کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

بەرجام و پەردەی دووهەمی “نەرمشی قارەمانانە”

تەرمێک کە بە “نەرمشی قارەمانانە”ی بەرجام بەجێماوە، دەستا و دەست دەگەڕێ. ئەگەر ئەمریکا و ئیسرائیل بە ڕادەیەکی به‌ شێوه‌ی خۆیان خەریکی ئامادەکاری پرسە بۆ دانانین، سەرانی یەکێتی ئوروپا و ڕوسیە لە ئیجلاسەکان و چاوپێکەوتنەکانیاندا بە شوێن ڕێگا چارەیەکەوەن بۆ هەناسە وەبەرهێنانەوەی. ئەگەرچی سەرانی کۆماری ئیسلامی قسە لە ئولتیماتۆمی ٦٠ یان ٣٠ رۆژە دەکەن بەڵام ئاشکرایە کە “پاڵەوانەکانی نەرمش” ڕێگایەکیان بێجگە لە تەسلیم بوونی” قارەمانانە” نییە. بەڕواڵەت هێندێک لە نوێنەرانی مەجلیسی ڕژیم و سەرانی سپا بە ووتنی ئەوەیکە ئێمە لە هەوەڵەوە باوەڕمان بە ئەمریکا نەبوو، خوازیاری دەرچوون لە بەرجام بوون. بەڵام خامنەیی بە تاکتیکی هەڵاتن بەرەو پێشەوە “لە نەرمشە قارەمانانەکەی”دا خوازیاری زەمانەت وەرگرتن لە ئوروپاییەکانە و بە وتنی ئەوەیکە “ئەگەر نتوانن زەمانەتی یەکجارەکی وەربگرن، ئیتر ناکرێت درێژە بە بەرجام بدرێت” تۆپەکە دەخاتە مەیدانی ڕەقیبەوە، حەفتا کەس لە موریدەکانی وەلی فەقیە لە مەجلیس خەریکی ئامادە کردنی تەرحێکی دوو فەوریەتی لەسەر بنەمای ئه‌وه‌ن كه‌ ئێران دوای کشانەوەی ئەمریکا لە بەرجام، هاوکاری دڵخوازانەی لە ڕیعایەت کردنی پروتۆکۆلی ئیلحاقی دەبچڕینێ و پیتاندنی ئۆرانیۆمی بانتر لە ئاستی لەبەرچاو گیراو لە بەرجامدا دەست پیدەکاتەوە. سه‌فه‌ری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران به‌ره‌و چین و ڕوسییه‌ و ئۆروپاش تا ئێستا ئاكامێكی دیاری كراوی لێ نه‌كه‌وتوه‌ته‌وه‌.

