کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

بەرەی ڕاست،دروشمی یەکێتی لەقسەدا و دووبەرەکی لەکردەوەدا

شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی نە تەنیا کۆماری ئیسلامی بەڵکو ئوپوزسیۆنی ڕاست لە دەرەوەی وڵاتیشی غافڵگیر و نیگەران کردوە. بەر لەم ئاخێزە شۆڕشگێڕانە، ڕژیم لانیکەم لە ڕواڵەتدا باسی لە سەرکوتی ناڕەزایەتیەکان و خەباتی خەڵک دەکرد و هەڕەشەیەکی جیدی لە نێوخۆی وڵاتی لەسەر خۆی نەدەبینی. لە هەمان حاڵدا ئوپوزسیۆنی ڕاستی دەرەوەی وڵاتیش خەریکی گەڕان لە کۆریدۆری زل هێزەکانی دنیای سەرمایەداری دا خەریکی وێنە گرتن لەگەڵ پاڕلمان تارەکان و یان دەسەڵاتدارانی خانەنشین و لوبیستەکان  بوون و هەر کاتێکیش سەرکەوتو نەبوونایە بە یارمەتی پیشەسازی فتوشاب نیازەکانی خۆیان بەراوردە دەکرد!

بزوتنەوەی بەرینی ژینا، خەوی لە چاوی ڕژیم و ئوپوزسیۆنی ڕاست زڕاندوە. حکومەتی ئیسلامی دوای شۆکی یەکەمی سەرچاوە گرتوو لە غافڵگیربوون لە بەرانبەر شەپۆلی ناڕەزایەتیەکان بە قەتڵی حکومەتی ژینا ئەمینی، دەستی دایە کوشتاری بەرین و زیندانیکردنی دەیان هەزار کەس له‌ ناڕزایان. لە لایەکی دیکەوە ئوپوزسیۆنی ڕاستی دەرەوەی وڵات کە خۆی بەرەوڕووی بزوتنەوەیەکی ڕادیکاڵ، گەنج و ژنانە، کە چەخماخەکەی لە کوردستانەوە لێدرابێت، دەبینی و لەگەڵ ڕۆح و ناوەرۆکە بنەڕەتیەکەی بێگانە بوو، هەوڵیدا بە یارمەتی ڕاگەیەنەرێکی پڕ هەزینە کە لە ئیختیاریدا بوو، دروشمی سەرەکی و ئیستراتیژیکی ئەم شۆڕشە واتە ژن، ژیان، ئازادی بگۆڕێت بۆ دروشمی پیاوسالارانەی مەرد، مەیهەن، ئابادی. بەڵام ئاڕاستەی ڕوداوەکان بە خێرایی دەچووە پێش و گەلێک زوتر لەوەی کە چاوەڕوان دەکرا، ئوپوزسیۆنی ڕاست، سەڵتەنەت تەڵەب و مەزهەبی پەڕاوێز خست.

لەم ڕوەوە ئوپوزسیۆنی ڕاست و بە تایبەت سەڵتەنەت تەڵەبەکەن لە ڕاگەیەنەرە پڕ بینەرە فارسی زمانەکانەوە هەڵیاندا دەست بەسەردا گرتنی خابات و تێکۆشان لە نێوخۆ و دەرەوە خێراتر بکەن. لەم پەیوەندیەدا ڕەزا پەهلەوی کوڕی شای دیکتاتۆڕی پێشویان هێنایە نێوەڕاستی مەیدان. لە درێژەی ئەم هەوڵانەدا بوو کە بە یارمەتی چەند سلیبریتی کە تا دوێنێ لەگەڵ ڕژیم دەستیان لە کاسەیەکدا بوو، شانۆی من وەکالەت ئەدەمیان وەڕێخست. بەشی چەپ و پێشکەوتوی ئێرانیانی دانیشتوی دەرەوەی وڵات دەستیان دایە ڕەخنە گرتن لەم کەمپەینە و ئامانجەکانی. لە بەرانبەردا ئەمان بوونە ئامانجی هێرشی هیستریک و فالانژانەی ئەم تەیفە. کەمپەینی وەکالەت ئەدەم نە تەنیا گرێیەک لە کێشەکانی ئوپوزسیۆنی ڕژیم لە دەرەوەی وڵات ناکاتەوە، بەڵکو زیاتر پەرەی بە دووبەرەکی دا و وەحدەت و هاوئاهەنگی ئێرانیەکانی دەرەوەی وڵاتی بۆ پشتیوانی لە شۆڕشی خەڵک لە نێوخۆی وڵاتدا تێکدا.

