کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

بەرجامی دووهه‌م جامە ژەهرێکی تر بۆ خامنەیی

لە سەرودەمی هەڕەشەکانی ترامپدا لە پێوەند لەگەڵ دەرچوونی ئەمریکا لە قەراردادی بەرجام، کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی بە وەڕێخستنی هەراو هوریا هەڕەشەیان دەکرد کە:” ئەگەر ئەمریکا لە بەرجام بکشێتەوە ئێمە دەیدڕێنین” و یان ئەوەیکە ئامادە نین سەبارەت بە بەرجام لەگەڵ هیچ کەس قسە بکەن و هیچ قەراردادێکی تەکمیلی و یان ئاڵوگۆر لە هیچ بەندێکیدا قەبول ناکەین”. بەڵام دوای کشانەوەی ئەمریکا لە تەوافوقی هەستەیی و ئیمزا کردنی چالاک بوونەوەی گومارۆکانی ئەمریکا لە لایەن ترامپەوە لەدژی کۆماری ئیسلامی، ڕژیم، وەزیری دەرەوەی ڕەوانەی ئوروپا کرد تا سەبارەت بە بەرجام لەگەڵ ئەو دەوڵەتانە وتوویژ بکات. هەم ئانگێلا مێرکێل و ئیمانۆئیل مەکرون و هەم تێرێزا مەی وەک سەرانی هەر سێ دەوڵەتی سەرەکی یەکێتی ئوروپا هەوڵی زۆریان داوە بۆ قانع کردنی ترامپ بە مانەوە لە بەرجامدا بەڵام سەرکەوتوو نەبوون. ئەم دەوڵەتانە بە پێچەوانەی ئەمریکا کە پیوەندیەکی ئابووری ڕاستەخۆیان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی نەبووە، لە دوو ساڵی ڕابردودا لە هەوڵی پەرەدان بە پێوەندی و بەستنی قەراردادی پر سود و قازانجدا بوون لەگەڵ ڕژیم. ئەگەرچی ئەوان جەخت لەسەر دخاڵەت و دەوری وێرانگەری کۆماری ئیسلامی لە کانونەکانی قەیران لە ناوچەکەدا دەکەنەوە، بەڵام لەبەر بەرژەوەندی سەرمایەداران، شیرکەت و بونگاکانیان موافقی کشانەوە لە بەرجام نین و خوازیاری گوشار هێنان لە ڕێگای دیکەوەن بۆسەر ڕژیم. کشانەوەی ئەمریکا لە بەرجام و چالاک بوونەوەی تەحریمەکانی لەدژی کۆماری ئیسلامی، گرفت و بەربەستی زۆر دەخاتەسەر ڕێگای ئاڵوگۆڕی بانکی و توجاڕی و سەنعەتی ئەوان. لە ئێستاوە لە ئوروپا گەلێک شیرکەت، بانک و دامەزراوە بەبێ سەرنجدانە تێبینیەکانی یەکێتی ئوروپا بۆ بەرگرتن لە تەحریم و جەریمە لە لایەن ئەمریکاوە، خۆیان لە بەستنی قەرارداد لەگەڵ کۆماری ئیسلامی دەبوێرن و تەنانەت ئەو قەراردادانەش کە لە دوو سێ ساڵی ڕابردودا لەگەڵ ڕژیم بەستراون هەڵوەشاونەتەوە یان هەڵپەسێردراون.

ئەم ڕەوتە بۆتە هۆی نیگەرانی دەوڵەتانی ئوروپایی. لەم پێوەندەدا ڕێبەرانی یەکێتی ئوروپا رۆژی پێنج شەممە ٢٧ی مانگی گوڵان لە سوفیە پێتەختی بولغارستان کۆبونەوەیەکیان بەڕیوەبرد تا بەڵکو بتوانن وێڕای گەیشتن بە تەوافوق سەبارەت بە ڕێکارەکانی بەرەنگار بوونەوە لەگەڵ تەحریمەکان و هەڕەشە تەنبێیەکانی ئەمریکا، لە پێوەند لەگەڵ چلۆنایەتی بەرتەسک کردنەوەی دخاڵەتەکانی کۆماری ئیسلامی و بەرنامەی موشەکی لە ناوچەکەدا ( یان بە قەولی خامنەیی ” بەرجامی یەک و دوو”)یش دەست بکەن بە وتوویژ کردن. بەڵام بە سەرنجدان بە ڕقابەت و ناکۆکی بەرژەوەندی نێوان دەوڵەتانی سەرمایەداری یەکێتی ئوروپا، ئەوان سەبارەت بە سەرکەوتنی گومانیان نیشانداوە.

