەی ئێران هەڵکەوتو لە شارەکی پیشەسازی ئەلبورزی ئوستانی قەزوینیش نەدراوە.
هەر ئەم چەند نمونەیە، دەرخەری ئەو ڕاستیە تاڵەیە کە چلۆن تەیفێکی بەرین لە کرێکاران سەرەڕای کاری دژوار و تاقەت پروکێن و بێ بەهرە لە سەرەتایی ترین مافی کرێکاری، تەنانەت حەقدەستەکانیشیان بەبێ کەم کەسر و لە کاتی خۆیدا پێ نادرێت.
لە هێندێک لە ناوەندەکانی کار و بەرهەمهێناندا، دواخرانی حەقدەستەکان ٢ ساڵیشی تێپەڕاندوە. لەو ناوەندانەدا کە سودئاوەرییان بەرەو داکشان دەچێت، دواخستنی دانی حەقدەستەکان ئاگاهانە ترە و خاوەنکارانی ناوەندەکانیش کە لە سەرودەمی وەرشکست بووندان، بە ڕاگەیاندنی مایەپوچ بوون، بەکردەوە خۆیان لە دانی حەقدەستی کرێکاران دەپارێزن.
خاوەنکاران بە نەدانی حەقدەستەکان و بە گرەوگان گرتنی و وەعدە و وەعیدی درۆینە و بێنە و بەرە پێکردنی بەردەوام، بە شێوەیەک کرێکاران ماندوو دەکەن و دەیانکەنە کۆیلەی خۆیان کە گەلێکیان بە ناچاری مەجبوور دەبن بۆ نەغد کردنەوەی حەقدەستە دواخراوەکانیان، بەکاری بێ زەمانەت و بە پیشەی بی داهاتی خۆیانەوە بنووسێن و بە کردەوە تەسلیمی خاوەنکار بن. ئەگەر لە هێندێک لە ناوەندەکانی کار کە کرێکاران لەسەر بنەمای قەراردادێک بە شێوەی ڕەسمی دامەزراون، شانسێکیان بۆ وەرگرتنی حەقدەستە دواخراوەکانیان هەیە، ئەو دەستەیە لە کریکاران کە بەبێ هیچ قەراردادێک خەریکی کارن و یان بە قەراردادی سپی ئیمزاوە دامەزراون، هیچ زەمانەتێکیان بۆ درانی ههقدهستی به بارمتهگیراویان نییە و ئەگەری ئەوەی کە بەرهەمی کار و ڕەنجی چەندین مانگەیان بخورێت، گەلێک زۆرە. بە بارمته گرتنی حەقدەستەکان نە تەنیا بارودۆخی ژیانی کرێکاران گەلێک دژوار دەکات و کرێکاران ناتوانن لە کاتی خۆیدا ئەوەی کە پێویستیانە دابینی بکەن، بەڵکوو لەبەر خاتری پاراستنی کارەکەیان، ناچارن ڕازی بن بە هەموو باردۆخێکی دژی ئینسانی خاوەنکاران و هەمیشە بە پارێزەوە و نیگەران لە لەدەست دانی کار و حەقدەستی به بارمته گیراویان، تەسلیمی ئیرادەی خاوەنکار بن. لە ڕاستیدا بە گرەوگان گیرانی حەقدەستەکان، چەشنێک لە پیلانی خاوەنکارانە لەدژی کرێکار کە بە پشتیوانی دەوڵەت بەڕێوەدەچێت.
سەرەڕای ئەوەی کە یەکێک لە ئاسەوارەکانی ئەم پیلانەی خاوەنکاران ناچار بە تەسلیم کردنی کرێکاران و وادار بە بێدەنگ کردنیانە، بەو حاڵەشەوە یەکێک لە مەیدانە گرنگەکانی خەبات و تێکۆشانی ئەم ساڵانەی دوایی، ناڕەزایەتی و خەبات بووە لەپێناو نەغد کردنەوەی حەقدەستە دواخراوەکان. لەگەڵ ئەوەی کە لە ماوەی ئەم چەند ساڵەی دواییدا کرێکاران بەردەوام بۆ وەرگرتنی حەقدەستە دواخراوەکانیان خەباتیان کردوە، بەڵام بە شیوەی واقعی لەوێوە کە ئەم خەباتە پڕژو بڵاو و بێ هێز بوون، کەمتر سەرکەوتو بوون و خاوەنکاران بەردەوام لە شگردی بە گرەوگان گرتنی حەقدەستەکان وەک ئامرازێکی گوشار بۆ داسەپاندنی بارودۆخێکی نالەبار بەسەر کرێکاراندا کەڵکیان وەرگرتوە.
لەم نێوانەدا دەوڵەت کە خۆی گەورەترین خاوەنکاری وڵاتە نە تەنیا پشتیوانی لەو کرێکارانەی کە بەم شێوەیە مافەکانیان پێشێل دەکرێت نەکردوە بەڵکو خۆی حەقدەستی جەماوەرێکی بەرین لەو کرێکارانەی کە لە یەکە کرێکارییە ڕاستەوخۆ و ناڕستەخۆ سەربە دەوڵەتەکاندا کار دەکەن، لە گرەودا ڕاگرتوە. کرێکاران بە دروستی ئەم پرسیارە دێننە گۆڕێ کە بۆچی بە جێگای ئەوەی لە جیاتی ئەم هەموو کار و زەحمەتە، پاداشێک وەرگرین و بە جێگای ئەوەی کە حەقدەستەکانمان زیاد بکات، ئەم حەقدەستە کەمەشمان بە بارمته دەگیرێت و کاتێکیش کە داوای دەکەین بەرەو رووی هەڕەشەی دەرکران دەبینەوە؟
له ڕاستیدا تیکرار بوونەوەی ئەم زنجیرەی بە بارمته گرتنی حەقدەستەکان، تا کاتێک کە خەباتێکی بەرین لە ئارادا نەبێت، هەروا بەردەوام دەبێت و بە خەبات و تێکۆشانێکی پڕژوبڵاو هیچ ناکرێت. زیاد کرانی حەقدەستی کرێکاران و درانی لە کاتی خۆیدا، یەکێک لەو داخوازییە گرنگە کرێکاریانەیە کە زەمانەتی دەستەبەر بوونی لە گرەوی ئیرادەی یەکگرتووی جەماوەرێکی بەرین لە کرێکاراندایە.