وەزارەتی کارەبا و ئاوی کووەیت ڕایگەیاند کە بەیانی ئەمڕۆ لە ئەنجامی هێرشێکی نوێی کۆماری ئیسلامی، ئاگرێکی گەورە لە وێستگەیەکی بەرهەمهێنانی کارەبا و دامەزراوەیەکی ئاوپاککردنەوەی ئەو وڵاتەدا کەوتووەتەوە.
بەپێی ڕاگەیەندراوە فەرمییەکە، تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە توانیویانە ئاگرەکە کۆنترۆڵ بکەن و لە ئێستاشدا تیمە تەکنیکییەکان سەرقاڵی هەڵسەنگاندنی قەبارەی زیانەکانن و هەوڵ دەدەن دامەزراوەکە چاک بکەنەوە و بەیەکجاری بگەڕێننەوە بۆ دۆخی ئاسایی کارکردنی خۆی. لەلایەکی دیکەوە، ستادی گشتیی ئەرتەشی کووەیت ڕایگەیاند کە سیستەمەکانی بەرگریی ئاسمانیی وڵاتەکەیان سەرقاڵی بەرپەرچدانەوەی هێرشە مووشەکی و درۆنییەکانن. ئەرتەشی کووەیت ڕوونیشی کردەوە کە دەنگی ئەو تەقینەوانەی دەبیسترێن بەهۆی تێکشکاندنی ئەو ئامانجە دوژمنکارانەوەیە لە ئاسماندا، و لە هەمان کاتدا داوای لە هاووڵاتیان کرد کە ڕێنماییە ئەمنی و سەلامەتییەکانی لایەنە پەیوەندیدارەکان جێبەجێ بکەن.