لەگەڵ ئەوەیکە بەرپرسانی یەکێتی ئوروپا و بە تایبەت سەرانی هەر سێ وڵاتی واتە ئاڵمان، فەڕانسە و ئینگلستان گەلێک جار ڕایانگەیاندوە کە خوازیاری درێژەی بەرجامن بەڵام هاوکات وتویانە کە درێژەی پێدانی پێویستی بە گۆڕانکاریەکی تەکمیلی هەیە. سەدری ئەعزەمی ئاڵمان جارێکی تر لە پەراویزی کۆبوونەوەی سەرانی یەکێتی ئوروپا لە رۆژەکانی چوارشەممە و پێنجشەممە لە سوفیەی بوڵغارستان وتی کە هەموو ئوروپا یەک دەنگن لەسەر ئەوەی کە تەوافوقی هەستەیی کامڵ نییە هەرچەند کە “ئەم وڵاتانە لە عەینی حاڵدا هاو هەڵوێستن کە دەبێ بەرجام بپارێزرێت”. لە هەمانحاڵدا چارەنووسی بەرجام ناوەندیی ترین خاڵی وتووێژی سەدری ئەعزەمی ئاڵمان و سەرۆک کۆماری روسیە بوو رۆژی هەینی ڕابردو. ئەگەرچی پوتین لە کۆنفڕانسە موتبوعاتیەکەیدا تەنیا باسی بارودۆخێكی كرد كه‌ به‌ دوای به‌رجامدا هاتووه‌ته‌ گۆڕێ، بەڵام سەدری ئەعزەمی ئاڵمان نیگەرانی خۆی لە چالاکیەکانی ئێران لە بواری موشەکە بالستیکیەکاندا و هەروەها حوزوری نیزامی لە سوریەی نەشاردەوە. ئەو وتی لەگەڵ ئەوەدا کە ناکۆکی بۆچوونی ئوروپا و ئەمریکا سەبارەت بە ” هێندێک بابەت” نابێ لەبیر بکرێت کە پێوەندی نێوان ئوروپا و ئەمریکا خاوەنی وەها ” گرنگیەکی حەیاتی”یە کە نابێ بخرێتە “مەترسی”یەوە. ئەگەرچی پوتین سەبارەت بە چلۆنایەتی پاراستنی بەرجام لەم وتووێژەدا ئاماژەی بە هیچ شتێکی ئەوتۆ نەکرد بەڵام جێگری وەزیری دەرەوەی روسیە وتی کە ” ئێران بۆ پاراستنی بەرجام دەبێ هێندێک ئیمتیاز بدات.” هەرچەند کە ئەو خۆی باسێکی لەم جۆرە ئیمتیازاتە نەکرد بەڵام کۆمەڵێک لەم ئیمتیازانە ئەوەیە کە نوێنەری تایبەتی پوتین وێرای ئاماژە بە قسەکانی رۆژی پێنجشەممەی ئەو لە دیدار لەگەڵ بەشار ئەسەد وتی ” ئەم قسانە سەرجەم گوروپە نیزامیەکانی ئامادە لە سوریە دەگرێتەوە لەوانە ئەمریکاییەکان، تورکەکان، حیزب اللەی لوبنان و ئێرانیەکان.” کەوابێ بە تەواوەتی روونە کە سەرجەم لایەنەکانی ئیمزا کونەندەی بەرجام خوازیاری تەکمیل کردنین. و بەڵام کامڵ کردنی بەرجام ناوی ڕەمزێکە بۆ بەرتەسک کردنەوەی سەرجەم چالاکیە ناوچەییەکان و پەرەدان بە چەکی بالستیکی ڕژیم. بە زمانێکی تر ئوروپاییەکان کاتێک به‌ به‌رجام پێبەند ده‌بن کە کۆماری ئیسلامی خۆی لەگەڵ ئیستراتیژی رۆژئاو هاو ئاڕاستە بکات.

لەگەڵ ئەوەی یەکێتی ئەروپا لە رۆژی هەینیەوە ” ڕێ و شوێنێكی یاسایی گرتۆته‌به‌ر بۆ ئه‌وه‌ی شیركه‌ته‌ ئۆروپاییه‌كان زه‌ره‌رمه‌ند نه‌بن، بەڵام ئەم ڕێوشوێنانه‌ تەنیا ئەو شیرکەتانە دەگرێتەوە کە پێوەندی بازرگانیان لەگەڵ ئەمریکا و یان ئەو شیرکەتانەدا نەبێت کە لە ئەمریکادا چالاکن. لەخۆڕا نەبوو ڕێك لە هەمان رۆژدا کە یەکێتی ئەروپا ” ئه‌و ڕێ و شوێنانه‌ی ڕاگه‌یاند هێندێک لە شیرکەتە ئیتالیایی و فەنلاندیەکان سەرجەم چالاکیەکانیان لەگەڵ ئێران ڕاگرتوه‌. لە رۆژانی ڕابردودا کۆمەڵێک شیرکەتی دیکەش معامەلاتی بازرگانی خۆیان لەگەڵ ئێران ڕاگرت. دەزانین ئێران لە ژانویەی ٢٠١٧ دا سفارشێکی نوێی کڕینی ١٠٠ فرۆکەی ” ئێڕباس” ی بەرهەمی هاوبەشی ژمارەیەک لە وڵاتانی ئوروپایی بە ئەرزشی ٢٣ میلیارد یۆرۆی داوە. ٣ فڕۆکەیانی وەرگرتوە و ئێستا ئەمریکا ئیجازەی هەناردە کردنی ئەم فرۆکانەی بۆ ئێران هەڵوەشاندۆتەوە لەبەر ئەوەی کە ” ئێرباس” هێندێک لە بەرهەمەکانی لە ئەمریکا دابین دەکات. وەیان ئەوەیکە کۆمپانیای ئەمریکایی بوئینگ دوو قەراردادی لەگەڵ دوو شیرکەتی فرۆکەوانی ئێران بە ئەرزشی ١٩ میلیارد دۆلار ئیمزا کرد، هەرچەند کە ئەم سفارشاتە نەچووبونە نێو پرۆسەی بەرهەمهێنانەوە لەگەڵ ئەوەشدا ئێستا سەرۆکی بوئینگ ڕایگەیاندوە کە “ئێمە پەیڕەوی سیاسەتەکانی دەوڵەتی ئەمریکاین”. ئەوەندە بەسە ئەماژە بکەین کە گوروپی ماڵی ” بی ئێن پی پاریبا” ی فەرانسەوی ٩ میلیارد و کومرس بانک ی ئاڵمانی یەک میلیارد و نێو دۆلاریان بابەتی ڕەچاو نەکردنی تەحریمەکان لێسەندراوە.

