بەپێی دوایین زانیارییەکان، لە لایەن کارناسان و پزیشکانەوە هۆشدارییەک سەبارەت بە بەرزبوونەوەی کەمیی دەرمانی پێویست بۆ نەخۆشانی هیمۆفیلیا لە ئێران بڵاو کراوەتەوە.
بەپێی ڕاپۆرتەکان، ئێستا هیچ پاشەکەوتێک لە هەندێک دەرمانی گرنگی پێویست بۆ نەخۆشانی تووشبووی کەمیی فاکتۆری ١٣ و نەخۆشیی فۆن ویلێبراند لە ئێراندا بەردەست نییە و هەروەها نیگەرانییەکان سەبارەت بە دابینکردنی هەندێک دەرمان و بەرهەمی پزیشکیی پێویست بۆ نەخۆشانی هیمۆفیلیای جۆری A و B بەردەوامن. بە وتەی کارناسانی ئەم بوارە لە حەفتەکانی ڕابردوودا هەوڵی زۆر بۆ دابینکردنی ئەو دەرمانانە دراوە و پەیوەندی لەگەڵ ژمارەیەک دامەزراوە و کۆمپانیای دەرمانیی نێودەوڵەتی گیراوە، بەڵام بە هۆی گەمارۆکانەوە، دەرمانەکان دابین نەکراون. شایانی باسە کە کەمیی دەرمان و پێداویستییە پزیشکییەکان لە ماوەی دواییدا بووەتە یەکێک لە کێشە سەرەکییەکانی بواری تەندروستی لە ئێران، و ژمارەیەک لە نەخۆشان و بنەماڵەکانیان هۆشداری لە دەرئەنجامەکانی ئەم بارودۆخە دەدەن.