لە لایەکی دیکەوە لە کاردانەوە بە کرداری ئەمریکا لە کشانەوە لە بەرجام، خامنەیی و سەرانی سپا و سیما دیارەکانی باڵی ئوسولگەرا جارێکی تر لە پێوەند لەگەڵ سەرجەم تەوافوقی بەرجام کەوتونە پرتە و بۆڵە و دەڵێن کە” لە هەمان سەرەتاوە سەبارەت بە سەرئەنجامی بەرجام خۆش بین نەبوون”. ئەگەرچی ئەوان دەیانەوێ لەم دەرفەتە بۆ حیساب لەیەک دەرکردنی نێوخۆیی بە قازانجی خۆیان کەڵک وەربگرن بەڵام لە کەس شاراوە نییە کە سەرجەم باڵەکانی حکومەتی ئیسلامی بۆ ئابووری وەرشکست بووی ڕژیم ڕێگا چارەیەکیان نییە بێجگە لە قەبوڵ کردنی بەرجام و هەمویان لەگەڵ ئەوەدا موافق بوون و تەنانەت بۆ ئیمزا کردنی تەوافوقەکە په‌له‌شیان بوو. دوو رۆژ دوای ڕاگەیەنرانی کشانەوەی ئەمریکا لە بەرجام، خامنەیی لە سوخەنرانیەکدا بەم بۆنەیەوە، وێڕای تێکرار کردنەوەی بەد بینیەکانی سەربارەت بە یەکێتی ئوروپا ناڕاستەوخۆ موافقەتی خۆی لەگەڵ درێژەدان بە وتووێژ سەبارەت بە بەرجام لەگەڵ دەوڵەتانی یەکێتی ئەروپا ڕاگەیاند و وتی: “ئێستا کە دەتانەوێ بچن و لەگەڵ یەکێتی ئوروپا وتووێژ بەکەن، بچن من متمانەم بەوانیش نییە. بەڵام دەبێ لەوان بۆ درێژەدان بە بەرجام زەمانەت وەربگرن کە ئەوانیش لە بەرجام ناکشێنەوە.” لە وڵام بەم داخوازییە، یەکێتی ئەروپا لە چاوپێکەوتنیدا لەگەڵ جەواد زەریف لە بروکسێل کە ئەو بە باش و سازەندەی زانی، وێڕای گوشار خستنە سەر کۆماری ئیسلامی بە ئاشکرایی ڕایانگەیاند کە لەم پێوەندیەدا حازر بە دانی هیچ زەمانەتێک نین.

خامنەیی دەزانێ کە ڕێگایەکی تر بێچگە لە تەسلیم بوون و سازش لەگەڵ زل هێزە سەرمایەداریەکان بوونی نییە و ناچارە بە نیشاندانی ” نەرمشێکی قارەمانانە”ی تر لە بەرانبەر ئەواندا جامی ژەهری دووهەم و سێهەمیش بەسەرەوە بنێت. لەبەر ئەوەی سەرانی حکومەتی ئیسلامی بە باشیی دەزانن کە ئێستا بارودۆخی ئابووری و سیاسی ڕژیم بە بەراورد بە کاتی ئیمزا کردنی قەراردادی بەرجام لە ساڵی ٩٤ دا، گەلێک خراپتر بووە. سەرەڕای لاچوونی تەحریمەکان و گەڕانەوەی ١٥٠ میلیارد دۆلار لە داراییەکانی دەست بەرسه‌ردا گیراو بۆ ڕژیم و فروشتنی نەوت لە ٣ ساڵی ڕابردوودا، هەژاری و برسیەتی، گرانی و دابەزینی توانایی کڕینی خەڵک زیاد بوونی سەرسوڕههێنەری هەبووە. ئەوان دەزانن ئەم بارودۆخە ژیان و بەڕێچوونی کرێکاران و جەماوەری خەڵکی بێبەش و زەحمەتکێشی بە شێوەیەکی تاقەت پڕوکێن خستۆتە ژێر گوشارەوە. ئەوان شاهیدی ڕادەیەکی زۆر لە قین و توڕەیی و بێزاری ژنان و پیاوانی کۆمەڵگان لە حاکمیەتی کۆماری ئیسلامی کە رۆژانە لە دروشمی مردن بۆ دیکتاتۆڕ و باقی دروشمەکانی تردا بەرگوێیان دەکەوێ.

