کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

بەهائیەکانی ئێران لە ساڵی ١٤٠٢دا لەگەڵ تووندترین گوشار و ئەزیەت و ئازار بەرەوڕوو بوون

ساڵی ڕابردوو یەکێک بوو لە دژوارترین ساڵەکان بۆ بەهاییەکانی ژێر دەسەڵاتی ڕژیمی ئیسلامی لە ئێران. ڕێکخراوی چاوەدێری مافەکانی مرۆڤهیومان ڕایتس وۆچلە ژنێڤ، ڕۆژی ١٣ی خاکەلێوەی ١٤٠٣، ڕاپۆرتێکی هەژێنەری ٤٢ لاپەڕەی سەبارەت بە سەرکوت و ئەزیەت و ئازاری بەهاییەکان لە ساڵی ١٤٠٢دا، بڵاوکردەوە. ئەم ڕاپۆرتە بەناونیشانیپۆستاڵی سەر ملم: جینایەتی بەرپرسانی حکوومەتی ئێران لەبابەت ئەزیەت و ئازار و سەرکوتکردنی بەهاییەکانی ئێران، ئەو یاسا و سیاسەت و ڕێوشوێنە جیاکاریانەی کە حکوومەتی ئێران بۆ پێشێلکردنی مافە سەرەتاییەکانی بەهاییەکان بەکاریان دەبات، بەوردی خستووەتە ڕوو. لەم ڕاپۆرتەدا هاتووە: “ئازار و سەرکوتی سیستماتیکی چل و پێنج ساڵەی کۆمەڵگەی بەهایی لەلایەن حکوومەتی ئێرانەوە، بەگوێرەی یاساکانی سزادانی نێودەوڵەتی، نموونەی جینایەت لەدژی مرۆڤایەتییە“. بەهاییەکانی ئێران لە هەموو بوارێکی ژیانیاندا، لەگەڵ ئەزیەت و ئازار و هەڵسوکەوتی نەشیاو بەرەوڕوون، لە گرتن و زیندانیکردنی سەرەڕۆیانەوە بگرە هەتا دەستبەسەرداگرتنی موڵک و ماڵ و بێبەش بوون لە دەستڕاگەیشتن بە خوێندن و کار و تەنانەت ڕێگریکردن لە بەخاکسپاردنی ئابڕوومەندانەی مردووەکانیان بە پێی داب و نەریتی بەهاییەکان. جگە لە سەدان بەهایی کە لە ماوەی ٤٥ ساڵی ڕابردوودا بە دەستی لات و چەقۆکێشە ئاتەش بەئیختیارەکانی ئیسلامی کوژراون، تا ئێستا زیاتر لە ٢٠٠ بەهایی لە لایەن ڕژیمەوە لە سێدارە دراون. ڕژیمی ئیسلامی لە ماوەی ٤٥ ساڵی ڕابردوودا لە هیچ کردەوەیەکی جینایەتکارانە بەرامبەر بە بەهاییەکان درێغی نەکردووە. لەناوبردنی جەستەیی بەهاییەکان، دەستبەسەرداگرتنی ماڵ و موڵک و سامان و دەستبەسەرکردنی ژن و پیاو و گەنج و پیر و تەنانەت منداڵەکانیان و هەروەها بێبەشکردنیان لە خوێندنی زانکۆ و لە دامەزراندن و دەیان بەڵا و موسیبەتی دیکە.

