لە ئێران سه‌ره‌ڕای ئێختناق و سەرکوت، هەژاریی و نەداریی، بێکاریی میلیۆنی، پەرەسەندنی بێوێنەی قەراردادی کاتیی و سپی ئیمزا، و دەیان گرفتی دیکەی کۆمەڵایەتیی دیكه، تەوەڕروم و گرانیش کرێکاران و خەڵکی هەژاری کۆمەڵگه‌ی خستووه‌تە ژێر گوشاره‌وە و ژیانێکی فەلاکەتباری بەسەریاندا سەپاندووە. ئه‌م بارودۆخه‌ی ئێستا بەملیۆن کرێکار و بنەماڵەکانیانی کە بە حەقدەستی چەند بەرابەر لە ژێر هێڵی هەژاریدا کار دەکەن، بێزار كردووه و به‌واتایه‌ك كارده‌كه‌ی گه‌یاندووه‌ته سه‌ر ئێسقانیان.لە وەها بارودۆخێکدا، دەوڵەتی یازدەیەم دەڵێت: ئەمساڵ ڕێژه‌ی تەوەڕروم بووه‌تە یەک ڕەقەمیی و ئاسەوارەکەشی لەسەر ژیانی خەڵک و توانای کڕینیان دەبیندرێت! ئەوە لە حاڵێکدایە کە، ماوەیەک لەمه‌وبه‌ر” حەسەن هێڤدەتەن” جێگری وەزیری کاری دەوڵەتی ڕووحانی وتی:”هەقدەستی کرێکاران لە ساڵی ١٣٨٤ی هەتاوییه‌وە تا ئێستا، شەست و حەوت لەسەدی توانای کڕینیانی ئه‌ستاندووه.” ناوبراو لە درێژەدا دەڵێ:” ئه‌و هەزار تمەنه‌ی کە هێزی کار بەدەستی دێنێ، بە ڕاده‌ی سێسەد تمەنی ساڵی هه‌شتا و چوار، توانای کڕینی نییه.”
بانکی مه‌ركه‌زیش سەبارەت بە تەوەڕروم و گرانیی لە ماوه‌ی ئه‌مساڵدا، ئامار و ئەرقامێكی ته‌واو به‌پێچەوانەی ئه‌و ڕاپۆرته‌ی بڵاو كردووه‌ته‌وه كه ده‌وڵه‌تی ڕووحانیی داویه‌ته سندووقی نێونه‌ته‌وه‌یی پووڵ، بانکی مه‌ركه‌زیش لە ماوه‌ی هەفتەی ڕابردوودا لە بەشێک لە ڕاپۆرتەکەیدا له‌سه‌ر ڕێژەی بەرزبوونەوە و دابەزینی نرخی کالا ئەساسییەکان باس لە بەرزبوونەوەی ٣ هه‌تا ٤٧ لەسەدیی نرخەکان لە ماوه‌ی یه‌كساڵی دوایی کردووە. بەپێی ئەم ڕاپۆرتە کە هەواڵنێریی تەسنیمیش بڵاوی کردووه‌تەوە: ” لە ماوەی ئەم یەکساڵەدا، نرخی لەبەنییات واته شیره‌مه‌نییه‌كان ٦/٣ لەسەد، هێلکە١/١٣ لەسەد، برنج ١/٤٨ لەسەد، حبووبات واته دانەوێڵە ٦/٢٤ لەسەد، میوە ٦/١٧ لەسەد، گۆشتی سور ٢/٧ لەسەد، گۆشتی مریشک ١/٨ لەسەد، قەند و شەکر ٦/٤٨ لەسەد و ڕۆنی نەباتیی ٢/٤ لەسەد به‌رز بووه‌ته‌وه. بانکی ناوەندیی کۆماری ئیسلامیی لە کۆتایی ڕاپۆرتە ڕەسمییەکەیدا به‌و ده‌ره‌نجامه گه‌یشتووه کە زۆرترین گۆڕانكاریی له نرخی کالا ئەساسییەکان، دەگەڕێتەوە بۆ قەند و شەکر بە ٦/٤٨ لەسەد، و برنج بە ١/ ٤٨ لەسەد.”