بەپێی دوایین ڕاپۆرتەکان، داراییەکانی چەندین کەس لە چالاکانی مەدەنی و دەستبەسەرکراوانی ڕەوتی ناڕەزایەتییەکانی مانگی بەفرانبرای ١٤٠٤ی هەتاوی، لە لایەن دەزگای قەزایی ڕژیمەوە لە پارێزگای ئیلام، دەستی بەسەردا گیراوە.
بە وتەی سەرچاوەکانی هەواڵ، لە ڕەوتی ناڕەزایەتییەکانی مانگی بەفرانباری ١٤٠٤ی هەتاوی و هەروەها هاوکات لەگەڵ هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر پێگەکانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لە شارە جیاوازەکانی ئێران و کوردستان، بە سەدان هاووڵاتی دەستبەسەر و تۆمەتی “هاوکاری لەگەڵ ناوەندە ئەمنیەکانی وڵاتانی دژبەری ڕژیم“، “کۆکردنەوەی زانیاری سەبارەت بە پێگە هەستیارەکانی کۆماری ئیسلامی” و هەروەها “ناردنی وێنەی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر پێگەکانی ڕژیم بۆ میدیاکانی دەرەوە“، بەسەریاندا سەپێندراوە. هاوکات سەرۆکی دەزگای قەزایی کۆماری ئیسلامی بۆ چەندەمین جاری بەردەوام جەختی لە سەر ئەوە کردووەتەوە کە پێویستە حوکمی دەستبەسەرکراوان لە ماوەیەکی کورتدا جێبەجێ بکرێت و تەنانەت هەموو داراییەکانیان لە بەرژەوەندی دەوڵەتدا دەستی بەسەردا بگیردرێت.