ڕژیمیئیسلامیبەردەوامهەوڵیلەناوبردنیجەستەییبەهاییەکانیداوە. قەدەغە کردنی دین و بیروباوەڕی بەشێک لە خەڵک، زیندانیکردنی ژنان و پیاوانی بەهایی و گەنج و پیر و تەنانەت منداڵەکانیشیان، دەستبەسەراگرتنی موڵک و ماڵیان، بێبەشکردنی گەنجانی بەهایی لە خوێندنی زانکۆ، تێکدانی شوێنە پیرۆزەکانیان و جیاکردنەوەی شوێنی ناشتن و گۆڕی بەهاییەکان لە باقی خەڵک و بە بەردەوامی شکاندنی بەردی گۆڕەکانیان، ئیزن نەدان بە دامەزراندنی بەهاییەکان و دەرکردنیان لە هەر کارێکی حکوومەتی و تایبەت، ناچارکردنیان بە کۆچکردن، بەردەوام لە ڕاگەیاندن و ڕێوڕسمە ئاینیەکاندا تۆمەت هەڵبەستن و پەروەندەسازیی لە دژیان، هەمووی ئەمانە نموونەی کۆمەڵکوژی و جینۆسایدن لە دژی بەهاییەکان لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتێکی ئیسلامیدا. جیایی دین لە دەوڵەت، نەبوونی ئایینی فەرمی، جیایی دین و مەزهەب لە پەروەردە و بارهێنان، ئازادی ئایین و ئازادی نەبوونی باوەڕ بە هیچ ئایینێک، بڕینی بە تەواوەتی هەر چەشنە هاوکارییەکی دارایی و حکوومەتی بۆ دام و دەزگا و ناوەندە ئاینیەکان و باج وەرگرتن لە سەرچاوە دارایی و بازرگانییەکانی دامودەزگا ئاینییەکان، مەرجی پێویستن بۆ ڕێگریکردن لەو کارەساتانەی کە لە دژی کۆمەڵگەی بەهایی و کەمایەتییە ئایینییەکانی دیکە ڕوودەدات. ئەگەرچی ٤٥ ساڵە ئازادیی و مافە سەرەتاییەکانی کۆمەڵانی خەڵکی ئێران لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە بە توندوتیژترین شێوە پێشێل دەکرێن، بەڵام لەم نێوەندەدا بەهاییەکان تەنیا بە هۆی بیروباوەڕەکانیانەوە، لەگەڵ بێبەشی و ڕەنج و ئازاری گەلێک زیاتر بەرەوڕوو بوون و گیان و ژیان و دار و نەداریان بەردەوام لە مەترسیدا بووە.

حکوومەتی ئیسلامی لەگەڵ هەر دیاردەیەکی پێشڕەو، پێشکەوتنخواز، ئینسانی و ئەمڕۆیی کە بایەخی جیهانییان هەیە دژایەتی دەکات، هەر لە مۆسیقا و هونەرەوە بگرە تا سینەما و شانۆ، ئازادی ڕادەربڕین تا چاپ و بڵاوکردنەوەی ئازادانەی کتێب و گۆڤارەکان، لە بوونی دەنگی ناڕازی و چالاکیی حیزبە سیاسی و کرێکارییەکانەوە تا ڕێکخراوە مەدەنییەکان و مافی ئاژەڵان و پاراستنی ژینگە. هیچ ڕێکخراو و دامەزراوەیەکی سەربەخۆ نەبووە کە هەڵسووڕاوە سەرەکییەکانیان لەگەڵ سەرکوتک و زیندانیکردن و ئەشکەنجە و لەسێدارەدان بەرەوڕوو نەبووبێتەوە. بەڵام هەڵسوکەوت لەگەڵ بەهاییەکان زۆر بێبەزەییانەتر و کۆنەپەرستانەتر بووە. دیفاع و بەرگریکردن لە پەیڕەوانی ئایینی بەهایی لە بەرامبەر ئەزیەت و ئازاری ڕژیمی کۆنەپەرست و دژە ئینسانی کۆماری ئیسلامیدا، ئەرکێکی ئینسانییە. پێویستە هەر لە ئەمڕۆوە و بە هەموو ئیمکاناتێکی بەردەست و بەبێ هیچ دوودڵی و ڕاڕاییەک، لە بەرامبەر ڕژیمی ئیسلامی ئێراندا، دیفاع لە مافە ئینسانییەکانی بەهاییەکان بکەین. یەکێک لە شانازییەکانی خەڵکی تێکۆشەری کوردستان، بەردەوام بریتی بووە لە پێکەوە ژیانی ئاشتیانەی هەموو ئایین و بیروباوەڕەکان، بە بوون و تەحەمولی بەهاییەکانیشەوە. کوردستان هەتا ئێستاش تاکە ناوچە یان لەو بەدەگمەن ناوچانەیە کە تیایدا بەهاییەکان لەلایەن خەڵکەکەیەوە بە باوەشی ئاوەڵاوە قبوڵ کراون و ئایین وەک پرسێکی تایبەتیی خەڵک دادەنرێت.

بابەتی پەیوەندیدار

نەریتی ڕێزگرتن لە ڕۆژی جیهانی کرێکار لە کوردستان

-

وتارێک بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی ئەمن کردنی کار

-

کەمپینی هاوپشتی لەگەڵ خەڵکی فەلەستین تا دێت بەربڵاوتر دەبێت

-

ڕژیم، بە پێشێلکردنی مافی مرۆڤ، گۆڕی خۆی زیاتر هەڵدەکەنێ

-

بەرەو بەرزڕاگرتنی هەرچی شکۆدارتری ڕۆژی جیهانی کرێکاران

-

توندتربونەوەی گوشارەکانی کۆماری ئیسلامی بۆسەر مامۆستایانی مافخواز

-