بە وردبوونه‌وه و سه‌ره‌نجدان به‌و ئامار و ئەرقامانەی كه لە لایەن بانکی مه‌ركه‌زییه‌وه دراونه‌ته ده‌رێ، زۆر بە هاسانیی هەست به‌وه دەکرێت کە، هەوڵی دەوڵەت و ناوەندە حکومەتییەکان بۆ شاردنه‌وه و حاشاكردن له زیادبوونی ڕێژه‌ی تەوەڕروم و دابەزینی توانای کڕینی کرێکاران و جەماوەری زۆرلێکراو، بێسەمەر بووه. ڕژیمی سەرمایەداریی کۆماری ئیسلامیی و ناوەندەکانی، چیتر ناتوانن له ڕێگه‌ی ڕاپۆرتی ناڕاستیان و دووپاتكردنه‌وه‌ی ئەو واده و به‌ڵێنه ڕه‌نگاوڕه‌نگانه‌ی كه” چاوه‌ڕێ بن دوای لاچوونی یەک لە دوای یەکی تەحریمەکان و بەرەوپێشچوونی ” بەرجام”، بارودۆخه‌كه باشتر دەبێت” و به‌م فرت و فێڵانه خەڵک بە گۆڕانكاریی لەوانە بهەرزان بوونی نرخی پێداویستیی ڕۆژانەیان هیوادار بکەن. کرێکاران و جەماوەری هەژار ئیتر باوەڕیان بەم درۆ و چەواشەکارییانەی وەک ” یەک ڕەقه‌می” بوونی ڕێژه‌ی تەوەڕروم نەماوە. هەموو مانگێک دابەزینی ڕێژه‌ی تەوەڕروم لە لایەن ناوەندەکانی ڕژیمەوە ڕادەگەیەندرێت، بەڵام خەڵک هەروا بۆ دابینکردنی پێداویستیی سه‌رتاییان، تووشی گیر و گرفتن. کالا و خزمەتگوزاریی ئەساسی خەڵک ڕۆژ له‌دوای ڕۆژ به‌گرانتر دەگاتە دەستیان. تەنانەت ئەگەر گریمان بە قەولی ئابووریزانه‌كانی بوورژوازیی، له‌گه‌ڵ دابەزینی ڕێژه‌ی تەوەڕروم، ڕه‌وتی بەرزبوونەوەی نرخەکانیش هێور بۆوه، خۆ پێداویستییە زەروورییەکانی خەڵک پەیڕەوی لەم قاعیدە ئابوورییە ناکات. لەبەر ئەوەیكه لە ئێرانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی کۆماری ئیسلامی‌دا، ئەوە باند و تۆڕه مافیاییەکانی هاوردەکردنی کالان کە لەسەر زیاتر لە ١٢١ قەڵەم کالای ئەساسیی نرخ داده‌نێن، کە پێداویستیی سه‌ره‌تایی و هه‌ر ڕۆژه‌ی هاووڵاتییانه. دیاریکردنی قیمەتی پێداویستییە گشتیەکانی دانیشتووانیی ئێران، سەرجەم لە لایەن وەزاڕەتخانەکانی جیهادی کەشاوەرزیی، بازه‌رگانی، و هەروەها دەیان شیرکەت و دامەزراوەی نیمچه دەوڵەتیی چالاک لە بواری هاوردەکردندا، بەڕێوەدەچێت. هەرکام لەوان کە سوودێکی کەلان لەبری دیاریکردنی نرخەکان دەخەنە گیرفانیانەوە، بەرپرسی سەرەکی بەرزبوونه‌وه‌ی نرخەکانن.
واقعییه‌ت ئەوەیە كه قوڵایی گرانیی ئێستای ئێران گه‌یشتووه‌ته ئاستێكی سەرسووڕهێنەره و ئەم ڕەوتەش هەتا دێ خه‌ریكه په‌ره ده‌گرێت.گرانیی و ئاوسان لەسەر به‌ستێنی قەیرانێک کە سەرتاپای موناسباتی بەرهەمهێنانی سەرمایەداریی ئێرانی ته‌نیوه‌ته‌وه، لایه‌نی كاره‌ساتباری و جێی نیگه‌رانیی به‌خۆوه گرتووه. شایانی باسه نرخی کالا ئەساسییەکان لە حاڵێکدا ڕۆژانە بەرز دەبنەوە کە، تێكڕای توخمەکانی بەرهەمهێنان و سەروەتی گشتیی، بە ڕادەی پێویست و کافی بوونیان هەیە، لەگەڵ ئەوەشدا هەژاریی و فەلاکەتی ئابووریی زیاتر لە ٦٠ لەسەدی کۆمەڵگه‌ی تووش كردووه.