بەڵام لە بارودۆخی ئێستادا سەرەڕای ڕەچاو کردنی سەرکوتی وەحشیانەی خەڵک لە لایەن هێز و دامودەزگا ئەمنیەتییەکانی ڕژیمەوە، ناڕەزایەتیی و مانگرتن و کۆبوونەوەی رۆژانەی کرێکاران و مەعەلیمان و باقی توێژەکانی دیکەی کۆمەڵگا درێژەی هەبووە. ڕژیم ئێستا ناتوانێ بە بیانوی تەحریم و گوشاری دەرەکی ئەوان وادار بکات دەست لە بەدوادا چوونی داخوازیەکانیان هەڵبگرن. بزوتنەوەی کرێکاری و باقی ناڕەزایەتیەکان لە ئێران ئەو قۆناغەیان تێپەڕاندوە کە چاوترسێنی کەشی ئەمنیەتی و دامودەزگا سەرکوتگەرەکان و تاوانی سەر بە دەوڵەتانی دەرەوە بکرێن لە لایەن سەران و باقی بەرپرسانی ڕژیمەوە. بەم هۆکارەیە کە سەرەڕای ڕیاکاری و مەزڵوم نمایی و ڕەچاو کردنی توندوتیژی لە لایەن ڕژیمەوە، لە ١٠ رۆژی ڕابردودا دوای کشانەوەی ئەمریکا لە بەرجام شاهیدی دەیان ناڕەزایەتی و مانگرتن بووین. ناڕەزایەتی شێلگیری مەعەلیمان رۆژێک دوای ئەو کردارە، درێژەی ناڕەزایەتی کرێکارانی ڕێگای ئاسنی ئیسفەهان و ڕێگای ئاسنی ئازەربایجان و مەشهەد، درێژەی ناڕەزایەتی کرێکارانی هیپکۆ و نەیشەکەری حەوت تەپە، کۆبوونەوەی کرێکارانی خانەنشینی پیترۆشیمی ئابادان، کۆبونەوەی خوێندکارانی زانکۆکانی تەورێز و کرماشان و ناڕەزایەتیی چەند رۆژی ڕابردووی جەماوەری لە کازرون کە بۆتە هۆی تێکهەڵچوون و کوژران و بریندار بوونی ژمارەیەکی زۆر، بەگشتی دەرخەری ئەو ڕاستیەیە کە کرێکاران و جەماوەری خەڵکی ئێران بۆ کۆتایی هێنان بە بارودۆخی ژیان و بەڕێچوونی فەلاکەتباریان کە ڕژیمی سەرمایەداری ئیسلامی بۆی فەراهەم کردون، چاوەڕێی کەس نین بۆ ڕزگار کردنیان و بە هێزی خۆیان لە ڕێگای توند کردنەوەی خەباتی یەکگرتوانە و ڕێکخراویانەوە بۆ روخاندنی شۆڕشگێڕانەی ڕژیم، خۆیان لە شەڕی ئەم ڕژیمە ڕزگار دەکەن.

بابەتی پەیوەندیدار

دروشمەکانی ڕۆژی جیهانی کرێکار، زیادکرنی حەقدەست و مووچە، ڕاگرتنی جینۆساید لە غەززە

-

نەریتی ڕێزگرتن لە ڕۆژی جیهانی کرێکار لە کوردستان

-

وتارێک بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی ئەمن کردنی کار

-

کەمپینی هاوپشتی لەگەڵ خەڵکی فەلەستین تا دێت بەربڵاوتر دەبێت

-

ڕژیم، بە پێشێلکردنی مافی مرۆڤ، گۆڕی خۆی زیاتر هەڵدەکەنێ

-

بەرەو بەرزڕاگرتنی هەرچی شکۆدارتری ڕۆژی جیهانی کرێکاران

-