ئوپوزسیۆنی ڕاست دەیەوێ تراژدی ساڵی ١٣٥٧ کە تێیدا ئاخوندەکان شۆڕشیان داگیر کرد، ٤٤ سال دواتر بە شێوەی کۆمێدی و بە کەڵک وەرگرتن لە ڕاگەیەنەرە فارسی زمانەکان و ژمارەیەک لە سیلیبریتیە هونەری و وەرزشیەکان تێکرار بکاتەوە. دروشمگەلی تا بڵێی ناسیۆنالیستی ئەوان، بوو بە هۆی بێزاری بە ملیۆن کەس لە خەڵکی ئێران و بە تایبەت لە ناوچەکانی وەک کوردستان و بەلوچستان.

  بەم جۆرە لە ماوەیەکی کەمدا ڕیزی یەکگرتوانەی خەڵک لەدژی کۆماری ئیسلامی لە دەرەوەی وڵات توشی کەلێن و دوو جەمسەری گەورە هات. داکۆکیکارانی توندرەو و ناسیۆنالیست داوا لە ڕەزا پەهلەوی دەکەن بە حوکم و سوکایەتی نوێنەرایەتی خۆی بەسەر خەڵکی ناڕازی لە کۆماری ئیسلامی لە دەروەی وڵات بسەپێنێ.

بەرەی ڕاست کە خۆیان توانایی دروستکردنی حیزبێکی جیدیی و جەماوەریان نەبووە دەیانەوێ لە وەزن و دەورو نەخشی ئەحزابی موجود کەم بکەنەوە. خەڵک بگێڕنەوە بۆ چەند سەدە لەوە پێش و سەرەڕای لە کەمینەدا بوونیان لە دەروەی وڵات و بێ ڕیشە بوونیان لە نێوخۆی وڵاتدا، بە هەرا و هورا و بە شێوازی دواکەوتوانە و زۆر نا دیمکڕاتیک نوێنەرێک بۆ نوێنەرایەتیکردنی ئێرانیەکانی دەرەوەی وڵات لەلای کۆڕ و کۆمەڵە نێونەتەوەییەکان بسەپینن. ئەم کەڵەوەکێشیە، ئەویش بە یارمەتی ڕاگەیەنەرە فارسی زمانەکان بە توندی ڕەنگدانەوە و کاردانەوەی نەرێنی بۆ خودی سەڵتەنەت تەڵەبەکان بە شوێنەوە بووە. لە ڕاستیدا پڕۆژەکەیان لە هەمان سەرەتاوە مۆری شکستی لێدراوە و بە مردوویی لە دایک بووە.

شۆڕسی ئێران لە سەرودەمی پێنجەمین مانگی بەردەوامی خۆیدا، بە مەسیرێکی پڕ لە هەوراز و نشێودا بەرەوپێش دەچێت و پەرەسەندنی بە خیڕای و زۆربوونی هەژاری، گرانی و تەوەڕومی هەوسار پچڕاو و وەرشکست بوونی ئابووری ڕژیم، لە رۆژ و مانگەکانی داهاتودا زیاتر لە پێشو جەماوەری خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێش و هەژارانی شاری بەرەوڕووی ڕژیم دەکاتەوە. ئەم شۆڕشە بەپێی ماهیەتی خۆی ناتوانێ بە ئیستبدادێکی تر لەژێر ناوێکی تازەدا ڕازی بێت.

بابەتی پەیوەندیدار

ڕژیم، بە پێشێلکردنی مافی مرۆڤ، گۆڕی خۆی زیاتر هەڵدەکەنێ

-

بەرەو بەرزڕاگرتنی هەرچی شکۆدارتری ڕۆژی جیهانی کرێکاران

-

توندتربونەوەی گوشارەکانی کۆماری ئیسلامی بۆسەر مامۆستایانی مافخواز

-

ڕژیمی ئیسلامی لە سەنگەری سەپاندنی حیجابی ئیجباری، پاشەکشەی پێدەکرێت

-

شەڕ ئامرازێک لە دژی خەڵک، لە خزمەت مانەوەدا

-

ناڕەزایەتی جیهانی لەدژی بەردەوامبوونی جینۆسایدی ئیسرائیل لە غەززە

-