دیپلۆماتکارانی ڕۆژئاوایی و ناوەندە ئەمنییە عەرەبییەکان لە وتووێژێکدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی ئاڵمان پشتڕاستیان کردەوە کە عەرەبستانی سعوودی و میرنشینە یەکگرتووە عەرەبییەکان (ئیمارات) “بە شێوەیەکی نهێنی و چالاک” لە هێرشەکان بۆ سەر ئێران بەشدار بوون.
ڕۆژنامەکانی “واڵ ستریت جۆرناڵ” و “نیویۆرک تایمز“یش ڕایگەیاندووە کە ئەم وڵاتانە دەستیان داوەتە هێرشی سەربازی دژی ئێران. حکومەتەکانی ئەم وڵاتانە هێشتا بە فەرمی ئەم هەواڵانەیان پشتڕاست نەکردووەتەوە و تەنها جەخت لەسەر “مافی بەرگری لە خۆ” دەکەنەوە. شایانی باسە کە وەزارەتی کاروباری دەرەوەی ئیمارات پێشتر لە بەیاننامەیەکدا هێرشە سەربازییەکانی بۆ سەر ئێران وەک “ڕێکارێکی تەواو بەرگریکارانە بۆ پاراستنی سەروەریی خۆی” وەسف کردبوو و ڕایگەیاندبوو کە سەرجەم هەنگاوەکان بە ئامانجی “پاراستنی خەڵکی سڤیل و ژێرخانە گرنگەکان” ئەنجام دراون. کۆماری ئیسلامیی ئێران لە نێوان وڵاتانی کەنداودا، زۆرترین هێرشی کردووەتە سەر ئیمارات.