له‌ ڕاستیدا له‌م ماوه‌یه‌دا كه‌ ده‌رگای سه‌رمایه‌گوزاری ده‌ره‌كی به‌ره‌وڕووی ئێران كراوه‌ته‌وه‌، سفرەی بەتاڵی خەڵک خاڵی تر بوو. زیاتر لە ١٠٠ میلیارد لەو پوڵانەی ئێران کە ئازاد کراون و بە میلیارد دۆلار لە سەرچاوەی زیاد بوونی هەناردەی نەوت بەو کاناڵانەدا چووه‌ کە لە ڕابردووشدا پێیدا ده‌ڕۆیشت. لە ڕاستیدا لاچوونی تەحریمەکان تەنیا ئیمکاناتی ماڵی نوێی بۆ پەرەدان بە دخاڵەتی ڕژیم له‌ وڵاتانی ناوچەکەی بەدی هێناوە و نانێکی بە سفرەی خەڵکەوە زیاد نەکردوە.

ئێستا لە ناخی هەراوهوریای مەوجود دا لەسەر درێژەدان یان هەڵوەشاندنەوەی بەرجام نابێ بێڵین کە دوو لایەنی ئەم کێشەیە خەڵک بکەنە زەخیرەی کێشمەکێشەکانیان. چ ئەوانەی کە بە بیانوی سیاسەتە ماجەرا جووییەکانی ڕژیم خوازیاری هەڵوەشاندنەوەی بەرجام و داسەپاندنی گەمارۆی تازەن و چ ئەوانەی کە بە بیانوی تەحریمەکانەوە خەڵک بۆ پشتیوانی لە ڕژیم بانگهێشت دەکەن، خۆڵ دەکەنە چاوی جەماوەری خەڵکەوە. جه‌ماوه‌ری خەڵک هیچ چەشنە بەرژەوەندیەکیان لەم کێشەیەدا نییە. بەرژەوەندی خەڵک لە پەرەسەندنی خەباتی ناڕەزایەتیی و بەرتەسک تر کردنەوەی بازنەی گەمارۆی دەوری ڕژیمدایە. بەرپرسیاریەتی ئەمەش لە هەموان زیاتر لە ئەستۆی کۆمونیستەکان، ڕێبەران و هەڵسوڕاوانی ڕادیکاڵ و سۆسیالیستی بزوتنەوە کۆمەڵایەتیەکاندایە. نابێ دەرفەت لەدەست بدرێت.

بابەتی پەیوەندیدار

دروشمەکانی ڕۆژی جیهانی کرێکار، زیادکرنی حەقدەست و مووچە، ڕاگرتنی جینۆساید لە غەززە

-

نەریتی ڕێزگرتن لە ڕۆژی جیهانی کرێکار لە کوردستان

-

وتارێک بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی ئەمن کردنی کار

-

کەمپینی هاوپشتی لەگەڵ خەڵکی فەلەستین تا دێت بەربڵاوتر دەبێت

-

ڕژیم، بە پێشێلکردنی مافی مرۆڤ، گۆڕی خۆی زیاتر هەڵدەکەنێ

-

بەرەو بەرزڕاگرتنی هەرچی شکۆدارتری ڕۆژی جیهانی کرێکاران

-