ئەمڕۆ سێشەممە ٢٣ ی مانگی ڕەشەمە ئاخرین چوارممەی ساڵی ١٤٠١ ی هەتاوییە. بەرپاکردنی جێژن و شادی لەلایەن خەڵکەوە بەردەوام کابوسی ڕژیمی ئیسلامی بووە. بە نزیک بوونەوە لە کۆتایی ساڵ و ئامادەبوونی خەڵک و لاوان لەسەرتاسەری ئێران بۆ بەڕێوەبردنی مەڕاسمەکانی چوارشەممە سوری و نەورۆز، کاربەدەستانی ئینتیزامی، ئەمنیەتی و ئیجرایی ڕژیم کەوتونەتە خۆ تا کۆبوونەوەکانی خەڵک تێکبدەن و نەهێڵن کە بە بۆنەی نەورۆزەوە بزە و شادی و خۆشی لە هیچ کۆڕ و کۆبوونەوەیەکدا ببیندرێت. ئەوان کە لە سێبەری خۆشیان ئەترسن، نیگەرانن لەوەیکە لەم ڕێوڕەسمانەدا قسەیەک لەدژی ڕژیم بێتە سەرزاران و کۆبوونەوەی خەڵک ببێتە ئامڕازێکی ناڕەزایەتی لەدژی ئەوان.
بەڕێوەچوونی مەڕاسمی چوارشەممەسوری و نەورۆز یەکێک لەو بۆنانەیە کە ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لە هەمان سەرەتای هاتنەسەر کاریەوە لەگەڵ بەڕێوەچوونی دژایەتی کردوە. بەڵام سەرەڕای هەڕەشە و تەنانەت گرتن و زیندانی کردنەکان لەم پەیوەندیەدا، خەڵک لە سەرتاسەری ئێران ئەم دژایەتیانەیان لەبەرچاو نەگرتوە و مەڕاسمەکانی چوارشەممە سوری و نەورۆزیان بە شێوەی جۆراوجۆر بەڕێوەبردوە.
بەڵام ئێوارەی سێشەممە ئەمڕۆ و چوارشەممە سوری ئەمساڵ جیاوازە. چوارشەممە سوری ئەمساڵ دوای ٤٤ ساڵ و دوای چوارشەممە سوری کۆتایی مانگی ڕەشەمەی ساڵی ١٣٥٧ و دوای ڕوخانی ئیستبدادی سەڵتەنەتی و سەرکەوتنی ئاخێزی جەماوەری، لە بارودۆخێکی تایبەت و لە ناخی ئاڵوگۆڕە گەورە و بناغە هەڵتەکێنە کۆمەڵایەتی و سیاسیەکان لە ئێران، بە کاریگەریە ناوچەیی و جیهانیەکانیەوە دێتە پێشێ.
چوارشەممە سوری ئەمساڵ لە ناخی شۆڕشی” ژینا” دا بە دروشمی وەحدەت بەخش و ئایەندەسازی” ژن، ژیان، ئازادی” بەڕێوەدەچێت. لە ٦ مانگ لەوەپێشەوە و بە قەتڵی حکومەتی” ژینا ئەمینی” لە شاری سەقز، بە سەدان ناڕەزایەتی و کۆبوونەوەی گەورە و چکۆلەی جۆراوجۆر بە پوتانسیەلی، هێز و مێحوەریەتی تێکۆشانی ژنان و لاوان لەسەرتاسەری ئێران بەڕێوەچوون و مژدەی بەهاری ئازادی دوای ڕوخانی شۆڕشگێڕانەی کۆماری ئیسلامیان داوە. لەسەر بەستێنی ئەم ناڕەزایەتیانە، لەسەر زەمینەی یەکێتی، وشیاری و ئامادەیی بۆ هەڵێنانەوەی هەنگاو و حەرەکەتی گەورە و هاوئاهەنگ، چوارشەممە سوری ئەمڕۆ، کات و شوێنێکی شیاوە بۆ تەقینەوەی سەرلەنوێی قین و توڕەیی و نەفرەتی گشتی لە کۆماری ئیسلامی و سیاسەتە دژی ئینسانی و سەرکوتەگەرانەکانی. لە چوارشەممە سوری ئەمڕۆدا یادی ئازیزی گیانبەختکردوانمان بە کردنەوەی ئاگری قین و توڕەیی شۆڕشگێڕانە و یەکگرتوانە، بە ڕاگەیاندنی ئامدەیی بۆ درێژەدان بە ڕێگا و مەسیری ئەم ئازیزانە و لێدانی چەخماخەی شۆڕشێک کە گیانبازی ئەوان مەسیر و ڕێگاکەی ڕووناک و خۆش کردوە ڕێز لێبگرین و بە دنیای بسەلمێنین کە شۆڕش بەردەوامە.
خەڵکی ئازادی خوازی ئیران و کوردستان!
ژنان و لاوانی ڕاپەڕیوە!
لە چوارشەممەسوری ئەمڕۆدا، شەقام، کۆڵان و مەیدانی شار و ئاواییەکان دەتوانێ و دەبێت لەدەست یەکگرتویی و یەکپارچەیی ئێوەدا بێت. بە کردنەوەی ئاگر، بە دەربڕینی شادی، مژدەی بەهاری ئازادی دوای لەنێوچوونی کۆماری ئیسلامی بدەن. نیشانی بدەن کە شۆڕشی” ژن، ژیان، ئازادی” زیندوە و بۆ لەنێوبردنی کۆماری ئیسلامی و دامەزراندنی کۆمەڵگایەکی ئازاد و بەدوور لەهەر چەشنە ئیستبدادێکی سەڵتەنەتی و مەزهەبی و دنیایەکی شاد بۆ ئینسانەکان خەریکی ئامادەکاری و هەوڵدانە. بە بەڕێوەبردنی جێژن و شادی یەکگرتوانە کابوسی مەرگی ڕژیمی ئیسلامی لە ڕاستی نزیکتر بکەنەوە. ئەمڕۆ، ڕۆژی بەرەنگار بوونەوەی نێوان تاریکی و ڕۆشناییە کە کۆماری ئیسلامی و شۆڕشی” ژینا” دەرخەر و هێماکانین. بە کۆتایی هاتنی زستان و مژدەی بەهار، بە لەنێوچوونی کۆماری ئیسلامی و سەرکەوتنی شۆڕش، لە بەهاری شادیدا گوڵی هیوا و ئاواتەکانی خەڵکی ئێرانیش خونچە دەکات و دەپشکوێ.
بژی شۆڕشی” ژن، ژیان، ئازادی” بژی یەکگرتویی و هاوپشتی خەڵک بۆ سەرکەوتن.