دەوڵەتی یازدەیەم کە له ڕێگه‌ی ئیجرای سیاسەتە نێئۆلیبڕاڵییەکان و هەرزان ڕاگرتنی هێزی کاره‌وه بەشوێن ڕاکێشانی سەرمایەی دەرەکی و دەستەبەرکردنی توانای ڕقابەت لە بازاڕە نێونەتەوەییەکان دایە، هه‌تا بەشکه‌م سەرمایەداریی ئێران لەم قەیرانه‌ی ڕزگار بکات، لە بیری دابه‌زاندنی ئاستی تەوەڕروم و هەرزان بوونی پێداویستیی ڕۆژانەی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێشدا نییە. هیچکام لە باڵەکانی حاکمییەت، و ئۆپۆزۆسیۆنە بوورژواییەکەشی، ڕێگه‌چارەیەکیان بۆ باشتركردنی بارودۆخی بەڕێچوونی کۆمەڵگه نییە.
کەواتە هه‌تا کاتێک کە ڕژیمی سەرمایەداریی کۆماری ئیسلامیی دەسەڵاتەدار بێ، بارودۆخی خەڵکی زۆرلێکراوی ئێران لەوەش كه هه‌یه خراپتر دەبێت. بۆ ڕزگاربوون لەم بارودۆخە دژوار و فەلاکەتبارە، تەنها یەک ڕێگه بوونی هەیە، ئەویش خەباتە دژ به‌م وەزعه‌ی ئێستا. ڕژیمی کۆماری ئیسلامیی كارد و چەقۆكه‌ی گەیاندووه‌تە سەر ئیسقانی خه‌ڵكی كرێكار و چه‌وساوه و به‌مجۆره ڕێگه‌یەکی بۆ پاشەکشە نەهێشتووه‌تەوە. له ڕێگه‌ی پەرەدان بە بزووتنەوەی موتالباتیی کرێکاران، ژنانی زۆرلێکراو و خەڵکی زەحمەتکێش و ئازارچەشتوو لە دەوری داواکاریی ئه‌مڕۆیی و زه‌رووریی، دەخاڵەتی چالاکانە لە خەباتێکدا كه هه‌ر ئێسته لە ئارادایە و هه‌روه‌ها له ڕێگه‌ی هەوڵدان بۆ پێكه‌وه به‌ستنه‌وه و سەرتاسەری کردنەوەی ئەم ناڕەزایەتییانە و یارمەتیدانی پێکهێنانی یەکێتیی و هاوپشتیی نێوان بزووتنەوە پێشڕەوە کۆمەڵایەتییەکانه‌وه‌یه کە دەکرێت، کاریگەریی لەسەر فەزای سیاسیی ناو کۆمەڵگه دابندرێت، پاشه‌کشە بە ئیختیناقی حاکم بکرێت و بوار بۆ تەشەکولیابی واته ڕێكخستنی کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێش و ئازارچەشتوو ده‌ڕه‌خسێت و ڕێگه هه‌موار ده‌بێت. کرێکاران له‌ڕێگه‌ی خۆڕێکخستن و تەشەکولیابی چێنایەتیی و سیاسییانەوه‌یه کە دەتوانن مۆرکی خۆیان لە گۆڕانكاریی شۆڕشگیڕانە و کۆمەڵایەتیی ناو كۆمه‌ڵگه بدەن. خەبات بۆ ڕووخاندنی ڕژیمی کۆماری ئیسلامیی و سازماندان و بونیاتنانی کۆمەڵگه‌یه‌كی سۆسیالیستیی، واته کۆمەڵگه‌یەکی ئازاد و پڕ لە ڕێفاە و بە دوور لە هەر جۆرە ستەم و زۆردارییەک، به‌م مه‌سیر و ئاراسته‌یه‌دا تێپه‌ڕ ده‌بێت